ئەم ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێشە لە داهاتوی ئێران و ناوچەکەدا  دەکەشێتەوە!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

هێرشەکان بۆ سەر مەنسوور حیکمەت گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ. ڕیزەکانی ئەم هێرشە هەمەجۆرن؛ لەو  چەپانەوە کە تا دوێنێ دانیان بە جەرگی خۆیاندا گرتبوو و بەهەر جۆرێک بوایە کڵاوی ئەم هێڵەیان لەسەرنابوو، تەنانەت تا ڕادەیەک شانازیشیان پێوە دەکرد، کەچی ئێستا لەناکاو لە پێشبڕکێیەکی سەیردا بۆ بێ بەریبوونی خۆیان لە مەنسوور حیکمەت پێشبڕکێیانە؛ تا دەگاتە  تەیفێکی فراوان لە ناسیۆنالیستی فیدراڵیچی  و شەیدایانی بۆمب و شەڕی ئەمریکا و تەواوی ڕیزی کۆنەپەرستیی ئینتەرنێت و فەیسبووک و فەزای مەجازی، گۆڕەپانی سیاسییان کردووە بە شوێنی پەلاماردان، جنێودان، شێواندن و درۆکردن دژی مەنسوور حیکمەت و هێڵ و کۆمۆنیزمەکەی.

​لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: حیکمەت و نهێنیی پشت ئەم هێرشانە چییە؟ بۆچی ئەمڕۆ ئەم هێرشە و بەم ئاستە لە بێشەرمی بەرامبەر بە مەنسوور حیکمەت دەستی پێکردووە و وەڵامی کام پێویستیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و چینایەتی دەداتەوە؟

​بۆ تێگەیشتن لە حیکمەتی ئەم بازاڕی جنێودان و درۆیانە، دەبێ سەیری گۆڕەپانی کۆمەڵگا، مێژووی ڕاستەقینە و خەباتی چینایەتی بکەین. دەبێ سەیری پێگەی ئەو جۆرە لە کۆمۆنیزم و ئەو تێگەیشتن و هێڵە تایبەتە بکەین کە ئەو لە مارکس و کۆمۆنیزم و کۆمەڵگا و گۆڕانکاری لە خەباتی چینایەتیدا فۆرمولەی کرد.

​کۆمۆنیزمی پێش حیکمەت شتێکی تر بوو. کۆمۆنیزمێکی “ڕزگاریی نەتەوەیی” و “وڵات‌ساز” بوو؛ کۆمۆنیزمی خۆماڵیکردنی نەوت و پیشەسازی‌کردنی ئەم و ئەو وڵات بوو. داوای دیموکراسیی زیاتر و کەمێک دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانیدا دەکرد. کۆمۆنیزمی کرێکاریی کرێگرتە بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە نەبوو. کۆمۆنیزمی ڕزگاریی سۆسیالیستیی مرۆڤ نەبوو. ئەو کۆمۆنیزمە نەبوو کە لە بەرگریی مرۆڤەوە بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان سەرچاوەی گرتبێت. بەڵکوو کۆمۆنیزمی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی چینەکانی تر بوو و ئامانجە کۆمەڵایەتییەکەی نەک هەڵوەشاندنەوەی چەوسانەوە و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت لە ڕێکخستنی هەر ئەو کۆیلایەتییە بوو. بە کورتەیەک، کۆمۆنیزمی (ئەگەر و بەڵامەکانی) بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چینەکانی تر بوو. باشترین جۆرەکانی ئەم کۆمۆنیزمە نا-کرێکارییانە، ئەو کۆمۆنیزمە چەپە بوو کە زیاتر لە ئیمانێکی ئاینی و نزا و پاڕانەوەیەکی ئیماندارانە دەچوو تا   خەبات و خواست و هەوڵی مرۆڤە زیندووەکان بۆ ڕزگاری و ژیانێکی باشتر.

​شۆڕشی ئێران تەنیا کرێکاری نەهێنایە مەیدان، بەڵکوو هاوتای خۆشی کە مارکس و کۆمۆنیزمی ئەم چینە بوو، تا ئەو ئاستەی لەو هەلومەرجەدا ئیمکانی هەبوو، لەگەڵ خۆیدا هێنا. لەو ساتەوە ئیتر ململانێیەکی ڕاستەقینە و سەخت بۆ بونیادنانی کۆمۆنیزمێکی کرێکاری و ئاڵایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرێکاری دەستی پێکرد. بۆیە، سەرەڕای شکستەکەی، بەڵام خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ و دەستکەوتێکی بەنرخی شۆڕشی ئێران، دەرکەوتنی جۆرە کۆمۆنیزمێک بوو کە لە ڕووی ئامانجی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە کرێکاری بوو، وە لە ڕووی تێگەیشتنی بۆ ژیان و ئەو فەلسەفەیەی سەیری جیهان و مرۆڤی دەکرد، مارکسیستی بوو.

​لە ناو جەرگەی شۆڕشی ئێران و پێکدادانە کۆمەڵایەتییە یەکلاکەرەوەکانی ئەو کاتەدا، پەنجەرەیەک، جۆرە تێگەیشتنێکی تایبەت هاتە ناو ململانێ کۆمەڵایەتی و فکرییەکانی ئەو ڕۆژە مێژووییانەی خەباتی چینایەتی. کۆمۆنیزمێک کە خاڵی دەسپێكی کۆمەڵایەتییەکەی “خەباتی چینایەتی” و پێگەی کرێکار و ناڕەزایەتی و هەوڵەکەی بوو دژی کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە. کۆمۆنیزمێک بوو کە ڕەنگدانەوە و هاوزای  فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئامادەیی کرێکار بوو لە مەیدانی خەباتی چینایەتیی ئەو سەردەمەدا. کۆمۆنیزمێک کە ناوکەپەتکی بە ڕەخنەی کرێکاریی مارکس لەم جیهانە و لەم کۆیلایەتییە کاری کرێگرتە و بە بزووتنەوەی کرێکاری پیشەسازیی جیهانی ئەمڕۆوە بەسترابۆوە. هیچ ڕەنگێکی لە ناوچەگەرێتی، قۆناغ‌بەندیی مێژوویی و “ئەگەر و بەڵام”ـە نا-سۆسیالیستی و نا-کرێکارییەکانی بزووتنەوەی چینەکانی تری پێوە نەبوو. گریمانەی سەرەتایی و سادە و لە هەمان کاتدا قووڵی ئەم کۆمۆنیزمە، پرسی ڕزگاریی ڕاستەقینەی مرۆڤ بوو لە کۆیلایەتی و چەوسانەوەی کاری کرێگرتە و هەوڵی کرێکاری مۆدێرن و مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ ژیانێکی باشتر.

​ئەم کۆمۆنیزمە و ئەم ڕوانگە مارکسیستییە زیندووە کە دەسپێکەکەی ئەم گریمانە سادانە بوو، لە ڕێگەی هەر ئەم گریمانانەوە وەک بزووتنەوەی کرێکاری بۆ گۆڕینی جیهان و ڕزگاری، کەوتە ڕەخنەکردنی ئەم جیهانە و بیرۆکە و ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەکانی چینەکانی تر. لە گۆشەنیگای ڕزگاریی مرۆڤی ئەمڕۆوە، کەوتە ڕەخنەکردنی دیموکراسی، لیبراڵیزم، ناسیۆنالیزم، ئایین و کۆمۆنیزمە بۆرژوازییەکان و لێکدانەوەی ئەوان بۆ مرۆڤ و ژیان و کۆمەڵگا.

​هۆکاری ئەم دوژمنایەتی و کینە سیاسی و ئایدۆلۆژییە و ئەم درۆ و شێواندنانە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هەر ئەم گریمانە سادانەی خودی ئەم کۆمۆنیزمەیە. هەر ئەو ئازادیخوازییە توندڕەو و بێ ئەملاوئەولایەیەتی. ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت ئازاد بێت و ئازاد بژی، و پێویستییەکانی ڕزگاریی واقیعی  مرۆڤی ئەمڕۆ لە چەوسانەوە لە ئارادایە و ئەوەی کە بۆ ئەو کارە و بۆ ئەو ڕزگاریە پێویستە سەرکەوتنێکی سیاسی و سۆسیالیستی و کرێکاریە. ئەوەی کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ بۆ ڕزگاری پێویست ناکات چاوەڕێی وادەیەکی کۆتایی و گەشەیەکی پلەبەپلە و ڕاهێنانی زیاتری دیموکراسی و ڕزگاریی نەتەوەیی و گەشەی زیاتری هێزە بەرهەمهێنەرەکان بن. پێویست ناکات دانیشن و چاوەڕێ بن تا کاتێک لە مێژوودا دێت کە تێیدا ئەو بیرۆکە و ئایدۆلۆژیایانەی چینە داراکان بۆرژوازی  دروستی کردوون بۆ ئەوەی شعووری مرۆیی و کردەوەی سیاسی و ئیرادەی ئەوان ڕابهێنن بە کۆیلایەتی، خۆبەخۆ کاڵ ببنەوە ؛ بەڵکوو دەبێ هەر ئەمڕۆ ئەم بیرۆکە و ئایدۆلۆژیا خورافی و دەسەڵاتخوازانە بە ڕۆشنگەریەکی سۆسیالیستی و ئازادیخوازانەی کرێکاری ڕەخنە بکرێن و ڕابماڵرێن.

​کۆمۆنیزمێک کە دەڵێ دین و بیروباوەڕی ئایینی هەڵبژاردنی سروشتیی خەڵک نین، بەڵکوو پیشەسازیەکن؛ دەزگایەکی پان و بەرینی سەرکوت و گەمژەکردن و ترساندنی مرۆڤن. کۆمۆنیزم و مارکسیزمێک کە بە ڕادیکاڵترین شێوە و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە وتی نەتەوە و ڕەگەز (جێندەر) سیفەتی زاتی و سروشتیی مرۆڤ نین و نابێ ئەم لێکدانەوەیە بۆ مرۆڤایەتی قبووڵ بکرێت. وتی نەتەوە ناسیۆنالیزمی دروست نەکردووە، بەڵکوو ئەوە ناسیۆنالیزمە کە نەتەوەی دروست کردووە و مرۆڤەکانی بۆ نەتەوە جیاوازەکان دابەش کردووە. ئەمانە بەرهەمی مێژوو و دیاردەی مێژوویی و ئایدۆلۆژیی قۆناغێکی مێژووی مرۆڤن و شێوە جیاوازەکانی لەخۆبێگانە بوونی  مرۆڤ و نکۆڵیکردنن لە شوناسی جیهانی و یەکسانی مرۆڤەکان. هەژاری و نەزانی و لەشفرۆشی زادەی سروشتی مرۆڤ نین، بەڵکو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ناچاریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەخلاقین. ماهییەتی مرۆڤ خودی “مرۆڤ بوون”ـە و هەرچی جیاواز لەوە بێت، ئایدۆلۆژیکردنی مرۆڤ و گۆڕینیەتی بۆ بوونەوەرێکی ئایدۆلۆژیی زمان‌بەستراو. پێویست ناکات لێکدانەوەی ئایدۆلۆژیی لیبراڵیزم بۆ مرۆڤ وەک مرۆڤی نموونەیی قبووڵ بکرێت و مرۆڤ تا ئاستی تاکێکی بێدەموچاو و ژمارەیەکی شیاوی ژماردن دابەزێنرێت. هیچ هۆکارێک نییە مرۆڤی ئەمڕۆ لێکدانەوەی لاوازی دیموکراسی بۆ ئازادی، وەک خودی ئازادی بکڕێتەوە.

​هۆکارێکی تریش، گریمانەکانی تری ئەم کۆمۆنیزمەیە دەربارەی پێویستیی بوون بە “هێز”. بۆ ئەوەی ببێتە بژاردەیەکی سیاسی و ڕاستەقینە لە ململانێی سیاسی و چینایەتیدا بۆ سەرکەوتنێکی سیاسیی کۆمۆنیستی و کرێکاری. کۆمۆنیزمێک کە ئەم گریمانەسادە و بنەڕەتییانەی سەرەوە خاڵی دەسپێکی بوون، گریمانەیەکی تری سادەی ئەوە بووە و هەیە کە بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە و بەو ئامانجانەی کە داینەمۆی هەوڵ و خەبات و پراکتیکی مرۆڤی ئەمڕۆن، دەبێ لە پانایی کۆمەڵگادا و بەپێی توانای ڕەگداکوتاوی ئەم خواستنە لە ئاستی گەورەی کۆمەڵگا و لە خەباتی چینایەتیدا دەربکەوێت. دەبێ بە هەمان ئەو میکانیزم و ئیمکاناتە گەورانەی کە بەرهەمی داهێنانی ئەم مرۆڤایەتییەن، بۆ سەرکەوتنی سیاسیی خۆی و بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکەی تێبکۆشێت.

​تا ئەو شوێنەی کۆمۆنیزم بزووتنەوەی ئەم جۆرە کارە لاوەکی و بچووکانە بێت، تا ئەو شوێنەی کاری بە گۆڕینی جیهان نەبێت و خەریکی “فرقە” و جیهانە بچووکەکەی خۆی بێت و بڕیار نەبێت ببێتە هێز و بۆ دەسەڵاتی سیاسی و دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵگا و بۆ مەیدانداریی هێزی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی نەجەنگێت، هیچ مەترسییەک بۆ چینی دەسەڵاتدار دروست ناکات و کەس کاری بە کارییەوە نابێت. بەڵام هەر ئەوەندەی کە ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە بیەوێت هەر ئەو ئازادیخوازی و یەکسانیخوازییەی مرۆڤ بهێنێتە مەیدانی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی بجەنگێت، دەیکەن بە “دێوەزمە”. باڵی ڕاستڕەوی چینی دەسەڵاتدار ڕاستەوخۆ دەست بۆ سەرکوت و گەمژەکردن دەبات، و باڵە چەپەکانیشی دەڵێن: “ناکرێت”، “پرۆسەی مێژوو و بەرهەمهێنان هێشتا نەگەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و مەنتیقی خۆی یان تەنانەت دەڵێن “پرۆلیتاریا ئامادە نییە بۆ ئەوەی خۆی ئەم کارە بکات” و شتی لەو بابەتە.

​مەنسوور حیکمەت ئێستا لە نێوانماندا نییە، بەڵام ڕۆژێک وتی تەنانەت ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییش هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەم کۆمۆنیزمە لەناو قەرەباڵغییەکانی داهاتووی ئێران و لە گەرمەی خەباتی چینایەتیی ئێران و ناوچەکەدا دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە. چونکە ئەم کۆمەڵگایە و چینی کرێکار و مرۆڤایەتی پێویستیان بەم کۆمۆنیزمە هەیە، نەک تەنیا بۆ سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی سیاسیی سۆسیالیستی و کرێکاری، بەڵکوو بۆ بەرگری لە کەرامەتی کۆمەڵایەتی و مرۆیی خۆیان.

​تەواوی ئەدەبیاتی ئەم کۆمۆنیزمە دەربارەی هەموو ئەم بابەتانەی پەیوەستن بە مرۆڤ و کرێکار و خەباتی چینایەتی و خودی بەرنامەی “جیهانێکی باشتر” کە چەکەرەی ئەم ئاواتە ڕەسەنانەی مرۆڤ و کرێکاری کاری کرێگرتە و کۆمۆنیزمەکەیەتی بۆ ئەم ڕزگارییە، “ئاگری ژێر خۆڵەمێش”ـن؛ کە بە هەڵکردنی هەر شنەبایەک و لە هەر هەژانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جددیدا گڕ دەگرن و دەبنە ئاڵای سیاسیی ڕادیکاڵی کرێکار و مرۆڤایەتیی بێبەش بۆ ڕزگارییەکی ڕادیکاڵی کرێکاری.

Leave A Reply

Your email address will not be published.