دیداری دوو ئیمپراتۆری میلیتاریست و شەڕخواز لە ئالاسکا!… نووسینی: ناسر بابامیری
دوای ھەفتەیەک لە پڕوپاگەندە و ڕاوێژ، ڕۆژی ھەینی ١٥ی ئابی ٢٠٢٥، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و ھاوتا ڕووسییەکەی، ڤلادیمیر پوتین، لە ئالاسکا لەژوورە داخراوەکاندا دیداریان کرد. دیدارێک کە بڕیارە پێداویستییەکانی دانوستان لەسەر “ئاشتی بەردەوام و گەرەنتیی ئاسایش” لە ئۆکرانیا دابین بکات. ھەرچەندە ھێشتا وردەکارییەکانی گفتوگۆکانی دیداری پوتین و ترەمپ لە ئالاسکا بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ھەردوولا ڕواڵەتییانە ڕەزامەندییان لەسەر دیدارەکە دەربڕیوە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسی:
“ڕۆژێکی نایاب و زۆر سەرکەوتوو لە ئالاسکا! دیدار لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، زۆر باش بەڕێوەچوو. ھەروەھا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی درەنگانی شەو لەگەڵ زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ڕابەرانی ئەورووپا، لەوانەش سکرتێری گشتی ناتۆ، ئەرێنی بوو.” ئەو ھەروەھا وتی: “پوتین ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕەکە لە ئاگربەستێکی کاتی پێ باشترە و ئێمە بڕیارمان داوە کۆتایی بە شەڕ بھێنین، نەک تەنیا بە ئاگربەستێکی سادە ڕازی بین.” ترەمپ لە درێژەدا بەلەحنێکی خۆپەرستانەوە وتی: “باشترین ڕێگە بۆ کۆتاییھێنان بە ململانێیەکی ترسناک، گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام؛ نەک ئاگربەستێک کە زۆرجار پێشێل دەکرێت.”
ستراتیژیستەکانی ئەمریکاش لە دوو باڵی سەرەکی پێک ھاتوون:
باڵێک کە دیموکراتەکان و سەرۆکی ھەڵبژێردراو و حکوومەت وەک جێبەجێکارانی ژێر فەرمان پاڵ پێوە دەنێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و بە دروشمی “شەڕ، شەڕ تا سەرکەوتن!” لە ھەوڵدایە تا ڕۆحێکی نوێ بەبەر جەستەی بێگیانی ستراتیژیی ھەژموونخوازیی ئەمریکا و ھەم پڕۆژەی “سیستەمی نوێی جیھانیی” دوای شەڕی سارددا بکات. ستراتیژییەک کە لە کەنداوی یەک و دوودا بە شکست و ناکامی کەشتییەکەی لە قوڕدا چەقی.
باڵی دووەمی ستراتیژیستە ئەمریکییەکان، کۆمارییەکان و سەرۆکی ھەڵبژێردراو و حکوومەتەکەی لە ژێر فەرماندایە تا ئەویش بە شێوازی خۆی ستراتیژیی شەڕ بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا بۆ سەپاندنی ھەژموونی ئابووری، قۆرخکاریی سەرمایە بەسەر جیھاندا پێش بخات. ڕوانگەیەک کە لە غیابی زۆرداریی باڵی سەربازیی ناتۆ و ھاوبەشە دێرینە ڕۆژئاواییەکان و بە ھاوکاری لەگەڵ کەمپی ڕووسیا و پاشکۆکانیدا بتوانن تا ڕادەیەک باری شکستە قورسەکان لەسەر شانی ئەمریکا لاببەن و ئاسۆیەکی کەمتێچووتر بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان بدۆزنەوە.
ڕوانگەی نوێی ئەم بەشە لە دەستەی دەسەڵاتداری ئەمریکا، ھەرچەندە دووڕووییانە، بە گەڕاندنەوەی پوتین و حکوومەتەکەی بۆ گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە قەڵەم دەدرێت؛ بەڵام ئەمە ھیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە نزیکبوونەوەی حکومەتی ترەمپ لە کەمپی ڕووسیا و بەتایبەتی ئاشتەوایی لەگەڵ پوتین لە بنەڕەتدا ڕەگ و ڕیشەی لە دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەردەمی ھەڵکشانی قۆرخکاریی سەرمایە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە ئەو کەلێنەی کە لە نێوان ئەوان و ئەمریکادا دروست بووە و ناکارامەیی ناتۆ وەک باڵی سەپاندنی زۆرداری سەربازی ھەیە. ئەم باڵە لە ستراتیژیستە ڕۆژئاواییەکان لەم بنەمایە تێگەیشتوون کە کەمپی ڕووسیا، چین، ھیندستان و ھاوبەشەکانی تریان ناتوانرێت بە شێوازی ساڵانی سەرەتای دوای شەڕی سارد تێپەڕێنرێن.
سیاسەتوانانی ئەمریکا ئەگەر لەم گۆڕینی ڕوانگەیەدا سەرکەوتوو بن و ڕووسیا لە خۆیان نزیک بکەنەوە، دوور نییە بەشێک لە ھاوبەشە دێرینەکانیان لە ئەورووپا لە خۆیان دوور دەخەنەوە، و لە بەرامبەردا ڕکابەرێک یان ڕکابەرانێک لە بلۆکی ئاسیایی لە خۆیان نزیک کردبێتەوە. تا ئەو جێگایەی کە ئەم “دانوستان و ئاشتییە” بە پێشنیازی ترەمپ، سەرۆکی ئێستا، بە ھەر پلەیەک کۆسپ و سنووردارکردنە ئابووری و داراییەکان و دابینکردنی سەرچاوە و یەدەگەکان لەسەر ڕێگای ڕووسیا لابدات، نیشاندەری ئەوەیە کە ڕووسیا بە نرخی ئەو تاوانەی کە ھەردوو لا لەم شەڕھەڵگیرساندنەدا دروستیان کردووە کارتی براوە لە دەستی پوتیندایە؛ بەتایبەتی کە بە بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی کە داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیایە گەیشتووە و ھەم سزاکانی ئابووری و دارایی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ھاوبەشەکانییەوە لەسەر شانی خۆی لابردووە و کەلێنی نێوان دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانی قووڵتر کردووەتەوە.
حکوومەتی پوتین لەم بنەما گرنگە ئاگادارە کە ئەمریکا لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ئەم ڕوانگەیەدا، ھێشتا ئەو بەشە لە ھاوپەیمانە دێرینەکانی خۆی لە ئەورووپای لە مشتدایە؛ وڵاتانێک کە لە بێئاسۆیی سیاسی و قەیرانی قووڵی ئابووریدا دەژین و درێژەدان بە شەڕ لە ئۆکرانیا، چ جای بەدەستھێنانەوەی پێگەی پێشوویان لە یەکێتیی ئەورووپادا، بۆیان دژوار دەبێت. سزاکانی ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا نەک ھەر ئەوی بەچۆکدا نەھێنا، بەڵکو کرێملین توانی بە چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی چینی کرێکار، کەڵک وەرگرتن لە بازاڕی چەک و ھاوپەیمانییەکانی وەک بریکس و شانگھای، بەشێکی زۆر لە فشارەکان قەرەبوو بکاتەوە.
ئەم ڕاستییە نیشان دەدات پوتین نەک ھەر لە بواری سەربازیدا، بەڵکو لە تێپەڕاندنی گەمارۆی ئابووریی ڕۆژئاوایشدا سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە و سەرەڕای ئەوە توانیویەتی لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەرزترین داھاتی سەرتاسەریی بەرھەمی ناوخۆیی لە کیشوەری ئەورووپا بەدەست بھێنێت. بانکی جیھانی ئەم ڕێژەی داھاتی ساڵانەی بە ١٤٬٢٥٠ دۆلار خەمڵاندووە. بەرھەمی ناوخۆیی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە ٣.٦٪ بووە بۆ ١١.٢٪ لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرز بووەتەوە و گەشەی ئابووریی سەرووی ٨.٧٪ لە کەرتەکانی دارایی و ٦.٨٪ لە کەرتی بازرگانی و ٦.٦٪ لە کەرتی بیناسازیشی لەگەڵ بووە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ئەم پلەیە لە گەشەی خێرای ئابووری نیشاندەری ئەوەیە کە حکوومەتی پوتین تەنیا لە بواری سەربازیدا دەوڵەتانی ڕۆژئاوای لە ئۆکرانیا تووشی شکست نەکردووە، بەڵکو توانیویەتی گەمارۆی ئابووریی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتیی ئەمریکاش تا ڕادەیەکی زۆر تێپەڕێنێت.
ئەوەی ترەمپ لە خۆپەرستییەوە خۆی بە “پەیامبەری ئاشتی” و “گەورەترین ئیمپراتۆری جیھان” دادەنێت، ھیچ لە شکستە شەرمەزارییەکەی ستراتیژیی میلیتاریستیی کۆنەپەرستانەی حکوومەتی ئەمریکا و ھاوبەشەکانی لە شەڕی ئۆکرانیادا کەم ناکاتەوە.
دەستەی دەسەڵاتداری ئەمریکا بۆ چوون بەرەو ئەم گۆڕینی ڕوانگەیە و بەدەستھێنانەوەی ھەژموون، ترەمپی فاشیست و دژەژنی وەک جێبەجێکاری ئەم “ڕوانگە نوێیە” لە شێوەی سەرۆکی ئەمریکا فڕێ دایە ناو گۆڕەپانەکەوە. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی بە ھیچ پرەنسیپێکی مرۆییەوە پابەند نابینێت و بە شێوەیەکی سەیر شەیدای ئەوەیە کە وەک تەنیا “ئیمپراتۆری جیھان” بناسرێت، لەم چەند مانگەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ھەوڵەکانی بۆ دانوستان لەگەڵ پوتین پێشکەوتنی نەبوو. ترەمپ و تیمەکەی لە دیداری چەند ڕۆژی پێشوویان لە ئالاسکادا بەدوای ئەوەدان کە ھەوڵی پێشوویان بۆ دانوستان لەسەر “ئاشتیی بەردەوام” لە ئۆکرانیا بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەورووپا و ناتۆ بە ئەنجام بگەیەنن.
ترەمپ لە ھەوڵدایە کە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتێکی تر لەئەوسەری جیھان، کە ئەویش تینووی ئیمپراتۆرییەتی بەھێزە، ئامادەیە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا سازش بکات و سیمایەکی “ئاشتیخواز” لە خۆی بە جیھان نیشان بدات و لە ھەمان کاتدا ھەریەکەیان لە ئۆکرانیا پشکێک ببەن.
ڕۆژئاوا و لە سەرووی ھەموویانەوە ئەمریکا دەیان ساڵ پێش ڕووخانی «یەکێتیی سۆڤیەت» و «سەربەخۆیی ئۆکرانیا» لە ساڵی ١٩٩١ چاویان بڕیبووە ئەم وڵاتە گەورەیەی ئەورووپای ڕۆژھەڵات کە سەرچاوە و یەدەگی زەبەلاحی ھەیە. ئەم سەربەخۆییە زۆری نەخایاند و کەوتە بەر دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاوا و باڵە سەربازییەکەی ناتۆ ھەر لە سەرەتاکانی دەیەی نەوەدەکانەوە. بەدوای ئەوەدا زەمینەکانی شەڕی ناوخۆ لە ئۆکرانیا کە ڕۆژئاوایش بەدوایدا دەگەڕا، بەتایبەتی لە ناوچەی کریمیا و دۆنباس کە زیاتر “ڕووسینەژاد” بوون، شێوەی گرت. ئەم شەڕانە درێژەیان کێشا تا کاتێک لە ٢٠١٣دا، دوای ھەڵپەساردنی ڕێککەوتننامەی «کۆمەڵەی یەکێتیی ئۆکرانی-ئەورووپی» لەلایەن یانوکۆڤیچ و مەیلی ئەو بۆ پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ڕووسیا، ناڕەزایەتییەکانی “یۆرۆمەیدان” پەرەی سەند. و لە کۆتاییدا لە ٢٠١٤ بە دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە کردەوەیەکی کودەتایانەدا یانوکۆڤیچ لە دەسەڵات لابرا و حکوومەتی نوێی «ئەلێکساندەر تورچینۆڤ» لەژێر پشتیوانیی ڕۆژئاوا دانرا. ئەم ڕووداوانە زەمینەسازییان بۆ یاخیبوون لە کریمیا و ناوچەی دۆنباس و دەستێوەردانی سەربازیی حکوومەتی کرێملین کرد و بەدوایدا لکاندنی کریمیا بە خاکی ڕووسیا و شەڕ لە دۆنباسی لێکەوتەوە؛ شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ جوداخوازانی ژێر پشتیوانیی ڕووسیا کە لە نیسانی ٢٠١٤ەوە تا ھێرشی ڕووسیا لە شوباتی ٢٠٢٢ درێژەی کێشا. ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ جیا لە ناوچەی دۆنباس (دۆنێتسک، لوھانسک)، ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیا وەک «خێرسۆن و زاپۆریژیا» و چەندین شاری تریش لە ئاگری ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا دەسووتێن و ملیۆنان ئاوارە، کوژراو و برینداریان بەجێ ھێشتووە.
ئەوەی کە دوو کەمپی میلیتاریستی لە دوو لای جیھانەوە لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵدا پارەپوڵی زۆریان سەرف کرد تا بڵێسەکانی ئاگری شەڕی کۆنەپەرستانە لە ئۆکرانیا ھەڵگیرساو ڕابگرن، ئێستا بەبێ ئەوەی باکیان لە ئاوارەیی و کوشتار و بریندارکردنی دەیان ملیۆن مرۆڤ ھەبێت، لە ھەوڵدان خۆیان وەک بانگەشەکەری “ئاشتی و ئاشتەوایی” بە جیھان بناسێنن و ڕۆڵی تاوانکارانەی خۆیان لە کوشتار و تێکدانی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ بە سادەیی سپی بکەنەوە، ھیچ لە سیمای ڕاستەقینەی ئەم ئیمپراتۆرییەتە میلیتاریست و شەڕھەڵگیرسێنانە کەم ناکاتەوە. خاڵی سەرەکی لێرەدایە کە ھۆکاری سەرەکیی شەڕ، ھەژموونخوازی و بەرژەوەندیی حکوومەتەکانە و ئێستا لەسەر ھەمان ئەم بەرژەوەندییانە بڕیارە ئاشتی بکرێت.
ھەرچەندە لە دیداری ڕۆژی هەینیی پوتین و ترەمپدا ڕێککەوتننامەی ئاشتیی پێشوو کە لەلایەن حکوومەتی ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو نەکرا بە بنەما، بەڵام ڕاوێژەکانی پێش ئەم دیدارە فەرمییە زیاتر لەسەر ئەوە چڕ بووبووەوە کە پوتین ھێشتا پێداگرە لەسەر ئەوەی کۆتاییھێنان بە شەڕەکە بەند بکات بە لکاندنی ناوچە داگیرکراوەکان بە خاکی ڕووسیاوە، و ترەمپیش ڕەنگە ھێشتا خوازیاری ئەوە بێت کە زێلێنسکی سەرچاوە و یەدەگە ژێرزەمینییەکانی ئۆکرانیا بخاتە بەردەستی ئەمریکا تا سەدان ملیار دۆلار یارمەتییە جەنگییەکان قەرەبوو بکرێتەوە و ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ بۆ داھاتوویەکی دوورتر دوابخرێت.
بەڵام نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیداری دوێنێ لە ئالاسکا پێداویستییەکانی دانیشتنی داھاتوو بۆ دانوستان لە خولی داھاتوودا، کە بڕیارە ئەمجارە مۆسکۆ میوانداری بکات، فەراھەم کردبێت. دانوستانی ترەمپ و پوتین پێشبینیکراوە: ڕێککەوتنێک بۆ داگیرکردن و تاڵانکردنی ئۆکرانیا. تا ئێرە سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی ڕووسیا تێچووی ئەم شەڕە وێرانکەرەی لەسەر شانی کرێکاران و چینە ھەژارەکانی کۆمەڵگای ڕووسیا دەرھێناوە و ئەنجامەکەی بۆ ھەردوو لای تێوەگلاو لەم شەڕەدا ئاوارەیی و کوشتاری کارەساتبار و برینداربوونی چەند ملیۆنی بووە، بەڵام حکوومەتی پوتین وەک یەکێک لە لایەنەکانی ئەم شەڕھەڵگیرساندنە براوەی ئەم شەڕەیە و بە بەشێکی زۆر لە ئامانجە جەنگییەکانی خۆی گەیشتووە. و حکوومەتی ترەمپ بە چوونە ناو دانوستانەوە بەبێ بەشدارپێکردنی ڕاستەوخۆی دەوڵەتانی ئەورووپا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شکستی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتیی خۆی لە شەڕی ئۆکرانیادا قبووڵ کردووە، کە پێش دیداریش چەندین جار لە قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەم خاڵە کردووەتەوە کە ئەگەر بڕیار بێت “ئاشتی” لە ئۆکرانیا بەدی بێت دەبێت بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ناتۆ و دەوڵەتانی ئەورووپا ئەنجام بدرێت. لە دیداری ئالاسکا لە نێوان ترەمپ و پوتیندا کە دوو کاتژمێری خایاندووە ئەوەی زیاتر لە ھەموو شتێک ترەمپی بە جۆش ھێناوە لە ناو قسە ئاڵوگۆڕکراوەکاندا، ئەوە بووە کە پوتین دانی پێدا ناوە: “ئەگەر ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوایە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە پشتیوانیی ناتۆ دەتوانرا خۆی لێ بپارێزرێت”.
پوتین وەک یەکێک لە ئەندازیارانی ئەم شەڕھەڵگیرساندنە دەزانێت چۆن بە تاوانبار نیشاندانی زێلێنسکی و بایدن سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانە ئەورووپییەکان لە لایەکی تری شەڕەکەدا سەرنجی ترەمپ بەرەو خۆی ڕابکێشێت. پوتین و ترەمپ لەسەر کەس شاراوە نییە کە ھیچیان بەدوای ئاشتیدا نین و پەیامھێنەری ئاشتیش نین، بەڵکو لە پێناو دابینکردنی ھەژموونی خۆیاندا کوشتار ھەڵدەگیرسێنن و لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندی و مصالحی خۆیاندا خۆیان بە ئاشتیخواز نیشان دەدەن ئەگەرنا سیاسەتی “شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن” ستراتیژیی بەشێکی بەرفراوانی دەستەی دەسەڵاتداری ڕۆژئاوا بووە بە زۆرداریی باڵی سەربازیی ناتۆوە.
ستراتیژیستەکانی ئەمریکا بەتایبەتی کاتێک نەیانتوانی شەڕ لە ئۆکرانیا بە قازانجی خۆیان تەواو بکەن، کەوتنە بیری ئەوەی، ڕوانگەی خۆیان ھەم لە ڕووی سیاسەت دانان لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی ئەمریکا بە دۆزێکی ناسیۆنالیستی زیاتر لە پێشوو و ھەم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ گەیشتن بە ئامانجە دێرینەکان لەملاوە بۆ ئەولا بگۆڕن. لە لابردن و دانانی لەناکاو و نیمچە کودەتای دەیان ھەزار کەسی لە سیستەمی ئیداری و حکوومەتیدا، تا توندکردنەوەی سیاسەتی دژە دەرەکی، تا چڕکردنەوەی گرتنەبەری دووبارەی سیاسەتەکانی باجی گومرگی لەسەر چین و کەنەدا، بەریتانیا… و بڵاوکردنەوەی زیاتری سیاسەتێک کە دوور نین لە “کۆلۆنیالیزمی نوێ”، کاتێک باسی لکاندنی کەنەدا و دوورگەی گرینلەند بە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەکات و ھاوپەیمانە دێرینەکانی بە یەک شەو بە یەک فەرمان لەسەر دانوستان لەگەڵ پوتین و کۆتاییھێنان بە شەڕی ئۆکرانیا تێدەپەڕێنێت!
ئاشتی کاتێک بەرقەرار دەبێت کە ھۆکارانی ئەم شەڕھەڵگیرساندنە لە ھەردوو لاوە بەبێ مەرج سێبەری زۆرداریی سەربازیی چەند ساڵەی خۆیان لەسەر ھاووڵاتیانی ئۆکرانیا بە تەواوی لاببەن. دەستی حکوومەتی زێلێنسکی و پشتیوانەکانی لە ڕۆژئاوا و ھاوبەشە ناوچەییەکانی و داگیرکاریی حکوومەتی پوتین لەسەر کۆمەڵگەی ئۆکرانیا کورت بکرێتەوە و بھێڵن کرێکاران و چینە ھەژارەکان کە زۆرینەی ھەرە زۆری کۆمەڵگان دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست و ژیانێکی دوور لە شەڕ و کوشتار، جیاکاری و نایەکسانی ڕێکبخەن و پێویستییان بە دامەزراندنی پەیامھێنەرانی ئاشتی وەک ترەمپ و پوتین نییە.
دانوستانی ترەمپ و پوتین لە ڕاستیدا لەسەر ئاشتیی بەردەوامیش نییە ئەمانە تەنیا دەستەواژەسازیی زریق و بەریق و فێڵبازانەن تا لە ژێر پەردەی ئەودا بە بەرژەوەندی و مصالحی خۆیان بگەن و بەس. ھەوڵی ترەمپ و پوتین لە دانوستانێکدا کە بڕیارە لە داھاتوودا پێداویستییەکانی فەراھەم بکرێت، لەسەر ھەمان ئەو کێشە سەرەکییانەیە کە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە پشتیوانیی ڕۆژئاوا لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە خولی دووەمدا و دوای لکاندنی کریمیا بە خاکی ڕووسیاوە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکردووە! دانوستان لەسەر ئاشتی لە بنەڕەتدا ئامانجی کۆتایی گەیشتنە بە خاڵێکی ھاوسەنگی کە ھەژموونی ھەردوولا لە ناوچەکەدا دابین بکرێت.
دوا قسە
دەزانین کە دەیەکانی دوای شەڕی ساردیش سەرەڕای ھەوراز و نشێوەکانی مەیدانی کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئۆردووی دژبەری کار و سەرمایە بووە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە مەیدانی ڕکابەرییەکانی ھەندێجار ھێواش و ھەندێجار خێرای ئابووری، تەکنەلۆژیای جەمسەرە جیھانییەکان و پێشبڕکێی چەک و سەربازی و بڵاوکردنەوەی شەڕەکانی بە وەکالەت بووە تا لەملا و ئەولای سنوورەکان و مەحدوودەکاندا ئازادی لە زۆرینەی ھەرە زۆری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زەوت بکەن و سەروەریی بۆرژوازی بەسەر جیھاندا دابین بکەن. بەڵام ئەم ئاواتە بەرزە بە گەشەی خێرای بەتایبەتی چەند دەیەی ڕابردووی جەمسەرە جیھانییەکانی تر لە بواری ئابووری، تەکنەلۆژیا و سەربازیدا، کە تەنانەت مایەی سەرسوڕمانی ستراتیژیستەکانی ڕۆژئاوا بوو، بە خێرایی لە خەودا چوو. ئۆردووی سەرمایە ھەرچەندە لەم چەند دەیەیەدا ھێرشێکی بێباکی لە ھەموو بوارەکاندا بۆ سەر ئۆردووی کار ڕێکخستووە، و پرۆلیتاریای جیھانی بە گشتی خستووەتە دۆخێکی زیاتر بەرگریانە کە زۆرترین ھەوڵی خەباتگێڕانەی ئاراستەی چالاکییەکانی یەکێتیگەرایی و سەندیکاگەرایی بووە، بەڵام ھێشتا نەیتوانیوە خەباتی تەواوی ئۆردووی کار لە مەیدانی کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەدا بە تەواوی سنووردار بکات بەم چوارچێوەی ئاسۆی بۆرژوازییەوە. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە جیھاندا کە ھێزی ماددیی بۆ پراکتیک کردنی گۆڕینی جیھان لەسەر ھەمان ئۆردووی کار دامەزراوە، لە ڕاستیدا سەرەڕای ئەو تێچووە قورسانەی کە لە ڕەوتی خەباتدا قبووڵی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە ڕۆڵی دیاریکەر و سەردەمسازی خۆی لە کاری پراکتیک کردنی کۆمۆنیزم و ھیدایەت، ڕێبەری و ڕێکخستنی ئەم ئۆردوو لە بەرامبەر ئۆردووی سەرمایەدا بۆ گەیاندنی بە سەرکەوتن ئەرکەکانی لە ئەستۆ بگرێت، و زیاتر بە وردەکارییەکانی لە جۆری چالاکیی بزووتنەوەکانی وردەبۆرژوازی و بۆرژوازییەوە سەرقاڵ بووە و لە ئەرک و پەیامی مەزنی مێژوویی خۆی بە گشتی دوور ماوەتەوە.
وڵاتانی ئەورووپای ئەندامی ناتۆ لە کاتێکدا دەھۆڵی شەڕ لە ئۆکرانیا دەکوتن کە ئەمریکا “دۆڕانی شەڕ لە ئۆکرانیا بە ڕێبەرایەتیی ڕۆژئاوا”ی لە ڕووسیا بە کردەوە قبووڵ کردووە، و درێژەدان بەم شەڕە بە چوونە ناو شەڕێک لەگەڵ زەبەلاحە ئابووری و سەربازییەکانی وەک چین و پاشکۆکانی دەزانێت، کە شەڕێکە زۆر مەترسیدار و گاڵتەھەڵگر نییە. و ئەمە ڕێڕەوێکە بێ گەڕانەوە و ئەگەر جیھان بەرەو ئەم ئاراستەیە ببەن، ڕەھەندە کارەساتبارەکانی لە دوو شەڕی جیھانی ترسناکتر دەبێت و چیتر براوەیەک لە گۆڕێدا نابێت و ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسیی جیددییەوە.
سیناریۆیەک کە لەو گۆشەی جیھانەدا لە فەلەستین و ئۆکرانیا، لوبنان، سووریا، ئەفغانستان، عێراق و ئێران و ناوچەکانی تردا لە ئارادایە و بەسەر کۆمەڵگاکاندا سەپێنراوە لە لایەکیدا ڕژێمە ستەمکارە دەسەڵاتدارەکان و لە لایەکی تریدا دەستە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژئاوا و ھاوبەشەکانیان و کەمپەکانی تری بۆرژوازی بەرژەوەندیدار تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن، بە واتای ڕاستەقینەی وشە ھاندانە بۆ وەحشیگەری و بەربەریەت!
دانوستانەکانی ئێستا ھیچی تر نییە جگە لە دابەشکردنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری لە ژێر پەردەی ئاشتیدا. جیھان تەنیا بە دەستێوەردانی ملیۆنیی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەتوانێت لەم بازنەی بەربەریەت و میلیتاریزمە تێپەڕێت. ئەگەرنا، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕەکانی بە وەکالەت و تەنانەت شەڕی جیھانیی سێیەم ھەموو ڕۆژێک جیددیتر دەبێت.
لە فارسییەوە کراوەتە کوردی.
توانا حەمە نوری
١٩/٨/٢٠٢٥