دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا یان کۆماری فازیلەی هاووڵاتییان! (بەشی دووەم) ​نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

من لە بەشی پێشووی ئەم باسەدا گوتم کە لەلای هاوڕێیانی چەپ ئەو گریمانەیە هەیە (کە خۆیان دایانتاشیوە) گوایە دۆکترینی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەرکی “ڕزگارکەری جیهان و مرۆڤایەتی” لە کرێکار سەندووەتەوە و بە شێوەیەکی قاچاغ، بوونەوەرێکی تری بە ناوی “هاووڵاتی” بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ڕۆڵە داهێناوە و کاندید کردووە! هەر لەبەر ئەمەشە دەڵێن کۆمۆنیزمی کرێکاری دەستی لە مارکس شتووە و مارکسی شێواندووە، و بگرە دەگوترێت کە ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەریی یەکەم لە ئەوروپا، کە ئەوکات بۆرژوازیی تازەپێگەیشتوو خەریک بوو تاکەکەس وەک “هاووڵاتی”، بە ڕواڵەت بە ئازاد ڕادەگەیاند و دەیکردە بنەمای کۆمەڵگەکەی. با کەمێک لەسەر چیرۆکی ئەم بوونەوەرە ئەفسانەییە بوەستین؛ ئەو بوونەوەرەی کە گوایە بەپێی لێکدانەوەی هاوڕێیانی چەپ، لەناو دۆکترینی کۆمۆنیزمی کرێکاری و بەتایبەتی لە بەرنامەی “جیهانێکی باشتر”دا، کرێکاری لە تەختی ڕزگارکەری جیهان و مرۆڤایەتی هێناوەتە خوارەوە، بزانین کێیە؟

​”هاووڵاتی” ئەو پێناسەیەیە کە چینێکی دیاریکراو لە سەرەتای گەشەکردنی خۆیدا بۆ مرۆڤی دەکات. مرۆڤی کۆن کە پێشتر لە سیستەمی دەرەبەگایەتیدا هیچ پێگەیەکی نەبوو، تاکگەراییەکەی هیچ مانایەکی نەبوو و وەک تاکەکەس هیچ دەسەڵاتێکی تایبەتی نەبوو، لە سەردەمی بۆرژوازیدا جێگەی خۆی دەدات بە تاکی مرۆڤ، کە تاکگەراییەکەی دەبێتە بنەمایەکی فۆڕماڵ (ڕواڵەتی) بۆ ئازادییەکەی لەناو جۆرێک لە ژیانی نائازاددا. واتە تاکێک کە لە ڕووی فۆڕماڵ و یاساییەوە ئازادە و مافی مامەڵەکردنی بە جەستە و کاری خۆیەوە هەیە کە بیفرۆشێت یان نا.

​بەڵام هەر ئەم ئازادییە فۆڕماڵ و یاساییە، دەبێتە دیوەکەی تری ئەو جۆرە لە ژیانی نائازادی واقیعی، کە تێیدا “هاووڵاتی” یان “مرۆڤی هاووڵاتی” تووشی دابڕان و نامۆبوونێکی بنەڕەتی دەبێت لە خۆی. کۆمەڵگەیەک کە لە یاسا و لە ڕواڵەتدا هاووڵاتیی ئازاد و مافی هاووڵاتیبوون بە دەنگی بەرز جاڕ دەدات، بەڵام لە ژیانی واقیعیدا هەر ئەو هاووڵاتییە ئازادە لە توانای ماددی و ڕاستەقینە بۆ هێنانەدیی هەمان ئەو مافە فۆڕماڵانە بێبەش دەکات، و دەیکاتە کۆیلەیەکی مۆدێرن، کە بۆ ژیان و مانەوەی دەبێت توانا و هێزی جەستەیی و کاتەکانی ژیانی خۆی بخاتە ڕوو بۆ فرۆشتن؛ دەبێت بچێتە ناو کێبڕکێیەکی تاقەتپڕووکێن لەگەڵ کەسانی تردا بۆ مانەوە، و ناچارە خۆپەرست و بەرژەوەندیخواز بێت و بە چاوی ئامرازێکەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی سەیری کەسانی تر بکات.

​بە کورتی، ئەوە چەمکی ئایدیالی ئازادییە لە کۆمەڵگەی نوێی بۆرژوازیدا کە تازە خەریکە لە سکی جیهانی کۆنەوە لەدایک دەبێت و پێناسەی خۆی بۆ مرۆڤی نوێی بۆرژوازی، بۆ سەر شعووری گشتی و ئەخلاقی و مەعنەویی مرۆڤایەتی گشتگیر دەکات. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا مرۆڤ لە ژیانی واقیعیدا تاکێکی ناچار، خۆپەرست، دابڕاو لە کەسانی تر و لە کێبڕکێدایە لەگەڵ کەسانی تردا؛ لە ژیانی سیاسیشدا و لەناو دەوڵەتی لیبڕاڵدا وەک بوونەوەرێکی وەهمی و ئەخلاقیی ئازاد وێنا دەکرێت. بوونەوەرێک کە تەواوی بوونی، تەواوی مافەکانی، لە مافی ئاسایشەوە تا ئازادییەکەی، لەگەڵ “مافی خاوەندارێتی” و لە ژێر سێبەری پەیوەندییەکەی بە خاوەندارێتییەوە مانا پەیدا دەکات. ئەمە ئەو ناکۆکییەیە کە مارکس لە ڕەخنەکەی سەر “برۆنۆ باوەر” لە کتێبە درەوشاوەکەیدا “لەبارەی پرسی جوولەکەوە” ئاماژەی پێ کردووە.

​شتێک کە ئەو ناوی لێنا “ئازادیی سیاسی” و گوتی ئەمە پێشکەوتنێکی گەورەی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە لە چەمکی ئازادیدا، بەڵام “ئازادییەکی ناتەواوە”. لە بەرامبەر ئەم جۆرە ئازادییە ناتەواو یان فۆڕماڵە و کۆیلایەتییە واقیعییەدا، مارکس دەگاتە پرسی “ڕزگاریی مرۆیی”. ئەو لە شوێنێکی هەمان بەرهەمدا دەڵێت مەسەلەکە ئەوە نییە ئایا ئێمە گەیشتووینەتە ڕزگاریی سیاسی یان نا، ئایا دەوڵەتی سیاسی گەیشتووەتە شێوەی تەواوەتیی گەشەکردنی خۆی یان نا، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم شێوەیە لە ئازادی، لە بنەڕەتدا سەلبی ئازادیی واقیعیی مرۆڤ دەکات (لێی دەسەنێتەوە)، هەر بەم هۆیەشەوە لەسەر دووفاقییەکی نێوان ئازادیی فۆڕماڵ و کۆیلایەتیی واقیعی دامەزراوە. بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەی مارکس (لەبارەی پرسی جوولەکەوە) بۆ ئەوەی باشتر لە تێگەیشتنە داینامیکی، واقیعی، ماتریالیستی و مێژووییەکەی مارکس بۆ ئەم جۆرە کێشە کۆمەڵایەتییانە تێبگەن و بەراوردی بکەن لەگەڵ ئەم کورتکردنەوە (ئیکتیزال)ـە مێکانیکی و زەینییانەی چەپدا.

​ڕەهەندی دووەمی ئەم “کەشفە” گریمانەییەی چەپ سەبارەت بە بوونی هاووڵاتی لە بەرنامە و تیۆری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا لە جێگەی کرێکار، ئەوەیە کە کۆماری یان مەدینەی فازیلەی هاووڵاتییان جێگەی حکومەتی کرێکاری گرتووەتەوە؛ و تەواوی بەڵگەی زانستی و ئایدیۆلۆژیی ئەم گریمانەیەش، تەنیا خودی دەستەواژە و وشەی “کۆماری سۆشیالیستی”ـیە. داهێنانێکی سادە و وەرچەرخانێکی لەناکاو و گریمانە و پێشداوەرییەکی پێشوەختە، تەواوی ئەو بەڵگە قووڵەیە کە هاوڕێی چەپمان وەک کۆتاییهێنان بە بەهانە (اتمام حجت) دژی کۆمۆنیزمی کرێکاریی سەردەمی ئێمە هێناویەتییەوە بۆ سەلماندنی لادانی لە کرێکار و حکومەتی کرێکاری. بۆ دروستکردنی ڕواڵەتێکی بەنواڕەت فەیلەسووفانە لەم تێگەیشتنە زەینی و کورتکراوەیەی هاوڕێی چەپ بۆ پێگەی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و بۆ مارکسیزم وەک تیۆری و دۆکترینی ڕەخنەگرانەی کرێکاری بۆ گۆڕینی جیهان، هێنانی چەند پارچەیەک لە مارکس و چەند پارچەیەک لە شۆڕشی فەرەنسا و چەمکەکانی هاووڵاتی لەو سەردەمەدا، دوا سنووری ئەرکی ئەم پاڵەوانبازییە تەختەییە تیۆرییەی چەپە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوور حیکمەت.

​ئێستا با بپەرژێینە سەر کرێکار و مرۆڤ و هاووڵاتی لە لێکدانەوەی هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا. لە هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، لە تێگەیشتنی حیکمەتیانەی کۆمۆنیزمدا، کرێکار سێکت (تاقمێکی داخراو) نییە، گرووپێکی دەروێشی پەیوەست بە مەزهەب و ئایینێکی تایبەت نییە. ئەو کۆمەڵگەیەش کە دەیەوێت دروستی بکات کۆمەڵگەیەکی ئایدیۆلۆژیی تایبەت بەم سێکتە نییە، بەڵکو کۆمەڵگەی مرۆڤی ئازادە، کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا مرۆڤ ناسنامە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکەی خۆی بە مانایەکی واقیعی وەرگرتووەتەوە. مارکس نەک لە ڕوانگەی پیرۆزکردنی کرێکارەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی ڕەخنەگرتن لەم پێگەیەیە کە مرۆڤ بێبەش دەکات لەوەی مرۆڤێکی تەواو بێت.

​لە تیۆری مارکسیستیی کۆمۆنیزم و هەروەها لە دۆکترینی حیکمەتدا بە پلەی یەکەم، خودی کرێکاربوون و گۆڕینی مرۆڤ بۆ بوونەوەرێک کە ناچارە کرێکار بێت و بۆ مانەوەی ناچار بێت داهێنانە مرۆییەکانی خۆی بفرۆشێت، لەخۆیدا فەزیلەتێک (ڕەوشتێکی بەرز) نییە، بەڵکو پێگەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتییە کە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە. بەم مانایە حکومەتی کرێکاری و شۆڕشی سۆشیالیستیی کرێکاری بڕیار نییە هەمووان بکات بە کرێکار، بەڵکو بڕیارە ئەو بارودۆخە ماددییە لەناو ببات کە دەبێتە هۆی کرێکاربوون، و بارودۆخێک بهێنێتە ئاراوە کە تێیدا مرۆڤ ئیتر ناچار نەبێت ببێتە کرێکاری کاری کرێگرتە. بەم مانایە، نەک پیرۆزکردنی کرێکار، بەڵکو ڕەخنەگرتن لەم شێوە تایبەتەیە کە مرۆڤ دەکاتە تاکێکی ناچار، ئەمە مەسەلەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە چ لە سەردەمی مارکس و چ لە سەردەمی حیکمەتدا.

​ئەم سێکتاریزەکردنەی کرێکار کە لەسەر تێگەیشتنێکی مەزهەبی و ئەخلاقی دامەزراوە، نموونەکانی لە مێژوودا زۆر بوون و هەن. لە کۆمۆنیزمی مائۆئیستیدا ئەم پیرۆزکردنە ئەخلاقی و سێکتاریستییەی کرێکار گەیشتبووە ئەو ئاستەی کە جووتیار و کرێکاریان لە ژێر باری قورسی کاری کرێگرتەدا دەهێنا بۆ ئەوەی ڕای خۆیان لەسەر کارە هونەری و ئەدەبییەکان بدەن. ئەمە واتە پیرۆزکردنی ئەم پێگە دزێوە و ئایدیالیزەکردنی وەک فەزیلەتێکی ئەخلاقی و هتد، واتە پیرۆزکردنی ئەم پێگەیە و ئەو چەوساندنەوەیەی لە پشتییەوەیەتی. ئەم جۆرە سوێندخواردنە ئەخلاقییە بە پیرۆزیی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگە زۆر بوون کە بوونەتە بنەمای زۆرێک لە کۆمۆنیزمەکان، و ئەم نوسخە کرێکارپەرستییە سێکتاریستی یان ئەخلاقییەی چەپەکانیش لەوانەیە تەنیا نوسخەیەکی هەژارتر بێت لێیان.

​کۆمۆنیزم چ لە سەردەمی مارکس و لینین و چ لە دۆکترینی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی کرێکارانە بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی کاری کرێگرتە کە بنەمای ئەم جۆرە ژیانە نائازادەیە و بنەمای نامۆبوون و پەرشوبڵاوییە لە ناسنامەی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا. بنەمای سۆشیالیزم مرۆڤە، و بەم پێیەش سۆشیالیزم بزووتنەوەی سێکتاریزەکردنی ئایدیۆلۆژیی کرێکار و مرۆڤی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بزووتنەوەی گەڕاندنەوەی ئیرادەیە بۆ مرۆڤ.

​ئەم بنەما سادەیە، گریمانەی بنچینەیی بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و دۆکترینی حیکمەتیانەی کۆمۆنیزمە. کۆمۆنیزمێک کە دەیەوێت دەستکاری ئەم جیهانە بکات و ئەم جیهانە بە ئاراستەیەکی دیاریکراو، بە ئاراستەی شۆڕشکردن لە بنەماکانی ئەم کۆمەڵگەیە و بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە بگۆڕێت. حکومەتی کرێکاری، حکومەتی چینی کرێکارە بۆ داسەپاندنی فەرمانی ڕزگاریی مرۆڤ لە چەوساندنەوە و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە، و جێبەجێکردنی ڕادیکاڵانە و فراوانترین ئازادییە تاکەکەسی و مەدەنییەکانی مرۆڤ تا ئەو جێگەیەی لە توانایدایە. ئەو ئازادییانەی ئەگەر دەرفەت پەیدا بکەن جێبەجێ ببن، بە دڵنیاییەوە سەردەمێکی نوێ لە فراوانکردنی خۆشگوزەرانی، بەختەوەری و شارستانیەتێکی بەڕاستی مرۆیی لە ژیانی ئەو مرۆڤایەتییەی کە ئەمڕۆ هەناسە دەدات، بە دیاری دەهێنن. ئەمەیە ناوەڕۆکی ستراتیژی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ناوەڕۆکی شۆڕشی سۆشیالیستیی چینی کرێکار، وە حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا هەر فۆڕم و شێوەیەکی هەبێت (فۆڕمی کۆماری سۆڤیەتی یان کۆماری سۆشیالیستی یان هەر فۆڕمێکی تر)، ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە و ئەم بەرنامە کۆمەڵایەتییەیە.

​بەڵام بۆ ئەم کارە، دەبێت سەرەتا ئەم کۆمۆنیزمە کرێکارییە لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەوێت و بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست و کۆمەڵگە بگرێتە دەست، وە بۆ ئەم سەرکەوتنە دەبێت هێزی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی چین و کرێکار و ئەو مرۆڤایەتییەی هەبێت کە بەرژەوەندی لەم گۆڕانکارییەدا هەیە. دەبێت هێزی سیاسیی سەرەکی بێت لە ململانێ لەسەر پرسەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی سەردەمەکەی خۆی، لە نانەکەیەوە تا کارەکەی، لە کەرامەتی کۆمەڵایەتییەوە تا هەوڵەکانی بۆ ڕزگارییەکی بنەڕەتی، لە کێشە بچووکەکانییەوە تا کێشە گەورەکانی. ئەمە بە واتای بردنی ئەم کۆمۆنیزمە و کرێکارە بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم سەردەمەدا، و ڕێگەی واقیعیی دروستکردنی حزبێکی کۆمەڵایەتی و ڕیزێکی سیاسیی سۆشیالیستی و کرێکارییە کە توانا، ئارەزوو و ئیرادەی هەبێت بۆ سەرکەوتنێکی سیاسیی سۆشیالیستی و بۆ بوون بە جێگرەوەیەک (ئۆپشنێک) بۆ مرۆڤایەتی.

​کۆماری یان مەدینەی فازیلەی هاووڵاتییان، داهێنانی هاوڕێی چەپمانە و لە دوور و نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەکانی هێڵ و دۆکترینی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە نییە؛ نە لە ڕووی لێکدانەوە و نە لە ڕووی میتۆدۆلۆژیی تێگەیشتن لەم چەمکانە لە ڕەوتی حیکمەتیانەی کۆمۆنیزمدا، وە نە لە ڕووی واقیعە سیاسییەکان و ئەدەبیاتی ئەم هێڵەشەوە. لەوانەیە تێگەیشتنی ئەمانە بۆ ئەم هێڵە و بۆ جیهان و بۆ مرۆڤ و کرێکار و خەباتی سیاسی هەر ئەمە بووبێت، یان ئەوەی کە پێداویستییەکی سیاسیی تایبەت لەم کۆنتێکستە سیاسی و مێژووییە دیاریکراوەدا وای خواستبێت کە بۆ هەڵبژاردنێکی سیاسی، ناونیشان و بیانووی سەرنجڕاکێش بدۆزنەوە.

​بەشێکی زۆری توانای ئەم دۆکترینە کۆمۆنیستییە تایبەتە ئاڕاستەی ڕەخنەگرتن لە عەقڵیەتی ئێن-جی-ئۆ-گەری و کۆمەڵگەی مەدەنیچی‌گەری چەپەکان بووە، ئاڕاستەی ئەوە بووە کە کۆمۆنیزم لە گۆشەگیرییە سۆفیانەکەی چەپەکان و لەو تێگەیشتنە بێ‌ڕەبطانە ڕزگار بکات کە ئەم جۆرە کۆمۆنیزمانە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە بە کۆمەڵگەیان فرۆشتووە. ئاڕاستەی ئەوە بووە و گوتویەتی و هەوڵی داوە بیسەلمێنێت کە ئاغا گیان، کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەکی سیاسییە و وەک هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و چینایەتیی تر دەبێت بۆ دەسەڵات بجەنگێت؛ وە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی خۆی، دیدگای خۆی و پرسە کۆمەڵایەتییەکەی دەبێت سیاسی بێت و لەسەر ئاستی گەورەی کۆمەڵگە و لە شەڕی دەسەڵاتدا بەشدار بێت و هەوڵ بدات سەرکەوێت. ئەگەر کۆمۆنیزمێک بیەوێت بە کەڵکی کرێکار و مرۆڤایەتی ئەمڕۆ بێت، دەبێت ئەم جیهانە بچووک و سێکتاریستییەی کۆمۆنیزمی سێکتاریستیی چەپەکان بەجێ بهێڵێت، لەو ماڵە چۆڵەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیان و مرۆڤی واقیعی جیهانی ئەمڕۆوە نییە، بێتە دەرەوە.

​مێژووی ئەم هێڵە، مێژووی هەوڵێکی سامناک بووە بۆ ڕزگارکردنی کرێکار و خەباتی چینایەتی و خودی مارکس لە تێگەیشتنە شێواوەکانی بزووتنەوەکانی تر، کۆمۆنیزمەکان و سۆشیالیزمی چینەکانی تر. ئەم ململانێیە لە هەر قۆناغێکدا هەر هەنگاوێکی بڕی بێت بەڵام کۆتایی نەهاتووە، وە ئەمە لە لایەکی ترەوە بەشێکە لە هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕیزێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری و کۆمۆنیزمێکی کرێکاریی بەڕاستی کۆمەڵایەتی کە ئارەزووی سەرکەوتنێکی کرێکاری و سۆشیالیستیی لەسەردا بێت، ئارەزووی ئەوەی هەبێت کە هەر ئەو میکانیزمە واقیعی و کۆمەڵایەتییانەی سەرکەوتن کە مرۆڤایەتی دابینی کردوون، لە ململانێی چینایەتی و لە ململانێی سیاسیدا بەکار بهێنێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.