کامیل ئەحمەد: مەهزەلەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناتوانرێت تەنها وەک ڕووداوێکی ناوخۆیی چاوی لێبکرێت، بەڵکو بەشێکە لەو هاوکێشە جیهانی و ناوچەیی یەی کە ناوچەکەی پیادا تێپەڕدەبێت… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل هاوڕێ کامیل ئەحمـەد سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق…
بۆپێشەوە: بریارە ١١/١١ ئەمساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچیت… لە یەکەمین لێدوانی بەرپرسەکاندا وەکو هەمیشە باسی گرنگی و چارەنووس سازبوونی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن، هیچ گرنگی و چارەنوس سازبوونیک لەم هەڵبژاردنەدا هەیە کە جیای بکاتەوە لە هەڵبژاردنی خولەکانی پێشوو؟
کامل احمد: هەر خودی خستنەڕووی پرسیارەکە لەلایەن ئێوەوە بەم شێوە گومان هەڵگرە، دەتوانێت بەشێک لە وەڵامەکە لە خۆیدا هەڵبگرێت کە هیچ هەڵبژاردنێک بوونی نییە تا چارەنووسساز و گرنگ بێت. لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێکدا هەڵبژاردن و پەرلەمان نە گرینگە و نە چارەنووس سازە، جا تازە ئەوەی عێراق مەهزەلەشە. جیاوازی ئەم خوولە لەوەدایە کە هەڵبژاردن بێ ماناتر و ناپەیوەندترە بە ژیانی خەڵکەوە. هاوکات ناوچەکە و جیهانیش لەبەرامبەر ئەگەری جەنگێکی گەورەدایە و ئەوەش خاڵە جیاکەرەوەکەیەتی.
دواتر گرنگ و چارەنووسساز بۆ کێ؟ بەرپرسەکان بازاڕێکی سیاسی بەڕێوەدەبەن و لە ڕێگایەوە خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و دزینی پارووەنانی دەمی خەڵکن بە هێزی میلیشیاکانیان و لەم دوکانۆچکەیەدا دەیانەوێت شەرعیەتی پێبدەن. من تازە پێم وانییە بۆ ئەوانیش چارەنووس سازبێت تا ئەوەی دەگات بە خەڵکی عێراق. ئێمە ناتوانین جیاوازییەکان لەوێوە ببینین کە شێوازی بازنەکان گۆڕاوە لە بازنەی بچووکەوە بۆ نوێنەرایەتی نسبی لەسەر ئاستی عێراق گوایە ڕێگا بۆ ئەحزاب و لایەنی بچووک خۆش دەکات کە بچنە ناو پەرلەمانەوە. یارییەکە بە بەردەوامی لە نێوان کوردو عەرەبی شیعە و سوننە بەڕێوەدەچێت کە لە هەموو خولەکانی تریشدا لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەتنیکی و دینی دەسەڵاتیان دابەشکردووە و هیچ گۆڕانکارییەک لەم مۆزاییەکە سیاسییەی عێراقدا ڕووی نەداوە و بە پەرلەمان ڕوو نادات. هەر بۆیە بەشداریکردنی هەر هێز و کوتلەیەکی بچووک کە دەیەوێت لەم گۆشە نیگایەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات تەنها دەکەوێتە داوی بورژوازی یەوە. ئەوان دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە بەشداری دەنگدانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەیاندا زیاد بکەن و ئەم جگە لە داوێک بۆ ئەم هێزە بچووکانە هیچی تر نییە.
ئەم دابەشکردنە لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز و شەڕی نەبڕاوەی جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان و لایەنەگری ئەم هێزانە بۆیان نەخشێنراوە. وێڕای چوونە دواوەی جەمسەری ئێرانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا و پێکانی لە لایەن جەمسەری ئەمریکی ییەوە، بەڵام هێشتا ئەم هاوسەنگی هێزە لە عێراقدا ڕاگیراوە و ئەمریکا نەیویستووە و لە بەرژەوەندی نەبووە بەرەیەکی تر بەڕووی خۆیدا بکاتەوە. بۆیە مەسەلەی چارەنووس ساز جیگۆڕکێ و ئاڵوگۆڕی هاوسەنگی هێزە لە نێوان هێزە جیهانی و ناوچەییەکاندا، نەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی. پرسیارەکە ئەوەیە کە پەرلەمان لەمڕۆی دنیادا لە کوێ جێگاوڕێگای ماوە و چارەنووس سازە تا لە عێراق چارەنووس ساز بێت. هێزەکانی بورژوازی و سەرمایەداری هەرکاتێک بەدڵیان نەبوو شەقێکی تێ هەڵدەدەن و کلیل و قفڵی لێدەدەن، یان هەڵی دەوەشێننەوە. تا ئەو کاتە چارەنووس سازە بۆیان کە بتوانێت بە گۆشت و خوێنەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان بکات.
بۆپێشەوە: روداوەکانی ئەم دوایەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە، چ کاریگەریەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت؟
کامل احمد: ئەگەر ئێمە بەشێوازێکی پراگماتیکی و ماتریاڵی لە هەر ڕوودا و پێشهاتێک بڕوانین ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە نەک ڕووداوەکانی ئەم دوواییانە، بەڵکو کۆی ڕووداوە مێژووییەکانی تریش لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق کاریگەرییان بووە. هیچ کاتێک ئەوە شاراوە نەبووە کە هێزە سەرەکییەکانی بەناو پرۆسەی سیاسی عێراق هەمیشە ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانیەتییە ناوچەیی و جیهانییەکان بووە بە هەموو میحوەرەکانییەوە: ئەمریکی و چینی، تورکی و ئێرانی و تەنانەت کەنداویش. بۆیە هەر ئاڵوگۆڕێک یان ئەم بەراو بەرو جێگۆڕکێیەک ڕاستەوخۆ کاریگەریی دادەنێت لەسەر پێگە و جێگاو ڕێگای ئەم هێزانە. بۆیەمەهزەلەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناتوانرێت تەنها وەک ڕووداوێکی ناوخۆیی چاوی لێبکرێت، بەڵکو بەشێکە لەو هاوکێشە جیهانی و ناوچەیی یەی کە ناوچەکەی پیادا تێپەڕدەبێت.
ڕووداوەکانی ئەم دواییانە جەنگە. جەنگەکە تا ئێستا لە قازانجی بەرەی شیعە و ئێراندا نەبووە، بەڵام ئەمە دەشێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەهەر کاتێکدا. کاریگەرییەکە ئەوەیە کە ئێستا لە ناوچەکەدا بە ڕواڵەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زاڵن. بە مانایەکی تر واتە ئەگەر هەر ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئەوا ئەو لایەنانەی سەر بەو بەرەیەن کورسی زیاتر دەهێنن، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەمە ڕێکەوتنە، نەک هەڵبژاردن، سەپاندنە بەزۆر نەک ڕۆڵی دەنگدان.
بۆپێشەوە: ریزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی عێراق، بە “سوننەو شیعەو کورد” ەوە، ناتەباو لێکترازاوە… ئەم ناتەبایی و لێکترازانە هیچ رۆڵی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان و هاوسەنگی نیوانیان دەبێت؟
کامل احمد: ناتەبایی و لێکترازانی خانەوادەی بورژوازی عێراق ئەنجامی نەبوونی ئامانجی هاوبەشە. ئێستا چینی بورژوازی هەموو جیهان ئاوهایە لە ئەمریکاوە بگرە تا دەگاتەوە چین، جا هەر وڵاتە بە ئاستێک و بە جۆرێک، بەڵام هەموویان یەک پایەی هەوبەشیان هەیە ئەویش قەیرانێکی هێجگار قووڵی سیستەمی سەرمایەداری یە کە دەربازبوون لێیی بە میکانیزمە باوەکان مەحاڵە. ئەگەر ڕۆڵێکی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان هەبێت هەرئەوەیە کە سەرمایەداری ناچارە ڕاستترین هێزی خۆی بخاتە سەر عەرشی دەسەڵات و ئەوەی پێی دەوترێت چەپ لە جیهاندا تەواو بووە. کە دەڵیم چەپ، هەر یەک چەپ هەیە ئەویش باڵی چەپی بورژوازییە.
بۆپێشەوە: هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستاندا، لە کەشیکدا دەچیتە پێشەوە، کە هیزی چەکداری حزبی، لەشکری بن دیوار، نا سەربەخۆیی دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەری، دەستێوەردانی دەرەکی… ئامادەییان هەیە، ئەوە هیچ رەوایەتیک بۆ هەڵبژاردن بەپێی پێوەری باوی بۆرژوازی بۆ هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی دەهێڵێتەوە؟
کامل احمد: جا هەر ئەو نموونانەی خۆتان لە پرسیارەکەتاندا هێناوتانەتەوە کافییە بۆ ئەوەی بڵێین کە هیچ هەڵبژاردنێك تەنانەت بەپێی پێوەری باوی بورژوازی خۆشی بوونی نییە. هەڵبژاردن بە میلیشیاوە یان بێ میلیشیاکان هەر پووچە. بۆ کۆمۆنیستێک لە هەلومەرجی ئەمڕۆی دونیادا باسی باشتر و خراپتر نییە، بەڵکو باسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەیە کە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمی کردۆتە پایەیەکی خۆی. دیاردە و باڵادەستی میلیشیاکان هەڵبژاردن پووچتر و بێ ناوەرۆک تر دەکات، بەڵام دەبێت ئاگامان لەوەبێت کە میلیشیاکان ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی جیهانیان داگرتووە. میلیشیاکان لە ئەمریکاوە دەبینین تا دەگاتە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و تەنانەت ئەفریقاش. بوون و پێویستی میلیشیاکان بۆ بورژوازیی جیهانی ئەمڕۆ دیاردەیەکە کە لەبرەودایە نەک شازبێت.
بە پێویستی دەزانم لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئێمە ئەم شەق تێ هەڵدانە لە پەرلەمانتاریزم و سیستەمەکەشی لە نێو لانکەی خۆیدا دەبینین لە ئەورپا و خۆرئاوا تا دەگات بە هەموو جیهان. بورژوازی ئەوەندە دەتوانێت تەحەمولی پەرلەمانەکەی خۆشی بکات کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە بگونجێت. ئەم کارەی بۆ نەکات شەقێکی تێهەڵدەدات و تووڕی هەڵدەدات.
بۆپێشەوە: لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە هیچ ئاڵوگۆرێک لە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەتدا دەکرێت رووبدات؟
کامل احمد: بە بڕوای من وەڵامەکە نەرێنییە لەمڕۆی دنیادا. لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا بە هیچ شێوەیەک ئاڵوگۆڕ بە قازانجی کرێکاران و هەژاران نابێت و ناکرێت. سەرمایەداری گەیشتۆتە ئاستێک کە ئیتر ناتوانێت هیچ ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتی پایەداریش بکات. بەشدارانی ڕیزی پەڕلەمان و هەڵبژاردن هەمان هێزی پارێزەری سەرمایەن. ئەوە ڕاستییەکە میژوو دەمێکە پشت سەری ناوە.
ئەگەر لە سەردەمانێکدا بورژوازی ئامادەبوو بۆ جێگیرکردنی خۆی و دەسەڵاتەکانی و بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بەشێک لەو قازانجەی بداتەوە بە خەڵک و بتوانێت خۆڵ بکاتە چاویان لە ڕێگای خستنی دەنگەکانیانەوە بۆ ناو سندوقێک و ڕادەستکردنی چارەنووسیان بۆ دەستی خۆی تا چوار ساڵ، ئەوە ئەمڕۆ پێویستی بەم کارە نییە. هەر ئێستا ئێمە لە تەواوی جیهاندا و لە پێشکەوتووترین وڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهاندا کە هێشتا کەمێک مافی ئابووری و جۆرێک لە بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان ماون، ڕۆژانە لەژێر هێرشی بەردەوامدان و دەسەندرێنەوە. ئەوەمان لەبیرنەچێت هیچ کاتێک پەرلەمان نەیتوانیوە وەڵامگۆی دەستەبەرکردنی دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بێت لە دەسەڵاتدا و هیچ کاتێکیش ئیدیعای ئەوەی نەبووە کە جیاوازی چینایەتی لە ناودەبات و هەمیشە بە شوێن کەمترین چاکسازییەوە بووە لە بونیادی سیستەمەکەدا ئەویش وەک وتم بەپێی قۆناغە مێژووییەکانی پێویستی کەڵەکەی سەرمایە. لە دیدگای مارکسەوە هیچ کاتێک پەرلەمان وەک وەسیلەیەکی شۆڕشگێڕانە چاوی لێنەکراوە، بەڵکو وەک وەسیلەی هیشتنەوەی حاڵەتی مەوجود بووە. مارکس لە ڕەخنە لە فەلسەفەی حەق لە لای هیگڵ دەڵێت پەڕلەمان خەڵک وەک تەماشاچییەک لەسەر شانۆی سیاسی دەهێڵێتەوە، نەوەک بەشداریکەر تیایدا.
لە کاتێکدا سەرمایە ئەوەندە هاربووە کە خەریکە سەری خۆی دەخوات و بووە بە هەڕەشە لەسەر تەوای بەشەرییەت، ئەو هەڵبژاردن و پڕۆسانەش ئەو دەیبات بەڕێوە، چۆن دەتوانێت ئاڵوگۆڕ لە ژیان و دۆخی کریكاران و خەڵکی برسی دا بکات؟!. بۆ ئەوەی ژیان و گوازەرانیان باشتربێت، دەبێت گۆڕهەڵکەنەکانی سەرمایە لە ڕێگای شۆڕشی کۆمۆنیستی خۆیانەوە دوا بزمار لە تابووتەکەی بدەن و کۆتایی پێبهێنن ئەگەر نا نابووتی چاوەڕێی بەشەرییەت دەکات.
بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، چ ئاڵوگۆرێک لە پەیوەندی بەغداو هەرێمدا پێک دەهێنێت؟
کامل احمد: بە بڕوای من پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەرێم هیچ کاتێک پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکان و ژمارەی کورسیەکانیشەوە نەبووە تا ئەم جارە هەیبێت. بۆیە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی هەرچییەک بێت کاریگەری نییە بەسەر ئەو پەیوەندییەوە. ئەو پەیوەندییە، ئاستێک لە هێز هاوسەنگی دیاریکردووە کە ئەمریکا سەرپەرشتی کردووە و دەیکات. تا ئەو هاوکێشە و هاوسەنگییە بمێنێت ئەو پەیوەندییەش دەمێنێت، بە پێچەوانەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. لە ڕاستیدا ئاڵوگۆڕەکان لەم پەیوەندییەدا هەڵبژاردن و پەرلەمان نایهێننە ئاراوە، بەڵکو خودی یەکلاکردنەوەی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ئەمە یەکلادەکاتەوە.
بۆپێشەوە: ئایا سیاسەتی بایکۆت و بەشداری نەکردنی چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە هەڵبژاردنەکاندا تا چەندە سیاسەتێکی دروست و گونجاوە؟ ئایا ناکرێت چەپ و کۆمۆنیستەکان کەڵک لە کایەی هەڵبژاردنەکان وەربگرن و هەڵبژاردن بکەنە مەیدانێکی جەنگ لەگەڵ بۆرژوازی و هێزە سیاسیەکانیان؟
کامل احمد: لە ڕاستیدا ئەم پرسیارە ڕی لێ ونکەرە. چەپ زۆر گشتگیرە و ناتوانێت خاڵ بخاتە سەرپیت. چەپ بورژوازییە و ئارەزووی خۆیانە بەشداردەبن یان نا. پشتڕاستی دەکەمەوە و دەڵێم کە کە ئێمە چەپی نا بورژوازیمان نییە. بەڵام من وەک کۆمۆنیستێک پێم وایە زۆر دەمێکە ئەوە بەسەرچووە کە کۆمۆنیستەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. بیرمان نەچێت هەڵبژاردن پایەیەکی سیستەمی سەرمایەدارییە و بەشداریکردنی کۆمۆنیستەکان تیایدا بەمانای بەهێزکردنی سیستەمەکەیە و ئەمەش لەگەڵ پرەنسیپی کۆمۆنیستیدا ناگونجێت. بەشداریکردن بە مانای فریودانی خەڵکە، بە تایبەتی کرێکاران و هەژاران، بە سیاسەتێک کە لە پێشەوە ئەنجامەکانی ڕۆشنە. بەشداریکردن لەم مەهزەلەیەدا یانی دانانی لەمپەر لەبەردەم خەبات و یەکڕیزی پڕۆلیتاریا لە عێراق دا و جوانکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمی هاری سەرمایەدارییە.
بۆپێشەوە: چینی کریکار و خەڵکی کەم دەرامەت، دەبێ چۆن مامەڵەی هەڵبژاردنەکان بکەن… بەشداری بکەن یان بایکۆت و ڕێگای تر بگرنە بەر؟
کامی ئەحمەد: مارکس وتەنی ئەمە چ گاڵتەجاڕییەکە کە هەر چوار پێنج ساڵێک جارێک ڕێگا بە کرێکاران بدرێت کە بڕیاربدەن چ ئەندامێکی چینی باڵادەست بیان چەوسێنێتەوە بە ناوی پەرلەمانەوە. بورژوازی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە باوەڕ بە جەماوەر بێنێت کە ئازادن لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی ڕەها لە دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە. باسەکە لەسەر بایکۆتکردن یان بەشداریکردن نییە تا دەگات بەوەی ئەگەر بەشداریت کرد چی بەدەست دەهێنێت؟! وەک لەسەریشەوە ئاماژەم پێدا ئەو سەردەمە بەسەرچووە کە هەڵبژاردن و بەشداریکردن لە پەرلەماندا کۆمەکێک بە خەباتی سەرشەقامی چینی کرێکار بکات یان پێوسیتت بەوە بێت لە ناو پەرلەمان خۆیەوە پەردە لەسەر سیستەمەکە هەڵماڵیت. هیچ کات وەک ئەمڕۆ سەرمایەداری و سیستەمەکەی بێ پەردە نەبووە و هەموو ئەو ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانانەی چینی کرێکاری جیهانیش باشترین بەڵگەیە بۆ ڕووتبوونەوەی تەواوی سیستەمی سەرمایەداری و لاچوونی هەموو ڕووپۆشەکانی، بۆیە کارێک لەم نێوەدا نییە کە بکرێت.
بۆیە هەروەک لە وەڵامی پرسیاری پێشووشدا ئاماژەم پێدا، باسی من ئەوەیە کە سیاسەتی دوو فاقەی بایکۆت و هاوبەشیکردن لە هەڵبژاردندا هی کۆمۆنیستەکان نییە، چونکە دوو بژاردە بوونی نییە بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئەمڕۆی جیهاندا. کۆمۆنیستەکان پێویستە خەریکی کار و پراکتیکی کۆمۆنیستانەی خۆیان بن.
پرۆلیتاریا و خەڵکی برسی هیچ ڕێگایەک و بژاردەیەکی تریان لەبەردەستدا نییە جگە لە کۆتایییهێنان بە دەسەڵاتی سەرمایە و ئەمەش کاتێک دێتە بەرەوە کە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە و واقیعی بێتە بەرەوە و ئاکتی کەسیش نییە پڕۆلیتارتا خۆی نەبیت. کۆمۆنیستەکان ئەوەیان لەسەرە کە لەم ڕێگایەدا ڕێنیشاندەری پڕۆلیتاریا بن بۆ ئەوەی جارێکی تر بە ئەڵتەرناتیڤی بورژوازییەوە سەرقاڵ نەبێت و ڕێنیشاندەری هەڵپێکانی نیزامەکە بن تا پینەکردنی. بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی پرۆلیتاریا و سەرمایەداری یەک نییە تا لە هۆڵێکدا دابنیشن و لەسەری ڕێکبکەون. کرێکاران تەنها کاتێک ڕزگاریان دەبێت کە خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست و کۆمەڵگە بەڕیوەببەن و خۆیان یاسا دانەر و جێبەجێکاریشی بن. ئەمەش یانی کۆمۆنیزم و هەر ئێستاش، نەک قۆناغ بەندیکردنی.