مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران کۆبونەتەوە بۆ دامەزراندن، پێویستان بە پشتیوانییە!
جارێکی تر ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی وانەبیژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر کۆبونەتەوەو داوا دەکەن دابمەزرێن.. دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە مامۆستایانی وانەبێژ نارەزایەتی دەردەبڕن و کۆدەبنەوە، بەڵکو تا ئێستا دەیان جاری تر جگە لەوە یاداشتی نارەزایەتیان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، چەند جارێکیش چ لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەو چ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر کۆبونەتەوە تا خواستی زۆر سادەو رەوای خۆیان کە دامەزراندنە بگەیەنن، بەڵام وەکو هەمیشە نەک تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەنگ داخوازی مامۆستایانی وانەبێژەوە نەهاتوون، بەڵکو تەنانەت ئامادەنەبوون گوێ لە خواستەکانیان بگرن.. مامۆستایانی وانەبێژ بەهۆی دانەمەزراندنیانەوە تادێت ژمارەیان زیاد دەکات، ئەگەر لە کابینەی پێشوودا نزیکەی ١٨ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوو، ئێستا بۆتە نزیکەی ٤٠ هەزار مامۆستای وانەبێژ کەداوای دامەزراندن دەکەن.
بە هەموو پێوەرێک مامۆستایانی وانەبێژ مافی خۆیانە دابمەزرێن، مادام خەریکی وانە وتنەوەن واتە خوێندکاران و قوتابخانەکان پێویستیان بە مامۆستا هەیە… دانەمەزراندنیان تەنها پەیوەندی بەچاوچنۆکی دەسەلات و وەزارەتی پەروەردەوە هەیە کە نایانەوێت مامۆستایانی وانەبیژ، لە ماف و ئیمتیازەکانی مامۆستایان بەهرەمەند بن و هەر کاتیکیش ویستیان دەریان بکەن… ئەوە لە کاتێکدایە دەیان هەزار کەس لە بەش و کەرتەکانی کۆمەڵگەدا دادەمەزرێن کە هیچ رۆڵێکیان لەخزمەت بە کۆمەڵگەدا نییەو کۆمەڵگەش نەک پێویستی پێیان نییە، بەڵکو بوونەتە بار بەسەریەوە… دامەزراندنی دەیان هەزار کەس و موچە پێ بەخشین پێیان بەناوی جۆراوجۆری خانەنشینی پێشمەرگە، پیشمەرگەی سەنگەر، شەهیدی قەڵەم” کە زۆرێکیان هەر فەیکن” تا دەگاتە بەخشینی داهاتێکی زۆر بە خانەنشینانی دەستی حزب و حکومەت و پەرلەمان، بێ ئەوەی بەکردەوە هیچ رۆڵکیان بووبێت… هەروەها دامەزراندنی هەزاران مەلا وەکو بانگخواز، کەهیچ رۆڵێکیان نییەو کۆمەڵگە سیخناغ کراوە لە مزگەوت و مەلای بەلاشخۆر… کەچی مامۆستایان کە لە سلکی پەروەردە و فێرکردنن و خزمەتێکی گەورەو بەکردەوە بە خوێنکاران و کۆمەڵگە دەکەن، دانامەزێنرێن و گوێ لە داواکاریەکانیان ناگیرێت… ئەم دوو فاقیە لە مامەڵەی دەسەڵات هیچ واتایەکی نییە جگە لەوەی ئەم دەسەڵاتە باکی بە سلکی پەروەردە و خوێندن و فێرکردن نییەو بۆ دنەدانی کۆنەپەرستیش، هەتابڵی دەست بڵاوە.
مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ئەوەی خواستی رەوای دامەزراندن بەسەر دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە بسەپێنن، پیویستە یەکەم دریژە بە نارەزایەتیەکانیان بدەن و شیوازی هەمەچەشن بە نارەزایەتیەکانیان ببەخشن…دووەم پیویستە رێکخراو بن و بە یەکریزی و یەکگرتووی نارەزایەتیەکانیان بەرەو پیش ببەن، تەنانەت دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە رێکخراوەی بەرگری لە مافەکانی خۆیان دروست بکەن… جیا لەوانە پیویستە بانگەوازی مامۆستایانی تری دامەزراو بکەن کە پشتیوانیان بکەن و مامۆستایان ئەرکیانە پشتیوانی لە مامۆستایانی وانە بێژ بکەن… تەنانەت مامۆستایانی وانەبێژ پیویستە پشتیوانی کەسوکاری خوێندکاران بۆ خواستە رەواکانیان بەدەست بهێن و نابێ بەتەنها بمێنەوە… ئەزموونی هەموو نارەزایەتی و خۆپیشاندان و کۆبونەوەیەکی سەرکەتوو نیشانیداوە، ریكخراوبوون مەرجی سەرکی سەریەک خستنی هێزەو تەنها ئەو ڕیگایە دەتوانێت ببێتە گوشاری هەمەگیر بۆ بەدیهاتنی داخوازییەکانیان. نابێ مامۆستایانی وانەبێژ بە تەنها جێ بهێڵرن، ئەوان پێویستیان بە پشتیوانی ییە، با پشتیوانی بەکردەوەیان بین.
بۆپێشەوە