لە پێشوازی هەشتی مارسدا … عەبدوڵا مەحمود

0

ئەمساڵ لەکاتێکدا پێشوازی لە هەشتی مارس ڕۆژی نەفرەت لە هەڵاواردنی رەگەزی دەکەین، کە لەلایەکەوە بزوتنەوەی شۆرشگێرانە لە ئیراندا رۆڵی بەرجەستی ژنان نیشاندەدات و هەموو رۆژێک ئەوراستیە بەکردەوە دەخاتەروو کە ژنان بەکردەوە نیوەی کۆمەڵگەن و هیزێکی گەورەی تەواوکەری پیاوان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازین و لەریزی پیشەوەی کۆمەڵگەن لەپێناو مافە فەردی و مەدەنیەکان و بۆ راماڵینی دەسەلاتی نەنگینی سەرمایە لە ئیران و کۆتاییهینان بە دەسەڵات و رەوت گەلی کۆنەپەستی ئیسلامی کە پایەکی سەرەکی وەستانەوەیانە بەدژی ژنان و مافەکانیان. لەلایەکی ترەوە لەگەڵ هات و هاواری و قیرەی رۆژانەی مەلاکان بەرەورووین کە بەدژی ژنان و مافەکانیان و هەموو دیاردە و سیمایەکی مەدەنی کۆمەڵگە دەستیان داوەتێ و دەسەڵاتی سیاسیش، ژینگەو زەمینەی بۆسازکردن و هاوکاریان دەکات. هەر چەند رۆژ پێش ئێستا هەراسانی باسی جیندر بوون و دەسەلاتی زۆنی سەوزیش بریاری چالاکی جیندەری لە فەرمانگەکاندا یاساغ کرد و سەرۆکی یەکێتیش لە ستایشی مەلامەزهەرەکاندا وەستا و باوەشی پڕ موحیەبەت بە عەبدول لەتیفدا کرد و شیخ نەهرۆی زیارەت کرد و بەوەش نیشانیدا، کەچەندە دژە ژن و دژە پیشکەوتنخوازی و مافە فەردی و مەدەنیەکانە…  یەکگرتووی ئیسلامی و ئیسلامیەکان بەردەوامن لەمەراسیم سازدان بۆ باڵاپۆشی و تاجی زێر!! ین لەسەرنانی ژنان و بەشێوەی ئیخوانی و فۆرمی ئەردۆغانی نمایش دەکەن. رۆژانەش لە میدیاو ماس میدیاکان و سۆشیال میدیا و لەمینبەری مزگەوتەکانەوە گوێ بیستی غەزەبی مەلاکان بۆسەر مافەکانی ژنان و بەتایبەتیش مافە فەردی و مەدەنیەکانیان دەبین… ئەمانە تائێرە تەنها گۆشەیەکە لە هێرشی بەردەوامی کۆنەپەرستی ئیسلامی و مەلاکان و رەوتە ئیسلامیەکان بۆسەر ژنان بەتایبەتی و هەموو سیماو دیاردەیەکی مەدەنی کۆمەڵگە بەگشتی.

لایەنێکی تر ئەوەیە کە رۆژ نییە هەواڵی توندوتیژی بەژنان، لەسوکایەتی و لێدانەوە تا ناچارکردنی ژنان بۆدەستبردن بۆخۆکوژی و خۆسوتاندن، یان هەواڵی تیرۆرکردنیان نەبیسترێت. بەهۆی خراپی باری ئابوری و گوشارەکانی، تادێت پشێوی نێوان خێزانەکان پەرە دەسەنێت و رادەی جیابوونەوە بەرەو هەڵکشان دەچێت. بەهەمان هۆکاری نەبوونی و گرانی، باندەکانی لەشفرۆشی زیاد دەکەن.

دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت و پەرلەمانەکەی کە پشتبەستوون بەسەرچاوەکانی شەرع و قورعان، ریگەیان داوە دەیان یاسای زاخاوکراو بە ئیسلام بسەپینن و لەناو پەرلەمانەوە مۆر بدەن لە فرەژنی و بەیاسایی بکەن.

بەڵێ لە کاتێکدا بەرەو هەشتی مارس هەنگاو دەنێین…. کە مەلاکان و رەوتە ئیسلامیەکان، بە پالپشتی حزبەکانی دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە دەستگرتوەکان بە کۆنەپەرستی ئیسلامیەوە، لەهێرش بۆسەر ژنان و ئازادیخوازی بەردەوامن و رۆژانەش شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان و بەرنامەو تەوەرەکانیان مەلایەک و کۆنەپەرستێکی ئیسلامی بانگهێشت دەکەن و مینبەریان دەخەنە بەردەست… بەکورتییەکەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، لەهێرش بۆسەر ژنان و مافەکانیان و هەر سیمایەکی ئازادیخوازانە بەردەوامن، بەڵام ئەمانە هەموو واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان بەیان ناکەن، بەڵکو تەنها لایەنێکی پێش چاو دەخەن… لایەنێکی قێزەون و ناشیرین. لایەنێکی تر لە واقعیەتی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردستاندا، وەستانەوەی ئۆردوی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە، بەرووی هیرشی دەسەڵات و ئیسلامیەکان و مەلاکان و میدیای تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و یاساو فتوا ئیسلامیەکان و وەستانەوەیە بەرووی بۆگەناوی ئەو مەلایانەی عادەتیان بە سوکایەتی و جنیوفرۆشیەوە گرتووە. چەندە دزێوی دەسەڵات و ئیسلامیەکان ومەلاکان و دیوی و قێزەونی و فەرهەنگێکی کۆنەپەرستانەی لەکۆمەڵگەدا دەخاتە روو، ئاواش وەستانەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئۆردوی ئازادیخوازی بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و سیماو روخسارێکی هەرە جوانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانە… وە لەبنەرەتیشدا ململانیی نیوان دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جیاوازو دژ بەیەکە. بزوتنەوەی چەپ و سکۆلاریزم و ئازادیخوازی لەلایەک و بزوتنەوەی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەپشتیوانی دەسەڵات لەلایەکی ترەوە.

ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و هەموو ئەو رێکخراو و کۆرو کۆمەڵە ئازادیخوازانەی کە خوازیاری یەکسانی نیوان ژن و پیاو مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و کۆمەڵگەن، ئەرکیانە هەشتی مارس بەشایستەیەکی گەورەوە بەرز رابگرن و شەپۆلی وەستانەوە بەرووی کۆنەپەرستیدا بەرینتر و فراوانتر بکەنەوە. گوشارەکانیان لە رێگای کاری رێکخراو و جەماوەری و مەیدانی و بەکردەوەوە، بۆسەر دەسەڵات زیاد بکەن و ناچار بە پاشەکشە و مل دان بە مافەکانی ژنانیان بکەن و هاوکاتیش دەستی ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستی لەسەر کۆمەڵگە کورت بکەنەوە. کاتی ئەوە هاتووە ژنان و پیاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز هەر کەسێکی پیشکەوتنخواز کە باوەری بە یەکسانی بێ ئەم لاوی ژنان و پیاوانە، ریکخراوەیەکی جەماوەری سەربەخۆ بۆبەرگری لە ژنان و مافەکانیان، دەست بۆببەن و هاوکات میدیایەکی کارای تیژ و بەرگریکار لە مافەکانی ژنان بەدەستەوە بگرن و کە هەمیشە ئامادەی وەڵامدانەوەی سوکایەتی و بێرێزی مەلاو بانگخوازان، وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی فتوا و یاساو ریسا دژە ژنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە پوچە دژە ژنەکان و میدیا سەراپا کۆنەپەرستەکانیان بداتەوەو کۆمەڵگە لە مەترسی کۆرۆنای ئیسلامی و داعشی بپارێزن.

خواستی دادگاییکردنی سزادانی فتواچیان و ئەو مەلایانەی سوکایەتی و ئیهانە بەژنان و مافەکانیان دەکەن تا دەگاتە خواستی جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵات، ئازادی دینداری و بی دینی، یەکسانی یاسایی ژنان و پیاوان، سەرەکیترین ئەو خواستانەن کەپێویستە بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنرێن. هەلومەرجی شۆرشگێرانە لە ئیران بە سودی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنانەو کۆمەکێکی زۆر بە کاری ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئامانجەکانیان دەکات… با لە ئیستاوە بۆ ریزگرتن لە هەشتی مارس خۆمان ئامادە بکەین و بەچالاکی جۆراو جۆرو شایستە، ریز لە هەشتی مارس بگرین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.