دەرسە چینایەتیەکانی ڕاپەڕین! نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بەرەبەری ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری کوردستان ئەوکاتەی کە هەوەسی کوردایەتی و دەماری مللیگەرایی لە جۆشانێکی گەورەدا بوو، بەجۆرێک کە بتگوتبایە پشتی چاوی نەتەوەپەرەستی برۆیە، کەس نەیدەزانی خودی هەمان ئەو خەڵکە چیت بەسەر دێنێ، کەسان وجوڵانەوە و دەنگێکی سیاسی جیاواز، گەنج و سەربەهێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی جیاواز پەیدا بوو کە قودسیەتی ڕاپەینی میللی و خەڵکی کە ئەمریکا و ناتۆ و بازاڕ و ناسیونالیزمی کردبووە قیبلەی خۆی، خستە ژێر پرسیار. قودسیەتی ڕاپەڕینی بە بیانوی زۆرینەی بەشدار خستە ژێر پرسیار، قودسیەتی ئەو جۆرە ڕاپەڕینەی بە بیانوی ئەوانەی تیایدا بەشدارن، کرێکار و زەحمەتکێشن و بە هەرحاڵ ئازادیان دەوێ و لە زۆڵمی نەتەوەیی بێزارن و دەیانەوێ لە دیکتاتۆرییەت ڕزگاریان بێ خستە ژێر پرسیار. مەشروعیەتی ئەو ڕاپەڕینە میللی و ناسیونالیستیەی لە گۆشەی جۆرێکی جیاوازی ئازادیخوازی و عەدالەتخوازیەوە، لە گۆشەی عەدالەتخوازی و ئازادیخوازی کرێکاری و سۆشیالیستیەوە ڕەتکردەوە.
نەک زۆرینەی بەشدار و ئارەزوی زۆرینەی بەشدار، بەڵکو ئەوە ئاسۆی چینایەتی زاڵی نێوئەوبزوتنەوەیە کە ناوەڕۆک و سەرەنجامی ئەوڕوداوانە دیاری دەکا. ڕاپەڕین و خرۆشانێکی میللی و ناسیونالیستی ئەگەر تەنانەت هەموو کرێکار و زەحمەتکێشی دنیاش تیایدا بەشداربن، ناتوانێ بە پێی مەنتیق، ئازادیخواز بێت و ئازادی و خۆشبەختی و ئەو هێزانە بهێنێتە سەر دەسەڵات کە بەرژەوەندیان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد وبەختەوەردا هەبێت.
ناکرێ جوڵانەوەی میللی و ناسیونالیستی ئازادی و خۆشبەختی بهێنێ، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێ کە ئیرادەی هاوڵاتیان لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان بە ڕەسمی بناسێ، ناکرێ چاوەڕوانی دروستکردنی نیزامێک ئازادی سیاسی کۆمەڵایەتی لێ بکرێ. ناسیوناڵیزم بزوتنەوەی سیاسی بۆرژوازیە کە بناغەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکەی لەسەر چەوسانەوە و کۆیلایەتی کاری بەکرێ، لەسەر بنەمای زەوتکردنی ئیرادەی هاوڵاتیان لە بڕیاردان لە چارەنوسی ئابوری و سیاسی خۆیان دامەزراوە، ناتوانێ ئازادیخواز بێت، ناتوانێ سەرکوتگەر و کۆنەپەرست و دژی ئازادی نەبێ.
چەند دەهە حاکمیەتی چینایەتی بۆرژوازی کوردایەتی و تەواوی ئەو بێمافیە سیاسی ۆ ئابوریە گەورەیە و ئەوشێوە ژیانەی ئەمڕۆ ئەگەر گەواهی شتێک بێت گەواهی ئەوەیە کە تەنها جوڵانەوەی چینێک کەبەرژەوەندی لە ئازادیدایە و خۆشبەختی هەموان بە قازانجیەتی، دەتوانێ ئازادی بهێنێ، دەتوانێ خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی بهێنێ و سەرەنجام چارەنوسی مرۆڤ وکۆمەڵگەکەی بخاتەوە دەستی مرۆڤ خۆی. جوڵانەوەی شورایی کوردستانی ئەو سەردەم کە دواتر لە یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوە کانی ژنان ومنداڵان و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری درێژەی بەخۆیدا، یەکەم دەرکەوتنی چینی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و سۆشیالیزمی ئەو چینە بوو.
نەک هەر کۆمەڵگەی ئازاد وخۆشبەخت بەڵکو تەنانەت سەپاندنی کۆمەڵگە و ژیانێکی قابیلی تەحەممولتر، لە گرەوی بوون و ئامادەیی جوڵانەوەی سۆشیالیستی کرێکاری و ڕابەرانی ڕادیکال وسوسیالیستی کرێکاری و جوڵانەوەیەکی شورایی کرێکاریەوە هەیە کە ئامادەبێ کۆمەڵگە بە دەستەوە بگرێ بە مانایەکی تر لە گرەوی بوونی ڕیزێکی سیاسی سۆشیالیستی کرێکاری و حیزبی سیاسی و قوتبێکی سیاسی چەپ و کرێکاریدایە کە لە جەنگی نان و ئازادی و سەرەنجام لە شەڕی قودرەتی سیاسیدا لە هەموو سەنگەرەکاندا تەواوی عەدالەتخوازی کۆمەگە، نوێنەرایەتی بکات.
دەرسی پڕ بایەخی ئەم سی ساڵە ئەوەیە کە تەنها ئەم ڕیزە چینایەتیە سەربەخۆیە دەتوانێ جوڵانەوەی عەدالەتخوازی ئێستا، جوڵانەوەی داواکردنی ئازادی و ژیانێکی باشتر لەجوڵانەوەی فشار و لە زنجیری جوڵانەوە سیاسیە جۆراورەکانی چینی دارا و حاکمی ئەمڕۆ ڕزگار بکا و بیگۆڕێ بە جوڵانەوەیەکی گەورەی جێگەی باوەڕ لە پێناوگرتنە دەستی کۆمەڵگە و چارەنوسی خۆی.