دوا پەردە لە کۆماری ئیسلامیی جۆری دووەمی خاتەمیەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئەتۆمی!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

جەنگی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەکی ترەوە، تەنیا ململانێیەکی سەربازی لە جوگرافیایەکی دیاریکراوی ناوچەکەدا نییە؛ بەڵکو کێشمەکێشێکی سەخت، سیاسی و سەربازییە لەسەر پێناسەکردنەوەی نەخشەی سیاسی و ئەمنیی نوێی ناوچەکە. لەم نەخشەیەدا، کۆماری ئیسلامی یان دەبێ هێندە بگۆڕدرێت کە بتوانێت لەم نەزمەدا جێگەی ببێتەوە و پێویستییەکانی کردنەوەی بازاڕ، ئابووری و سیاسەتی ئێران دابین بکات، یان دەبێ لەگەڵ حەتمییەتێکی فرەڕەهەنددا بجەنگێت کە لە هەموو لایەکەوە حوکم بە پێویستیی لەناوچوونی دەدات.

کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی بنبەست و دەستەوەستانە کە توانای بونیادنانەوەی ئابوورییەکی سەرمایەداریی سەقامگیر، تێکەڵبوون بە بازاڕی جیهانی و پێکەوەژیان لە نەزمێکی ئەمنیی ناوچەیی ئاسایی و جێگیردا نییە. ئەم سیستمە بەهۆی تایبەتمەندییە ئایدیۆلۆژییەکان و تیۆکراسیی سیاسیی زاڵ بەسەر بوونیدا — کە لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا، ئیسرائیل و ئەمریکا، «ڕزگارکردنی قودس» و بە وتەی خۆیان «هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی» بونیاد نراوە — ناتوانێت ئەو جۆرە لە خۆراگری و بوردەباری (تۆلێرانسی) لە خۆیدا دروست بکات؛ ئەمە لە توانای  کۆماری ئیسلامیدا نییە.

جگە لەمانە، کۆماری ئیسلامی توانای پێکەوەژیان و سازانێکی درێژخایەنی  لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆی ئێرانیشی لەدەست داوە. وا دیارە چیتر ناتوانێت ئەو کۆمەڵگەیە نە بە سڕکەری ئایدیۆلۆژیی ئایینی و جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و لەناوبردنی ئیسرائیل، و نە بە سەرکوتێکی خوێناوی و سەخت، ناچار بە سازانێکی درێژخایەن بکات.

پڕۆژەکەی خاتەمی بۆ بونیادنانی جۆرێک لە کۆماری ئیسلامیی نەرمتر بە پۆزی «کۆمەڵگەی مەدەنی» و لەژێر سێبەری دکتۆرینی ئیسلامیدا، پڕۆژە ئابوورییەکەی ڕەفسەنجانی بۆ ئازادکردنی ڕیاڵ و مۆدێلی بەرهەمهێنان لەپێناو هەناردەکردن لەژێر سێبەری ویلایەتی فەقیهدا، و دواتریش پۆپۆلیزمی بزووتنەوەی سەوز، هەموویان یەک لە دوای یەک شکستیان خوارد و قەیرانی وجودیی کۆماری ئیسلامی جار لە دوای جار قووڵتر و چارهەڵنەگرتر خۆی سەپاند. خەونی کۆماری ئیسلامییەکی ئەتۆمی یان نیمچە ئەتۆمی، ڕەنگە دوا دکتۆرینی ئەم ڕێژیمە بێت کە لە کۆتاییدا بتوانێت وەڵامێک بێت بۆ پرسی مانەوە و سەپاندنی بوونی خۆی .

خودی هێنانەئارای ئەگەری پڕچەکبوونی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی، کابووسێکە بۆ ڕۆژئاوا و هەر ئەمەش ڕەفتاری ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی مهارکردن و کۆنترۆڵی تائێستا و سازانی مێژوویی دەباتە دەرەوە. بە مانایەک، پرسەکە لە «گۆڕینی ڕەفتار»ەوە بۆ «خۆبەدەستەوەدانی تەواو» یان «گۆڕینی ساختار» گواستراوەتەوە. بۆیە، هەم حەتمییەتە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی ئێران، هەم پێویستییە دەرەکی و ناوچەییەکان، و هەم بنبەستی ئایدیۆلۆژیی خودی ڕژیمەکە، مانەوەی کۆماری ئیسلامییان کردووە بە «مەحاڵێکی مێژوویی».

بەڵام ئایا ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم گۆڕانکاری و ئەم ڕاگواستنە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، شارستانییانە، ڕادیکاڵ و لە بەرژەوەندیی چینی کرێکار و ئەو خەڵکەدا دەبێت کە بە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، چاوەڕوانی ئازادی و ڕزگارییەکی پایەدار و ڕیشەیی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگین.

 بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، گرێی خواردوە بە هێزی چینی کرێکار و هەبوونی ڕیزێکی سەربەخۆ و ئاڵایەکی سیاسیی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستیی؛ ڕیزێک کە ئامادە بێت لەم وەرچەرخانەدا بۆ دەسەڵاتی سیاسی بجەنگێت و ئاواتی ئەم مرۆڤایەتییە بۆ ڕزگارییەکی ڕادیکاڵ و شارستانییانە، نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لەسەر ئاستی تەواوی ناوچەکە، نوێنەرایەتی بکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.