مەنسوور حیکمەت و ناسیۆنالیزم… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

فۆرموڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حیکمەت بۆچارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتیی کورد لە کوردستان، کە بریتیە لە ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆڕای خەڵکی کوردستان کە بێگومان سیاسەتێکی بەرپرسیارانەیە  بۆ لادان و هەڵگرتن و نەهێشتنی  مەینەتییەکی کۆمەڵایەتی کە ژیانی خەڵک و خەباتی چینی کرێکاری دژوار کردووە . لە هەمان کاتدا سیاسەتێکە بۆ ئەوەی ژێرپێی بۆرژوازی و ناسیۆنالیزم خاڵی بکات تا ئیتر ناسیۆنالیزمی چەپەڵی هەردوولا نەتوانن بە دروستکردنی کێشە و ململانێی نەتەوەیی، درز بخەنە ناو بەرەی کرێکاران و ئەو خەڵکەی بۆ ژیانێکی باشتر و ئازادی و بەختەوەرییەک کە  بە مافی خۆیانی دەزانن خەبات دەکەن، و چیتر نەتوانن لەو ڕێگەیەوە نان بخۆن.

بەڵام دوژمنایەتیی ناسیۆنالیستە کوردەکان و غەیرە کوردەکان لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری، دوژمنایەتییەکی چینایەتیی بنەڕەتییە

ناسیۆنالیزم تەنها تایبەت بە بۆرژوازیی کورد نییە و ناسیۆنالیزمی کورد تاقە ناسیۆنالیزم نییە لەسەر ئەم زەوییە. جیھان پڕە لە ناسیۆنالیزمی جۆراوجۆر و هەمووشیان لە ڕوانگەی هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە دژی مرۆڤ و دژی ئازادی و بەختەوەریی مرۆڤن. ئێمە نەمانگوتووە تەنها یەک جۆر ناسیۆنالیزم هەیە و تەنها ئەو جۆرە کۆنەپەرستە کە ئەویش ناسیۆنالیزمی کوردە. ناسیۆنالیزم چ ئێرانی بێت، چ عەرەبی، ئینگلیزی، ئەمریکی یان چینی، هەمووی کۆنەپەرستانەیە. ناسیۆنالیزم ئایدیۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بۆرژوازی و دژە کرێکار، دژە ئازادی و دژە ناسنامەی مرۆییە. بۆیە هۆکاری ئەم هەڵشاخانە بە حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری، ناسیونالیست بوونی ئەم کۆمۆنیزمە نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، ڕەخنە ئازادیخواز و قوڵەکەیەتی لە ناسیونالیزم، ئەوەیە کە ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە بێ ئەملاوئەو ڕەخنەی لە جەوهەری خورافی و کۆنەپەرەستانەی نەتەوەپەرەستی و خەسڵەتە دواکەوتوانەکەی و ناوەڕۆکە چینایەتیە دژی کرێکاری و دژە ئازادیەکەی هەیە.

ئەم کۆمۆنیزمە ئازادیخوازەیە کە لە مێژووی تازە و هاوچەرخدا بێ ئەملاو ئەولا  وتی ؛ دەبێ ئەم جوڵانەوە و ئایدیۆلۆژیە پیس و دژە ئازادییە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری مرۆڤ لە چەوسانەوە  ڕەخنە بکرێ و لە ژیانی خەڵکدا بسڕێنەوە؛ خودی نەتەوەپەرەستیش دەبێ وەک دین ببێتە پرسێکی شەخسیی تاکەکان تا چیتر نەبێتە هۆی ئافات و دەردی و ڕەنج لە ژیانی خەڵکدا.

شاکاری ناسیۆنالیزمی کورد و کۆڕ کۆمەڵی بەکرێگیراوی ئەم ئایدیۆلۆژیا و بزووتنەوە چەپەڵە، ئەوەیە ئەم  هێڵە (کۆمۆنیزمی کرێکاری) کە لە مێژووی خەباتی کۆمەڵایەتیدا دژەناسیۆنالیستترین بزووتنەوە بووە، بە ناسیۆنالیزم و شۆڤێنزم  تۆمەتبار دەکەن. واتە پیسی و گەندەڵیی بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیا کۆنەپەرستەکەی خۆیان ، دەدەنە پاڵ ئەم هێڵە دژە ناسیۆنالیست و ئازادیخوازەی کە  ئایدیۆلۆژیا و بزوتنەوەی  چەپەڵی نەتەوەپەرەستی بە یەکێک لە ئافات و دەردەکانی مرۆڤ دەبینێ. بە واتایەک؛ دەیانەوێت دەستە پیسەکانی خۆیان بەم هێڵە  بسڕنەوە. ئەمە هەوڵێکی پووچ و نائومێدانەیە . کارنامەی ناسیۆنالیسم لە دنیا پڕیەتی لە تاوانی گەورە لە دژی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی  و لە دژی کۆمۆنیزم. لە باڵکان و جەرگەی ئەوروپای متمدنەوە تا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی گیرۆدەوار بە ئابوری کاری هەرزان و؛ گیرۆدەوار بە بەڵای نەتەوە پەرستی، جوڵانەوە ملهوڕە نەتەوەپەرەستەکان کام تاوان ماوە کە دەرحەق بە چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئەنجامیان نە دابێ. چەندەها  تاوانی پاکتاوی چەندین هەزاری و ملیۆنی هاوڵاتی بێ گوناهی ئەم دنیایان لە هەگبەدایە بە بیانوی پیرۆزی نەتەوە و نیشتیمانەکان؟ لە بیبانەکانی عێراقەوە کە تیایدا تا ئێستا ئێسک وپروسکی خەڵکی بێتاوان لە منداڵ و پیر و گەنج دەگەڕێن تا دارستانە سەرسەوزەکان و شارە درەوساوەکانی  ئەوروپا کە بوونە گۆڕستانی بە کۆمەڵی خەڵکی بێتاوان لەو ئاگرەی کە ئایدیولۆژیا و جوڵانەوەی چەپەڵی ناسیونالیستی خۆشیان کرد، تا جەنگە گەورە جیهانیەکان کە هەموویان لە ژێر ئاڵای ناسیوناڵیزمدا هەڵگیرسان، گەواهی تاوانکاری و دوژمنایەتی ناسیونالیزمە لەگەڵ ئازادی و خۆشبەختی و لەگەڵ خودی جەوهەری پاکی مرۆڤدا.

   بۆیە واباشترە  کەمێک زیاتر عەقڵ  بەکار بهێنن. قسە و تێگەیشتن و ڕەخنەی ئەم هێڵە بۆ ناسیۆنالیزم ئەوەندە بێگەرد، قووڵ، مرۆیی و چینایەتییە کە ئەگەر عەقڵتان هەبایە، لەبری ئەوەی پیسیی بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیا کۆنەپەرستەکەی خۆتان بدەنە پاڵ مەنسوور حیکمەت و هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری، بەرگریتان لە خۆتان دەکرد. بەڵام ئەمە بازاڕێکی ساختەکاریی بێ سەروبەرە و دەتوانن هەر گەندوگویەکی  تێ فڕێدەن.

بەڵام ئێمە ناهێڵین ئەم گەند و  پیسییە دەروون و وشیاری ئەو خەڵک تێک بدات و درۆ و چەپەڵیان بە نرخی ڕاستی پێ بفرۆشن. دەتوانن لەوە  دڵنیا بن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.