داهێنەری درۆ و دەلەسە: ئەمریکا و ڕووسیا وەک دوو ڕووی یەک دراوی خوێناوی و تاوانکار… توانا محەمەد نوری

0

ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر شانۆی سیاسەتی جیهانی دەیبینین، تەنیا نمایشێکی قێزەون نییە، بەڵکو لووتکەی دووڕوویی و بەدڕەوشتییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. کاتێک بە وردی سەیری ڕەفتارەکانی ڕووسیا دەکەین لە ئۆکرانیا و دەیخەینە تەرازووی بەراوردکردن لەگەڵ ڕەفتارەکانی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ (یان هەر ئیدارەیەکی دیکەی کۆشکی سپی) بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، دەگەینە یەک ئەنجامی حاشاهەڵنەگر: لۆژیکی زلهێزەکان، جا لە “کرێملن”ی مۆسکۆوە بێت یان لە “کۆشکی سپی” واشنتۆنەوە، هەر یەک لۆژیکە؛ ئەویش لۆژیکی کوشتن، وێرانکاری، تاڵانکردن و درۆکردنە بۆ شەرعیەتدان بە تاوانەکانیان. تاکە جیاوازیی نێوانیان تەنیا لە جۆری ڕێکلام، قات و بۆینباخ، و ئەو دەزگا میدیاییانەدایە کە بۆیان دەهۆڵ دەکوتن، دەنا ناوەرۆکی کارەکەیان هەر خوێنڕشتنە.

هەروەک چۆن ڕووسیا پەلامارە تاوانکارییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بە “ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت” ناودەبات و بەکارهێنانی وشەی “جەنگ”ی لە میدیاکانیدا قەدەغە کردووە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی خۆی چەواشە بکات، ئاوهاش ئەمریکا بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی و تێکدانی ژیانی خەڵک لە ئێران بە “لێدانی ستراتیژی”، “بەرگریی کارا” یان “جێبەجێکردنی یاسا” ناودەبات. سیاسەتمەدارانی کۆمارییەکان و ترەمپ شەو و ڕۆژ هاوار دەکەن “ئەمە جەنگ نییە”، بەڵکو تەنیا “ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارە بۆ پاراستنی ئاسایش”.

دەسەڵاتداران باش دەزانن وشەی “جەنگ” ترس دەخاتە دڵی خەڵکەوە و ویژدانەکان دەهەژێنێت، بۆیە ناوی دەگۆڕن بۆ دەستەواژەی تەکنیکی و سارد. بەڵام با لە خۆمان بپرسین: بۆ ئەو منداڵەی لە خوێندنگاکەیدا جەستەی لەت لەت دەبێت، یان بۆ ئەو دایکەی لە نەخۆشخانەدا دەسووتێت، یان ئەو خێزانەی خانوەکەیان بەسەردا دەڕووخێت، ئایا گرنگە بکوژەکە ناوی چی لە کردەوەکەی ناوە؟ ئایا بۆ قوربانییەکە جیاوازی هەیە مووشەکەکە “ڕووسی”یە یان “ئەمریکی”؟ بێگومان نەخێر، ئەنجامەکە هەر مەرگ و ماڵوێرانییە. ئەوەی دەوڵەتان پێی دەڵێن “پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی”، لە واقیعدا هیچ نییە جگە لە “تیرۆری دەوڵەتی” بە بەرگی یاساییەوە.

هەموو جەنگێک لە مێژووی مۆدێرندا بە درۆیەک دەستی پێکردووە و بە خوێنی هەزاران بێتاوان کۆتایی هاتووە. پوتین وتی ئۆکرانیا مەترسییە بۆ سەر بوونی ڕووسیا و پڕە لە نازی؛ ترەمپ و ئیدارەکەشی دەڵێن ئێران “مەترسییەکی دەستبەجێ”یە و دەبێت لێی بدەین پێش ئەوەی ئەو لێمان بدات. ئەم سیناریۆیەشمان زۆر بە ڕوونی لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق بینی، کاتێک بە درۆی “بوونی چەکی کۆمەڵکوژ” وڵاتێکیان وێران کرد و دواتر دانیان بەوەدا نا کە درۆ بوو.

لە ئۆکرانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە زیاتر لە ١١,٠٠٠ مەدەنی کوژراون و ٢١,٠٠٠ کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی چەکی قورس و بۆردومانی ڕووسیاوە بووە. لە بەرامبەردا، ئیدارەی ئەمریکا (چ سەردەمی ترەمپ یان بەر لە ئەو) بەبێ هیچ بەڵگەیەکی هەواڵگریی حاشاهەڵنەگر باس لە “هەڕەشەی دەستبەجێ” دەکەن بۆ پاساودانی تیرۆرکردنی سەرکردەکان و بۆردومانکردنی شارەکان. زۆرجار دوای کارەساتەکە، بەرپرسانی خۆیان بە نهێنی دان بەوەدا دەدەن کە زانیارییەکان ورد نەبوون، بەڵام کارەکە ئەنجامدرا و ئامانجەکە (کە تێکدانە) پێکرا. ئەوەی لەم نێوەندەدا هەیە تەنیا ململانێی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی زلهێزەکانە بۆ دابەشکردنی نفووز، کە تێیدا خەڵکی سادە و هەژار دەکرێنە سووتەمەنی.

 

ئەم خاڵە پەردە لەسەر ڕووی ڕاستەقینە و ناشرینی “شارستانیەتی ڕۆژئاوا” هەڵدەماڵێت. کاتێک ڕووسیا قوتابخانەیەک یان نەخۆشخانەیەک لە ئۆکرانیا بۆردومان دەکات (وەک ئەوەی لە ئایاری ٢٠٢٢ ڕوویدا و ٦٠ کەس کوژران)، هەموو میدیاکانی جیهان و ڕۆژئاوا دەیکەن بە هەرا و باس لە “تاوانی جەنگ” و “ڕەفتاری دڕندانە” دەکەن. ئێمەش لەگەڵ ئەوانین و دەڵێین: بەڵێ، ئەوە تاوانی جەنگە و دەبێت ئیدانە بکرێت.

بەڵام کاتێک هەمان دیمەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دەبێتەوە؛ کاتێک فڕۆکەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی (وەک ئیسرائیل) قوتابخانەیەک خەڵتانی خوێن دەکەن، یان نەخۆشخانەیەک بۆردومان دەکەن و کۆرپەی تازە لەدایکبوو لە ئامێرەکان دەبڕن، بێدەنگییەکی ترسناک جیهان دادەگرێت. ئایا بیرمان چوو لە عێراق و ئەفغانستان چەندان ئاهەنگی هاوسەرگیری و قوتابخانە بۆردومان کران؟ ئایا ئەگەر بۆردومانێک لە ئێران یان غەززە ببێتە هۆی کوشتنی سەدان خوێندکار و منداڵ، بۆچی وەک تاوان سەیر ناکرێت؟ ئایا لە فەرهەنگی ئەواندا، خوێنی مرۆڤی “ڕۆژئاوایی” سوورترە لە خوێنی مرۆڤی “ڕۆژهەڵاتی”؟

بەپێی ڕاپۆرتەکان، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، نزیکەی یەک لەسەر دەی نەخۆشخانەکانی ئۆکرانیا زیانیان پێگەیشتووە و ئەمە بە جینۆساید ناسێنراوە، بەڵام لە ناوچەی ئێمە وێرانکردنی نەخۆشخانەکان وەک زیانی لاوەکی” (Collateral Damage) ناو دەبرێت؛ واتە وەک هەڵەیەکی بچووک لە پەراوێزی جەنگدا! ئەمە ئەو “پێوەرە دووفاقییە”یە (Double Standard) کە سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەری وەستاوە. مافی مرۆڤ لای ئەوان تەنیا دارێکە بۆ لێدانی دوژمنەکانیان، نەک باوەڕێکی ڕاستەقینە.

وەستاندنی ئەم شەڕەی ئێران پێویستییەکی مرۆییە و بە مانای داکۆکیکردن لە ڕژێم نییە. ڕژێمی ئێران ٤٧ ساڵە خەڵکی خۆی سەرکوت دەکات، بەڵام ئەم شەڕە تەنها خزمەت بە مانەوەی ڕژێم دەکات و ئەو بزووتنەوە ڕەوایەی کە ژنان و گەنجان بۆ گۆڕانکاری و ڕووخاندنی ڕژێم ڕابەریی دەکەن (وەک بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی)، پەکدەخات و دەنگیان لەناو دەنگی تەقینەوەکاندا کپ دەکات.

ئەم دۆخە وانەیەکی مێژووییمان فێر دەکات: ئازادی هەرگیز لە لولەی تفەنگ و باڵی فڕۆکەکانی ئەمریکاوە نایەتە خوارەوە. ئەمریکا کە بانگەشەی ئازادی بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە دەکات، درۆیەکی گەورە دەکات، ڕێک هەروەک چۆن پوتین درۆی دەکرد کاتێک دەیوت ئۆکرانیا لە دەستی نازییەکان ئازاد دەکات. ئەوەی ئەمریکا دەیکات “ڕزگارکردن” نییە، بەڵکو “وێرانکردنی ژێرخان” و “تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا”یە؛ دووبارەکردنەوەی سیناریۆی عێراق، لیبیا و ئەفغانستانە. ئەوان دێن وڵاتێک وێران دەکەن و دواتر بەجێی دەهێڵن بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی چەک و نەوت قازانجی لێ بکەن.

ڕێگای ڕزگاری و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی ناوچەکە، نە لە گیرفانی پوتیندایە، نە لە جانتاکەی ترەمپ، و نە مانەوەیە لەژێر سایەی ڕژێمە دیکتاتۆر و خۆسەپێنە ناوخۆییەکان. ڕێگای ڕزگاری، بریتییە لە دروستبوونی هۆشیاری و بەرەیەکی سەربەخۆ لە “خەڵکی مەدەنی، ئازادیخواز و مرۆڤدۆست” دژی هەموو جۆرە جەنگ و دەستێوەردانێک.

دەبێت بە دەنگێکی بەرز دژی ئەم بەربەریەتە مۆدێرنە بوەستینەوە کە دەیەوێت بە ناوی “ئازادی”یەوە منداڵەکانمان لە قوتابخانەکاندا بکاتە خۆڵەمێش و شارەکانمان بکاتە وێرانە. جەنگ هەر جەنگە و کوشتن هەر کوشتنە، چ بە زمانی ڕووسی فەرمانەکە بدرێت، چ بە زمانی ئینگلیزی یان هەر زمانێکی تر، ئەنجامەکەی تەنیا خوێن و فرمێسکی هەژارانە.

 

٧/٣/٢٠٢٦

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.