ئیمپریالیزم و ئینشیقاق (لەتبوون) لە سۆشیالیزمدا… نووسینی: لنین
تشرینی یەکەمی ١٩١٦ نووسراوە و لە (سبۆرنیک سۆشیال دیموکراتا) ژمارە ٢ – کانوونی دووەمی ١٩١٦ بڵاوکراوەتەوە
ئایا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئیمپریالیزم و ئەو سەرکەوتنە ترسناک و قێزەونەی کە ئۆپۆرتۆنیزم (لە شێوەی سۆشیال-شۆڤێنیزمدا) لە ناو بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپادا بەدەستی هێناوە، هەیە؟
ئەمە پرسیارە بنەڕەتییەکەی سۆشیالیزمی مۆدێرنە. لەبەر ئەوەی لە ئەدەبیاتی پارتەکەماندا بە تەواوی سەلماندوومانە کە: یەکەم، سەردەمی ئێستا و جەنگی ئێستا خەسڵەتێکی ئیمپریالیستییان هەیە، دووەم، پەیوەندییەکی مێژوویی دانەبڕاو لە نێوان سۆشیال-شۆڤێنیزم و ئۆپۆرتۆنیزمدا هەیە و لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە لە یەک دەچن، بۆیە دەتوانین و دەبێت بەرەو لێکدانەوەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییە هەنگاو بنێین.
دەبێت بە پێناسەیەکی ورد و تەواو بۆ ئیمپریالیزم دەست پێ بکەین. ئیمپریالیزم قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراوی سەرمایەدارییە. سێ خەسڵەتی سەرەکی هەیە:
١) ئیمپریالیزم سەرمایەدارییەکی قۆرخکارە (مۆنۆپۆڵ)؛
٢) سەرمایەدارییەکی مشەخۆر یان گەندەڵە (لەناوچوودایە)؛
٣) سەرمایەدارییەکە لە سەرەمەرگدایە. گۆڕانی کێبڕکێی ئازاد بۆ “قۆرخکاری”، جەوهەری ئابووری ئیمپریالیزمە. قۆرخکاری خۆی لە پێنج شێوەی سەرەکیدا دەبینێتەوە:
١- کارتێڵ، سندیکا و تراستەکان: کۆبوونەوەی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەم جۆرە ڕێکخراوە قۆرخکارانەی سەرمایەداران دروست بوون.
٢- پێگەی قۆرخکاری بانکە گەورەکان: سێ، چوار یان پێنج بانکی گەورە، تەواوی ژیانی ئابووری ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا کۆنترۆڵ دەکەن.
٣- دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو لەلایەن تراستەکان و ئۆلیگارشی داراییەوە (سەرمایەی دارایی، هەمان سەرمایەی پیشەسازییە کە لەگەڵ سەرمایەی بانکی تێکەڵ بووە).
٤- دابەشکردنی ئابووری جیهان لەلایەن کارتێڵە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستی پێکردووە. ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کارتێڵی نێودەوڵەتی هەن کە بازاڕی جیهانیان کۆنترۆڵ کردووە و بە شێوەیەکی “دۆستانە” لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن، تا ئەو کاتەی جەنگ دووبارە دابەشی دەکاتەوە. هەناردەکردنی سەرمایە (جیاواز لە هەناردەی کاڵا) دیاردەیەکی زۆر بەرچاوە و پەیوەندییەکی توندی بە دابەشکارییە ئابووری و سیاسییەکانی جیهانەوە هەیە.
٥- دابەشکردنی خاکەکانی جیهان (کۆڵۆنییەکان) تەواو بووە.
ئیمپریالیزم وەک بەرزترین قۆناغی سەرمایەداری لە ئەمریکا، ئەوروپا و دواتر ئاسیا، لە نێوان ساڵانی ١٨٩٨ تا ١٩١٤ شێوەی کۆتایی خۆی گرت. جەنگی ئەمریکا-ئیسپانیا (١٨٩٨)، جەنگی ئینگلتەرا-بوێر (١٨٩٩-١٩٠٢)، جەنگی ڕووسیا-ژاپۆن (١٩٠٤-١٩٠٥) و قەیرانی ئابووری ئەوروپا لە ساڵی ١٩٠٠، ڕووداوە مێژووییە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمە نوێیەی جیهانن.
ئەو ڕاستییەی کە ئیمپریالیزم سەرمایەدارییەکی مشەخۆر یان ڕزیوە، پێش هەموو شتێک لەوەدا دەردەکەوێت کە هەر قۆرخکارییەک لە سیستەمی خاوەندارێتی تایبەتدا، مەیلی بەرەو گەندەڵی و ڕزیان هەیە. جیاوازی نێوان بۆرژوازی ئیمپریالیستی “کۆماری-دیموکرات” و جۆری “پاشایەتی-کۆنەپەرست” نەماوە، چونکە هەردووکیان زیندوو زیندوو خەریکی ڕزین (ئەمەش گەشەی خێرای سەرمایەداری لە هەندێک پیشەسازی و وڵاتی دیاریکراودا ڕەت ناکاتەوە). دووەم، ئەم ڕزیانە لە دروستبوونی چینێکی گەورەی “سەرمایەدارانی سفتەباز و تەنزیڵخۆر”دا دەردەکەوێت کە تەنها بە سوود و ڕیبا دەژین. لە چوار وڵاتی گرنگی ئیمپریالیستیدا (ئینگلتەرا، ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، سەرمایەی ناو کاغەزە داراییەکان گەیشتووەتە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیار فڕەنک، کە ساڵانە داهاتێکی زەبەلاحی لێ بەدەست دەهێنن. سێیەم، هەناردەکردنی سەرمایە، لووتکەی مشەخۆرییە. چوارەم، “هەوڵی سەرمایەی دارایی بۆ سەردەستییە نەک بۆ ئازادی”. کۆنەپەرستی سیاسی لە هەموو بوارەکاندا خەسڵەتی ئیمپریالیزمە. گەندەڵی و بەرتیلدان لە ئاستێکی بەرفراواندا هەیە. پێنجەم، چەوساندنەوەی نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت داگیرکردنی کۆڵۆنییەکان لەلایەن چەند دەسەڵاتێکی “گەورە”وە، وای کردووە جیهانی “شارستانی” ببێتە مشەخۆرێک لەسەر جەستەی سەدەها ملیۆن کەس لە نەتەوە دواکەوتووەکان. پرۆلیتاریای ڕۆمانی کۆن لەسەر حسابی کۆمەڵگە دەژیا، بەڵام ئێستا کۆمەڵگەی نوێ لەسەر حسابی پرۆلیتاریای نوێ دەژی. مارکس جەختی لەسەر وتەیەکی “سیسمۆندی” دەکردەوە کە دەیگوت: ئیمپریالیزم بارودۆخەکەی گۆڕیوە؛ ئێستا توێژێکی سەرەوەی ئیمتیازدار لە ناو پرۆلیتاریای وڵاتە ئیمپریالیستەکاندا هەیە کە بەشێکی ژیانیان لەسەر حسابی سەدەها ملیۆن مرۆڤی نەتەوە بندەستەکان دابین دەکرێت.
ئەمە ڕوونە کە بۆچی ئیمپریالیزم سەرمایەدارییەکی لەسەرەمەرگدایە و قۆناغی گواستنەوەیە بۆ سۆشیالیزم: چونکە قۆرخکاری کە لە ناو دڵی سەرمایەدارییەوە گەشەی کردووە، نیشانەی مردنی سەرمایەداری و سەرەتای سۆشیالیزمە. بە کۆمەڵایەتیکردنی کار لەلایەن ئیمپریالیزمەوە هەمان ئەنجامی دەبێت.
ئەم پێناسەیەی ئێمە بۆ ئیمپریالیزم، بە تەواوی پێچەوانەی بۆچونەکانی کاوتسکییە. ئەو ڕازی نییە ئیمپریالیزم وەک “قۆناغێکی سەرمایەداری” ببێنێت و تەنها وەک سیاسەتێکی “پەسەندکراو” لەلایەن سەرمایەی داراییەوە پێناسی دەکات. پێناسەکەی کاوتسکی لە ڕووی تیۆرییەوە هەڵەیە. ئیمپریالیزم تەنها داگیرکردنی وڵاتانی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ داگیرکردنی هەر جۆرە وڵاتێک. کاوتسکی سیاسەتی ئیمپریالیستی لە ئابووری ئیمپریالیستی جیا دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ چاکسازیخوازییە (ڕیفۆرمیزم) بێماناکەی خۆی خۆش بکات، وەک “داماڵینی چەک” و “ئۆڵترا ئیمپریالیزم”. ئامانجی ئەو ئەوەیە کە ناکۆکییە قووڵەکانی ئیمپریالیزم بشارێتەوە و پاساو بۆ “یەکگرتن” لەگەڵ سۆشیال-شۆڤێنیستەکان و ئۆپۆرتۆنیستەکان بهێنێتەوە.
ئێمە پێشتر لە بڵاوکراوەکانی “سۆشیال دیموکرات” و “کۆمۆنیست”دا باسمان لەوە کردووە کە کاوتسکی چۆن لە مارکسیزم لایداوە. کاوتسکیستە ڕووسییەکانیش (وەک ئەکسلڕۆد، مارتۆف و تا ڕادەیەک تڕۆتسکی) بێدەنگییان هەڵبژاردووە یان بە شێوەی جیاواز بەرگری لەو بیرۆکە هەڵانە دەکەن.
دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە تێگەیشتنی کاوتسکی بۆ ئیمپریالیزم، پاشەکشەیە تەنانەت لە چاو نووسەرانی وەک “هۆبسۆن”یش کە مارکسیست نییە. هۆبسۆن لە ساڵی ١٩٠٢دا پەرتووکێکی نووسی و تێیدا باسی لەوە کردووە کە ئیمپریالیزم چۆن وڵاتە دەسەڵاتدارەکان دەکاتە مشەخۆر. هۆبسۆن دەڵێت: وڵاتە ئیمپریالیستەکان بەشێک لەو داهاتەی لە کۆڵۆنییەکان دەستیان دەکەوێت، وەک “بەرتیل” دەیدەن بە چینە نزمەکانی خۆیان بۆ ئەوەی ڕازییان بکەن.
هۆبسۆن دەڵێت مەترسی ئەوە هەیە ئەوروپای ڕۆژئاوا ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵێک دەوڵەمەند و ئەریستۆکرات کە سوپا و کرێکاری وڵاتانی تر (وەک ئاسیا و ئەفریقا) بۆ خزمەتی خۆیان بەکاربهێنن. هۆبسۆن (کە سۆشیال-لیبرالە) دەبێنێت کە ئۆپۆرتۆنیستەکان و بۆرژوازی ئیمپریالیستی پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر پشتی ئاسیا و ئەفریقا بژین. ئۆپۆرتۆنیستەکان توێژێکی کڕدراوی چینی کرێکارن کە بوونەتە “سەگی پاسەوانی” سەرمایەداری.
ئێمە هەمیشە وتوومانە کە پەیوەندییەکی ئابووری قووڵ لە نێوان بۆرژوازی ئیمپریالیستی و ئۆپۆرتۆنیزمدا هەیە. هەر بۆیە جیابوونەوە لە سۆشیال-شۆڤێنیستەکان پێویستە. بەڵام مارتۆف و هاوڕێکانی دەڵێن ئەگەر کرێکارە شارەزا و ڕۆشنبیرەکان لە ئێمە جیا ببنەوە و بچنە ناو ئۆپۆرتۆنیزم، ئەوا سۆشیالیزم تووشی کارەسات دەبێت. ئەوان دەیانەوێت ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە هەندێک گرووپی کرێکاران هەر ئێستا خیانەتیان کردووە و چوونەتە ناو بەرەی بۆرژوازی.
ئەو کاوتسکیستانە (وەک هیلفێردینگ و مارتۆف) تەنها نیسبەت بە ئۆپۆرتۆنیزم “گەشبینن”. ڕاستە پرۆلیتاریا لە ئاستی جیهانیدا یەکدەگرێت، بەڵام لە ئێستادا لە وڵاتانی ئیمپریالیستی، ئۆپۆرتۆنیستەکان خزمەتکاری بۆرژوازین. ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری خۆی لە دەستی ئەمانە ڕزگار نەکات، ئەوا هەر بە “بزووتنەوەیەکی بۆرژوایی” دەمێنێتەوە. هەرکەسێک بەرگری لە یەکگرتن لەگەڵ ئەم خاینانە بکات، یارمەتی بۆرژوازی دەدات بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران.
ئەم دوو ئاڕاستەیە (شۆڕشگێڕ و ئۆپۆرتۆنیست) تەنانەت لە سەردەمی مارکس و ئەنگڵسیشدا لە ئینگلتەرا هەبوون. ئینگلتەرا لە سەدەی نۆزدەهەمدا خاوەنی دوو مەرجی ئیمپریالیزم بوو: کۆڵۆنی زۆر و قازانجی قۆرخکاری. ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٥٨دا بۆ مارکسی نووسی: “پرۆلیتاریای ئینگلتەرا خەریکە دەبێتە بۆرژوا، وادیارە ئەم نەتەوەیە دەیەوێت لە تەک بۆرژوازییەکەیدا، ئەریستۆکراسییەکی بۆرژوا و پرۆلیتاریایەکی بۆرژواشی هەبێت.”
ئەنگڵس دەڵێت کرێکارانی ئینگلتەرا بە خۆشییەوە بەشداری لەو دەستکەوتانەدا دەکەن کە وڵاتەکەیان لە ڕێگەی قۆرخکاریی بازاڕی جیهان و کۆڵۆنییەکانەوە دەستی دەکەوێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە توێژێکی سەرەوەی “ئیمتیازدار” لە ناو کرێکاراندا دروست بووە کە لە جەماوەری کرێکارانی تر جیاوازن.
کاوتسکی دەڵێت قۆرخکاریی پیشەسازی ئینگلتەرا لەناوچووە، کەواتە ئیتر ئۆپۆرتۆنیزم نییە. بەڵام ئەمە هەڵەیە. ڕاستە قۆرخکاریی پیشەسازی نەماوە، بەڵام قۆرخکاریی “کۆڵۆنی” و “دارایی” زۆر بەهێزتر بووە. ئێستا تەنها ئینگلتەرا نییە، بەڵکو چەند وڵاتێکی وەک ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش هەن کە قازانجێکی خەیاڵی (مافوق سود) بەدەست دەهێنن و بەشێکی کەم لەو قازانجە بەکاردەهێنن بۆ کڕینی سەرکردە کرێکارییەکان و توێژە سەرەوەکانی کرێکاران.
ئێستا لە هەموو وڵاتە ئیمپریالیستەکاندا “پارتی کرێکاری بۆرژوازی” دروست بووە. بۆرژوازی لە ڕێگەی پێدانی پۆستی حکومی، کورسی پەرلەمان و نان و کەرە یاری بە هەستی سەرکردە کرێکارییەکان دەکات. ئەم سیستەمە من پێی دەڵێم “لوید جۆرجیزم” (بەناوی وەزیرێکی ئینگلیزییەوە). لوید جۆرج سیاسەتمدارێکی فێڵباز بوو، قسەی خۆشی بۆ کرێکاران دەکرد و هەندێک چاکسازی بچووکی وەک “بیمە”ی بۆ دەکردن، تەنها بۆ ئەوەی لە خشتەیان بەرێت و بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی بپارێزێت.
هیچ جیاوازییەک لە نێوان لوید جۆرج و سەرکردە سۆشیال-شۆڤێنیستەکانی وەک شێدمان، پلێخانۆف و هێندێرسۆن نییە. ئەوانە لەوانەیە بە ناوی مارکسەوە سوێند بخۆن، بەڵام لە ڕاستیدا خزمەتکاری بۆرژوازین. مەترسیی کاوتسکی لەوەدایە کە دەیەوێت کرێکاران لەگەڵ ئەم خاینانە ئاشت بکاتەوە.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بچینە ناو قووڵایی تودەکان، نەک تەنها لەگەڵ ئەو کەمینە ئیمتیازدارەی کە ناو پارتەکان و یەکێتییە پیشەییەکانیان گرتووە. دەبێت بۆ کرێکاران ڕوون بکەینەوە کە ئۆپۆرتۆنیستەکان خیانەتکارن و تەنها بەرگری لە بەرژەوەندی کەمینەیەکی کڕدراو دەکەن. تەنها ڕێگەی مارکسیستی ئەوەیە کە بە بێوچان دژی ئۆپۆرتۆنیزم بجەنگین و کرێکاران بۆ شۆڕش پەروەردە بکەین.
لە وتاری داهاتوودا، هەوڵ دەدەین جیاوازییەکانی ئەم ڕێبازە لەگەڵ کاوتسکیزم کورت بکەینەوە.
تێبینییەکان (پەراوێزەکان):
)لێرەدا لنین ئاماژە بە چەند سەرچاوەیەک و گۆڤارێکی وەک “کۆمۆنیست” و “سۆشیال دیموکرات” و چەند گروپێکی منشەویکی وەک “چخیدزە” دەکات کە لەو سەردەمەدا چالاک بوون و لنین بە هەلپەرست و نەیاری شۆڕش ناویان دەبات(.
لە ئینگلیزییەوە لەلایەن توانا محەمەد نوری کراوەتە کوردی
سەرچاوە:
https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1916/oct/x01.htm