مانگرتنی کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق- ھەنگاوێکی بوێرانە… بنار مستەفا

0

 

کرێکارانی بەشی بەرهەمهێنان لە کۆمپانیای گرین عێراق ١٢ داواکاری سادەیان خستە بەردەم ئیدارەی کۆمپانیاکە، بەڵام بێ وەڵام مایەوە. بۆیە وەک پێشتر ڕایانگەیاندبوو، ڕۆژی ٤ی مارس نزیکەی ٢٠٠ کرێکار نەچوونەوە سەر کارەکانیان و لە دەرەوەی کارگە لە دەوری یەک و لەگەڵ تیمی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار کۆبوونەوە. ئەمە لە کاتێکدا هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردنیان لێ کرابوو.

ناڕەزایەتی دەربڕین و دەست بردن بۆ مانگرتن کارێکی بوێرانە و هەنگاوێکی گرنگ بوو، کاتیک وەڵام بە داواکارییەکانی کرێکاران نەدرایەوە و لە دۆخێکی سەخت و دژواردا و بە مووچەیەکی کەم کاریان دەکرد. هەروەها داواکردنی گەڕاندنەوەی نوێنەرانی کرێکاران بۆ سەر کارەکانیان، کە لە لایەن کۆمپانیاوە دەرکرابوون، بە هەمان ئەندازە ئامەژەیەکی گرنگە لە پشتیوانی کرێکاران لەگەڵ یەکتری. کرێکاران ڕێگەیەکی تریان لە بەردەمدا نییە بەجیا لە کۆبوونەوە لە دەوری یەک و ناڕەزایەتی دەربڕین و سووربوون لەسەر گەشتن بە ئامانجەکانیان. ڕۆشنە خاوەنکار و کۆمپانیاکان ئارەزوومەندانە وەڵام بە خواستی کرێکاران نادەنەوە، گەر لە ژێر فشاری کرێکاراندا نەبن. کرێکارانیش ناتوانن ناڕەزایەتییەکانیان بە سەرکەوتن بگەیەنن، گەر یەکڕیز و هاوهەڵوێست نەبن و لە پشتی بڕیارەکانیانەوە جەسوورانە ڕانەوەستن.

وێڕای زۆری ناڕەزایەتییەکان، بەڵام کەمتر لە کوردستان لەم شێوە مانگرتنە بینراوە. بە گشتی کۆمپانیاکان و دەسەڵات سنووری توندیان بۆ کرێکاران کێشاوە، کە کرێکاران هەمیشە سەرکەوتوو نەبوون لە بەزاندنی. لە زۆر ناوەندی کارکردن لە کوردستان و عێراق، کرێکاران لە مووچەی کەم و بێ مافیدا ڕادەگیرێن و تەنانەت لە هەندێک جێگەدا وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێن. هیچ ئاماژەیەکیش بەدی ناکرێت، کە لە لایەن دەسەڵاتەوە هەنگاوی بۆ بنرێت و ئومێد بە گۆڕینی ئەم دۆخە بکات.

مانگرتنی کرێکارانی گرین عێراق، بەجیا لەوەی هەنگاوێکی دروستە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان، هاوکات دەکرێت ببێتە نمونەیەکی بەرجەستە بۆ کرێکارانی کارگەکان و ناوەندەکای تری کارکردن لە کوردستاندا. کرێکاران ببینن، کەپێویست ناکات چیتر دۆخی نالەبار قەبوڵ بەکەن، بەڵکو بۆ کۆتایی هێنانیپێکەوە بە نەخشە و بەرنامەی دروست، ڕێگەکانی خەباتیان بگرنە بەر و بەرەو سەرکەوتن هەنگاو هەڵنێن. لەم ڕێگەیەوە ژیان و گوزەرانی کرێکاران بەرنە ئاستێکی باڵاتر و شایستەوە. بۆیە خەباتی کرێکارانی گرین عێراق بەرحەقە و شایستەی هەموو پشتیوانییەکە. هەروەها سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە ڕێچکەشکێنە بۆ کرێکارانی تری کوردستان.

٦ی مارسی ٢٠٢٣

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.