بوومەلەرزەی سیاسی لە عێراق: کۆتایی ئێرانی دووەم!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئایندەی چارەنوسی کۆماری ئیسلامی خستووەتە ناو تەمومژەوە. ئەم بابەتە بەهۆی ئەو پێگەیەی کە کۆماری ئیسلامی لە دیاریکردنی هاوکێشەی دەسەڵات و لە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگەی عێراق و جۆری حوکمڕانی تێیدا هەیبووە، قۆناغێکی نوێ لە ململانێی سیاسی جدی لەسەر دووبارە پێناسەکردنەوەی دەسەڵات کردووەتەوە. عێراق لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی و هێزە ئاڵاهەڵگرەکانی ویلایەتی فەقیە، تا ئەوەی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ بە مافی وڵاتداری و حاکمیەتی خۆیەوە و خاوەنی چارەنووسی سیاسی و مقدراتی خۆی بێت تەنها وەک درێژکراوەی سروشتیی ویلایەتی فەقیە بووە. عێراق ئێرانێکی دیکە بووە بە بارودۆخێکی تایبەتترەوە.
پەرچەکردارە ڕاشکاو و بێ پەردەکانی ئەو هێزانەی کە داکۆکیکار و پاڵپشتی وەشانە عێراقییەکەی ویلایەتی فەقیە و سوپای پاسداران بوون لەم جوگرافیایەدا بە ناوی عێراقەوە، بە ڕوونی ئەوەی نیشان دا کە ئەو دەوڵەتە ناوەندەی عێراق هەر پۆشاکێکی هەبووبێت، لە کردەوەدا تەنها درێژەپێدەری سروشتیی ویلایەتی فەقیە و ئێرانی دووەم بووە لە عێراقدا و نەک زیاتر.
بە کەوتنی چارەنووسی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو تەمومژ و، چارەنووسی تەواوی ئەم هاوکێشەیە و چارەنوسی ویلایەتی فەقێی عێراقیش دەچێتە ناو پەردەی تەمومژەوە. هەر ئێستا و تا ئێرەش، هەروەک چۆن پێشبینی دەکرا، ئەم ململانێیە دەستی پێکردووە.
هەرچەندە ئەنجامە کۆتاییەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێیە نەگەیشتوونەتە دواقۆناغی خۆیان، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخێکی نوێ و تایبەت لەدایک دەبێت؛ ڕەوتی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی کە خۆی نیشانەی لەدایکبوونی عێراقێکی نوێیە بە پرس و وەڵامە نوێیەکانەوە، لە ناو جەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ستراتیژیدا کە لە هەموو سەرێکیەوە ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتن و ئاوابوونی توانا و هەیبەتی ئیمپراتۆریەتی ولایەتی فەقێ.
بێگومان ئەگەر ئێرانی ئیسلامی وەک وەشانی یەکەم و ئۆرجیناڵ نەمێنێت و بکەوێت، بێگومان وەشانەکان و درێژکراوەکانی تری لە ناوچەکەدا بە ناچاری بەرەو ڕێڕەوی ئاوابوون و کەوتن و داخورانێکی ناچاری دەڕۆن، هەرچەندە درێژخایەن و پڕ ئازاریش بێت. ئەگەر ئێرانی ئیسلامی یەکەم بکەوێت، ئێرانی عێراقی جۆری دووەمیش دەکەوێت. ئەمە ئەو ئاسۆیەیە کە نیشانە و ئاماژەکانی ئێستا دەبینرێن.
ئەمە حەتمەن دەبێتە هۆی زیاتر هاتنەپێشەوە و هەژموونی بیرۆکە و بزووتنەوە و کاراکتەرە “عێراقچییەکان” و جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی عەرەبیتر و عێراق-تەوەر لە پێناسەکردنی پێکهاتە و ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات لە عێراقدا.
لە لایەکی تریشەوە، بە ناچاری و ڕەنگە ببێتە هۆی گەشەکردن و هاتنەپێشەوەی زیاتری بیرۆکە و بزووتنەوە سیکۆلارتر و هاووڵاتی-تەوەرترەکان لە ئاستی گشتیی کۆمەڵگەدا لە ململانێی چینایەتیی ئێستادا.
ئەو ئارەزوو و هیوا ڕەسەنانەی کە ڕەگیان لە قووڵایی ویژدانی خەڵک و مرۆڤی کرێکار و زەحمەتکێشدایە، ئەوانەی ساڵانێکە لەژێر باری خەفەقان و دیکتاتۆرییە بۆرژوازییەکان و لەژێر باری ناسنامە و ئایدیۆلۆژیا بۆرژوازییەکاندا کپ کراون؛ لەگەڵ هەر کرانەوەیەک لەو ئاراستەیەدا، بەئاگا دێنەوە و هێز وەردەگرن.