لاهور شێخ جەنگی و بەکارهێنانی کارتی سوتاو… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

٢٢ی شوبات، لاهور شیخ جەنگی لە پەیامیکیدا بەدوای بریاری دادگای ئاسایشی هەولێر بەوەی لە دووخستنەوەی لە یەکێتی کارێکی نایاسای بووەو دادگا دۆسیەکەی بەسودی ئەو بریارلێداوە، رای گەیاند کە لەمەو دوا دەسەلاتەکانی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی بەکاردەهێنێت و ئەگەریش ریگەی نەدرێت و ناچاربکرێت، بەناوی یەکێتیەوە بەجیا دریژە بەکاری سیاسی خۆی دەدات…

بەر لەهەموو شتیک دادگا چ لە بەغداو چ لە هەولێر لە ژێر هەژموونی سیاسییدایە و دەستێورەردانی سیاسی هەرەشە دەتوانێت ئاراستەی دادگایی کردن و بریاری دادگا بگۆرێت… ئەگەر کەسێک لەو بارەیەوە گومانێکی هەبێت، کیشەکە لای کەسەکە خۆیەتی نەک لە دادگا کە لەدۆخی سیاسی عیراق و کورستاندا ناتوانێت سەربەخۆ بێت. بریاری دادگا لە هەولێر لە بەرژەوەندی لاهور شیخ جەنگی شکایەوە، بەلام بەهیچ جۆرێک ئەمە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی نییە، هەروەکو چۆن دادگا لە بەغدا بەسودی بافل تاڵەبانی بریاریدا، بەڵام بەسودی بافل تاڵەبانی نییە… ئاخر دادگایەک بە هەرەشە و بۆ بەهرەداری سیاسی و بە ئامانجی دیاریکراو بریار بدات، لەهیچ دۆسیەیەکدا براوەو دۆراو دیار نییە و کەسی براوە پیش وەختە دۆراوەو کەسی دۆڕاویش پیش وەختە قوربانییە.

دادگا لە بەغدا کە لەژێر هەژموونی لایەنگرانی دەسەڵاتی وابەستەی ئیراندایە، پیویستی بە بە بافل تاڵەبانی و یەکێتییە، و ناچارە دادگا بخاتە خزمەتیەوە و دۆسیەکان بەسودی ئەو یەکلایی بکاتەوە… لە هەولیریش دادگا کە لەژێر هەژموونی سیاسی پارتی وابەستە بە تورکیاو نەیاری ئیراندایە، بریارێک نادات بە زیانی خۆی تەواو بێت و سود بە هیزی سیاسی نەیاری لە هەرێمدا بگەیەنێت.

لاهور شیخ جەنگی بە کارتی وەستانەوە بەرووی پارتیدا، لە ململانێی نێوخۆی یەکێتیدا، خوازیاری بەهیزکردنی پیگەکەی بوو، وە بە پۆزی وەستانەوە بەرووی پارتیدا، دەیەویست پیگەی دارماو و روولەخواری یەکێتی بەرەو هەڵكشان بباتەوە… ئیستا دادگای هەولێر کە بریاری لە سودی ئەوداوە، بەر لەهەموو شتیک پارتی نیشانیدا کە بێ لایەن لەدۆخی ناوخۆی یەکێتی نییە، هەروەها لاهور شیخ جەنگی وا لێکردووە دان بە پارتی و بریاری دادگادا بنێت، کە پیشتر شمشیری بەرووی دەسەڵاتەکەیدا بەرز کردبۆوە. ئەمەش نەک پیگەی لاهور شیخ جەنگی بەهێز ناکات، بەڵکو بەکردەوە گورزێکی کاریگەری وەشاندە لاهور و بانگەشەکانی پێشووی.

خەونی دەسەڵاتی هاوسەرۆکی یەکێتی و گەرانەوە بۆ پۆستی بریاردراوی کۆنگرە لەلایەن لاهور شێخ جەنگیەوە، خەونێکی نەزۆکە، نە بافڵ تاڵەبانی قبوڵی ئەوە دەکات و نە ڕیگایەکی تریش هەیە بۆ ئەوەی لاهور وەکو کادرێکی سەرەکی بگەڕیتەوە ناو یەکێتی، نەوەکو وەکو هاوسەرۆک… جیا لەوانەش لاهور شیخ جەنگی ئەگەر بەناوی یەکێتیەوەو بەجیا بیەوێت دریژە بەکاری سیاسی بدات، بەر لەهەموو شت لە ژێر باڵی پارتی و لە هەولێرەوە ناتوانێت هیچ رۆڵێکی بەرجەستە بگێرێت… پارتی لاهور شیخ جەنگی و ململانێی ناوخۆیی یەکێتی بەکار دەهێنێت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و لەپیش هەمووشیاندا لاوازکردنی یەکێتی تا رادەی هیزێکی بچکۆلەی دەستو پێ سپی وبێ کاریگەر… بەتاییبەتیش کە یەكیتی چ لەناوخۆیدا هیزێکی داڕوخاوەو چ لەسەر ئاستی زۆنی سەوزدا، بەهۆی بێ پرۆژەی، سەرکوتی ئازادییەکان، ئیمتیازدان بە ئیسلامیەکان و مەلا و بانگخوازە دژە ژن و کۆنەپەرستەکان و پاشکۆیەتی ئاشکرای بۆ ئیران، تادێت کیرڤی روو لەخوارەو لەوەش زیاتر توخمەکانی لیکترازان لەناوخۆیدا زۆتر دەبن.

لاهور شیخ جەنگی و هیچ کەسایەتیەکی سیاسی بە پشتیوانی بریاری دادگای زۆنێک، یان خۆبەستنەوە و مانەوە لەژێر سیبەری هیزی میلیشیای لایەنێکدا نەک ناتوانێت ببێتە یارییچیەکی کارا، بەڵکو ئەوەی پیشوتریش بوویەتی لەدەستی دەدات و دەبێتە قوربانی ململانێیەکی گەورەتر… بۆیە کارتی ئیستای دەستی لاهور شیخ جەنگی بۆ گەرانەوەی بۆناو یەكیتی و بە پێگەی پێشوویەوە، یان دریژەدان بە کاری سیاسی بەجیاو بەناوی یەکێتیەوە کارتێکی پێش وەختە سوتاوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.