پێگەی چاکسازی و شۆڕش لە کۆمۆنیزمی “چەپ”دا… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بەشی سێهەم
لە بەشەکانی پێشووتری ئەم باسەدا، پەرژاینە سەر ئەو باسە زەینی و گریمانە هەڵبەستراوانەی “چەپ” سەبارەت بە داهێنانی بوونەوەرێکی ئەفسانەیی بە ناوی “هاوڵاتی” لە ناو بیروباوەڕ و تێگەیشتنی سیاسی، تیۆری و تەنانەت بەرنامەی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، کە گوایە جێگەی “کرێکار”ی گرتۆتەوەو؛ کۆماری سۆسیالیستی هاوڵاتیان جێگەی حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆری پرۆلیتاریای گرتۆتەوە. ئێستاش وەک تەواکەری ئەو گێڕانەوەیە، دەگەینە باسی پێگەی چاکسازی (ڕیفۆرم) و شۆڕش لە لێکدانەوە و بەرنامەی هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری وەک ئەوەی دۆستانی چەپ لێی تێگەیشتون یاخود وەک ئەوەی دەیانەوێ خەڵکی لێ تێ بگەیەنن.
تێگەیشتن و لێکدانەوەی دۆستانی چەپ لەم بوارەدا، شاکارێکی ترە لە شێواندنی ڕاستییە بنەڕەتی و تیۆرییەکانی تەواوی هێڵێکی فکری. دۆستانی چەپ بەوپەڕی ئاسوودەیی و بە تێگەیشتنێکی فۆرمال و ڕووکەشانە، وەشانێکی دەستکرد بە ناوی ئەم هێڵەوە دەدەن بە بیسەرانی بێتاوانی خۆیان، تا دواتر بە شمشێرێکی دارین، بکەونە وێزەی ئەم نوسخە تاشراوەی ناو مێشکی خۆیان و بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە بیدەنە بەر شاڵاوی باوەڕەکانیان. بێگومان حیکمەتی ئەم جۆرە شێواندنە ئاشکرایە چەند هۆکارێکی هەیە؛ یەکەم: ئەو نوسخەیەی ئەوان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری نیشانی دەدەن، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەژار و بێناوەڕۆکە، تەنانەت مایەی پێکەنینە.
بێگومان بۆ دۆستانی چەپ ئەم سادەکرنەوە و بە کارێکاتورکرنە پێویستە، چونکە بەم جۆرە دەتوانن پۆزی پاڵەوانبازیوکی تیۆریک لێ بدەن و بەرهەمی ئەم قارەمانبازییە ساغ بکەنەوە. ئەمەم تەنها بۆ ئەوە گوت تا خوێنەری ئێمە بزانێت کە ئەم قارەمانبازییەی چەپ، لەگەڵ ئەو گێڕانەوەیەیە کە خۆیان بۆ کۆمۆنیزمی کرێکارییان تاشیوە، نەک خودی کۆمۆنیزمی کرێکاری.
کۆمۆنیزمی کرێکاریی خۆی گێڕانەوە و خوێندنەوەیەکی مارکسیستی و کرێکاریی سەربەخۆ و تایبەتە لە جیهان، مێژوو و خەباتی چینایەتی لەم سەردەمەدا؛ خوێندنەوەیەکە بۆ “پراتیک” و ڕۆڵی ئیرادەی مرۆڤ لە مێژوودا، بۆ ڕۆڵی دەوڵەت و ئایین، تا دەگاتە شۆڕشی کرێکاری و پێویستییەکانی، و پێگەی ڕیفۆرم لە ناو ململانێیەکی بەرفراوانتری چینایەتیدا؛ بۆ پرسی چەوسانەوە و ئەو جۆرە تایبەتەی ڕزگاری کە پرسی چینی کرێکار و مرۆڤی ئەمڕۆیە. لەوەش گرنگتر، ئەو پەیوەندییە تایبەتەیە کە ئەم هێڵە لە نێوان ئەم پرسانەدا دروستی دەکات. بۆیە پێشنیاری ئێمە ئەوەیە کە خوێنەر لە جیاتی ئەم وێنە شێواو و نالەبارەی دۆستانی چەپ، ڕاستەوخۆ بچێتە سەر خودی ئەم هێڵە و ئەو لێکدانەوەیەی بۆ جیهان و مارکس و کرێکار و خەباتی چینایەتی هەیەتی، بیخوێنێتەوە و بڕیار بدات.
دۆستانی چەپ دەڵێن: خەباتی چینایەتی تەنها و تەنها لەسەر “گیرفان و پارە” و پشکی کرێکار و سەرمایەدارە لە سەروەتدا، و هەرچی لە دەرەوەی ئەمە بێت، چیتر پێوەندی بە خەباتی چینایەتییەوە نییە! سەبارەت بە مافە مەدەنییەکان و ئازادییە تاکەکەسییەکان، دەڵێن ئەمانە شتی بێبایەخن و مادام پارە لە گیرفانی سەرمایەدار دەرناچێت، بۆ ئەو وەکو یەکە و هیچ جیاوازیەکی نیە. ئەمە دەقی قسەی ئەم دۆستانەیە. ئەمە جەوهەری تێگەیشتنی ئەوانەیە بۆ خەباتی کرێکار و مرۆڤی ڕاستەقینە بۆ ژیانێکی باشتر. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە لەسەر تێگەیشتنێکی “فیزیکی و نەکۆمەڵایەتی” دامەزراوە کە تەنها بە کەڵکی دەستەیەکی “دەروێشی” وازهێناو لە ژیان دێت.
ئەگینا هەر منداڵێکی قوتابخانە و هەر مرۆڤێکی عاقڵ و ڕاستەقینە دەزانێت کە مافە مەدەنییەکان وەک مافی باخچەی منداڵانی بێبەرامبەر، خوێندن، مافی مانگرتن، ڕێکخراوبوون و تەنانەت ئازادیی ڕادەربڕین، نەک هەر بۆ مرۆڤایەتی گرنگن، بەڵکو بە ئاسانی و بێ تێچوو بەدەست نەهاتوون. نەوە لە دوای نەوەی چینی کرێکار و مرۆڤە مەحرومەکان تێکۆشاون تا ئەم ئاستە لە حورمەت و کەرامەت و ئەم پشکە زیاترە لە ژیان و ئازادی، لە ناو ئەم کۆمەڵگەیەی ئەمڕۆدا بکەنە ئەمرێکی چەسپاو.
تەنها مرۆڤە هیچ نەفامەکان دەتوانن وا بیر بکەنەوە کە ئەم ئاستە لە ماف و ئازادییە مەدەنییەکان، هیچ تێچوویەکی بۆ کۆمەڵگەی بۆرژوازی و چینی سەردەست نەبووە؛ بەڵام بۆ مارکسیستێکی ڕاستەقینە، سەندنی هەر کسرێکی زیاتر لەم ماف و ئازادییانە و چەسپاندنی ئەم حورمەت و شکۆیە، بەشێکی دانەبڕاوی خەباتی چینایەتییە و تێچوویەکی گەورەی بۆ چینی حاکم هەبووە و دەبێت. کورتکردنەوەی کرێکار و سەرمایەدار بۆ ئاستی “ئامێرێکی وەرگرتن و دانی پارە”، جۆرێکە لە پەراوێزخستنی خەباتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کە مۆتۆڕی مێژووی ڕاستەقینەیە، کە گاهێ پەنها و گاهێ ئاشکرا، بەردەوام بەڵام بێ پێیانەوە لەسەر هەموو شتێک لە ئارادایە . تەنانەت “ترەدیۆنیزم”یش لە چاو ئەم تێگەیشتە میکانیکییە، پێشکەوتنێکی گەورەیە.
ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە هەرچییەک بێت، کۆمۆنیزمی ئەو کرێکاری “کاری کرێگرتەیە” نییە کە بە حوکمی هەلومەرجی عەینیی بوونی و زیاتر لەوەش بە حوکمی مرۆڤبوونی، ناچارە بۆ باشترکردنی ژیانی خۆی و بۆ بەرزکردنەوەی شکۆی کۆمەڵایەتیی خۆی لە ناو خەباتی چینایەتیدا تێبکۆشێت.
نەخێر دۆستان, وا نییە! خەباتی چینایەتی لەسەر هەموو شتێکە: لەسەر مووچەیە، لەسەر کاتژمێری کارە، لەسەر ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، لەسەر زەروورەتی هەبوون یان نەبوونی ئازادییە تاکەکەسی و مەدەنییەکانە، لەسەر ئایین و ئازادیی فیکرییە، لەسەر مافی ڕێکخراوبوون و مانگرتنە؛ لەسەر ژیان و پشکی مرۆڤە لە ژیان. شۆڕشی کرێکاریی نیەتێکی سۆفیانە نیە بۆ خێری مرۆڤایەتی بەڵکو خۆی چرکەساتێکی گرنگی ئەم کێشمەکێشە زیندوە کۆمەڵایەتی چینایەتیە بێپسانەوەیە لە پێناو ڕزگاری لە چەوسانەوە و ژیانێکی باشتر.
کۆمۆنیزمی ڕاستەقینەی کرێکاری، ڕەوتێکی زیندوو و ڕاستەقینەیە لە ناو جەرگەی ئەم خەباتە چینایەتی و ململانێ کۆمەڵایەتییەدا. ”شۆڕش” و “چاکسازی” بۆ ئەم کۆمۆنیزمە، دوو فەزا یان دوو دوورگەی دابڕاو نین، بەڵکو دوو ڕهەندی یەک ململانێی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی و چینایەتین لەسەر کۆمەڵگە و لەسەر شکۆی مرۆڤ لە ژیاندا، و پێویست و تەواکەری یەکترین. ئێستا کە دۆستانی چەپ خەباتی چینایەتییان بۆ ژیانێکی باشتر تا ئاستی ململانێی لایەنەکان لەسەر “پارە و گیرفان” دابەزاندووە و هەموو بوارەکانی تری پێوەندیدار بە ڕیفۆرمیان وەک تەڵەی بۆرژوازی ڕەتکردۆتەوە، لە فەزایەکی مەجازی و تا ڕادەیەک ئایینیدا و بێ هیچ پێشەکییەک لە جیهانی واقیعدا، دەگەنە باسی شۆڕش و خاوەندارێتی.
خاوەندارێتی و شۆڕشی کرێکاری
شاکارێکی تری دۆستانی چەپ لە بابی “شۆڕش و خاوەندارێتی”دایە. ڕەندانە ئەوەمان بیر دەخەنەوە کە داستانی سەرەکی ژیان شۆڕشە و شۆڕشیش تەنها لەسەر خاوەندارێتییە ( بە دەربڕینی دۆستانی چەپ تەنها لەسەر گیرفانە ). بەپێی ئەم وێنەیە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم دوو جەمسەرە و ئەم بونەوەرە لە مێژوویەکی گریمانەییدا بەیەکدا دەدەن، کرێکار دەستەڵاتی پێشوو لادەبات، کارگەکە دادەبڕێت و “شورا” پێکدەهێنێت، و ئیتر شۆڕش کۆتایی دێت! کرێکاران دادەنیشن و خۆیان خاوەنکار دەرەکەن و بڕیار دەدەن، ئەوەش لە ناو ئەو شورایەدا کە دروستی دەکەن.
ئەگەر لەم پرۆسەیەدا “حیزب”ێکیش هەبێت، تەنها حیزبێکە کە خەریکی ئامۆژگاری و ڕێنمایی کرێکارە، و ئیتر بەم سادەییە جیهان گۆڕاوە! مەعلووم نییە دەوڵەتی بۆرژوازی و تەواوی ئەو مەکینە سەرکوتکەرە و ئەو ململانێ سیاسییە توندە چییان لێ هاتووە و بۆ کوێ هەڵمیون؟ مەعلووم نییە لە ناو کام ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، و بە کام هەڵبژاردنی سیاسی، ئەم جەنگی چینایەتییە گەیشتووەتە ئەو خاڵە؟ تەنها “شورایەک” و بوونەوەرێک بە ناوی “حیزب” وەک ڕاوێژکارێکی بێتاوان بەسە!
دواتر ڕەخنە لە کۆمۆنیزمی کرێکاری دەگرن کە گوایە دەخوازێت حیزب بکاتە جێگرەوە و وەلی ئەمری کرێکاران. لە دەرەوەی ئەم مەشهەدە خەیاڵییەی ئەوان بۆ شۆڕش، تەواوی مرۆڤایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و حیزب و جوڵانەوە سیاسی و نەریتە فکری و سیاسیەکان کە شێواز و میکانیزمی بەشداریکردنی مرۆڤن لەو کێشمەکێشەا هیچ کارە نین و تەنها سەیری دیمەنی ئەم جەنگەی سەر کارگە و گیرفان دەکەن. ئەوەی کە ئەم بزووتنەوە و حیزبە سیاسیانە و ئاسۆ چینایەتییەکان چ ڕۆڵێکیان هەبێت، لای ئەوان هەر باس نییە.
ئەمەیە تەواوی شاکاری دۆستانی چەپ لە تێگەیشتن لە داینامیزمی شۆڕشێکی کرێکاری کە بڕیارە کۆتایی بە سەردەمی خاوەندارێتی بۆرژوازی و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە بهێنێت. ئەم تێگەیشتە نیشانەی هەژارییەکی ڕەهای سیاسی و تیۆرییە؛ بە مانایەک، مەهزەلەیەکی تراجیدیی چەپە.
ئەمە ئەو شۆڕشە کرێکارییە نییە کە بڕیارە بەسەر دەوڵەت و سەرکوتی چینە حاکمەکاندا سەربکەوێت و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە هەڵبووەشێنێتەوە؛ ئەو شۆڕشەی کە هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە، باڵاترین ئاستی شارستانییەت و فراوانترین ئازادییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان دەکاتە یاسای ژیان. ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، تەنها “ترەدیۆنیزمێکی نەسیاسی و نە کۆمەڵایەتی”یە کە تەنها لە خەیاڵدانی دۆستانی چەپدا بوونی هەیە.
سادەکردنەوەی داینامیزمی وەرچەرخانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی وەک شۆڕشی کرێکاری، و دابەزاندنی ململانێی سەر خاوەندارێتی و چارەنووسی کۆمەڵگە و دەسەڵات بۆ ئاستی داگیرکردنی کارگە، شاکارێکی ترە لە سادەبینی و کاریکاتێرێکە لە مارکس و شۆڕشی کرێکاری. باشتر وایە دۆستانی چەپ لە جیاتی شاخ لێدان لەگەڵ مارکس و حیکمەت، مێژووی ڕاستەقینە بخوێننەوە، بیر لە داینامیزمە ڕاستەقینەکانی ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆ بکەنەوە و ئەگەر بەڕاستی بڕوایان بە ڕزگاریی سۆسیالیستی هەیە، بەرپرسیارییەتی و زەحمەتی زیاتر لە لێکدانەوەی بابەتەکاندا بکێشن.
نەخێر دۆستان! شۆڕشی کرێکاری و ناوەرۆکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتەیە؛ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتیی بۆرژوازی و دامەزراندنی پەیوەندییە سۆسیالیستییەکانی بەرهەمهێنانە. بە واتایەک، لەسەر گرتنی دەسەڵاتە، لەسەرگرتنەدەستی چارەنووسی تەواوی کۆمەڵگەیە، لەسەر ڕێکخستنەوەی و بنیادنانەوەیەکی بنەڕەتیی ژیانی مرۆڤە. لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانی ڕزگاری و یەکسانییەکی تەواوی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەخلاقی و مەعنەویی مرۆڤە؛ و بە واتایەک، گێڕانەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی مرۆڤە بۆ سەر چارەنووس و مقەدەراتی خۆیدا.
ئەو کۆمەڵگەیەی کە ڕۆژی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری و دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیی کرێگرتە دێتە کایەوە، هەرچەندە نیشانەکانی کۆمەڵگەی کۆنی بۆرژوازیی پێوە دیار دەبێت، بەڵام بەو واتایە کۆمەڵگەیەکی نوێی مرۆڤایەتیی بەڕاستی ئازاد دەبێت کە تا چەند توانیویەتی ئەم کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە و ئابوورییە کاڵاییە بنبڕ بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بنەڕەتدا شۆڕشی کرێکاری قۆناغی یەکەمی سەرکەوتنێکی سیاسیی سۆسیالیستی و کرێکاریی یەکلا کردبێتەوە. بە واتایەک، ئەگەر ئەمە ناوەرۆکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی شۆڕشی کرێکاری بێت، ئەوا خودی ئەمە لە گرەوی سەرکەوتنێکی سیاسیی سۆسیالیستی و کرێکاریدایە.
لە بەشەکانی تردا سەرباری فیدباک د تۆخ کردنەوەی هەندێک بابەت لە پەیوەند بەو پرسانەی کە تا ئێستا ڕەنگە باس کرابێت بەڵام دەپڕژێمە سەر حیزبی سیاسی و کۆڕی خێرخوازانی ڕاوێژکاری دۆستانی چەپ کە لە شۆڕشی داگیرکردنی کارخانەکاندا بڕیارە ئامۆژگاری کرێکاران بکەن.