هەشی سێ …        نووسینی:عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)

0

 

لە هەشتی سێدا

لەچی بڕوانم لە هەشتی سێدا

لە ستەمی پیاو

باڵاپۆشی ژن

نەریتی  ڕزیو

تەماشای چی بکەم

سووتان لووت بڕین

یان فرۆشتنی ژن بە زێر و زیو

 

لەهەشتی سێدا

ڕۆژی خەباتی جیهانی ژنان

چیت پێشکەش بکەم

ماچ

گوڵ

سۆز

وەفا

یان پەیمان بدەم ئەی جەنگاوەری ئاڵای سوور بەدەست

بچمەوە بە گژ ستەم و جەفا

 

لە هەشتی سێدا

دڵی ژنان و پیاوانی عاشق

دەبن بە کانکای شادی و خرۆشی

دەبن بە دەریای بانگی یەکسانی

پراوپڕ هەستی ئینسان پەرۆشی

لە هەشتی سێدا

هەناسەی ژانی ستەمی ژنان

دووکەڵی ئازار هەڵدەمژێ و جیایە

چونکە ژنانی ئەم سەر زەمینە

هەشتی مارس نەبێ یاد دەکرێنەوە

دەنا هەمیشە ئافرەت تەنیایە

 

لە هەشتی سێدا

لەبەر پیرۆزی پێکەوە خەبات

دەمەکە دیاری گوڵێکی سوور جوان

هەر وەک ڕوخسارت قەشەنگ ڕازاوە

ئاخر ئەی هاوڕێی ڕێی بەرخوردانم

لەڕۆژی ژنان هەر چاوی منی خەباتگێرەوە وا

ئەسرینی عەشقی ئازادی ژن و پیاوی تیازاوە

 

لە هەشتی سێدا

زەنگی پڕ لەزری بڕیاری خەبات

گوێی بورژوازی کۆمەڵ کاس دەکا

پێکەوەبوونمان لە جەنگی ستەم

گۆرانییەکە دونیای یەکسانی ژینمان باس دەکا

 

لە هەشتی سێدا

دڵم لێوانلێو بەرخوردانێکە

عەشقی ڕزگاری لێ پڕە و دەڕژێ

شیعرم دەبێتە ئاگردانێک و

چی چەوسانەوە و کۆیلەیی و خەمە تیایدا دەبرژێ

 

لە هەشتی سێدا

دەستم لە دەستی ژنی خەباتکار

سەودای بانگەواز وەک هەور بڵندە

مەلێ تێکۆشان بۆ دادپەروەری لەئاسمانی ژین

شەقەی باڵی دێ هەروەک باڵندە

 

بۆ من گشت ڕۆژێ هەر هەشتی سێیە

ژنانی ئینسان لووتکەی ئاوات و

ترۆپکی هیوای سەنگەری بوونن

ئاخر ژنانن ئەگەر بخوازن گڕی زنجیرن

ڕووباری ئاوی سازگار و ڕوونن.

 

لە هەشتی سێدا

هەردووک بۆ ژیان دەڵێین گۆرانی

دڵ ڕێژاو دەکەین لێوڕێژ لە جوانی

هەشتی مارس ڕۆژی دەنگ هەڵبڕین و بڕیاری جەنگە

ڕۆژی بینینی ئاواتەکان و

ڕۆژی گڕدانی شوورەیی و نەنگە

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.