وەهمە بچووکەکان و پرسە گەورەکان!… ​نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەم ڕۆژانە گوێم لە کۆبوونەوەیەکی حیزبی شیوعی کوردستان دەگرت؛ یەکێک لە بەشداربووان دەیوت هەموو کێشەکانی ئێمە لەو ڕۆژەوە دەستی پێکرد کە کڵۆمیان لە دەرگای پەرلەمانی کوردستان دا. بەم شێوەیە، ڕەگی هەموو کێشە و بنبەستێک کە ئەو کۆمەڵگایەی گرتووەتەوە، دەگەڕێنێتەوە بۆ داخستنی دەرگای ئەو پەرلەمانە کاتەیی و بێ‌بایەخەیەکەی کوردستانی ئەمڕۆ.

​ئەگەر کەسێک لە مەریخەوە باز بداتە سەر گۆی زەوییەکەمان و لەبەدبەختیی خۆی، بە ڕێکەوت لە کوردستان بنیشێتەوە، کاتێک ئەو قسەیە دەبیستێت کە گوایە ئەم دۆخە و ئەم جۆرە ژیانە سووک و چروکە و ئەو نایەکسانییە و ئەو سیستەمە سیاسییە کۆنە و ئەو کۆنەپەرستییە سیاسییە باڵادەستە، هەمووی بەهۆی ئەو کارە نەگریسەی داخستنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەسەر ئەو خەڵکەدا هاتووە، ڕەنگە بیر لە شۆڕشێک بکاتەوە بۆ گەڕانەوەی ئیعتبار بۆ ئەم پەرلەمانە تێکشکاوە؛ مایکرۆفۆن و بوقێک بگرێتە دەست و هاوار بکات: ئەی خەڵکینە، ئێوە کە هێندە بەهۆی کڵۆمدانی ئەم پەرلەمانە داماوە لەلایەن خاوەنەکانیەوە لە ئازاردا دەژین، بۆچی ڕاپەڕین ناکەن تا خاوەنەکانی ئەم پەرلەمانە چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە؟

​ئەمە تەنیا تەنزێک نییە و تەنیا خەیاڵی بوونەوەرێکی ئاسمانی نییە کە لە مەریخەوە فڕیبێت؛ ئەمە گێڕانەوەی کەسانێکە لە هەمان چینی دەسەڵاتدار و چەقۆکێشەکانی ئەم وڵاتە و ئەو کەسانەی دەستیان لەناو گیرفانی خەڵکدایە. ئەوانەی خەریکی ئەوەن ئەم چینە کرێکارە دەنگی دەرنەیەت و ئەم بێ‌مافییە قبووڵ بکات و لە پێناویدا زیندان و ئەشکەنجە بەکار دەهێنن؛ ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم چەواشەکارییانە وەک بنەمای دەرد و ڕەنجی خەڵک دەرخواردی ئەم کۆمەڵگایە بدەن. مەسەلەکە بوون یان نەبوونی ئەم پەرلەمانە تێکشکاوە نییە. مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم بوونەوەرە تێکشکاوەی ناوی پەرلەمانە، چ ڕۆڵێکی هەیە لە چەسپاندن و بوونی ئەم بێ‌مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا و بەشێکە لە کام گەمە؟

​لە ڕوانگەی خەڵک و مرۆڤە ڕاستەقینەکانەوە، لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی ڕاستەقینەی کرێکاری و لە ڕوانگەی ئەو خەڵکەی خوازیاری ژیانێکی باشترن، ئەم پەرلەمانە داماوە و داخستنەکەی، هۆکاری ئەم بەدبەختییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان نییە، بەڵکوو خۆی بەشێکە لەو یارییەی کە چینی دەسەڵاتداری کوردستان بە ژیان و چارەنووسی ئەم خەڵکەی دەکات. ئەم پەرلەمانە تەنانەت لە چالاکترین کاتەکانیشیدا، پاشکۆی دەسەڵاتی ئێستایە، پاشکۆی کۆنەپەرستیی ئێستای چینی دەسەڵاتدارە، پاشکۆی “ئاسایش” و “پاراستن” و “زانیاری”ـیە، پاشکۆی دادگا کارتۆنییەکانە کە تەنیا کاریان لەناوبردنی ناڕەزایانی کۆمەڵگایە.

​چەند ساڵێک لەمەوبەر  ئەو زاتەی باوکی هەژاران  کە نیوەی مێژووی شەڕ و تەسفییەی نەیاران و لەسێدارەدانە “شۆڕشگێڕییەکانی” بزووتنەوەی سیاسیی بۆرژوازیی کوردی لە ئەستۆدایە (لە پشت‌ئاشانەوە تا کوشتنی  کۆمۆنیستەکان  لە سلێمانی بە ڕۆژی ڕوون)، ویستی بەم وەهمەی “پەرلەمان‌دارکردنی بۆرژوازیی کورد”، سەروبەرێک بەم کۆنەپەرستییە داماوەی بۆرژوازیی کورد بدات و شەرعییەتێکی بە ڕواڵەت شارستانیتر بەم تاڵانکردنەی چارەنووسی کۆمەڵگا و مرۆڤی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بدات، بەڵام واقیع زوو بە هانایانەوە هات و خەونی پەرلەمان‌دارکردنی بۆرژوازیی کورد و دەسپێکردنی سەردەمێکی نوێ بوو لە هەڵم و خۆشیان  بوون بە کاریکاتێرێک لە ژیانی سیاسیی کوردستاندا.

​ئەو کەسانەی لە بزووتنەوەی سیاسیی بۆرژوازیی کورددا باشترین شتێک کە بەڵێنیان دابوو ئەوە بوو کە ئەگەر پڕۆژەکەیان سەربگرێت ژنان دەکەنە “خانمی ماڵەوە”، خۆیان بە کردەوە لە ڕووی سیاسییەوە خانەنشین بوون. واقیع ئەوەیە ئەم جۆرە بۆرژوازییەی کە چەوسانەوەکەی و تەنانەت دەسەڵاتە سیاسییەکەشی بە تەواوی قەرزاری “کاری هەرزان” و “کرێکاری بێدەنگ”ـە، ناتوانێت مافە مەدەنییەکانی مرۆڤەکان بکاتە یاسا، ناتوانێت ڕێگە بدات یەکێتی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ئازاد بن، ناتوانێت ئازادیی دەربڕین و بیروڕا قبووڵ بکات. ناتوانێت خەڵک لە هەولێر و سلێمانی ئازاد بکات تا هەرچییان لە دڵدایە بیڵێن و بیکەن. چونکە ڕوونە ئەگەر ئەم فەزایە لە کۆمەڵگادا هەبێت، خەڵک و کرێکار ئەم بەدبەختییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە قبووڵ ناکەن و ئەم کۆنەپەرستییە ڕادەماڵن. هەربۆیە پێویستییان بە کۆنەپەرستی هەیە، پێویستییان بە ئایین و خورافات و گەمژەکردنی خەڵک هەیە و لە هەمووی گرنگتر، پێویستییان بە سەرکوت و دیکتاتۆریی ڕووت هەیە. بۆیە بۆ بۆرژوازی و لە بارودۆخێکی وەهادا، پەرلەمان تەنیا کەلاوە و مەتروکەیەکی  سیاسییە. دۆستانی حیزبی شیوعی دەتوانن تا دنیا دنیایە لەو خەیاڵ و فانتازیای بۆرژوازی میللی و نیشتیمانی پەرلەماندار دا بژین، بەڵام ئەمە دوا ئاستی ئەو شتەیە کە دەکرێ لە بۆرژوازیی دەستەوستانی کورد چاوەڕوان بکرێت. دەسەڵاتێکی لەو شێوەیە کە لەسەر بازاڕی کاری هەرزان و ئەو بێمافیە گەورەیە دەژی، تەنیا بە شەق و تێڵاو زیندان و سەرکوت خورافە و داماوی دەتوانێ کۆمەڵگە و چینی کرێکار بێدەنگ بکا، چونکە هەر فەزایەکی ئازاد و نیمچە ئازاد و بە هەر ئەندازەیەک باوەڕ بە خۆپەیداکردن، ئەوا دەکا دەنگی ئەو بەشەرییەتە بەرز بێتەوە و داوای ئەو ژیانە دەکا کە شایستەیەتی.

بۆیە ئاسۆی ئازادییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەردەوام و کوردستانێک کە ببێتە بێشکەی جێگیربوونی ژیانێکی مرۆیی و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووەکان، لە گرەوی دەسەڵات پەیداکردنی بیرۆکە داهێنەرەکان و باوەڕە مرۆیی و ئازادیخوازە پێشکەوتووەکان و پێوەرە ئەخلاقی و مەعنەوییە ئازادیخوازەکاندایە، و بە تایبەتی قەرزاری بزووتنەوە ئازادیخوازە سۆسیالیستی و کرێکارییەکانە.

​ئەمە مەرجی ڕزگارییەکی بنەڕەتیی ئەخلاقی و مەعنەویی مرۆڤایەتیی کرێکار و زەحمەتکێشە لە کوردستان و لە تەواوی ناوچەکەدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.