جەنگ لە ناوخۆی سیستەمی سەرمایەداریدا؛ ئەمریکا، چین و قەیرانی هەژموونی سەدەی بیست و یەکەم… نووسینی: ناسر بەرین

0

پێشەکی

جیهانی ئەمڕۆ چووەتە نێو قۆناغێکەوە کە چیتر ناتوانرێت تەنیا بە چەمکە کلاسیکەکانی کێبڕکێی نێوان دەوڵەتان ڕاڤە بکرێت. ئەوەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و چیندا دەگوزەرێت، تەنیا ململانێی دوو هێزی سیاسی یان ئابووری نییە، بەڵکو گوزارشتە لە قەیرانێکی قووڵتر لە پەیوەندییەکان و پێکهاتەی سەرمایەداریی جیهانیدا؛ قەیرانێک کە لە دڵی چەند دەیە جیهانگیری، دارایی‌بوونی ئابووری، گواستنەوەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و گۆڕانی ناوەندی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە دروست بووە.

بەشێکی زۆری شیکارییە باوەکان هێشتا کێبڕکێی ئەمریکا و چین یان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان “دیموکراسی و دیکتاتۆری” کەم دەکەنەوە، یان تەنیا وەک جەنگێکی بازرگانی و تەکنەلۆژی دەیبینن. بەڵام ئەم گێڕانەوانە زۆربەی کات هێزی بزوێنەری سەرەکیی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە پشتگوێ دەخەن: واتە جووڵەی سەرمایەی جیهانی و دژایەتییە ناوخۆییەکانی نەزم و سیستەمی نیۆلیبرالیزم.

هەڵکشانی چین ناتوانرێت بەبێ تێگەیشتن لە قەیرانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا لە دەیەی ١٩٧٠ تێبگەین. سەرمایەی جیهانی بۆ ئەوەی قازانجەکانی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، بەرهەمهێنانی پیشەسازی گواستەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە هێزی کار تێیاندا هەرزان بوو، دەوڵەتی گەشەپێدەر تێیاندا جێگیر بوو و توانای کەڵەکەبوونی خێرای سەرمایەیان هەبوو. دوای چەندین گۆڕانکاری لە ڕێکخستنی پیشەسازی، دارایی و تەکنەلۆژی لە وڵاتانی وەک چیلی، بەرازیل، ئەفریقای باشوور و کۆریا، وڵاتی چین بوو بە گەورەترین و سەرکەوتووترین بەرهەمی ئەم گواستنەوە مێژووییە.

بەڵام هەر ئەم پرۆسەیە، دژایەتییەکی بنەڕەتی لە ناوخۆی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدا دروست کرد: سیستەمێک کە بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی، ناوەندێکی پیشەسازیی دروست کرد کە بوو بە ڕکابەری داهاتووی خۆی. ئەمڕۆ کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین بووەتە گرنگترین قەیرانی جیۆپۆلیتیکی و ئابووری سەدەی بیست و یەکەم. لە جەنگی گومرگی و قەیرانی “نیمچەگەیەنەرەکان” (چیپەکان) بگرە تا کێشەی تایوان، ژیریی دەستکرد، وزە و زنجیرەکانی دابینکردن، هەموویان نیشانەی جیهانێکن کە چووەتە نێو قۆناغێکی نوێ لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێز.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دەقە هەوڵ نادات چین وەک جێگرەوەیەکی سۆسیالیستی یان هێزێکی دژە سەرمایەداری وێنا بکات. چین بەشێکە لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرهەمێکی تایبەتی گۆڕانی ئەم سیستەمەیە لە سەردەمی قەیرانی نیۆلیبرالیزمدا؛ مۆدێلێک کە تێیدا سەرمایەداری، پلاندانانی دەوڵەتی، کەڵەکەبوونی پیشەسازی و کێبڕکێی جیهانی بە شێوەیەکی ئاڵۆز پێکەوە گرێ دراون.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا هێشتا بەهێزترین یاریزانی سیستەمی جیهانییە، بەڵام چیتر وەک سەردەمی دوای جەنگی سارد توانای سەپاندنی هەژموونی ڕەهای بەسەر ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا نەماوە. جیهانی ئەمڕۆ نە گەواهیدەری ڕووخانی نزیکی ئەمریکایە و نە چووەتە نێو سەردەمی دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی چین. ئەوەی خەریکە شێوە دەگرێت، قۆناغێکی درێژخایەن لە کێبڕکێ، قەیران و دووبارە ڕێکخستنەوە لە ناوخۆی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدایە.

 

بەشی یەکەم: قەیرانی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گواستنەوەی ناوەندی بەرهەمهێنانی جیهانی بۆ چین

 

بۆ تێگەیشتن لە کێبڕکێی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و چین، تەنیا ڕوانگەی جیۆپۆلیتیکی بەس نییە. ئەگەر ئەم کێبڕکێیە تەنیا بۆ ململانێی نێوان دوو دەوڵەت یان دوو گەل کەم بکرێتەوە، گرنگترین هێزی بزوێنەری پشتگوێ دەخرێت: واتە جووڵەی مێژوویی سەرمایەداریی جیهانی. ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان واشنتۆن و پەکیندا هەیە، پێش ئەوەی بەرهەمی ئیرادەی دوو دەوڵەت بێت، ئەنجامی چەند دەیە گۆڕانکارییە لە پەیوەندییەکان و پێکهاتەی کەڵەکەبوونی سەرمایەی جیهانیدا.

چین لەناکاو لە مێژوو سەر هەڵنەداوە و بە شەو و ڕۆژێک نەبووەتە ڕکابەری ئەمریکا. هەڵکشانی چین بەشێک بوو لەو پرۆسەیەی کە سەرمایەداریی جیهانی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی خۆی دروستی کرد. بە واتایەکی دیکە، سەرمایەی جیهانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێزی خۆی، زەمینەی بۆ دەرکەوتنی گەورەترین ڕکابەری جیۆپۆلیتیکی ڕۆژئاوا خۆش کرد.

بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ قەیرانی دەیەی ١٩٧٠؛ قەیرانێک کە زۆرێک لە بیرمەندە مارکسیستەکان بە خاڵی وەرچەرخانی سەرمایەداریی نوێی دەزانن. دوای کۆتایی هاتنی سەردەمی زێڕینی سەرمایەداریی دوای جەنگی جیهانی دووەم، ڕێژەی قازانج لە ئابوورییە پیشەسازییەکانی ڕۆژئاوادا ڕووی لە کەمبوونەوە کرد. شێوازی بەرهەمهێنانی “فۆردیستی” کە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی زۆر، مووچەی بەرز، دەوڵەتی خۆشبژێوی و بەکاربردنی گشتی بوو، وردە وردە تووشی قەیران بوو. پیشەسازییەکانی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، توندبوونەوەی خەباتی چینایەتی، هێزی سەندیکا کرێکارییەکان و دابەزینی ڕێژەی قازانج بوونەوە. سەرمایە بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە دەبوو ڕێگەیەکی نوێ بۆ کەڵەکەبوون بدۆزێتەوە.

لێرەدا بوو کە ئەوەی “دەیڤید هارڤی” ناوی دەنێت “Spatial Fix” یان (ڕێکخستنەوەی فەزایی) سەرمایە، دەستی پێکرد. سەرمایەداریی جیهانی بۆ گەڕاندنەوەی قازانجەکانی، بەرهەمهێنانی پیشەسازی گواستەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە:

  • هێزی کاری هەرزانتریان هەبوو.
  • دەوڵەتی گەشەپێدەریان تێدا بوو.
  • سەرکوتکردنی سەندیکا کرێکارییەکان تێیاندا توندتر بوو.
  • و ئەگەری کەڵەکەبوونی خێرای پیشەسازی تێیاندا فەراهەم بوو.

 

سەرەتا ئەمریکای لاتین، پاشان ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە کۆتاییدا چین بوونە ناوەندی ئەم گواستنەوەیە. ئەم گواستنەوەیە تەنیا گواستنەوەی کارگەکان نەبوو، بەڵکو سەرمایەی جیهانی خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی تەواوی جوگرافیای بەرهەمهێنان بوو.

لەو کاتەی ڕۆژئاوا بەرەو دارایی‌بوون، کەرتی تایبەت و ئابووریی خزمەتگوزاری هەنگاوی دەنا، بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی جیهان بۆ ئاسیا گوازرایەوە. ئەمریکا وردە وردە لە “کارگەی جیهان”ەوە بوو بە ناوەندی دارایی جیهان و چین ڕێگەیەکی پێچەوانەی گرتەبەر: لە ئابوورییەکی پەراوێزخراوەوە بوو بە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی پیشەسازی جیهان.

بەڵام ئەم پرۆسەیە دژایەتییەکی مێژوویی لە هەناودا بوو. سەرمایەداریی ڕۆژئاوا بۆ ڕزگارکردنی ڕێژەی قازانجی خۆی، ژێرخانی پیشەسازیی ڕکابەری داهاتووی خۆی دروست کرد. کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، تەکنەلۆژیا، سەرمایە، تۆڕەکانی لۆجستی و زانیاری پیشەسازییان گواستەوە بۆ چین. چینیش تەنیا ڕۆڵی کارگەیەکی مۆنتاژکردنی سادەی قبوڵ نەکرد. دەوڵەتی چین ئەم گواستنەوەیەی کردە پڕۆژەیەک بۆ گەشەپێدانی نیشتمانی. بە پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی پەراوێزخراو، چین ڕێگەی نەدا سەرمایەی جیهانی بە تەواوی سەربەخۆ لە دەوڵەت کار بکات. پارتی کۆمۆنیستی چین سوودی لە جیهانگیریی سەرمایە وەرگرت، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی ستراتیژی خۆی بەسەر سیستەمی بانک، زەوی، ژێرخان و پلاندانانی پیشەسازیدا پاراست.

هەر ئەم بابەتە چینی لە زۆرێک لە وڵاتانی باشووری جیهان جیا کردەوە. وڵاتی زۆر هەبوون کە هێزی کاری هەرزانیان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی زنجیرەیەکی تەواوی پیشەسازی، توانای ئەندازیاری، ژێرخانی نیشتمانی و توانای تەکنەلۆژی دروست بکەن. چین توانی سەرمایەی بیانی ڕابکێشێت، بەڵام لە هەمان کاتدا گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، پەرەپێدانی پیشەسازی و دروستکردنی سەرمایەی ناوخۆیی بەرەو پێش ببرد. لە ڕاستیدا، چین تەنیا نەبوو بە شوێنی چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزان؛ بەڵکو بوو بە ناوەندی کەڵەکەبوونی پیشەسازی و سەرمایە.

لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان چین و مۆدێلە کلاسیکەکەی پاشکۆیی (وەک وڵاتانی تر) دروست بوو. زۆرێک لە وڵاتانی پەراوێز لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدا تەنیا وەک هەناردەکاری کەرەستەی خاو یان هێزی کاری هەرزان مانەوە، بەڵام چین وردە وردە لە هەموو ئاستەکانی زنجیرەی بەهای جیهانیدا سەرکەوت:

  • لە مۆنتاژی سادەوە، بەرەو بەرهەمهێنانی ئاڵۆز.
  • لە کۆپیکردنی تەکنەلۆژیاوە، بەرەو پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا.
  • و لە پاشکۆیی پیشەسازییەوە، بەرەو کێبڕکێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا.

 

لێرەوە نیگەرانییە سەرەکییەکەی ئەمریکا دەست پێدەکات. کێشەی سەرەکی ئەمریکا تەنیا گەشەی ئابووری چین نییە؛ کێشەکە ئەوەیە کە چین ئێستا چووەتە نێو ئەو بوارانەی کە لە مێژووی هەژموونی ڕۆژئاوادا، کۆڵەکە سەرەکییەکانی هێزی ئابووری و تەکنەلۆژی بوون:

  • نیمچەگەیەنەرەکان (چیپەکان)
  • ژیریی دەستکرد
  • ڕۆبۆتیک
  • وزە پێشکەوتووەکان
  • ژێرخانی دیجیتاڵ
  • و تەکنەلۆژیا سەربازییەکان.

 

تا ئەو کاتەی چین تەنیا کارگەیەکی هەرزانی جیهان بوو، جیهانگیری بۆ ڕۆژئاوا بە قازانج دەبینرا. قەیرانەکە کاتێک دەستی پێکرد کە چین لە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری پەراوێزەوە بوو بە ڕکابەرێکی تەکنەلۆژی و جیۆپۆلیتیکی. لەم خاڵەدا، دژایەتیی جیهانگیریی نیۆلیبرال دەرکەوت. هەمان ئەو پرۆسەیەی کە بڕیار بوو هەژموونی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا جێگیر بکات، وردە وردە ناوەندی قورسایی بەرهەمهێنانی جیهانی لە “ئەتڵەسی”یەوە گواستەوە بۆ ئاسیا.

“جیۆڤانی ئاریگی” ئەم وەرچەرخانە لە چوارچێوەی خولە درێژخایەنەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا ڕوون دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەژموونی سەرمایەداریی جیهانی لە درێژایی مێژوودا لە نێوان ناوەندە جیاوازەکاندا جێگۆڕکێی کردووە:

  • لە شار-دەوڵەتەکانی ئیتاڵیاوە، بەرەو هۆڵەندا.
  • پاشان بۆ بەریتانیا.
  • و دواتر بۆ ئەمریکا.

 

لە هەر خولێکدا، قۆناغی کۆتایی هەژموون لەگەڵ “دارایی‌بوون”ی تونددا بووە. کاتێک قازانجی بەرهەمهێنانی پیشەسازی کەم دەبێتەوە، سەرمایە بەرەو لایەنی دارایی، بازرگانی دراو و باڵادەستیی پارە دەڕوات. ئەم ڕەوتە لە کورتخایەندا هێزێکی گەورە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نیشانەیەکە بۆ ڕزینی بنکە پیشەسازییەکەی وڵاتی خاوەن هەژموون.

ئەمریکا ڕێک لە قۆناغێکی ئاوادایە. لە دەیەی ١٩٨٠ بەدواوە، کەرتی دارایی لە ئابووری ئەمریکادا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد. قازانجی “واڵ ستریت” زیادی کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی ئەمریکا بچووک بووەوە یان بۆ دەرەوە گوازرایەوە. سەرمایەی ئەمریکی زیاتر لە ڕێگەی دارایی، قەرز، بازاڕی سەرمایە و باڵادەستیی دۆلارەوە قازانجی دەردەهێنا. لە بەرانبەردا، چین جەختی لەسەر کەڵەکەبوونی پیشەسازی، ژێرخان و بەرهەمهێنان کردەوە. ئەمە ڕێک ئەو جێگۆڕکێ مێژووییەیە کە ئەمڕۆ لە قالبێ کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چیندا دەرکەوتووە.

بەڵام لە ڕوانگەی مارکسییەوە، نابێت ئەم کێبڕکێیە وەک جەنگی نێوان “سۆسیالیزم” و “سەرمایەداری” تێبگەین. چین، سەرەڕای پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکەی، بەشێکە لە ئابووری جیهانیی سەرمایەداری. کاری کرێگرتە، کەڵەکەبوونی سەرمایە، کێبڕکێی جیهانی، بەرهەمهێنانی کاڵایی و نایەکسانی چینایەتی لە چیندا باڵادەستن و کەرتی تایبەتێکی زەبەلاح لە ئابووری ئەم وڵاتەدا چالاکە. ئەوەی چین جیا دەکاتەوە، نە چوونە دەرەوەی تەواوە لە سەرمایەداری، بەڵکو شێوازێکی تایبەتە لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت، سەرمایە و پلاندانانی پیشەسازی. دەوڵەتی چین بە پێچەوانەی دەوڵەتە نیۆلیبرالە ڕۆژئاواییەکان، هێشتا توانای دەستێوەردانی چالاکی لە ڕێڕەوی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا پاراستووە. ئەمەش ڕێگەی بە چین دا لەو بوارانەدا وەبەرهێنان بکات کە سەرمایەی تایبەت بە تەنیا نەدەچووە ناویان:

  • ژێرخان و گواستنەوە
  • وزە و پیشەسازییە بنەڕەتییەکان
  • و تەکنەلۆژیا درێژخایەنەکان.

 

لە ئەنجامدا، چین ناتوانرێت وەک جێگرەوەیەکی سۆسیالیستی بۆ نەزمی ئێستا ببینرێت، بەڵام ناشتوانرێت تەنیا وەک کۆپییەکی سادەی نیۆلیبرالیزمی ڕۆژئاوایی سەیر بکرێت. چین بەرهەمێکی تایبەتی گۆڕانی سەرمایەداریی جیهانییە لە سەردەمی قەیرانی نیۆلیبرالیزمدا؛ شێوازێکی بەرهەمهێنان کە تێیدا سەرمایەداری، دەوڵەتی ناوەندی و پلاندانانی پیشەسازی لە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزدا پێکەوە بەستراونەتەوە.

ڕێک هەر ئەم ئاڵۆزییەیە کە شیکردنەوەی چین قورس دەکات. زۆرێک لە شیکارە ڕۆژئاواییەکان هێشتا هەوڵ دەدەن چین یان تەنیا وەک ئابوورییەکی سەرمایەداری دیکتاتۆری بناسێنن، یان لایەنگرانی ئایدۆلۆژی وەک جۆرێک لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیستەم تێی دەگەن. بەڵام ئابووری چین لە ڕاستیدا پێکهاتەیەکی نیمچە سۆسیالیستی دەوڵەتییە کە لە تێکەڵبوونی چەندین ڕەوتی مێژوویی جیاواز دروست بووە: کەڵەکەبوونی سەرمایەی جیهانی، جیهانگیریی نیۆلیبرال، دەستێوەردانی فراوانی دەوڵەت و ڕاکێشانی کۆنترۆڵکراوی سەرمایەی بیانی.

دەوڵەتی چین هەرگیز بە تەواوی کۆنترۆڵی گەشەپێدانی ڕادەستی بازاڕ نەکرد. سیستەمی بانکی، زەوی، ژێرخانە سەرەکییەکان و کەرتە ستراتیژییەکانی ئابووری هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتدان. ئەمەش ڕێگەی بە چین دا وەبەرهێنان گەلێک بکات کە بۆ سەرمایەی تایبەت یان زۆر گران بوون، یان قازانجی کورتخایەنیان نەبوو:

  • تۆڕی زەبەلاحی هێڵی ئاسن
  • بەندەرەکان و لۆجستی
  • وزە و پیشەسازییە قورسەکان
  • ژێرخانی دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان.

 

ئەم مۆدێلە بێگومان دژایەتیی تایبەت بە خۆشی دروست کردووە. گەشەی گەورەی سەرمایەداری لە چین لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی زیادبوونی نایەکسانی، دروستبوونی چینێکی سەرمایەداری بەهێز، یاریی دارایی و قەیران لە کەرتی خانوبەرەدا. لە ئەنجامدا، چین ئەو کۆمەڵگەیەیە کە مارکس ناوی نا “کۆمۆنیزمی بۆرژوازی” و نەک ئابوورییەکی ئازاد کە دەوڵەت تێیدا پەراوێزخرابێت. بەڵکو ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێک لە “سەرمایەداریی دەوڵەتیی پلاندار” بووینەتەوە کە تێیدا دەوڵەت هێشتا توانای ئاڕاستەکردنی ستراتیژیی کەڵەکەبوونی سەرمایەی هەیە.

هەر ئەم تایبەتمەندییەیە کە چینی کردووەتە کێشەیەکی مێژوویی بۆ ڕۆژئاوا. بۆ یەکەمجار دوای دروستبوونی هەژموونی مۆدێرنی ڕۆژئاوا، هێزێکی نائەوروپی دەرکەوتووە کە نەک تەنیا توانای پیشەسازی گەورەی هەیە، بەڵکو دەتوانێت لە ئاستی شارستانیەتدا پلانی درێژخایەن دابنێت و ڕێڕەوی گەشەپێدانی خۆی تەنیا ڕادەستی لۆژیکی بازاڕی جیهانی نەکات. نیگەرانی سەرەکی ئەمریکاش ڕێک لێرەوە دەست پێدەکات. مەسەلەکە تەنیا گەشەی ئابووری چین نییە، بەڵکو ئەوەیە کە چین ئێستا گەیشتووەتە شوێنێک کە دەتوانێت بەشێک لە پاوانکاری (ئینحیسار)ی مێژوویی ڕۆژئاوا بەسەر تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو و ڕێکخستنی ئابووری جیهانیدا بخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر ئەم ئاڵۆزییەیە کە کێبڕکێی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و چین دەکاتە گرنگترین قەیرانی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی لە سەدەی بیست و یەکەمدا.

 

بەشی دووەم: کێبڕکێی ئەمریکا و چین وەک قەیرانی هەژموونی سەرمایەداری جیهانی

 

کێبڕکێی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و چین ناتوانرێت تەنیا وەک ململانێیەکی نێوان دوو دەوڵەت سەیر بکرێت. ئەم کێبڕکێیە گوزارشتە لە قەیرانێکی قووڵتر لە پەیوەندییە سەرمایەدارییە جیهانییەکاندا؛ قەیرانێک کە تێیدا ئەو نەزمە مێژووییەی کە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا دروست بوو، وردە وردە تووشی داخوران بووە، بەڵام هێشتا هیچ نەزمێکی نوێ نەیتوانیوە جێگەی بگرێتەوە.

دوای ساڵی ١٩٤٥، ئەمریکا توانی جۆرە هەژموونێکی جیهانی دروست بکات کە تەنیا پشتئەستوور نەبوو بە هێزی سەربازی. هەژموونی ئەمریکا لەسەر تێکەڵەیەک لەمانە وەستا بوو:

  • بەرهەمهێنانی پیشەسازی
  • باڵادەستیی تەکنەلۆژی
  • هێزی دارایی
  • سەردەستیی دۆلار
  • دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
  • و توانای ڕێکخستنی سەرمایەداریی جیهانی.

 

ئەم نەزمە تەنیا ئیمپراتۆریەتێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو جۆرە تەلارسازییەکی جیهانی بوو بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایە کە تێیدا ئەمریکا هەم ناوەندی پیشەسازی جیهان بوو، هەم ناوەندی دارایی، هەم هێزی سەربازی زاڵ و هەم یاریزانی سەرەکیی دیاریکردنی یاساکانی بازرگانی و پارەی نێودەوڵەتی. بەڵام هەر ئەم نەزمە، وردە وردە دژایەتییە ناوخۆییەکانی خۆی هەڵگرت. جیهانگیریی نیۆلیبرال لە کورتخایەندا قازانجی سەرمایەی زیاد کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێک لە بنەما مادییەکانی هەژموونی ئەمریکای ڕزاند. گواستنەوەی پیشەسازی بۆ ئاسیا، زیادبوونی زۆری قەرزەکان، دارایی‌بوونی ئابووری و وابەستەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە باڵادەستی دۆلار، پێکهاتە و پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکای گۆڕی. لەم نێوەندەدا، چین لە پێگەی “کارگەی هەرزانی سەرمایەداری جیهانی” تێپەڕی و بوو بە یاریزانێک کە ئێستا خەریکی دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێزی جیهانییە.

لێرەدا کێبڕکێی ئابووری دەبێتە قەیرانی هەژموون. لە ڕوانگەی مارکسییەوە، هەژموون تەنیا بە واتای هێزی سەربازی نییە. هەژموون واتە توانای هێزێک بۆ ڕێکخستنی تەواوی نەزمی جیهانی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزەدا گرێ بدرێت. ئەمریکا بۆ چەند دەیە لە پێگەیەکی ئاوادا بوو. زۆرێک لە وڵاتان، تەنانەت کاتێک لەژێر دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکادا بوون، گەشەی خۆیان لە ناوخۆی ئەم نەزمەدا دەبینی. بەڵام ئەمڕۆ ئەم یەکگرتووییە مێژووییە خەریکە تێک دەچێت.

زیادبوونی جەنگە بازرگانییەکان، سزاکان، گەڕانەوەی سیاسەتی پیشەسازی، قەیرانی زنجیرەکانی دابینکردن، کێبڕکێ لەسەر تەکنەلۆژیا و تەنانەت درز لە ناوخۆی بلۆکی ڕۆژئاوادا، هەموویان نیشانەی قۆناغێکن کە تێیدا سەرمایەداریی جیهانی چیتر ئەو یەکگرتووییەی سەردەمی دوای جەنگی ساردی نەماوە.

لەم نێوەندەدا، جەنگی تەکنەلۆژی نێوان ئەمریکا و چین گرنگییەکی تایبەتی هەیە. کێبڕکێ لەسەر نیمچەگەیەنەرەکان، ژیریی دەستکرد، ڕۆبۆتیک، وزە نوێیەکان و ژێرخانی دیجیتاڵ تەنیا کێبڕکێ نییە لەسەر بازاڕ. ئەم بوارانە ئێستا بوونەتە کۆڵەکەکانی هێزی جیۆپۆلیتیکی. ئەو وڵاتەی بتوانێت بەسەر ئەم تەکنەلۆژیایانەدا زاڵ بێت، نەک تەنیا قازانجی ئابووری، بەڵکو هێزی سیاسی، سەربازی و زانیارییەکی زەبەلاحی دەست دەکەوێت. هەر بۆیە ئەمریکا هەوڵ دەدات گەشەی تەکنەلۆژیی چین سنووردار بکات:

  • قەدەغەکردنی هەناردەی چیپەکان.
  • فشار خستنە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان.
  • کۆنترۆڵکردنی زنجیرەی دابینکردن.
  • و سنووردارکردنی دەستگەیشتنی چین بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.

 

بەڵام دژایەتییە سەرەکییەکە هێشتا ماوە: ئابووری ئەمریکا و چین بە قووڵی وابەستەی یەکترن. بە پێچەوانەی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت، لێرەدا دوو ئابووریی تەواو جیاواز لە یەکتر بوونیان نییە. سەرمایەی ئەمریکی هێشتا لە چیندا هەیە، کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان وابەستەی بازاڕ و بەرهەمهێنانی چینن و خودی چینیش هێشتا پێویستی بە بازاڕی جیهانی و تەکنەلۆژیای بیانی هەیە. هەر ئەم وابەستەییە، کێبڕکێیەکە ئاڵۆزتر دەکات. نە ئەمریکا دەتوانێت بە ئاسانی چین لە ئابووری جیهانی بسڕێتەوە و نە چین دەتوانێت بێ تێچوو لە پێکهاتەی دارایی و بازرگانی جیهانی جیا بێتەوە. لە ئەنجامدا، جیهان چووەتە نێو قۆناغێکەوە کە تێیدا “هاوکاری و ڕووبەڕووبوونەوە” پێکەوە بوونیان هەیە؛ جۆرێک لە پێکەوەژیانی پڕ لە دژایەتی.

بەڵام لەوانەیە گرنگترین بابەت، نە کێبڕکێی دەوڵەتان، بەڵکو دۆخی “چینی کرێکاری جیهانی” بێت. جیهانگیریی نیۆلیبرال لە دەیەکانی ڕابردوودا بووە هۆی دروستبوونی گەورەترین چینی کرێکاری مێژوو لە ئاسیا. سەدان ملیۆن کرێکاری چینی چوونە ناو بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە و هەر ئەمەش یەکێک لە بنەماکانی گەشەی ئابووری چین بوو. بەڵام هەمان ئەو پرۆسەیەی کە بووە هۆی گەشەی پیشەسازیی چین، لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە هۆی لاوازبوونی چینی کرێکاری پیشەسازی، بڵاوبوونەوەی کاری کاتی، کەمبوونەوەی ئاسایشی پیشەیی و زیادبوونی نایەکسانی. بە واتایەکی دیکە، سەرمایەی جیهانی بۆ گەڕاندنەوەی قازانجەکانی، جوگرافیای چینی کرێکاریشی دووبارە داڕشتەوە. ئەو کارگانەی کە ڕۆژێک لە دیترۆیت، مانچستەر یان باکووری فەرەنسا و ئەڵمانیا چالاک بوون، گوازرانەوە بۆ شێنزێن، گوانگژۆ و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. سەرمایە لە سنوورە نیشتمانییەکان تێپەڕی، بەڵام چینی کرێکاری جیهانی هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی “دەوڵەت-نەتەوەکان”دا مایەوە. هەر ئەم درزە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازیی بەرگریی کرێکاران بوو لە بەرانبەر جیهانگیریدا.

لە هەمان کاتدا، خودی چینیش چووەتە نێو دژایەتیگەلی نوێوە. گەشەی زەبەلاحی سەرمایەداریی چینی، نایەکسانی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، چڕبوونەوەی سامان و دروستبوونی چینە سەرمایەدارە بەهێزەکانیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئەگەرچی دەوڵەتی چین هێشتا کۆنترۆڵێکی سیاسی توند پەیڕەو دەکات، بەڵام ئابووری ئەم وڵاتە چیتر ئابوورییەکی یەکسانیخوازی دەیەکانی سەرەتای شۆڕش نییە. چینی ئەمڕۆ تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە:

  • سەرمایەداریی دەوڵەتی.
  • کەڵەکەبوونی تایبەت.
  • پلاندانانی ناوەندی.
  • و کێبڕکێی توندی بازاڕ.

 

هەر بۆیە، وێناکردنی چین وەک “جێگرەوەیەکی سۆسیالیستی” ڕاستی ئاڵۆزی ئەم وڵاتە دەشارێتەوە. چین نە مۆدێلێکی دووبارەبووەوەی نیۆلیبرالیزمی ڕۆژئاوایە و نە درێژکراوەی سادەی سۆسیالیزمی سەدەی بیستەمە. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە چیندا مێژوویی و تایبەتن کە لە دڵی تێکەڵبوونی کۆنترۆڵی دەوڵەتی، کەڵەکەبوونی سەرمایە و جیهانگیرییەوە هاتوونەتە دەرەوە.

لێرەدا، کێشەی تایوان مانایەکی قووڵتر پەیدا دەکات. تایوان تەنیا قەیرانێکی نیشتمانی یان خاکی نییە، بەڵکو گرێچنی چەندین ڕەوتی مێژووییە:

  • کێبڕکێی هەژموونخوازانە.
  • کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
  • ئاسایشی زنجیرەی جیهانیی نیمچەگەیەنەرەکان (چیپەکان).
  • وە هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

 

ئەگەر قەیرانی تایوان ببێتە پێکدادانی ڕاستەوخۆ، تەنیا جەنگێکی ناوچەیی نابێت؛ بەڵکو دەبێتە قەیران بۆ تەواوی پێکهاتەی کەڵەکەبوونی جیهانی. بەشێکی گەورەی ئابووری جیهانی وابەستەی تۆڕی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و هەر پچڕانێکی گەورە لەم ناوچەیەدا دەتوانێت تەواوی سەرمایەداریی جیهانی تووشی شۆکێکی وێرانکەر بکات.

بەڵام لەوانەیە گرنگترین تایبەتمەندی سەردەمی ئێستا ئەوە بێت کە جیهان چووەتە قۆناغی “گواستنەوە بێ جێگرەوەیەکی ڕوون”. هەژموونی ئەمریکا تووشی داخوران بووە، بەڵام هێشتا نەڕووخاوە. چین هەڵکشاوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە نەزمێکی جیهانیی نوێ دروست بکات. سەرمایەداریی جیهانی چووەتە نێو قەیرانی یەک لە دوای یەک، بەڵام هێشتا هیچ هێزێکی مێژوویی وەک سوژەیەکی ڕێکخراو نەیتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێکی جیهانی لە بەرانبەریدا دروست بکات. هەر بۆیە جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک چووەتە نێو قۆناغێکی ناسەقامگیریی پێکهاتەیی:

  • جەنگە ناوچەییەکان
  • قەیرانە داراییەکان
  • کێبڕکێ لەسەر تەکنەلۆژیا
  • گەڕانەوەی سیاسەتی پیشەسازی
  • زیادبوونی دیکتاتۆری و دەسەڵاتخوازی
  • قەیرانی وزە و گەشەی نایەکسانی، هەموویان نیشانەی ئەم قۆناغی گواستنەوەیەن.

لە کۆتاییدا، کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین دەبێت نە وەک تەنیا ململانێی دوو دەوڵەت، بەڵکو وەک قەیرانی دووبارە ڕێکخستنەوەی تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی تێبگەین. ئەوەی ئێستا خەریکە دەگۆڕێت، تەنیا هاوسەنگیی هێز لە نێوان دوو وڵاتدا نییە؛ بەڵکو جوگرافیای کەڵەکەبوونی سەرمایە، پێکهاتەی بەرهەمهێنانی جیهانی، پێگەی چینە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی هەژموونە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. و لەوانەیە گەورەترین پرسیار هێشتا بێ وەڵام مابێتەوە: ئایا جیهان خەریکە دەچێتە نێو قۆناغێکی نوێ لە سەرمایەداری، یان ئەم قەیرانانە نیشانەی داخورانی مێژوویی نەزمێکن کە چیتر توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی جێگیری خۆی نەماوە؟

 

وەرگێرانی بۆ کوردی: توانا محمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.