لەنێوان دوو کۆیلایەتیدا!… نووسینی: کاوە کەریم

0

کاتێک مرۆڤ بیر لەدەستەواژە بەربڵاوەکانی ”کۆیلە” و” کۆیلایەتی” دەکاتەوە، ڕاستەوخۆ بیری دەچێتە سەر ئەو مرۆڤانەی کەلەسەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆما بەکۆیلە دەگیران و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکراو لەلایەن ئاغاکانیانەوە بەزنجیرەکان بەدوای خۆییاندا ڕایاندەکێشان. ئەمە ئیتر بووە  پێناسەیەک بۆ کۆیلە و کۆیلایەتی کەخۆی لەکۆیلایەتی جەستەییدا دەبینیەوە، بەڵام  دەبێت لەگەڵ ئەودا چی بڵێن کاتێک بیرو هزری مرۆڤەکان دەکرێنە کۆیلە، چۆن پێناسەیەکی تر بۆ ئەم کۆتوبەندە بدۆزینەوە؟ دیارە زۆریک لەبیرمەندەکان دەستەواژەی ”کۆیلایەتی هزری” بۆ ئەم شێوەیە لەکۆیلەبوون بەکاردەهێنن. 

 لەڕاستیدا پێویست ناکات ئێمە بچینە سەر باسی کۆیلایەتی جەستەیی، چونکە ئەمە پێناسەکەی دیارو بەربڵاوە و بەدرێژایی مێژوو مرۆڤەکان شایتحاڵی ئەم جۆرە کۆیلایەتی بوون، بەڵام تیشک خستنە سەر”کۆیلایەتی هزری”  گرنگی خۆی هەیە، چونکە بارودۆخێکە کەتوانای بیرکردنەوەی مرۆڤ بەئازادی و ڕەخنەگرانە سنووردار دەکرێت یان کۆنترۆڵ دەکرێت. لەم حاڵەتەدا مرۆڤەکان بیرۆکە و بیروباوەڕ و ڕێساکان بەبێ ئەوەی پرسیاریان لێ بکەن قبوڵدەکەن و پشت بەدەسەڵات یان سەرچاوە دەرەکییەکان دەبەستن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی چی ڕاستە. لەوانەیە هەست بکەن بیرکردنەوە یان بۆچوونەکانی خۆیان گرنگ نین و وا مامەڵە بکەن کە گوێڕایەڵی یان خۆگونجاندن سروشتی بێت. بەپێچەوانەی کۆیلایەتی جەستەیی، کۆیلایەتی هزری، عەقڵ دەخاتە تەڵەوە، نەک جەستە. ڕێگری لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ و داهێنان و چارەنووسی سەربەخۆ دەکات. کۆیلایەتی هزری لەسەردەمی سەرمایەداری مۆدێرندا زۆر بەزیرەکانە و سیستماتیک  و شاراوە کاری لەسەر دەکرێت، کاریگەریەکەی بەشێوەیەک داناوە کەمرۆڤەکانی زۆر بێئیرادە کردوە، تەنانەت بەشێوەیک نامۆی کردون، کە خۆیان نەناسنەوە.

” کۆیلایەتی هزری لە کۆیلایەتی جەستەیی  زۆر مەترسیدارترە، چونکە کاتێک عەقڵی مرۆڤ دەکەیتە کۆیلە، پێویست بە  بەستنی دەستەکانی ناکات بە زنجیرەکانەوە”. مارکس بەم قسەیە ئەو وەهمە  لەو دەمامکە هەڵدەماڵێت و ئاشکرای دەکات کە مەترسیدارترین زیندانەکان بۆ مرۆڤایەتی ئەو زیندانانە نین کە لە شیش و دیوار دروستکراون، بەڵکو ئەو زیندانانەن کە لەناو عەقڵدا دروستکراون. کۆتوبەند و زنجیرەکانی جەستەیی دیارن و بەرجەستەن؛ دەتوانرێت بشکێنرێت یان ڕزگار ببێت لەدەستیان، بەڵام کۆتوبەندە هزریەکان خۆیان دەشارنەوە لەشێوەی دڵنیایی و ئیمان، یان  وەک ڕاستییەکی چێنراو.. کاتێک بەکۆیلەکراو دەبێتە هاوبەشی کۆیلەکردنی خۆی، کۆیلە دەبێتە پاسەوانێکی بەئاگا لە زیندانی ناوخۆیی خۆیدا، چونکە پێیان وایە ئەوەی کە دەکات خودی ئازادییە.

ئەو ستەمکارانەی کە دەیانەوێت جەستەکان ملکەچ بکەن پێویستیان بە پۆلیس و زیندانەکان هەیە، بەڵام ئەوەی دەیەوێت عەقڵ یان هزر ملکەچ بکات، تەنیا پێویستی بە بیرۆکەیەکی قەناعەتپێکەر هەیە، بیرۆکەیەک کە واقیع لە قاڵبدەداتەوە بۆ ئەوەی نادادپەروەری وەک دادپەروەری دەربکەوێت، ئیستغلالکردن وەک چارەنووس و گوێڕایەڵی وەک ئازادی دەربکەوێت. لێرەدا مانای قووڵی کۆیلایەتی هزرییە: تەنانەت دزینی ئەو هۆشیارییەی کە تۆ کۆیلەیت. ڕەنگە جەستەیەیەکی بەزنجیر بەستراو ڕۆژێک خەونی ئازادی ببینێت، بەڵام عەقڵی کۆیلە تەنها خەون بەو شتە دەبینێت کەخزمەت بە دیلکەرەکەی دەکات. فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیچە ئەم مانایەی فراوانتر کرد، کاتێک چەمکی ئەخلاقی کۆیلەی داڕشت: ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی بەرەنگاری واقیعەکەی بێتەوە، ئەوا یاخی نابێت، بەڵکو لاوازییەکەی دەگۆڕێت بۆ فەزیلەت و ملکەچبوونی بۆ شتێکی هاوشێوەی پیرۆزی. لێرەوە مەترسیدارترین شێوەی کۆیلەکردن دەست پێدەکات: کاتێک مرۆڤ دێت ملکەچبوون وەک هەڵبژاردنێکی ئەخلاقی ببینێت و گوێڕایەڵی وەک ئازادی ئەزموون دەکات. هەربۆیە چیتر پێویستیان بە ئاغایەک نییە بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بیربخاتەوە، چونکە هۆشیاری خۆیان بووەتە پەرژینێک و دەوری داون. بەم مانایە، کۆیلایەتی هزری نەک هەر وزەی یاخیبوون سەرکوت دەکات، بەڵکو دووبارە شێوەی دەگۆڕێت بۆ دڵسۆزی. مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ کۆپیەکی شێواوی خۆی، ڕۆژانە سنووردارکردنەکانیان بەرهەمدەهێنێتەوە وەک ئەوەی پێویستیەکی سروشتی بێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە نیچە جەختی لەوە دەکردوە، کاتێک ڕایگەیاند کە ئەخلاق بێتاوان نییە، بەڵکو مێژوویەکی خۆماڵیکردنە؛ ستەمکاران تێدەپەڕن، بەڵام ئەو بەهایانەی لەمێشکدا چێنراون بۆ چەندین سەدە بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان. کاتێکیش وتەکانی میشێل فۆکۆی فەیلەسوف و مێژوونووسی فەرەنسی بەبیر دەهێنینەوە، میکانیزمەکانی ئەم کۆیلەکردنە شاراوەیە هێندەی تر ڕوونتر دەبنەوە. دەسەڵاتی مۆدێرن چیتر پشت بەزنجیر یان خانەی زیندانەکان نابەستێت، بەڵکو پشت بەشتێکی زۆر زیرەکانەتر و مەترسیدارتر دەبەستێت: وا لەتاک دەکات چاودێری خۆی بکات. لێرەدا  بیرۆکەی پانۆپتیکۆنی جێرمی بێنتامی ئینگیلزی سەبارەت بەدەسەڵات و کۆنترۆڵکردن خۆی دەردەخات، ئەمەش دیزاینێکی باڵەخانەیەکە کە پاسەوانێک دەتوانێت چاودێری زۆر کەس بکات، بەڵام خەڵکەکە هەرگیز نازانن کەی چاودێری دەکرێن، ئەمەش میشێل فۆکۆ وەک مەتافۆرێک بەکاریهێنا بۆ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە کەکۆمەڵگەی مۆدێرن چۆن کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکان دەکات، بەڵام ئەمە تەنیا مۆدێلێکی زیندانێکی بازنەیی نییە، بەڵکو دەربڕینێکە (مەتافۆرێکە) بۆ هزری مرۆڤ کاتێک هەست دەکات چاوێکی نەبینراو سەیری هەموو ساتێکی دەکات. لێرەدا کۆیلایەتی زۆرەملێی دەرەکی نییە، بەڵکو دیسیپلینێکی ناوخۆییە کەبووەتە بەشێک لەپەیکەری ژیانی ڕۆژانە. ئەم گۆڕانکارییە پێویستی بەسەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ نەماوە، ئەوە تەنها بەسە بۆ عەقڵ  بۆ ئەوەی ئەو بیرۆکەیە هەڵبمژێت کەهەموو کردارێک چاودێری دەکرێت، هەموو وشەیەک تۆمار دەکرێت و هەموو بیرکردنەوەیەک دەتوانرێت لە دژی بەکاربهێنرێت. لەدوایشدا تاک دەبێتە پاسەوانی خۆی، پێش ئەوەی دەسەڵات بتوانێت بیرکردنەوەکانیان سنووردار دەکات و پرسیارەکانیان دەخنکێنێت پێش ئەوەی بوێرێت یان دەم بکاتەوە. بەم شێوەیە قووڵترین مانای دیدگای مارکس بەدیدێت: کۆیلەیەک زنجیر لەدەستیدا نییە، چونکە کۆتوبەندەکان پێشتر لە مێشکیدا چێنراون. ئەم ڕووە ترسناکەی کۆیلایەتی هزرییش لەناو ڕۆشنبیرانیشدا بەرجەستە بووە، لەوێدا ئیتر کۆیلایەتی بەهێزی جەستەیی ناسەپێنرێت، بەڵکو بەخودی زمان دەسەپێندرێت. کاتێک دەسەڵات کۆنترۆڵی وشەسازی دەکات، سنووری بیرکردنەوە کۆنتڕۆڵ دەکات. قسەکردنی نوێ تەنیا زمانێکی هەژار نییە، بەڵکو سنووردارکردنێکی نەبینراوە لەسەر خەیاڵ. ئەوانەی وشەی “ئازادی”یان لە وشەسازیدا نییە، ناتوانن بیری لێبکەنەوە. بەم شێوەیە مرۆڤ لە فەرهەنگێکی شێواودا زیندانی دەبێت، پێی وایە بیردەکاتەوە، لەکاتێکدا تەنها ئەوەی دەسەڵات فۆرمولەی کردووە دووبارەی دەکاتەوە. ئەمەش جەوهەری کارەساتەکەیە. زیندانی جەستەیی دەزانێت کە زیندانی کراوە، هەروەها  خەونی ئەوە دەبینێت کەڕۆژێک لەو زیندانە هەڵبێت. بەڵام زیندانی عەقڵی تەنانەت زیندانیکردنی نابینێت؛ تەنانەت لەوانەیە بەرگری لێبکات وەک ئەوەی بوارێکی سروشتی بێت بۆ ژیان تێیدا.

  • بیرۆکەی نووسینەکە لە دەنگێکی ڤیدۆیەوە وەرمگرتوە، کەسەرچاوەکی نادیار بوو.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.