یەک سەرکەوتن یەک مرۆڤایەتی!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ڕووداوی خنکانی گەنجێکی عەرەبی عێراقی لە ئاوە خوڕەکانی هەورامانی کوردستان، و ئەو شەپۆلە گەورەیەی هاوسۆزی و ڕێکخستنی فریاکەوتنە بەکۆمەڵە، نواندنێکی جوانی ئەو مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی و گیانی هاوبەشییەیە (کۆمۆنیزمە) کە لە ناخی مرۆڤایەتیدا لێ دەدات. ئەو مرۆڤایەتییەی کە وادیار بوو لە پشت پەردەی نەتەوەپەرستیدا سەرلێشێواو بووبێت، بەم ڕووداوە ئەو توێکڵەی شکاند و هاتە دەرەوە.

​سەرەڕای ڕوودانی ئەم کارەساتە، هەستێکی شیرین بەهۆی دەرکەوتنی ئەم مرۆڤایەتییە لە هەموو لایەکەوە سەری هەڵدا. فرمێسک لە چاوەکان ڕژان و دڵەکان لە شیرینی ئەو ساتەدا کەوتنە لێدان.

​ئەوە ساتێک بوو کە لە قووڵایی ئەم مرۆڤایەتییەدا شتێک سەرکەوت؛ مرۆڤایەتی بەسەر دەمارگرژیدا، مرۆڤدۆستی بەسەر ڕق و کینەدا، و یەکگرتوویی و هەستی هاوچارەنووسی بەسەر پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و قینی نەتەوەیی و ئایینیی کوێردا سەرکەوت.

​ساڵانێکی زۆرە گوتار و ئیدۆلۆژی ناسیۆنالیستی و تائیفییەکان هەوڵیان داوە مرۆڤ لە چوارچێوە تەنگەکانی نەتەوە، ئایین و ڕەگەزدا قەتیس بکەن. ئەوان فێریان کردووین کە ئازاری هاوزمانەکەمان بەئازارترە لە ئازاری بێگانەیەک، بەڵام ڕووداوەکەی هەورامان نیشانی دا کە ئەم توێکڵانە، هەرچەندە ڕەقیش دیار بن، لەبەردەم گەرمای «مرۆڤدۆستی»دا دەتوێنەوە. ئەو لەرزینەی کە کەوتە جەستەی پیرو گەنجی هاوڵاتیانی ناوچەکە و گەڕان بەدوای ئەو گەنجە عەرەبەدا، نیشانی دا کە ئازاری مرۆیی، زمانێکی جیهانیی هەیە. لێرەدایە کە دەبینین دەمارگرژی،کەڕاهیەت و تەفرەقە  نەک خەسڵەتێکی زاتی، بەڵکو نەخۆشییەکی سەپێندراوە کە بە هەر خرۆشانێک لە حەقیقەتی مرۆیی، هەرەس دەهێنێت.

​کاتێک باس لە «کۆمۆنیزم» بە واتایەکی مرۆیی و غەریزیەکەی دەکەین، مەبەستمان ئەو پەیوەندییە لە پچڕان نەهاتوەیە  کە مرۆڤەکان لە ساتە چارەنووسسازەکاندا بە یەکەوە گرێ دەدات. لە هەورامان، ئێمە شایەدی فریاد ڕەسیەکی گەورەی مرۆیی بووین. ئەمە نە فەرمانێکی حکومی بوو و نە ئەرکێکی کارگێڕی؛ بەڵکو جووڵانەوەیەکی خۆبەخشانە بوو کە تێیدا خاوەندارێتی ئازار و دەرد، بوو بە شتێکی  هاوبەش. هەر کەسێک لەو مەیدانەدا هەنگاوێکی نا، نەک وەک تاکێک، بەڵکو وەک بەشێک لە جەستەیەکی یەکگرتوو کاری کرد. ئەمە هەمان ناوەڕۆکی واقعی و مرۆیی سۆسیالیزمە: ئەو شوێنەی کە سنووری نێوان «من» و «ئەو» هەڵدەگیرێت و خۆشگوزەرانی و مانەوەی ئەوی تر، بەقەد مانەوەی خۆت گرنگیی پێ دەدرێت.

​ئەو هەستە شیرینەی سەرەڕای تاڵی کارەساتەکە لە دڵەکاندا دروست بوو، سەرچاوەکەی تێگەیشتن بوو لە سەرکەوتنێکی گەورە: سەرکەوتنی «سۆز بەسەر ڕق»دا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە چەندین دەیەیە بە کینە و دووبەرەکی ئایینی و نەتەوەیی بریندار کراوە، هاواری هاوبەش بۆ ڕزگارکردنی گیانێک، وەک بارانێک بوو بەسەر کێڵگەیەکی تینوودا. ئەو فرمێسکانەی بۆ ئەو گەنجە ڕژان، تەنها بۆ ئەو نەبوون؛ بەڵکو بۆ لەدایکبوونەوەی مرۆڤایەتییەک بوون کە وا دەزانرا لەژێر داروپەردووی سیاسەتە مۆدێرنەکاندا نێژراوە. ئەم فرمێسکانە، سنوورە فەرزکراوەکانی نێوان عێراق و ئێران، و عەرەب و کوردیان شوشتەوە و ڕێگەیەکی سەوزیان بۆ هاوسۆزی کردەوە.

​وانە گەورەکەی ئەم ڕووداوە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتییە. ئەگەر مرۆڤەکان دەتوانن لەبەردەم کارەساتێکی سروشتیدا ئاوا یەکگرتوو و فیداکار بن، بۆچی نەتوانن لەبەردەم کارەساتە دەستکردەکانی وەک چەوسانەوە، هەژاری و جەنگدا یەکبگرن؟ ئەم ڕووداوە بۆی سەلماندین کە «هێزی ڕزگاری» لە ناو دڵی خودی خەڵکدایە. ئەگەر ئەم پۆتانسیێلە مەزنەی مرۆڤدۆستی و هاوپشتییە لە کۆت و زنجیری دەمارگرژییەکان ڕزگار بکرێت، دەتوانێت ببێتە هێزێکی ڕێکخراو کە نەک تەنها بۆ ڕزگارکردنی خنکاوێک، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی تەواوی مرۆڤایەتی لە زۆنگاوی بێدادی ڕاپەڕێت.

​ڕووداوەکەی هەورامان تەنها ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو مانیفێستێکی زیندوو بوو. مانیفێستێک کە ڕایگەیاند: «سنوورەکان درۆینەن، بەڵام ئازارەکان و ئومێدەکان ڕاستەقینەن.» ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە سۆسیالیزم و مرۆڤایەتی، نەک لە ناو کتێبە تیۆرییەکاندا، بەڵکو لە ناخی دڵی مرۆڤایەتیدا لێ دەدەن و هەر دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێ سەردەکا و دێتە دەرەوە و هەر بەو هۆیەی که ئاوا بە قوڵی ڕیشەی لە وجودی شەیدریفانەی مرۆڤدا دەتوانێ سەرکەوێ !

Leave A Reply

Your email address will not be published.