فیدراڵیزەکردنی ئێران و سیناریۆکانی داهاتوو…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ئەو گێڕانەوە و گوتارەی کە لە سیاسەتی جەنگ و میلیتاریزمی ئەمریکا، ئیسرائیل و دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خۆی دەردەخات، فیدراڵیزەکردنی قەومی و نەتەوەیی (ئەتنیکی) کۆمەڵگەی ئێرانە. ئەوەی کە “حیکمەت” (مەنسوور حیکمەت) ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر، پێش ڕوودانی و لە قووڵایی کۆنەپەرستانەبوونی، هۆشداریی لەبارەوە دابوو.
هەرچەندە سیناریۆی دیکەش بۆ کێشانی نەخشەی داهاتووی ئێران بە جۆرێک کە ئامانجەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بپێکن لە ئارادان؛ کە لەوانە ئەو سیناریۆیەیە کە تێیدا کەسانێک لە ناو سوپا و پاسداران و لایەنە دەرەکی و ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی پەیدا بن کە ئامادەیی سیاسی ئەوەیان هەبێ چ لە ڕێگەی کودەتا یان هەر سیناریۆیەکی تری گونجاوەوە، دەسەڵات بگرنە دەست و ئەو وەرچەرخانە ئەنجام بدەن کە ئەمریکا، ڕۆژئاوا و ئیسرائیل دەیانەوێت. سیناریۆیەک کە تیایدا باڵ و کەسانێکی لەو بابەتە و بەو مۆتیڤ و ئەرکی سیاسی ئەنجامدانی ئەم وەرچەرخانە، بە ئامانجی ڕامکردنی چینی کرێکار و خەڵک و کۆمەڵگەیەک کە ڕەنگە بە ئاسانی ڕادەستی هەر چارەنوسێک نەبن ڕایبگەیەنن؛ کە چیتر هیچ هۆکارێک بۆ سەربزێوی و زیادەخوازی و تێکدانی ئاسایش نەماوە، چونکە سەردەمی “حکومەتی فەقیهـ” بەو مانایەی تا ئێستا هەبووە، کۆتایی هاتوە و ئێرانی ژێر سێبەری ئێمە، نەک هەر کێشەی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئیسرائیلدا نییە، بەڵکو هاوپەیمان و دۆستی ڕۆژئاوان.
ئەو باڵ و کەسانەی کە دەتوانن بە کۆمەڵگەی ژێر هێڵی هەژاری و بە چینی کرێکار (کە ئەو مووچەیەی وەری دەگرێت بە زەحمەت بەشی ژیانێکی کەم و کول دەکات) بڵێن: سەیرکەن، ئێمە وا خەریکین ئابووری ئێران بە ئابووری جیهانییەوە دەبەستینەوە و بازاڕ و ئابووری ئێران کە لە ژێر سایەی ویلایەتی فەقیهدا لەخوار توانای ڕاستەقینەی خۆی کاری دەکرد، لەو کۆت و بەندانە ڕزگار دەکەین و بەم مانایە ڕێگە بۆ ڕژانی تەکنەلۆژیا و سەرمایەی ڕۆژئاوایی خۆش دەکەین و کرانەوەیەکی ئابووری دەهێنین. هەڵبەتە هێشتا ڕوون نییە کە ئایا باڵێکی ئاوا پەیدا دەبێت کە ئامادەیی ئەم وەرچەرخانە سیاسی و ستراتیژییەی هەبێت و بەرگەی ڕۆیشتن بەو ئاراستەیە بگرێت یان نا.
یەکێکی تر لە کارەکتەر و سیناریۆیانە لە ئارادان، کۆماریخوازییە کە لەگەڵ پاشایەتیخوازیدا گرێ دراوە. هەرچەندە ئەم باڵە بۆرژوازییە بە توندی و هەر ئێستا لایەنگری ڕۆژئاوا و ئەمریکایە، بەڵام خودی پاشایەتیخوازییەکەی و هەبوونی کەسایەتییەکی “ئەحمەق”ی وەک پەهلەوی کە هەر ئێستا خەڵک بە ڕەعیەتی تاهەتایی خۆی دەزانێت، تا ئەوەی خاڵی بەهێزی ئەم ڕەوتە بێت “پاژنەی ئاشیل” و خاڵی لاوازییەکی گەورەی ئەم باڵەیە و هەر ئەم خاڵی لاوازەیان دەسەڵات و چارەنووسی ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرستە لە دیاریکردنی ئایندەی سیاسی دەسەڵاتدا، ئەگەر مەحاڵیشی نەکردبێت، ئەوا بە توندی سنووردار دەکات. شەللاتیبازی ئەم ڕەوتە و لێدوانە “ئاغا و ڕەعیەتییەکانی” و هەڕەشە و گوڕەشە ئاشکرا و بێ پەردەکانی دژی خەڵک، چینی کرێکار، ڕابەرانی کۆمۆنیست و سۆسیالیستی کۆمەڵگە و دژی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی کە ڕابەری ئەم ڕەوتە ڕەزا پەهلەوی دەستی پێکردووە هەتا ئەوەی خزمەتێک بە سپی کردنی چارەی ئەم ڕەوتە بکات، زیاتر هەستیاری و نفرەتی کۆمەڵگەی بەرامبەر بەم ئەگەرە زیاتر کردووە.
لە هەر حاڵەتێکدا، لە نێوان ئەم سیناریۆیانەدا، ئەوەی کە ڕەوتی بارودۆخی ئێران وەک بەرهەم و ئاکامێکی ناچاری ئەم جەنگ و میلیتاریزمەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بە ئاراستەی سیناریۆی فیدراڵیزەکردنی قەومیی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بڕوات مۆتەکەیەکی واقیعیە.
چونکە ئەو هێزانەی کە یارمەتی بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە دەدەن و لێی سوودمەند دەبن، هەر ئێستا بوونیان هەیە؛ لە “موجاهیدین”ەوە تا هێزە فیدراڵیستە قەومییەکانی کورد و غەیری کورد کە ژیانی خەڵکیان بەلاوە هیچ نییە، کە هێزەکانی ئەم سیناریۆیەن هەن و هەر ئێستا چرکەژمێری دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر شانی ئەو وێرانکارییەی کە میلیتاریزم و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیسەپێنن، کۆمەڵگە و خەڵک لەپێ بکەوێت و ئەمان ببنە پاڵەوانی داهاتووی پارچەپارچەکردنی خەڵک و فیدراڵیزەکردنی قەومی و ئەتنیکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
سەرەنجام، ئەوەی کام لەم سیناریۆیانە و کام لەم وەشانە کۆنەپەرستانەیە زیاتر لە واقیعی سیاسیدا دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، ڕۆژئاوا و بۆرژوازی جیهانی بکات، هێشتا دەبێ چاوەڕوان بین و بیبینین. ئایا کودەتایەک لە ناوەوە بە تێکەڵەیەک لە کارەکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕژێم و بە سپۆنسەری ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەبێتە بژاردەی ئەوان، یان هاوپەیمانییەکی کۆماریخوازە پرۆ-ڕۆژئاواییەکان (کە پاشایەتیخوازییان کەمتر دەربکەوێت) بە بەڵێنی ئێرانێکی ڕۆژئاوایی و دیکتاتۆرییەتێک بە بەڵێنی گشایشی ئابووری و کردنەوەی بازاڕی کاری هەرزانی ئێران بە ڕووی ئابووری جیهانیدا؟ یان سیناریۆی پارچەپارچەکردنی قەومی و نەتەوەیی و فیدراڵیزەکردنی ژیانی سیاسی؟ هەموو ئەمانە لە جەوهەری خۆیاندا دژی پرسی ئازادی و ڕزگاریین؛ ئەو ئامانجەی کە چینی کرێکار و نەوەی گەنج و ژنان لە پێناویدا بزووتنەوەی مەزن و قوربانی گەورەیان داوە.