یاسای خێزان، ئەو یاسایەی ئیرادە بۆ ئینسان بوونی ژن دەگێرێتەوە… دەبێ پشتیوانی بکرێت!

0

چواری شوباتی مانگی رابردوو ئەنجومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرەی خۆبەڕێوەبەری لە سوریا، یاسای خێزانی پەسەند کرد… ئەم یاسایە لە ٤١ مادەو برگەدا دارێژراوە، یاساکە هیشتا دەکرێت باشتر بکرێت و هەنگاوی تری بەدوادا بێت و دەوڵەمەند تر بکرێت. هەروەکو خۆیان رایان گەیاندووە …. بەڵام ئەوەی جێگای پێشوازی گەرمی هەموو ژن و پیاوێکی ئازادیخواز و هەموو دەنگێکی رەسای بەرابەریخوازیی و هەموو رێکخراو و گروپێکی ژنانی پێشکەوتنخوازە… ئەوەیە کە هەوڵی جدی دراوە کە گەڵاڵەی یاساکە یەکسانی رەگەزی نیوان ژن و پیاو لەبەرچاوبگرێت و ئەو تابۆیە تێپەڕێنی و تێک بشکێنی کە لەئاستی ناوچەکەدا بۆتە مایەی شەرم و سوکایەتی ئاشکرا بەژن و مافەکانی، تەنانەت دەتوانین بلێین ئەم یاسایە لەهەموو رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە پەیوەند بە پرسی ژن و بەرابەرییەوە، پێشکەوتنخوازترین یاسایە لە پەیوەند بەخیزان و مافەکانی ژن و پیاوەوە…

لەم یاسایەدا، فرەژنی، ژن بەژن، هاوسەرگیری خوار تەمەن ١٨ ساڵ، بەزۆر بەشودان و هاوسەرگیری بەزۆر، چەندین دیاردەو حاڵەتی تر نەک هەروەکو تاوان ئەژمارکراوە، بەڵکو شایەتحاڵ و هاوبەشەکانیشیان خراونەتە بەردەم سزای یاساییەوە… لەهەموو ئەوانە زیاتر دەرگای بەرووی گفتوگۆ و دیمکراتیزەکردنی زیاتر و هەموارکردنەوەیدا بە کراوەیی هیشتۆتەوە، کە ئەوە بوار دەدات، تا هەرچی زیاتر ئەم یاسایە یەکسانی هەمەلایەنە لەنیوان ژن و پیاو و مافەکانیاندا زامن بکات و کەم و کوڕی و لایەنە لاوازەکانی پر بکاتەوە…

دەستبردن بۆ پەسەندکردنی یاسایەکی خێزانی بەو ناوەڕۆکە یەکسانیخوازییەوە، ئاڵوگۆڕێکی یەکجار گەورە بەسودی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە، نەهەر لە کوردستانی سوریا و سوریا بەگشتی، بەڵکو کاریگەری جدی لەسەر بزوتنەوەی ژنان لەسەر تەواوی ناچەکە دەبێت و دەسەڵاتە پیاوسالارو کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە دەخاتە بەردەم توخم و تەوژمە پێشکەوتنخوازەکان، ئیسلامیەکان و رەوتە سیاسیەکانیان و مەلاو خێڵی دژە ژن تەکان دەدات.. ئەم یاسایە تارادەیەکی زۆر ماف و ئیرادە بۆ ژنان دەگێرێتەوە ئاستی بروا بەخۆبوونیان دەباتە سەرەوە… لەوانەش زیاتر ئەو درۆیەی پوچەڵ کردەوە کە کۆمەڵگە دواکەتووە و قبوڵی یەکسانی ژن وپیاو ناکات و دەبێت هەنگاو بەهەنگاو خەباتی بۆ بکرێت… پەسەندکردنی ئەم یاسایەو نانی هەنگاوێکی ئاوا ئازایانە و یەکسانیخوازانە، و بەکردەوە پیادەکردن و ئامادەیی هەمەلایەنە لەبەرامبەر کاردانەوەی بەرەو بلۆکی ناسیونالیستی و ئیسلامی و کۆنەپەرستانی دژە ژن، دەتوانێت ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ گێرانەوەی ئیرادەی ئینسانی ژن فەراهەم بکات و سەرجەم بزوتنەوە پێشکەوتنخوازەکان لە ناوچەکەو دنیادا بۆ پشتیوانی لە خۆی رابکێشێت.. هەنگاوێکی ئاوا و لەهەلومەرجێکدا کە ژنان لە ئیران ئاڵای راپەرین و شۆرشیان بەرزکردۆتەوە، دەتوانێت کاریگەرییەکانی چەند بەرابەر بێت و هاوکاربێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و کاردانەوەیەکی چاوەروانکراو کە بەرەی کۆنەپەرست دەستی بۆ ببەن… ئێمە لە بۆپێشەوە هەموو پشتیوانیەک لەم هەنگاوە دەکەین و بەرز دەینرخێنین…

 بۆپێشەوە

١ی مارسی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.