قیادە مەرکەزی و بزووتنەوەی چەپ لە عێراق؛ خوێندنەوەیەک بۆ بنبەستی چەپی پۆپۆلیست…نووسینی: توانا محەمەد نوری

0

لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٦٧دا، حزبی شیوعی عێراق – قیادە مەرکەزی وەک کاردانەوەیەکی ڕادیکاڵ بەرامبەر بە سستی و پاشکۆیەتی حزبی دایک (لیژنەی مەرکەزی) بۆ ڕژێمە ناسیۆنالیستەکان دامەزرا. هەرچەندە ئەم وەرچەرخانە وەک شۆڕشێکی ناوخۆیی دژی “هێڵی ئابی ١٩٦٤” دەردەکەوت، کە بریتی بوو لە بڕیاری تەسلیمبوونی سیاسیی حیزبی دایک و پشتگیریکردنی بێ مەرجی ڕژێمەکەی عەبدولسەلام عارف لەژێر فشاری سۆڤیەتدا؛ بەڵام لە جەوهەردا، ئەم ڕادیکالیزمەی قیادە مەرکەزی گەڕان بوو بەدوای ئاسۆیەکی جیاواز لە دەرەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی چینی کرێکار، کە زیاتر پشتی بە هیواکانی ‘چەپی نەتەوەیی’ و تیۆرییەکانی شۆڕشی گوندنشینان دەبەست.

بەرنامەی سیاسیی ئەم ڕێکخراوە لەژێر کاریگەرییەکی توندی “ماویزم” و مۆدێلەکانی تری جیهانی سێیەمدا بوو. ئەوان بە پێچەوانەی ڕێبازی کلاسیکی مارکسیزم، پێیان وابوو خەبات دەبێت لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان بێت؛ ئەمەش وەک هەڵەیەکی تیۆریی گەورە لە مێژوویاندا تۆمار کرا، چونکە لەبری پشت بەستن بە هێزی ڕێکخراوەیی و سەندیکایی کرێکاران لە ناوەندە پیشەسازییەکاندا، هیوایەکی زۆریان لەسەر جووتیاران و خەباتی چەکداریی پارتیزانی لە ناوچە دوورەدەستەکان هەڵچنیبوو، بەبێ ئەوەی ئامادەکارییەکی فیکری لەناو خودی ئەو جووتیارانەدا بکەن. ئەم ئینشیقاقە لە جەوهەردا، تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق نەبوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ململانێی جیهانیی نێوان جەمسەری ‘ماویزم’ و ‘سۆڤیەتیزم’ بوو. قیادە مەرکەزی وەک کاردانەوەیەک دژی ‘تحریف’یەت (Revisionism) و سستیی مۆدێلی سۆڤیەتی، باوەشی بۆ ڕۆمانسییەتی شۆڕشی چینی و کوبی کردەوە.

بەرنامەی سیاسیی قیادە مەرکەزی لە جەوهەردا لەسەر بنەمای “توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە” و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پاشکۆیەتییەک بۆ سیاسەتی یەکێتی سۆڤیەت داڕێژرابوو. ئەوان پێیان وابوو گۆڕانکاری لە ڕێگەی فشار و دانوستانی سیاسییەوە نایەت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی “شەڕی گەلی” و گەمارۆدانی شارەکان لە ڕێگەی گوندەکانەوە بێت. ئەم ستراتیژە کە لاساییکردنەوەی مۆدێلی چین و کوبا بوو، هێڵێکی جیاکەرەوەی تۆخی لە نێوان ئەوان و ڕێبازی حزبی دایک کێشا؛ ئامانجی کۆتاییان دامەزراندنی کۆمارێکی ‘دیموکراسیی گەل’ بوو کە لە واقیعدا تەنها گۆڕینی دەسەڵاتدارەکان بوو، نەک تێکشکاندنی بونیادی چەوساندنەوە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، پڕۆگرامەکەیان جەختی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سیستەمی دەرەبەگایەتی و دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاراندا دەکردەوە بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک. ئەم ڕادیکالیزمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی زەوی و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی سیاسیی حیزب لە بەرامبەر ڕژێمە ناسیۆنالیستەکاندا، وای کردبوو قیادە مەرکەزی وەک بزووتنەوەیەکی هەڵگەڕاوە لە نەریتە سستەکانی چەپی کلاسیکی عێراق دەربکەوێت، بەڵام هەر ئەم تێڕوانینە “ئیرادەگەرایە” بوو کە لە کۆتاییدا بەرەو بنبەستی خەباتی چەکداریی بێ جەماوەری بردنی و لە واقیعی کۆمەڵایەتی دایبڕین.

چەپی پۆپۆلیست لێرەدا بەو مۆدێلە لە بزووتنەوە دەگوتریت کە لەبری پشتبەستن بە هێزی ڕێکخراوەیی چینی کرێکار، پەنا دەباتە بەر دروشمی گشتی و تەمومژاوی “کۆمەڵانی خەڵک”. ئەم تێڕوانینە وای لە قیادە مەرکەزی کرد کە ناسنامەی چینایەتی فەرامۆش بکەن و لەبری ڕێکخستنی سیاسی لە ناو شارەکان، بەرەو ڕۆمانسییەتی “شۆڕشی گوندنشینان” هەنگاو بنێن؛ ئەمەش وای کرد بزووتنەوەکە لەبری ئەوەی ببێتە نوێنەری کرێکاران، ببێتە گروپێکی ڕۆشنبیری “بۆرژوای بچووک” کە دەیانویست لە ڕێگەی قارەمانێتی تاکەکەسی و چەکدارییەوە مێژوو بگۆڕن، کە ئەمەش لوتکەی دەربڕینی فیکری بۆرژوازییە.

خەسڵەتێکی تری ئەم چەپە پۆپۆلیستە، توانای خێرایەتی بۆ توانەوە لە ناو دروشمە نەتەوەییەکاندا. چونکە ئامانجەکانیان نەک لەسەر بنەمای زانستیی سۆشیالیستی، بەڵکو لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەرییەکی ڕادیکاڵ داڕێژرابوو، زۆر بە ئاسانی بەرەو “چەپێکی نەتەوەیی” خلیسکان. ئەم پاشکۆیەتییە پۆپۆلیستییە بوو کە وای لێ کردن لە ساڵی ١٩٧٤دا لە شاخەکانی کوردستان ببنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کە لە جەوهەردا دوور بوو لە پڕۆژەی سەربەخۆی سۆشیالیستی و تەنها وەک هێزێکی لاوەکی لە ناو ئۆردوی ناسیۆنالیزمدا دەبینران.

ڕابەرایەتی قیادە مەرکەزی لە پێنج ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێکهاتبوو: عەزیز ئەلحاج (سکرتێر)، کازم ڕەزا سەفار، ئەحمەد خەزر سافی، ئەحمەد مەحموود حەلاق، و مەتی هیندی. ئەم ڕابەرایەتییە زیاتر لە نوخبەیەکی ڕۆشنبیری دەچوون، نەک سەرکردایەتییەکی مەیدانیی چینی کرێکار. کێشەی بنەڕەتییان لەوەدا بوو کە حیزبیان نەک وەک ئامرازێک بۆ “هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەری”، بەڵکو تەنها وەک ئامرازێکی “تەکنیکی” بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دەبینی.  ئەوان لەبری ئەوەی لە ناو جەرگەی ململانێی چینایەتیدا بن، لە دەوری کاریزمای “سەرکردە” کۆببوونەوە، هەر بۆیە بە دەستگیرکردنی سکرتێرەکەیان، هەموو ئەو قەوارە سیاسییەی دروستیان کردبوو وەک کارتێک داڕما.

کاتێک خالید ئەحمەد زەکی (کە بە ناوی حەرەکیی ‘خالید ظي’ناسرابوو) و هاوڕێکانی لە حوزەیرانی ١٩٦٨دا لە ئەهوارەکانی خواروو چەکیان هەڵگرت، قوربانییەکی گەورەیان دا. کوژرانی ئەوان لە “هۆڕی غەمووکە”، دەرەنجامی ئەو تێڕوانینە بوو کە پێی وابوو دەکرێت بە گروپێکی بچووکی چەکدار و بەبێ ڕێکخستنی جەماوەری، دەسەڵاتێکی وەک بەعس بڕوخێنرێت. ئەم خەباتە هەرچەندە پڕ بوو لە فیداکاری، بەڵام لە بنەڕەتدا نامۆ بوو بە ژینگەی سیاسیی عێراق و جووتیارانی ناوچەکەش لەبەر نەبوونی هۆشیاریی چینایەتی، نەیانتوانی ببنە پشتوپەنای ئەو گروپە، ئەمەش یەکەم زەنگی شکستی پڕۆژە پۆپۆلیستییەکە بوو.

ساڵی ١٩٦٩ خاڵی هەرەسهێنانی ئەم ڕەوتە بوو، کاتێک عەزیز ئەلحاج لە تەلەفزیۆنەوە دانپێدانانی پێ کرا. ئەمە تەنها شکستی کەسێک نەبوو، بەڵکو شکستی ئەو جۆرە لە ڕادیکالیزمە بوو کە لەسەر کاریزمای تاکەکەس بینا کرابوو. بەڵام لە بەرامبەر ئەم تەسلیمبوونەدا، لە سلێمانی کادیرانی وەک (فاروق نوری سەعید)ی مامم (١٩٤٠–٢٠٢٤) و هاوڕێکانی، ڕەوشتێکی جیاوازیان نیشاندا. فاروق نوری سەعید وەک نموونەی کادیرێکی خۆڕاگر، سەرەڕای ئەشکەنجەی زیندانەکانی سلێمانی، ئامادە نەبوو پاشەکشە لە بڕواکانی بکات؛ ئەو دوای ئازادبوونیشی بە بێدەنگییەکی پڕ لە شکۆوە ژیا و هیچ کات مێژووی خۆی نەکردە “منەت” بەسەر کەسەوە، کە ئەمە گەورەترین وەڵام بوو بۆ ئەو ڕابەرایەتییەی لە تەلەفزیۆنەکانەوە بازرگانییان بە مێژووەوە دەکرد.

عەزیز ئەلحاج دوای ئەو شکستە، نەک هەر وازی لە خەبات هێنا، بەڵکو بوو بە نوێنەری ڕژێمی بەعس لە یونسکۆ لە پاریس. ئەم گۆڕانە نیشانی دەدات کە چۆن چەپی پۆپۆلیست کاتێک لە پڕۆژە ناسیۆنالیستییەکەی خۆیدا شکست دەهێنێت، زۆر بە ئاسانی دەچێتەوە ناو باوەشی دەسەڵاتی زاڵ و لە شارێکی وەک پاریسەوە خەریکی نووسینی بیرەوەری و کتێب دەبێت، تا لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەوێ کۆچی دوایی کرد و مێژوویەکی پڕ لە پارادۆکسی لە پاش خۆی جێهێشت.

ئیبراهیم عەلاویش وەک جەمسەرێکی تری ئەم ڕەوتە، ڕێگەی هەندەرانی هەڵبژارد. ناوبراو لە شام هەوڵیدا لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ هێزە نەتەوەییەکاندا (وەک یەکێتی نیشتمانی) زەمینەیەک بۆ چالاکی بدۆزێتەوە، کە ئەمەش گوزارشت بوو لە کزبوونی ئیرادەی سەربەخۆی شۆڕشگێڕی. ئەم پاشەکشەیە بۆ ناو جیهانی کتێبخانەکان و نووسینی کتێبی ‘مێژووی حزبی شیوعی عێراق’، لە ڕاستیدا جۆرێک بوو لە دەربازبوون لەو بنبەستە سیاسییەی کە تەواوی پڕۆژە ڕادیکاڵەکەیانی تێدا غەرق ببوو، تا ئەویش لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا لە هەندەران ژیانئاوایی کرد.

یەکێکی تر لە نیشانە بەرچاوەکانی هەرەسهێنانی فیکریی قیادە مەرکەزی، توانەوەی سیاسییان بوو لە ناو هەیمەنەی ناسیۆنالیزمی کورد لە ساڵی ١٩٧٤دا. بەشداریی چەکداریی ئەم گروپە لە تەنیشت پێشمەرگە، لە ڕاستیدا گۆڕانیان بوو بۆ ‘چەپێکی پاشکۆ’ کە ئیرادەی سیاسیی خۆی لەدەستدابوو. ئەوان لەبری ئەوەی ئاڵایەکی سەربەخۆی سۆشیالیستی بەرز بکەنەوە کە نوێنەرایەتیی ئاسۆیەکی چینایەتی بکات، بوون بە بەشێک لە ململانێیەکی نەتەوەیی کە هیچ پێوەندییەکی ڕاستەقینەی بە پڕۆژەی ڕزگاریی چینی کرێکارەوە نەبوو.

ژیانئاوایی هەردوو سەرکردە (عەزیز ئەلحاج و ئیبراهیم عەلاوی) لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە هەندەران، کۆتاییهاتنی فیزیکیی نەوەیەک بوو کە مێژوویەکی پڕ لە هەڵبەز و دابەزیان تێپەڕاند. کۆچی ئەوان لە پاریس و لەندەن، نیشانەی کۆتایی هاتنی ئەو چەپە بوو کە هەمیشە لە نێوان ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزمدا سەرگەردان بوو و لە کۆتاییدا بوو بە قوربانیی پۆپۆلیزم و نادیاریی ئاسۆی سیاسی.

کۆست و شکستی مێژوویی قیادە مەرکەزی وانەیەکی سیاسیی گەورەیە؛ ڕادیکالیزمێک کە فاقیدی ستراتیژییەکی ڕوونی سۆشیالیستی بێت و پشتی بە چینی کرێکار نەبەستبێت، چارەنووسی یان سەرکێشانە بەرەو چەکدارییەکی بێ ئاسۆ، یان توانەوەیە وەک پاشکۆی ناسیۆنالیزم. مێژووی ئەم ڕەوتە ئاوێنەیەکی ڕوونە بۆ بینینی شکستی هەموو ئەو چەپانەی کە نەیانتوانی سنوورێکی جیاکەرەوە لە نێوان خۆیان و ناسیۆنالیزمدا بکێشن و ئاسۆیەکی سەربەخۆ بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بخولقێنن.

 

تێبینی: نووسینی ئەم وتارە، لە لایەک وەک ڕێزێکە بۆ مامی ئازیزم (فاروق نوری سەعید) کە دوو ساڵ لەمەوپێش ژیانئاوایی کرد؛ لە لایەکی تریشەوە خوێندنەوەی بابەتێکی کاک سەمەد ئەحمەد لە فەیسبووک هاندەرم بوو بۆ دووبارە ئاوڕدانەوە لەو مێژووە.

 

سەرچاوەکان:
١. ئیبراهیم عەلاوی، کتێبی “مێژووی حزبی شیوعی عێراق”.
٢. حەنا بەتاتۆ، کتێبی “عێراق: چینە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان”.
٣. عەزیز ئەلحاج، کتێبی “بیرەوەری و مێژوو”.
٤. ئەحمەد باوەڕ، مێژووی حزبی شیوعی عێراق لە ناوچەی سلێمانی.

 

١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.