نامەی کارڵ مارکس بۆ فریدریش بۆڵتە…

0

ئەم نامەیەی ساڵی ١٨٧١ی مارکس بۆ فریدریش بۆڵتە، لە کاتێکدا نووسرا کە ئینتەرناسیۆناڵی یەکەم لە ململانێدا بوو لەگەڵ تاقمە سۆشیالیستە بچووکەکان. مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم تاقمە فیکرییانە تەنها کاتێک مانا دەبەخشن کە چینی کرێکار هێشتا وەک چینێکی سەربەخۆ گەشەی نەکردبێت و نەگەیشتبێتە قۆناغی بزووتنەوەیەکی مێژوویی. هەر کە بزووتنەوەی ڕاستەقینەی کرێکاری دەست پێ دەکات، ئەم تاقمە داخراوانە دەبنە کۆسپ و تەنانەت کۆنەپەرست، چونکە ئینتەرناسیۆناڵ ئامانجی ئەوەیە ڕێکخراوێکی گشتگیری خەباتکار بۆ هەموو کرێکاران دروست بکات کە جێگەی هەموو ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان بگرێتەوە.
لەم نامەیەدا، مارکس جیاوازییەکی ورد لە نێوان بزووتنەوەی ئابووری و سیاسی دەخاتە ڕوو. ئەو پێی وایە تێکۆشانی کرێکاران لە ناو کارگەیەکی دیاریکراودا بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار لە ڕێگەی مانگرتنەوە، تەنها بزووتنەوەیەکی ئابووریی پەتییە. بەڵام کاتێک ئەم داواکارییانە دەبنە خەباتێکی گشتگیر بۆ سەپاندنی یاسایەکی وەک “هەشت کاتژمێر کارکردن” بەسەر هەموو دەوڵەتدا، ئەوا بزووتنەوەکە سیمایەکی سیاسی وەردەگرێت. لێرەدا چینی کرێکار وەک “چین” بەرامبەر بە دەسەڵاتی گشتی و چینە باڵادەستەکان دەوەستێتەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خۆی بە هێزی یاسا بچەسپێنێت.
مارکس جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی کۆتایی و بنەڕەتیی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسیی چینی کرێکار، دەبێت “دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی” بێت. بۆ گەیشتن بەم مەبەستەش، پێویستە کرێکاران ڕێکخراوێکی سیاسیی پێشوەختەیان هەبێت کە لە ناو خەباتە ڕۆژانە و ئابوورییەکاندا پەروەردە بووبێت و گەشەی کردبێت. بە بڕوای مارکس، بەبێ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی، چینی کرێکار ناتوانێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمەکەدا بکات، چونکە تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە دەتوانرێت ئەو هێزە ناچارکەرە کۆمەڵایەتییە دروست بکرێت کە پێویستە بۆ ڕزگاریی ئەم چینە.
لە کۆتاییدا، مارکس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر چینی کرێکار خەباتی خۆی بۆ ئاستی سیاسی بەرز نەکاتەوە و ئامانجی گرتنی دەسەڵات نەبێت، دەبێتە “یاریی دەستی” حزبە بورژوا و لیبڕاڵەکان. ئەو پێی وایە لەو شوێنانەی کە کرێکاران هێشتا ئامادە نین بۆ هێرشی یەکلاکەرەوە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی، دەبێت لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی بەردەوام و هەڵوێستی ڕەخنەگرانە لە دژی سیاسەتەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان خۆیان ئامادە بکەن. بەبێ ئەم هۆشیاری و سەربەخۆییە سیاسییە، چینی کرێکار هەمیشە وەک ئامرازێک لە ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانی چینە چەوسێنەرەکاندا بەکاردەهێنرێت.

دەقی نامەکە:

لەندەن، ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٨٧١

بۆ: فریدریش بۆڵتە

ئینتەرناسیۆناڵ دامەزرا بۆ ئەوەی ڕێکخراوی ڕاستەقینەی خەباتکاری چینی کرێکار بخاتە جێگەی تاقمە (sects) سۆشیالیستی یان نیمچە-سۆشیالیستەکان. پەیڕەوی ناوخۆی سەرەتایی و وتاری دەستپێک ئەمە نیشان دەدەن. لە لایەکی ترەوە، ئینتەرناسیۆناڵ نەدەبوو پێگەی خۆی بپارێزێت ئەگەر مێژوو پێشتر بزووتنەوەی تاقمگەریی تێنەپەڕاندایە. گەشەکردنی تاقمگەریی سۆشیالیستی و گەشەی بزووتنەوەی ڕاستەقینەی کرێکاران، هەمیشە پەیوەندییەکی پێچەوانەیان بەیەکەوە هەیە. تا ئەو کاتەی تاقمەکان (لە ڕووی مێژووییەوە) ڕەواییان هەیە، کە چینی کرێکار هێشتا پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی وەک چینێکی سەربەخۆ بجوڵێتەوە. هەر کە چینی کرێکار گەیشتە ئەو ئاستەی وەک چینێک ڕێکبکەوێت، هەموو تاقمەکان لە جەوهەردا دەبنە کۆنەپەرست.
مێژووی ئینتەرناسیۆناڵ ململانێیەکی بەردەوامی ئەنجومەنی گشتی بووە دژی تاقمەکان و ئەو هەوڵە سەرکێشییانەی کە دەیانویست لە ناو ئینتەرناسیۆناڵدا پێگەی خۆیان لە دژی بزووتنەوەی ڕاستەقینەی چینی کرێکار بەهێز بکەن. ئەم ململانێیە لە ناو ئەنجومەنی گشتیدا لە لایەک لە ڕێگەی تاقمە لاسالییەکانەوە و لە لایەکی ترەوە لە ڕێگەی باکونینییەکانەوە ئەنجام دەدرا.
بزووتنەوەی سیاسیی چینی کرێکار، ئامانجی کۆتایی بێگومان دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسییە بۆ ئەم چینە، وە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ڕێکخراوێکی پێشوەختە (پێشتر ئامادەکراو) هەبێت کە گەشەی کردبێت و لە تێکۆشانی ئابووریدا پێگەیشتبێت.
بەڵام لە لایەکی ترەوە، هەر بزووتنەوەیەک کە تێیدا چینی کرێکار وەک “چین” ڕووبەڕووی چینە دەسەڵاتدارەکان دەبێتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فشارەوە لە دەرەوە ناچاریان بکات، ئەوە بزووتنەوەیەکی سیاسییە. بۆ نموونە: ئەو هەوڵەی کە لە کارگەیەکی دیاریکراودا، یان تەنانەت لە ناو پەکەیەکی (صنف) دیاریکراودا دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن لە ڕێگەی مانگرتنەوە لە دژی سەرمایەدارەکان، ئەوە بزووتنەوەیەکی پەتیی ئابوورییە. بەڵام لە بەرامبەردا، بزووتنەوەیەک کە ئامانجی ئەوە بێت یاسای هەشت کاتژمێر کارکردن و هاوشێوەکانی بسەپێنێت، ئەوە بزووتنەوەیەکی سیاسییە. بەو شێوەیە، لە هەموو شوێنێکدا لە ناو بزووتنەوە جیاجیاکانی ئابووریی کرێکارانەوە، بزووتنەوەیەکی سیاسی سەرهەڵدەدات، واتە بزووتنەوەی “چین” بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بە شێوەیەکی گشتی بسەپێنێت، بە شێوەیەک کە خاوەن هێزێکی ناچارکەری کۆمەڵایەتی بێت. ئەگەر ئەم بزووتنەوانە وا دابنرێن کە پێویستییان بە ڕێکخراوێکی سیاسیی پێشوەختە هەیە، ئەوا لە بەرامبەردا خۆشیان دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە.
لەو شوێنانەی کە چینی کرێکار هێشتا بەو ئاستە لە ڕێکخراوەیی نەگەیشتووە کە بتوانێت هێرشێکی یەکلاکەرەوە بکاتە سەر دەسەڵاتی سیاسیی چینە باڵادەستەکان، دەبێت لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی بەردەوام و چالاکییەوە لە دژی سیاسەتەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان، خۆی پەروەردە بکات. ئەگەرنا، وەک یارییەکی دەستی هێزەکان دەمێنێتەوە، وەک ئەوەی لە شۆڕشی ١٨٤٨ی فەڕەنسادا بینیمان، و وەک ئەو یارییەی کە ئێستا (مستەر گڵادستۆن) و هاوشێوەکانی لە ئینگلتەرا ئەنجامی دەدەن.

دڵسۆزت
کارڵ مارکس

سەرچاوە:
https://www.marxists.org/archive/marx/works/1871/letters/71_11_23.htm

لە ئینگلیزییەوە توانا محەمەد نوری کردوێتی بە کوردی

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.