سەندیکا چییە؟… بەشی یەکەم
سەندیکا لە بنەڕەتدا ڕێکخراوێکی کرێکارییە کە دوای شکستی ڕاپەڕینە تاکەکەسییەکانی کرێکاران، دوای سەردەمی شکاندنی ئامێرەکان و دوای ئەوەی مارکس بە “پێکهاتە لاوەکییەکان کە هیچ ئامانجێکیان جگە لە مانگرتنی کاتی نەبوو” ناوی دەبرد، دروستبوون. ئەوان نیشانەی گەشەیەکی دیاریکراو بوون لە هۆشیاریی چینی کرێکاردا، کە تێیدا کرێکار دوژمنی خۆی نەک لە ئامێرەکەدا، بەڵکو لە خاوەنکار یان سەرمایەداردا دەبینی و بە گرنگی یەکێتی دەگەیشت. بینیمان کە دروستبوونی سەندیکا هاوکات بوو لەگەڵ گەشەکردن و زاڵبوونی بەرهەمهێنانی کارگە (واتە پووکانەوە یان بەلایەنی کەمەوە پاشەکشێی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و وەرشەیی (مانۆفاکتۆری)). لە بەرهەمهێنانی کارگەییدا پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان بە شێوەیەکی پەرەسەندوو، ڕووت و ڕوون دەردەکەون، لێرەدایە کە کۆمەڵێک ئامێری بەرهەمهێنان کە لە دەستی یەک کەس یان ژمارەیەکی کەم لە کەسەکانە لەلایەک، و کۆمەڵێک بەرهەمهێنەری بێ ئامێری بەرهەمهێنان کە خاوەنی هیچ شتێک نین جگە لە هێزی کاری خۆیان لەلایەکی تر، بە شێوەیەکی ڕوونتر بەرامبەر یەکتر دەوەستنەوە و پڕۆسەی بەرهەمهێنان کە هەمان پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەهای زیادە یان قۆرخکردنی کار لەلایەن سەرمایەوەیە، ڕوودەدات.
کۆمەڵێک کرێکار کە بێ ئامێری بەرهەمهێنانن و لە کارگەدا کۆبوونەتەوە، کە کۆبوونەوەیەکی ڕێکەوتە، هەر یەکێک لەم کرێکارانە لە گۆشەیەکەوە هاتوون و خاوەنکار لەگەڵیان وەک تاک مامەڵە دەکات، نەک وەک کۆمەڵ، چونکە لەم جۆرە مامەڵەیەدا پێگەیەکی بەهێزتری دەبێت. خاوەنکار هەوڵدەدات کێبڕکێ لەنێوان کرێکاراندا دروست بکات یان سوود لە کێبڕکێی نێوانیان وەربگرێت؛ گرێبەستی جیاواز لەگەڵ هەر کرێکارێک ببەستێت و هتد. لەم بارودۆخەدا وەڵام یان بەرخۆدانی کرێکاران بە شێوەی سەندیکا دەردەکەوێت. واتە سەندیکا وەک فاکتەرێک دەردەکەوێت کە کێبڕکێ و خەباتی کرێکاران لەگەڵ یەکتردا ڕەتدەکاتەوە و ئەم خەبات و کێبڕکێیە دژی خاوەنکار ڕێکدەخات و چڕی دەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پڕۆسەی توندکردنەوەی قۆرخکارییە (بەهۆی گەشەکردنی بەرهەمهێنەری کار، قۆرخکردنی کاری ژنان و منداڵان کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گشتی ئاستی کرێ، درێژکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاری ڕۆژانە بە شێوە و بیانووی جیاواز، کەمکردنەوەی ڕەهای کرێ بەتایبەتی لە بارودۆخی قەیران و بێکاریدا، سوود وەرگرتنی دڕندانە لە کاری هەرزانی کرێکارانی وڵاتە دواکەوتووەکان یان دانیشتوانی کرێکارانی کۆچبەر یان کرێکارانی “نایاسایی” کە ناچار دەکرێن کاری ڕەش بکەن، گەڕانەوەی دووبارە بۆ وەرشە خێزانییەکان لە وڵاتە پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکان و هتد) و ئەمەش بەرخۆدانی کرێکاران بەرامبەر خراپتربوونی زیاتری بارودۆخیان و بەرگری لە ئاستی کرێ و بارودۆخی گونجاوی کار و هتد هاندەدات و سەندیکا ئەم بەرخۆدان و بەرگرییە بە پلەی جیاواز دەگرێتە ئەستۆ یان دەتوانێت بیگرێتە ئەستۆ.
بەڵام کارکردی سەندیکا بەمە سنووردار نابێت، چونکە خەباتی چینی کرێکار تەنیا لایەنی بەرگری و خۆڕاگری نییە، بەڵکو هێرشبەرانەشە و دەشبێت وا بێت. بەم شێوەیە سەندیکا کە لێدانی دڵی لەگەڵ لێدانی بزووتنەوەی کرێکاری و دۆخی دەروونی کرێکاران هاوئاهەنگە (مەبەستمان ئەو سەندیکایانەیە کە خودی کرێکاران دروستیان کردووە) لە ئاستی بەرگری و خۆڕاگری‌دا ناوەستێت، لە ئاستی داواکارییە خێرا و ڕاستەوخۆکاندا نامێنێتەوە (لەگەڵ ئەوەی کە خەبات بۆ ئەم داواکارییانە هەرگیز پشتگوێ ناخات)، و بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی گەشەی بزووتنەوە و هاوسەنگی هێزەکان دەچێتە ناو خەباتی هێرشبەرانە و ئەم خەباتی هێرشبەرانەیە دەتوانێت و دەبێت تا ئاستی بەرزترین قۆناغ و شێوەکانی خەباتی چینی کرێکار فراوان و بەرز بێتەوە. ئەو ڕەوتانەی کە مەیلیان هەیە سەندیکا و خەباتە سەندیکاییەکانی چینی کرێکار لە بازنەی سنوورداری خەباتە ئابوورییەکان و لەوەش خراپتر لە بازنەی “خەباتە پیشەییەکان”دا سنووردار بکەن، بە ویست یان بێ ویست لە بەردەم گەشەکردنی خەباتی کرێکاراندا لەمپەر دروست دەکەن، ئامانجەکانی سەندیکا دادەبەزێنن و زیان بە کاریگەری و تیژییەکەی دەگەیەنن. مەیلی ڕاستڕەوی لە بزووتنەوەی کرێکاریدا و هەندێک لە مەیلی “چەپ” سەندیکا بە ڕێکخراوێکی پیشەیی کرێکاران بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری ئەندامانی سەندیکا و لە باشترین حاڵەتدا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی پیشەیەک دەزانن. پێناسه‌ی سه‌ندیکا له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه وه‌ک ڕێکخراوێکی پیشه‌یی کارمه‌ندانی یه‌ک پیشه یان سنفێک په‌یوه‌ندی به قۆناغی پێش سه‌ندیکای مۆدێرن یان سه‌ره‌تای قۆناغی پێکهێنانی سه‌ندیکاوه هه‌یه. ئه‌و قۆناغه‌ی که به‌رهه‌مهێنانی کارگه‌یی زۆر گه‌شه‌ی نه‌کردبوو و له زۆر حاڵه‌تدا ڕیزه‌کانی کرێکاران و پیشه‌وه‌ران تێکه‌ڵ ببوون. به گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رهه‌مهێنانی کارگه‌یی، له‌ناوچوون یان تێکه‌ڵبوونی زۆرێک له پیشه‌کان له پیشه‌سازییه گه‌وره‌کاندا (له‌ناوچوون یان لاوازبوونی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌یی و مانۆفاکتۆر [کارگه‌یی] له به‌رژه‌وه‌ندی کارگه‌دا)، ته‌نانه‌ت تێکه‌ڵبوونی پیشه‌سازییه‌کان له یه‌کتردا (بۆ نموونه، تێکه‌ڵبوونی ڕستن و چنین که له یه‌کتری جیا بوون، یان پیشه‌سازییه‌کانی وه‌ک پترۆکیمیا یان ئۆتۆمبێلسازی که زۆرێک له پیشه‌کان له‌خۆیاندا کۆده‌که‌نه‌وه، یان دروستبوونی تره‌ست و کۆنسێرنه‌کان که یه‌ک یان چه‌ند ڕشتێکی پیشه‌سازی به شێوه‌یه‌کی ئۆرگانیک پێکه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و هتد) و له هه‌مان کاتدا جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی کرێکارانی مووچه‌خۆر له پیشه‌وه‌ران و پیشه‌سازه بچووکه‌کان، هه‌روه‌ها جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی کرێکارانی کشتوکاڵ له جووتیارانی خاوه‌ن زه‌ویی بچووک به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی خه‌باتی چینایه‌تییه‌وه، چه‌مکی، شێوه و پێناسه‌ی سه‌ندیکا ده‌بوو بگۆڕدرێت و گۆڕدرا.
پێشڕەوانانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌ندیکایان وه‌ک ڕێکخراوی کرێکارانی مووچه‌خۆر له پیشه‌سازییه‌ک یان بواری خزمه‌تگوزارییه‌کدا (نه‌ک پیشه‌یه‌ک یان سنفێک) پێناسه ده‌کرد، و کۆمینتێرنیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی سه‌ندیکای خسته‌ڕوو. ده‌بێت سه‌رنج بده‌ین که مه‌به‌ست له پیشه‌سازی لێره‌دا پیشه‌سازی گه‌وره‌ی مۆدێرن و به گشتی دامه‌زراوه گه‌وره‌کانی به‌رهه‌مهێنان، خزمه‌تگوزاری و کشتوکاڵه (چ قازانجبه‌خش بن یان “ناقازانجبه‌خش”) که کرێکارانی (ده‌ستی یان فیکری) مووچه‌خۆریان دامه‌زراندووه. یه‌که‌ی سه‌ره‌کی سه‌ندیکا له‌م دیدگایه‌دا کارگه یان وۆرک شۆپه له ڕشته‌یه‌کی پیشه‌سازی یان یه‌که‌یه‌کی هاوشێوه له ڕشته خزمه‌تگوزارییه‌کاندا، که له په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ سه‌ندیکا سه‌ره‌تاییه‌کانی دیکه له هه‌مان پیشه‌سازی یان ڕشته‌ی خزمه‌تگوزاری له ناوچه جیاوازه‌کاندا، سه‌ندیکای سه‌راسه‌ری کرێکارانی ئه‌و پیشه‌سازی یان ڕشته‌ی خزمه‌تگوزارییه (یان فیدراسیۆنی سه‌ندیکاکانی ئه‌و پیشه‌سازی یان ڕشته‌ی خزمه‌تگوزارییه) پێکده‌هێنن. به هه‌مان شێوه له یه‌کگرتنی فیدراسیۆنه جیاوازه‌کاندا کۆنفیدراسیۆنی سه‌ندیکاکانی کرێکارانی مووچه‌خۆر (له پیشه‌سازی، کشتوکاڵ و خزمه‌تگوزارییه‌کان) ده‌توانێت دروست بێت. ساختاری سه‌ندیکای کرێکارانی کۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی شاره‌کان، هه‌مان ساختاری سه‌ندیکای پیشه‌سازییه (نه‌ک سه‌نفی یان پیشه‌یی) که له سه‌ره‌وه باسمان کرد، له ڕاستیدا یه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کییه له سه‌ندیکای سه‌راسه‌ری کرێکارانی پیشه‌سازی گواستنه‌وه‌ی شاره‌کان که ده‌توانێت دروست بێت. مه‌به‌ستی ئێمه له “پیشه‌سازی” ئه‌و شێوه ڕێکخستنی کاره‌یه که پیشه و پسپۆڕییه جۆراوجۆره‌کان بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مێک یان خزمه‌تێکی دیاریکراو پێکه‌وه تێکه‌ڵ ده‌کات.
سەندیکای کرێکارانی شۆفێری پاس تەنها شۆفێرانی تێدا نییە، بەڵکو “میکانیک، کرێکارانی کۆنترۆڵی هێڵەکان و کرێکارانی ئۆفیس و کارمەندانی پلە نزم (پلەی ١٣ و خوارتر) و کرێکارانی خزمەتگوزاری”یش دەگرێتەوە (پەیرەوی ناوخۆی سەندیکای کرێکارانی شۆفێری پاس). ئەم مامەڵەیە، کە یەکێتیی کرێکارانی پسپۆڕی و پیشەی جیاواز لە یەک پیشەسازیدا بەهێز دەکات، وادەکات کرێکاران بە تێپەڕبوونی کات بەسەر دیدگا تەسکە پیشەییەکانیاندا زاڵ بن و بیر لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆیان و هاوپیشەکانیان لە پیشە و پسپۆڕییە جیاوازەکاندا بکەنەوە، وەک کرێکارانێک کە بە دیلی کرێ دەژین، یان لانیکەم ئامادەیی ئەوەیان هەبێت کە بیر لەو جۆرە بیرکردنەوەیەک بکەنەوە. خاڵێکی گرنگی دیکە سەبارەت بە سەندیکای کرێکارانی شۆفێری پاس ئەوەیە کە جەخت لەسەر کرێکاربوونی خۆی دەکاتەوە، سەندیکای “کارمەندان” نییە (بەو مانایەی کە کادر و ناکادرەکان، فەرماندە و فەرمانبەرەکان پێکەوە بگرێتەوە). ئەم بەندەی پەیرەوی ناوخۆی سەندیکای کرێکارانی شۆفێری پاس، ڕیزی کرێکاران لەو کەسانە جیا دەکاتەوە کە فەرماندەیی کرێکاران دەکەن، چاودێری پۆلیسییان بەسەرەوە هەیە و ئەرکیان زیادکردنی کار و چەوساندنەوەی کرێکارانە، یان خاوەنی کارەکانی ڕەمزی و ڕیکلامین بە داهاتی زۆر لەسەر حسابی کەسانی دیکە، و مافی ئەوەیشی هەیە کە جیایان بکاتەوە، وەک فەروخی یەزدی دەڵێت: ئەم دوو ڕیزە دەبێت بە تەواوی لە یەک جیا بکرێنەوە! کرێکارانی شۆفێری پاس لەسەر بنەمای ئەزموونی خۆیان و ڕەنگە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی کرێکارانی وڵاتانی دیکە، گەیشتوونەتە ئەم شێوازە پێشکەوتووە کە دەبێت پیرۆزباییان لێ بکرێت.
سەندیکای کرێکارانی شۆفێری پاس لە ڕووی پێکهاتەی نوێ و شێوازی مامەڵەکردن لە پێکهاتەی سەندیکاکەیدا پێشکەوتووە، بەڵام لە ڕووی ئامانجەکان و داڕشتنیانەوە – وەک لە بەشی ئامانجەکانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان ئاماژەمان پێدا – سنووردارە و فراوانبوونی دیدگاکەی لە بواری ئامانجەکاندا لە ئاستی فراوانبوونی دیدگای ڕێکخراوەییەکەیدا نییە. دەکرێت و پێویستە پێکهاتەی سەندیکای پیشەسازی بۆ پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە وەک پیشەسازییەکانی توانەوە و دەرهێنانی کانزا، نەوت و پترۆکیمیایی، ئامێر سازی، پیشەسازی قوماش، پێڵاو و پۆشاک، پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک، دروستکردنی خواردنەوە و تووتن، پیشەسازی بیناسازی، کانزا‌کان، کارەبا و ئەلیکترۆنی، گەیاندن، پۆست، گواستنەوەی شار و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، پەروەردە و توێژینەوە، خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە و تەندروستی، خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، پیشەسازی بڵاوکردنەوە و چاپ، پیشەسازی پاکەتکردن، یەکە گەورەکانی کشتوکاڵ، ڕاوکردن، ئاژەڵداری و دارستان، بانکەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و هتد پەرەی پێبدرێت. دەبێت سەرنج بدرێت کە ڕێکخراوی سەندیکایی بەپێی پیشەسازی (بەو پێناسەیەی کە لەسەرەوە درا) کرێکارانی سەرقاڵ لە یەکە بچووکەکان یان پیشەییەکان پشتگوێ ناخات، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم دەرفەتە دروست دەکات کە کرێکارانی بەکرێگیراوی دامەزراوە مامناوەند و بچووکەکان یان پیشەییەکان یان ڕێکخراوەکانیان پەیوەندی بە فیدراسیۆنەکانی پیشەسازییەکانی خۆیانەوە بکەن و لە خەباتەکانیاندا خاوەنی هێز و قورسایی زیاتر بن.
وەرگێڕانی لە فارسییەوە:
توانا محەمەد نوری
درێژەی هەیە