واوەتر لە جەنگ سەرنجێک لەبارەی قەیرانی کۆماری ئیسلامی… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

گومانی تێدا نییە کە جوگرافیای سیاسیی سەرمایەداری و تەنانەت لۆژیکی ئابوورییەکانی سەرمایە لە سەدەی بیست ویەکەمدا تووشی گۆڕانکارییەکی گەورە و بوومەلەرزە ئاسا بووە. دەرکەوتنی جەمسەرە نوێیەکانی دەسەڵات لە ئابووریی سەرمایەداریدا و پەرتەوازەیی لە بەرەی ڕۆژئاوا، نەک ڕێکەوت، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دژایەتییە ناوخۆییەکانی سەرمایەداریی جیهانییە لەسەردەمی دوای شەڕی سارددا. ڕاستی ئەوەیە کە ناکامییەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو «ئاژاوە داهێنەرە» بە کردەوە گۆڕا بۆ سیناریۆیەکی ڕەش کە هەناسەیەکی دەستکرد و هەلێکی مێژوویی بە کۆماری ئیسلامی بەخشی بۆ دواخستنی کێشەی مانەوە.

پرسەکە ئەوەیە: ئایا گۆڕانکاری لە بلۆکبەندییە جیهانییەکان و خۆپەنادان لەژێر چەتری ئابوورییەکی تەریب (چین و ڕووسیا، برێکس و شانگهای)، دەتوانێت بۆ ڕژێمێک بە تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، کرانەوەیەکی بەردەوام دروست بکات؟ وەڵامی من نەرێنییە.

یەکەم، ئابووریی هاوتەریبی برێکس و شانگهای خۆی ئاڵتەرناتیڤی (جێگرەوەی) ئابووریی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکوو خۆی ئابوورییەکی تێکەڵکێشە کە بەبێ ئەو، بوونی دەرەکی نابێت. ئابووری و بازاڕی چین دەیان ساڵە لە سایەی لیبڕالیزمی ئابووریی ناو سیاسەتە ئابوورییەکانیانەوە، بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی سەرمایەی ڕۆژئاوایی؛ هیندستانیش بە هەمان شێوەیە. ڕەنگە مەسەلەی ڕکابەریی ئەو بەشەی سەرمایە لەسەر دابەشکردنەوەی بەش لە سەروەت و زێدەبایی و بازاڕەکان، هەندێک لە پڕۆسەکان خێراتر و هەندێکیان هێواشتر بکات؛ لەوە گومانێک نییە، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی و ئەو جۆرە ئیسلامە تیۆکراتیکە، ئەم قڵشتانە تەنیا دەتوانێ مەسەلەی مانەوە بە مانا سیاسییەکەی دوا بخات، نەک زیاتر.

دووەم، لەبەر ئەوەی سەرمایەداری تەنیا چالاکییەکی ئابووری نییە؛ بەڵکوو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و میکانیزمێکی دووبارە بەرهەمهێنانەوە و کەڵەکەبوون و گەشەیە کە پێویستی بە سەرخانێکی سیاسی، یاسایی و فەرهەنگیی هاوسەنگ و گونجاو هەیە کە بتوانێ ئاسایشی خاوەندارێتی بۆ درێژخایەن دابین بکات. کۆماری ئیسلامی بە چەندین هۆکاری وجودی کە فەلسەفەی قەوارەکەی پێک دەهێنن، هیچ یەک لەمانە ناتوانێ دابین بکات. کۆماری ئیسلامی لە جەوهەری خۆیدا، کۆسپێکی پێکهاتەییە لەبەردەم تێکەڵبوونی ئاسایی ئێران لە بازاڕی جیهانیی سەرمایەدا؛ جا چ ئەو بازاڕە لەژێر دەسەڵاتی واشنتۆندا بێت، یان پەکین. سەرەنجام کێشەی سەرەکی، کێشەی مانەوەیە بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەم کێشەی مانەوەیەش لە کەم و کوڕییەکی تەکنیکی لە بواری بازرگانیدا سەرچاوە ناگرێت کە بکرێ بە وەرچەرخان بەرەو ڕۆژهەڵات یان ئەندامبوون لە پەیماننامە تەریبەکان چارەسەر ببێت، یان تەنانەت بە تەسلیمبوونێکی نیوە بە نیوە بە خواستەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا کۆتایی پێ بێت و دەورانی گەشەیەکی درێژخایەن یان کورتخایەن لە ئێرانی ژێر سایەی کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکات. ئەم قەیرانە، ڕەگی لە دژایەتی و ناکۆکییەکی ئاشتیهەڵنەگر لە نێوان ماهییەتی ڕژێم و لۆژیکی جووڵەی سەرمایە لە ئێران و لە سیاسەتە ئابوورییەکانی سەرمایەی جیهانیدا هەیە.

کۆماری ئیسلامی نە دەتوانێت و نە دەیەوێت مل بدات بۆ پێویستییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەیەکی بەردەوام و مۆدێرن. ئەم ڕژێمە بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی قەیران، گرژیی بەردەوام و پاراستنی کەشێکی سەربازخانەیی هەیە. هەناردەکانی شۆڕشی ئیسلامی و دژەغەربگەرایی کە ماناکەی دروستکردنی ناوەندەکانی قەیرانی زیاتر و پەروەردەکردنی تۆڕی فراوانی دەستەوتاقمی وەلائیی سەر بە «ویلایەتی فەقێ»یە – کە هەر سەرزەمینێک بە درێژکراوەی ئیمپراتۆرییەتی خۆیان دەزانن و دەتوانن بە کردەوە ئاسایش لە هەر ناوچەیەکدا تووشی تەنگژە بکەن – ئەو شتە نییە کە بتوانێ ببێتە مۆدێلێکی جێگیر بۆ دابینکردنی ئاسایشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بۆ گەشەیەکی درێژخایەنی سەرمایەدارانە. هیچ سەرمایەدار و تەکنەلۆژیایەک نایەت ئەو کانوونانە بکاتە ڕووگەی خۆی. ئەمە وەهمێکی بەتاڵە. نەک هەر کۆماری ئیسلامی و ئێران، بەڵکوو ئەمە کێشەیەکی جیددیی ئەو شتەیە کە پێی دەڵێن «دنیای ئیسلام».

بەڵام سەرمایە، تەنانەت لە جۆرە ڕۆژهەڵاتییەکەشی بێت، لە کۆتاییدا پێویستی بە سەقامگیری، ئاسایشی یاسایی و ئاسۆیەکی ڕوون و پێشبینیکراو هەیە. ڕژێمێک کە بوون و مانەوەی بە قەیرانەوە گرێ دراوە و خاوەن تیۆکراتییەتی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکی سیاسیی ڕیشەدارە، ناتوانێت دابینکەری گەشەسەندنێکی کاپیتالیستی بێت.

کێشەیەکی بنەڕەتیی تریش کە ئەگەری مانەوەیەکی پایەداری کۆماری ئیسلامی دەکاتە مەحاڵێکی مێژوویی، دژایەتیی نێوان نەوەکانە. مەسەلەکە ئەوەیە کە نەوەیەک هاتووەتە مەیدان کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، وێنایەکی دیکەی بۆ ژیان و چارەنووسی خۆی هەیە. کەلێنێکی فەرهەنگی لە ناو کۆمەڵگەدا دروست بووە کە لەگەڵ مەرجەکانی بوونی کۆماری ئیسلامی لە دژایەتییەکی جیددی و بێچارەسەردایە. ئەمە تەنیا جیاوازیی سەلیقە نییە؛ ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو جیهانی جیاوازە کە تێیدا مانەوەی یەکێکیان بەندە بە نەفیکردنی ئەوی تریان.

کەواتە پارادۆکسە پڕ لە ژانەکە لێرەدایە: هەم پێویستییە حاشاهەڵنەگرەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی ئێران و ئەو ڕەوتە بنەڕەتییانەی لە ناویدا دروست بوون، هەم ئەو پێویستییە گشتییانەی پەیوەستن بە دووبارە ڕێکخستنەوەی سەرمایەداری (کاپیتالیزم) لە ئێران و ناوچەکەدا، حوکمی ئەوە دەکەن کە دەبێ ئەم دەسەڵاتە تیۆکراتییە و کۆماری ئیسلامی نەمێنێت و وەرچەرخانێکی سیاسی ڕوو بدات. هیچ جۆرە ئابوورییەکی هاوتەریب (چین و ڕووسیا، برێکس و شانگهای) ناتوانێت ئەم بنبەستە چارەسەر بکات.

بەڵام ئایا ئەم گۆڕانکارییە، حەتمەن و بە ناچاری بە قازانجی وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ، شارستانییانە و ئازادیخوازانە لە ئێران و ناوچەکەدا تەواو دەبێت؟ وەڵامی من «نەخێر»ە.

ئەم لایەنەی کێشەکە، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە هەبوون یان نەبوونی کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ و کرێکارییەوە؛ کۆمۆنیزمێک کە بیەوێت ئەرکە مێژووییەکانی خۆی لە جەنگی سەر دەسەڵات و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگادا جێبەجێ بکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.