پرسی رۆژ … بەڕێز کاکەلاو تەحسین ؛ وەڵامی پرسی رۆژی  ژمارەی داوەتەوە… 

0

ئەزموونی سیاسی حزبەکانی ناو پرۆسەی سیاسی و ناو پەرلەمان و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، لە هەلومەرجێکی قەیراناوی وادا گوزەر دەکات کە ئێرەیی پێنابردرێت. لە ٣٢ەوەمین ساڵڕۆژی ئەو پرۆسە سیاسیە بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیەوە بەرەو ئاقارێکی نادیار ڕێدەنێت. ئایا کێشەکە سیستەمی پەرلەمانیە و دەسەڵاتێکی دروستکردووە کە دوورکەوتۆتەوە لەخەڵک و جەماوەری کوردستان؟ یان نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکە کە بتوانێت چیکە ڕێنەدات ئەو سیستەمە قۆرخکاریە بەردەوام بێت؟

یان وەک هەموو دنیا ئەو سیستەمە دیموکراتی و پەرلەمانیەی گوایە لەهەموودنیا پیادە دەکرێت دەبێ گۆڕانکاری تێدابکرێت و هاوڵاتی خۆی بتوانێت بەمانا عەمەلیەکەی خۆی بەڕێوەبەرێت و دنیایەکی باشتر بۆ گشت هاوڵاتیان مەیسەر بکات، نەک دابەشکاری ٩٩٪ بەرامبەر ١٪؟

کاکەلاو تەحسین بەمجۆرە وەڵامی پرسی رۆژی داینەوە:

 بۆ وەڵامی پرسیارەکانتان، سەرەتا بە پرسیارکردن دەستپێدەکەین. ئایا کورد لە باشور راپەڕیوە؟ کورد دەسەڵاتی گۆریوە یان ئەقڵ و سیستەم؟  کورد لە دوای راپەڕین دامەزراوەمان بۆ حوکمڕانی دروستکرد یان بۆ حاکم بوونی حیزب؟ گەر لە راپەڕین بە دروستی بگەین ئەوکات چاوەروانی و گلەیەکانمان لە دوای راپەڕین واقیعی تر و راست تر دەبێت. باشور بە پلان و بەرنامە رانەپەڕیوە بەڵکو بە کاردانەوە و رێکەوت بووە! ئیتر ئەوە سەرەتای هەمو کێشەکانە کە تۆ نەزانیت چیت دەوێ؟ چۆن پێی دەگەی؟ ئامرازەکانت کامانەن؟ لە دوای راپەڕین هەڵبژاردنمان کرد بەڵام باوەڕمان بەچەک بەهێز تر بوو لە سندوقی دەنگ دان. بۆیە دواتر بەرهەمی یەکەم پەرلەمان شەری ناوخۆ بوو. بە گوتار خەباتمان دەکرد بۆ گەڕانەوەی کەرکوک؛ بەڵام بەرهەمی ئەو گووتارە جیاکردنەوەی سلێمانی و هەولێر بوو لە یەکتری. دروشممان دیموکراسی بوو؛ بەڵام هەر حیزبەی زۆنێکی بە یەک رەنگی بۆخۆی دروستکرد، ئۆپۆزسیۆنی دۆستی دەسەڵاتیان دروستکرد، ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەش لە شەقام گوللە باران دەکا. دواتر خول بە خول پەرلەمان بێ بەهاکرا بێ رۆڵکرا، هەوڵدەدرا پەرلەمان یەک رەنگ بێت! ئاخر پەرلەمانی هەموو دونیا بۆ رێکخستنی جیاوازییە، کەچی لە هەرێم بۆ نەهێشتنی جیاوازییە! بۆیە لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ هەموو هێزەکان بەیەک لیستی یەکگرتوو چونە هەڵبژاردن. بۆیە سەرەتا دەسەڵات نەیهێشت پەرلەمان هەر لە دایک بێت بە سروشتی خۆی و ئیفلیجی کرد. دواتر لە ٢٠٠٩ ئۆپۆزسیۆن دروستبوو کە لای من ناوی جوڵانەوەی کاردانەوەی شەقام بوو یان پۆپۆلست، ئەوانیش بۆ ئەوە هاتبوون بە ئۆپۆزسیۆنی حوکم بکەن، نەک چاودێری حوکمەت بکەن. ئەوانیش باوەڕیان بەوە نەبوو بێن لە پەرلەمان خەبات بکەن، بۆیە کاتێک نەوشێروان مستەفا و عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەر وەک پەرلەمانتار ناویان دەرچوو، نەک نەهاتن سوێندی یاسایی بخۆن، بەڵکو ئامادە نەبوون دەست لەکارکێشانەوەش پێشکەش بە پەرلەمان بکەن! بۆیە پەرلەمان بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت كورسیەکانی چارەسەرکرد. ئیتر وەک وتم چونکە بۆ دەسەڵات وەرگرتن دروست ببوو، بۆیە بەرگەگرتنی تەنها بۆ یەک خول بوو، خولی دواتر بووە هاوبەشی دەسەڵات. لێرەوە ئۆپۆزسیۆن هەم رۆحی ئۆپۆزسیۆنی کوشت و خەڵکی بێ هیوا کرد، هەم دەسەڵاتی بەهێزکرد. لە لایەکی تر؛ ئێمە کە باس لە دیموکراسی دەکەین تەنها باسی هەڵبژاردن و پەرلەمان دەکەین، ئەمەش تابلۆکە تەواو ناکات، چونکە دیموکراسی پێویستی بە کۆڵەکەی تر هەیە وەک بازاڕی ئازاد، سەروەری یاسا، میدیای سەربەخۆ، زیندوویەتی کۆمەڵگای مەدەنی، دەستور، سەربەخۆیی دادگا، بێ لایەنی سوپا…تاد، ئێمە هەمو ئەوانەمان وێران کردووەو هاتووین تەنها بۆ دروستکردنی دیکۆرێکی دیموکراسی پەرلەمانمان دروست کردووەو کەی زانییان هەڵبژاردن لە قازانجی دوو حیزبەکەیە ئەوا هەڵبژاردنێک دەکەن. لێرەوە دەبێت خەڵک هۆشیارانە رۆڵ ببینن لە دروستکردنەوەی سەرجەم دامەزراوەو بەهاکان، دەبێت ئۆپۆزسیۆن ئەوەندە هەناسە کورت نەبێت، و باوەڕکردنیش بە چیرۆکی چاکسازی و باشتر بوونی حوکمڕانی لەسەر دەستی ئەو دوو حیزبە دەبێت کۆتایی بێت، وەهمی ئومێدی باشتر، رۆژ بەرۆژ هەرێمی زیاتر گەراندەوە دواوە.

فەشەلی هەڵبژاردن و پەرلەمان لە رێژەی بەشداری خەڵک لە دوا هەڵبژاردن روون بوو، کە کەمتر لە نیوەی دەنگدەر باوەڕیان بە دەنگدان نییە، و چارەگێک لە دەنگدەر متمانەی بە دەسەڵات بەخشیوە، بەڵام ئەو ئاماژەیە لە بێ هیوایی خەڵک لە هەڵبژاردن دەبێک خاڵێک بێت بۆ حیزبەکانی دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن و بزووتنەوە ناڕازییەکان ورێکخراوەکان، ئایا خەڵک باوەڕی بە خەباتی پەرلەمانی نەماوە یان بە حیزبەکانی گۆڕەپانی سیاسی؟ ئایا دەست بە ریفۆرم بکرێت ئەوسا هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن ریفۆرم بکرێت؟ ئەم بێ هیوابوونە لە هەڵبژاردن لە خزمەت کێیە؟ بە رای من تا ئەلتەرناتیڤێکی تر نەبێت بۆ هەڵبژاردن، ئەوا نابێت بێ هیوا بین لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، چونکە ئەوە خزمەت بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیست دەکات. گەر گلەیی لە تەزویرە؟ دەبێت هەوڵ بۆ کەمکردنەوە بدرێت، دەبێت خەڵکی گونجاو بنێرن بۆ پەرلەمان لە پاڵ هەڵبژاردن رەخنەو ناڕازیەکان لە بەرامبەر کۆی کایەو پاراستنی بەهاکان گەشە پێبدەین، چونکە ریفۆرم و باشترکردنی گەر دوابخەین بۆ رێکەوتنی دەرفەتێکی نێودەوڵەتی وەک راپەڕین ئەوسا دەست پێبکەین؟ ئەوا هیچمان نەکرد جگە لە دوبارەکردنەوەی مۆدیلێکی تری سەرنەکەوتووی هاو شێوەی دوای راپەڕین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.