کۆمۆنیزم: هێزێکی کۆمەڵایەتی زیندوو یان فیرقەیەکی دابڕاو؟ )ڕەخنەیەک لە تێڕوانینی جیاکردنەوەی ڕەهای چەپ و کۆمۆنیزم لای سامان کەریم…(توانا محەمەد نوری

0

هاوڕێ سامان کەریم لە وتارێکدا بە ناونیشانی «چەپ و کۆمۆنیزم، دوو بزووتنەوەی چینایەتی جیاواز!»، جیاکارییەکی ڕیشەیی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا دەکات. ئەو پێی وایە ‘چەپ’ نەک هەر نوێنەری کرێکاران نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسیی سەرمایەدارییە بۆ پەکخستنی شۆڕش. نووسەر مێژووی چەپ بۆ شۆڕشی فەرەنسا و کایەی گەمەی چینە باڵادەستەکان دەگەڕێنێتەوە و جەخت دەکاتەوە کە لە غیابی پێویستیی بە چاکسازی، ئێستا چەپ هێزێکی مردووە و تەنها کۆمۆنیزم وەک بەدیلێکی زیندوو بۆ ڕزگاریی کرێکاران ماوەتەوە.

ئەگەرچی ڕەخنەگرتن لە پارتە چەپە بۆرژوازییەکان و ڕیفۆرمخوازەکان کارێکی پێویستە، بەڵام گۆڕینی ئەم ڕەخنەیە لەلایەن سامان کەریمەوە بۆ “دژایەتییەکی ڕەها” لەگەڵ خودی چەمکی چەپ و ڕەتکردنەوەی مێژوو و واتای کۆمەڵایەتییەکەی، کۆمۆنیزم تووشی قەیرانێکی گەورەی ناسنامە و پراکتیك دەکات. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە مەترسی ئەوەی هەیە کۆمۆنیزم لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی شۆڕشگێڕەوە بگۆڕێت بۆ “فیرقەیەکی سیاسیی دابڕاو”(Sect)  کە تەنها خەریکی پاککردنەوەی ناسنامەی خۆیەتی.
گەورەترین کەلێنی ئەم تێڕوانینەی هاوڕێ سامان ئەوەیە کە جیاوازی ناکات لە نێوان “حیزبە چەپەکان” و “چەپ وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی”.
ڕاستە زۆرێک لە حیزبە چەپەکانی ئەوروپا و جیهان (وەک سۆشیال دیموکراتەکان) بوونەتە بەشێک لە بەڕێوەبردنی سەرمایەداری. بەڵام “چەپ” لە زەینی کۆمەڵگا و مێژووی مرۆڤایەتیدا تەنها ئەو حیزبانە نین. چەپ بریتییە لەو بەرە فراوانەی کۆمەڵگا (کرێکاران، ژنان، لاوان، ئازادیخوازان) کە بڕوایان بە یەکسانی، دادپەروەری، و دژایەتی ستەم و چەوسانەوە هەیە.
کاتێک سامان کەریم وەک کۆمۆنیستێک دەڵێت “چەپ دوژمنە و هی بۆرژوازییە”، بیەوێت یا نەیەوێت، بەو بەرە فراوانە کۆمەڵایەتییە دەڵێت: “ئێوە هەمووتان سەر بە بەرەی دوژمنن”. لە جیاتی ئەوەی کۆمۆنیزم ببێتە ڕابەر و سەرکردەی ئەو ناڕەزایەتییە چەپە کۆمەڵایەتییە و ئاراستەکەیان بۆ شۆڕش ڕاست بکاتەوە، ئەم تێڕوانینە دێت و خۆی لێ دادەبڕێت. هونەری کۆمۆنیزم ئەوەیە ببێتە جەمسەری ڕادیکاڵی چەپی کۆمەڵگا، نەک وەک ئەوەی سامان بانگەشەی بۆ دەکات؛ بە پاساوی ڕەخنە لە حیزبەکان، دەستبەرداری تەواوی چەمکەکە ببێت.
بانگەشەی ئەوەی “چەپ مردووە چونکە بنەما ئابوورییەکەی (دەوڵەتی خۆشگوزەران) نەماوە” – کە سامان کەریم جەختی لێ دەکاتەوە – خوێندنەوەیەکی میکانیکییە بۆ سیاسەت. سەرمایەداری تا ئەو کاتەی دەمێنێت، نایەکسانی بەرهەم دەهێنێت، و تا نایەکسانیش هەبێت، مەیلی “چەپ” (واتە بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی) هەرگیز نامرێت.
ڕاستە مۆدێلی “جۆن مەینارد کەینز” و دەوڵەتی خۆشگوزەران لاواز بووە، بەڵام ئایا خواستی کرێکار بۆ بیمەی بێکاری، بۆ مووچەی زیاتر، بۆ خزمەتگوزاریی گشتی مردووە؟ نەخێر. ئەمە هێشتا زیندووە و بەشێکە لە خەباتی چەپ. ڕاگەیاندنی “مردنی چەپ” لە کاتێکدا کە دڕندەیی نیۆلیبرالیزم وای کردووە خەڵک زیاتر تامەزرۆی ژیانێکی باشتر بن، جۆرێکە لە خۆدزیینەوە لە وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی سەردەم.
ئەگەر هاوڕێ سامان کەریم و هاوبیرانی پێیان وا بێت هەر جۆرە خەباتێک بۆ باشترکردنی ژیان (ڕیفۆرم) تەنها “فریودانی بۆرژوازییە”، ئەوا دەبنە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی وشک و بێ گیان.

کرێکارێک کە ئەمڕۆ خەبات دەکات بۆ ئەوەی کاتژمێرێک لە کارەکەی کەم بکرێتەوە یان مووچەکەی زیاد بکرێت، پێویستی بە هێزێکە لە تەنیشتی بوەستێت، نەک هێزێک کە هاوشێوەی سامان کەریم پێی بڵێت: “ئەمە هەوڵێکی چەپخوازانەی بۆرژوازییە و وازی لێ بێنە، وەرە با شۆڕش بکەین”.
شۆڕشی کۆمۆنیستی لە ئاسمانەوە دانابەزێت، بەڵکو لە دڵی هەمین خەباتی ڕۆژانە و بچووکی (خەباتی ئابووری و ڕیفۆرمیستی) گەشە دەکات. کۆمۆنیزم دەبێت ئەو هێزە بێت کە “ڕیفۆرم” بەسەر سەرمایەداریدا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی کرێکار بەهێزتر بکات بۆ قۆناغی شۆڕش. دژایەتیکردنی ڕەهای چەمکی چەپ و ڕیفۆرم، کۆمۆنیزم لە ژیانی واقیعیی خەڵک دادەبڕێت و دەیکاتە کۆمەڵێک دەستەواژەی کتێبی.
سیاسەت بۆشایی قبوڵ ناکات. کاتێک سامان کەریم دەڵێت “چەپ موڵکی ئێمە نییە و هی بۆرژوازییە”، ڕاستەوخۆ دیارییەک پێشکەش بە ڕاستڕەوەکان و لیبراڵەکان دەکەن تا ئەو چەمکە داگیر بکەن.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، ملیۆنان کەس خۆیان بە “چەپ” دەزانن، چونکە دژی ڕەگەزپەرستین، دژی جەنگن، و دژی برسیەتین. ئەگەر سامان کەریم ئەم ملیۆنەها کەسە بخاتە خانەی “بۆرژوازی چەپ”ـەوە، ئەوا خۆی و ڕەوتەکەی لە زۆرینەی هێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵگا بێبەری دەکات.
کۆمۆنیستی ڕاستەقینە نابێت لە وشەی “چەپ” بترسێت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدات پێناسەی چەپ لە “ڕیفۆرمخوازێکی شەرمن”ـەوە بگۆڕێت بۆ “شۆڕشگێڕێکی کۆمۆنیست”. دەبێت بڵێت: “چەپی ڕاستەقینە ئێمەین، چونکە ئێمە دەچینە سەر ڕیشەی کێشەکان.”
جیاکردنەوەی تەواوەتی چەپ و کۆمۆنیزم و سەیرکردنیان وەک دوو جەمسەری دژ بەیەک، ڕەنگە لە ڕووی تیۆرییەوە بۆ سامان کەریم سەرنجڕاکێش بێت بۆ ئەوەی خۆیان پاک و جیاواز نیشان بدەن، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە خۆکوشتنە.
ئەم تێڕوانینە کۆمۆنیزم دەکاتە “فیرقە”(Sect)  کە تەنها خەریکی دیاریکردنی سنورەکانی خۆیەتی لەگەڵ دەوروبەر، لە کاتێکدا ئەرکی کۆمۆنیزم گۆڕینی کۆمەڵگایە. بۆ ئەوەی کۆمۆنیزم ببێتە هێزێکی دەسەڵاتدار، دەبێت لە ناو جەرگەی “چەپی کۆمەڵگا”دا بێت، ڕابەرایەتی خەباتی ڕۆژانەی خەڵک بکات، و لەوێوە بەرەو سۆشیالیزم هەنگاو بنێت، نەک وەک سامان کەریم لە دەرەوەی بازنەکە بوەستێت و حوکمی مەرگی چەپ بدات.

 

٢٠/٢/٢٠٢٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.