هێزی ئەمریکا: ئایا سنوورێک بۆ ئەم ئیمپراتۆریەتە هەیە؟… توانا محەمەد نوری

0

ئیمپریالیزمی ئەمریکا شوێنەوارێکی وێرانکاری گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێهێشتووە. زۆر ئاسانە مرۆڤ لەبەردەم باڵادەستیی سەربازی و ئابووریی ئەم وڵاتەدا تووشی ترس و بێ ئومێدی بێت. ئێمە بینەری کۆمەڵکوژی بووین لە غەززە، جەنگی “١٢ ڕۆژە”ی ئێران کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هاوینی ڕابردوو ڕێکیان خستبوو، و تەنانەت دەستێوەردان تا ئاستی ڕفاندنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا. ڕاستە ئەمریکا ساڵانە تریلیۆنێک دۆلار لە سوپاکەیدا خەرج دەکات ــ کە زیاترە لە کۆی خەرجی نۆ وڵاتی دوای خۆی ــ بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هێزە بێ سنوورە؟

دۆناڵد ترەمپ و تیمی دەسەڵاتدارەکەی وا دەزانن “گەورەی جەنگن” و بە فڕۆکە و چەکە پێشکەوتووەکانیان هەموو شتێک یەکلا دەکەنەوە. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە جەنگ خزمەتکارێکی گوێڕایەڵ نییە. ترەمپ سەرکەوتنێکی خێرا و سینەمایی دەوێت، بەڵام کایەکردن بە ئاگر لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسیی گەورەی تێدایە. ئێران نیشانی داوە کە دەتوانێت بە درۆنەکانی دەوڵەتانی کەنداو بکاتە ئامانج، و هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ئەمریکاش نییە کە ئامادە بێت بە ئاسانی جێگەی ڕژێمی ئێستا بگرێتەوە.

ئەزموونەکانی ڕابردوو نیشانەی ڕوونی بێدەسەڵاتیی ئەمریکان لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەدا. لە ٢٠٠١دا جۆرج بوش بەڵێنی ئازادی و دیموکراسی و مافی ژنانی دا بە ئەفغانستان، بەڵام ئەنجامەکەی دامەزراندنی ڕژێمێکی چەتە و بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوو. کوشتنی ٣٧ ژن و منداڵ لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە ٢٠٠٨دا بووە سیمبولی دڕندەیی ئەمریکا، و لە کۆتاییدا ئەمریکا نەیتوانی ڕێگری لە گەڕانەوەی تالیبان بکات.

هەمان سیناریۆ لە عێراقدا دووبارە بووەوە. لە ٢٠٠٣دا بە درۆی هەبوونی “چەکی کۆمەڵکوژ” هێرشیان کرد. بوش لەژێر پانکارتی “ئەرکەکە کۆتایی هات”دا پێکەنی، بەڵام داگیرکارییەکە بووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی مەزهەبی و دەرکەوتنی داعش. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١ گەورەترین شکستی ئیمپریالیزم بوو لە دوای ڤێتنامەوە. ملیۆنێک مرۆڤ بوونە قوربانی تەنها لەبەر ئەوەی واشنتۆن دەیویست دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوتی ناوچەکەدا بسەپێنێت.

ئێستا واشنتۆن لە نێوان چەند جەمسەرێکی دژبەیەکدا وێڵە. مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ترەمپ، و نەتانیاهۆ دەیانەوێت ئەمریکا کێش بکەنە ناو جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران. وەزیرە توندڕەوەکانی وەک “سمۆتریچ” خەونی “ئیسرائیلی گەورە” دەبینن کە خاکەکانی ئوردن، لوبنان، میسر، سوریا و عێراق بگرێتەوە. هەرچەندە ئیسرائیل وەک پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبینرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆمەک و بۆمبە تێکشکێنەرەکانی ئەمریکاوە، نەتانیاهۆ هەوڵ دەدات ئەجێندای تایبەتی خۆی بسەپێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش تووشی جەنگێکی درێژخایەنی بێهودە بکات.

ئەم هەموو جەنگخوازییە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی لاوازیی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە لە بەرامبەر ڕکابەرە نوێیەکانیدا وەک چین. ئابووریی ئەمریکا بەهۆی قەرزی ٣٠ تریلیۆن دۆلاری و “بڵقی ژیری دەستکرد”ەوە لە لێواری مەترسیدایە. لە لایەکی ترەوە، تیمی نوێی ترەمپ (ستیڤن میلەر و هێگسێت) بە بیرۆکەی ڕەگەزپەرستی و “باڵادەستی سپی پێستەکان” کار دەکەن و تەنانەت جەنگ وەک “پلانێکی خودایی” و نیشانەی گەڕانەوەی مەسیح دەبینن. وەک ڕۆزا لوکسمبۆرگ وتوویەتی: کۆمەڵگەی بۆرژوازی وەک دڕندەیەکی خوێنڕێژ وایە، و ئەمڕۆ ترەمپ و تیمەکەی ئەو دڕندەیەن.

 

سەرباری ئەم هەموو چەک و توندوتیژییە، هێزێکی تر هەیە کە دەتوانێت سنوور بۆ هەژموونی ئیمپریالیزم دابنێت؛ ئەویش ڕێکخراوبوونی چینی کرێکاری ئەمریکایە لە ناوخۆدا و بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جیهانییەکانە. چینی کرێکاری ئەمریکا کە خۆی باجی ئەم جەنگانە بە هەژاری و بێکاری دەدات، خەریکە تێدەگات کە دوژمنەکەی لە تاران و ڤەنزوێلا نییە، بەڵکو لە “وۆڵ ستریت” و “کۆشکی سپی”یە. بەڵام ئەم تێکۆشانە تەنها لە دروشم و ڕێپێواندا نەمایەوە، بەڵکو گۆڕا بۆ قۆناغی “ڕێگریی فیزیکی و مادی” لە کارکردنی ماشێنی جەنگ. یەکێک لە نموونە هەرە درەوشاوەکانی ئەم دواییە، هەڵوێستی شکۆمەندانەی کرێکارانی بەندەرەکانی ئیتاڵیا بوو؛ کاتێک لە کاتی جەنگی غەززەدا ڕەتیان کردەوە چەک و تەقەمەنی بار بکەن و بەندەرەکانیان بە ڕووی کەشتییە جەنگییەکاندا داخست. ئەم جۆرە لە “ناڕەزایەتی کارا” دەریخست کە یەکگرتوویی ئەم چینە و بزووتنەوە دژە-جەنگەکان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەگەر بگاتە ئاستی پەکخستنی گواستنەوەی چەک، دەتوانێت زنجیرەکانی ئیمپریالیزم بپچڕێنێت و ببێتە هێزێکی واقیعی بۆ ڕاگرتنی ئەم ماشێنی کوشتنە.

ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا ڕەنگە زۆر بەهێز دەربکەوێت، بەڵام جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و تێکچوونی باری ئابووری و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ڕێگرییە کردەیییەکانی کرێکاران دەیسەلمێنن کە هێزی ترەمپ و تیمەکەی بێ سنوور نییە. مێژوو نیشانی داوە کە هیچ ئیمپراتۆریەتێک تا سەر نەماوەتەوە، بە تایبەت کاتێک لە ناوەوە و دەرەوە ڕووبەڕووی بەرگرییەکی ڕێکخراو دەبێتەوە.

 

لە ئینگلیزی بە دەستکارییەوە کراوەتە کوردی

 

سەرچاوە:

American power: Has it got a limit?

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.