ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و کارەساتە سروشتیەکان! … عەبدوڵا مەحمود
لافاو گڕکان، بومەلەزەو هەر کارەساتێکی تری سروشتی لەهەر گۆشەو کەنارێکی دنیادا روبدات، بەر لەهەموو شت روخسارو چاوچنۆکی نیزامی سەرمایەداری و کەم تەرخەمی ئەم سیستەمەو جیاوازی چینایەتی بەشێوەی جۆراوجۆر دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی لە پەیوەند بە ماڵ و حاڵ و لانەی جەماوەری بەرینی کریکار و خەڵکی نەدار لەگەڵ کەمایەتیەکی تەسەل کە لە کۆشک و باڵەخانە مەرگ بەزێنەکاندا بەرامبەرکی دەکەن. بەڵام هاوکات لەگەڵ بێرەحمی نیزامی سەرمایەداری و دەستێورەدانی لە جیناتەکانی زەوی لە راستای دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی بەرهەم و ساماندا و بێ رەحمی کارەساتە سروشتیەکان و خۆیان، لاباڵێکی هەر ئەم نیزامە سیاسیەی سەرمایەداری و پاریزەی ئەم نیزامە، کە ئیسلام و ئیسلامی سیاسییە، هێندەی کارەساتە سروشتیەکان، کارەسات خوڵقینن بەسەر کۆمەڵگە بەشێوەی گشتی چینی کریکارو جەماوەری نەداردا بەشێوەی تایبەتی تر.
بومەلەرزەکانی ئەم دوایەی تورکیا و سوریا، کە گیانی هەزاران ئینسانی کێشاو بە دەیان هەزار ئینسانیشی بریندارو کەم ئەندام کرد، جارێکی تر ماهیەتی دژە ئینسانی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بەڕۆشنی نیشاندایەوە. ئەم جەنابانە لەناو ئاه و ناڵەی دەیان هەزار ئینسان و خەمباربوونی ملیاردەها ئینسان و هاوخەمی و هاوپشتی جیهانیدا، لەپاڵ ئەم کارەساتە سروشتتیە دڵهەژین و تەکاندەرەدا، بوونە هاوبەش و پشتیوانی سزادانی دەیان هەزار ئینسان، کە زوربەی هەرەزۆریان باوەڕدار و موسڵمان بوون. دەڵێن ئەوە غەزەبی خودایە لەبەرامبەر عەبدەکانیدا. دەڵین لەهەر جێگایەک زینا هەبێت خودا سزایان دەدات، دەڵێن مل کەچ نەکردن بۆ عیبادەتەکانی خودا، هۆکارە بۆ غەزەبی خودای میهرەبان!! و ئەوەی روویدا تەنها گۆشەیەکی بچوک لە نارەحەتی ئەڵایە بەرامبەر بە عەبدە هیچ لەدەست نەهاتوەکانیان.
ئەم هات و هاوارە بومەلەرزەییەی ئیسلامیەکان و بانگخوازەکان لەدژی خەڵکی قوربانی، لەدژی بێ دەسەڵاتی تا ئیستای ئینسان بەرووی کارەساتە سروشتیەکاندا، لەلایەکەوە نیشانەی نامۆی و داماوی ئیسلام و ئیسلامی سیاسییە، لەبەرامبەر پیشرەوییە زانستیەکان و خۆ گیلکردنە لە لێکدانەوە لۆژیکی و سەردەمیەکان و هاوکات نیشانەی ناتەباییانە بە بەهای ئینسانییدا، لەبەرامبەر بەها بەخشین بە خورافەی خودای جەل و جەلاداو قادردا… ئەو خودایەی بەقەولی ئیسلامیەکان غەزەب دادەبارێنێتە سەر عەبدە بی دەسەڵاتەکانی خۆی و سزایان دەدات.
گەلەی مەلای بەلاشخۆر و لاباڵی ئیسلامی سیاسی پاریزەری سەرمایە، کە لەسایەی ئەم نیزامەدا دەلەوەڕین و قیرقیریان دەگاتە ئاسمان، بۆ ساتێک چییە ئامادەنین بەرژەوەندیەکانی ئەم دنیایە واز لێ بهێنن بۆ دنیای خودا دەستکرد و بەهەشت و زیاد لە حەفتا حۆری و روباری شەراب. لەم جیهانە زیندو واقعیەدا لەهەموو خیرو خۆش و سەروەتێک بەهرەمەندن و بە جەماوەری نەدارو بێبەش و قوربانی لێدراو دەڵێن شوکرانە بژێر بن و رەزایەت بەوە بدەن کە خودای تەعالا بەسەرتان دێنێت و تاقیتان دەکاتەوە، کەچی خۆیان بەهەزار ڕیگا و لەم دنیایەدا خۆیان لە تاقیکردنەوەی خودا دەپارێزن و بە خەڵکی دەڵین عیبادەتەکانی خودا ناکەن، بۆیە خوداش تورەدەبێت و تورەیی ئەویش بی ئامانە.
راستیش هەر ئەوەیە کە خودا و خوداکان پارێزەری سەرمایە، بەدانپیانانی خودی ئیسلامیەکان، لەدژی جەماوەری نەدارو بێبەشن، ئەو جەماوەرە بێ بەش و بێ ئومێدکراوەی کە ناچارکراوە، سەدان خودا بۆخۆی دروست بکات و لێی بپارێتەوە تا لە غەزەب و چەوساندنەوەی سەرمایەداری پاریزگاریان لێ بکات.
ئیسلام و ئیسلامیەکان کە سەرچاوەی فەرمی دەیان جۆر فەسادی و لەش فرۆشی و ئیغتیسابی ژنان و بی مافیەکانی ئینسانن و سزای ملیارەها ئینسان لەلایەن خوداوە!! بەرەوا دەزانن کە ئیسلام نین و سزای ئیسلامیەکانیش بە روداوە سروشتیەکان دەدەن کە ئەگەر پەیرەوی لە نەریتەکانی ئیسلام نەکەن و ئامادەنیین سزاکەیان بۆ رۆژی دوایی هەڵبگرن و بەپێچەوانەی بانگەشەکانی خۆیان سزاکە هەڵناگرن بۆ رۆژی سزا و هەر لەم دنیایەدا و کوشتاریان دەکەن، تەنانەت ئەو مناڵانەی لە سکی دایکیاندان و هیشتا چاویان بەدنیا هەڵنەهێناوە، ناهێڵن روناکایی ببینن، چ خوادایەکی میهرەبانە، کەسێک کە هێشتا هیچی نەکردەوە دەخاتە بەردەم غەزەبی خۆی.
ئیسلامیەکان و بانگخوازەکانیان، لە جێگای بەهانەوە چوونی قوربانیان، بانگەشەی رەوابوونی سزای خودا دەکەن بەسەر عەبدەکانیدا، ئەو خودایەی لە ئێستادا هیچ نییە جگە لە نیزامی هاری چەوساندنەوە و بێمافی و جەنگ و کوشتار. کە ئیسلامیەکان بەشێکی جیانەکراوەی ئەم نیزمە درندەیەن.
دیارە هەر ئەم نیزامە چاوچنۆکەی سەرمایەیە کە لەلایەکەوە بەشێک و هۆکاری روداوە سروشتیەکانە و هاوکات هۆکاری ئەو هەموو قوربانی و زیانەشە کە بە هاولاتیان و کۆمەڵگە دەکەوێت. ئاخر ئەوە نیزامی سەرمایەداری و کۆمپانیاکانیانن کە لەپیناو سود و دەستراگەیشتن بەسەرچاوە سروشتیەکان، سروشت دەستکاری دەکەن و دەشێوینن و جیناتەکانی دەگۆڕن و هەر ئەوانیش ژیانێکی سەختیان بەسەر هاوڵاتیاندا سەپاندووە کە ناچارن لە خانو بینای ناقایم و ناتۆکمەو نائارام و نائەمندا ژیان بکەن و خۆشیان لە تەلارە قایم و زەبر پارێزەکانی سروشتدا، سەلامەت بن و پاشانیش بانگەشەی ژەهراوی بکەن و ئیسلامیەکانیش، جەماوەتری قوربانی بەرکەتوو بە تاوانبار بزانن.
هەموو کەسێکی هوشیار دەزانێت، پێشرەویە زانستیەکان و توانایی ئینسان زۆر لەوە باڵاترە کەدەتوانێت زوو پێشبینی روداوە سروشتیەکان بکات و توانای ئەوەشی هەیە خانوی گونجاو سەلامەت بۆ هاوڵاتیان زامن بکات کە بەرگەی ئەم رووداوانە بگرێت… ئەوە چاوچنۆکی ئەم نیزامەیە، لە پێناو قازانجدا دەستی بەسەر ئەم توانایی و داهاتەدا گرتووە و ملیادەها ئینسان و نابود بوونی کۆمەڵگەی خستۆتە بەردەم ئەو روداوە سروشتیانە.
لەو نێوەدا مەلاو بانگخوازە ئیسلامیەکان و ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، چ بە رۆڵی وێرانکەرانەیان لە کۆمەڵگەدا بەدژی سەرەتاییترین مافەکانی ئینسان و چ بە رشتنی ژەهراوی کۆنەپەرستی و پەرەدان بە خوارفە، بەشێکن لە بومەلەرزەی بەردەوام بەدژی کۆمەڵگەو تەواوکاری بومەلەرزە سروشتیەکانن.
روداوی ئەم دوایەی تورکیاو سوریا، جارێکی تر بۆگەناوی ئیسلامی رشت بەسەر سەری قوربانیان و کۆمەڵگەدا، ئەم ئیسلام و ئیسلامی سیاسیە، دەبێ سەری دابخرێت، بۆگەناوێکە مایەی هەراسانی کۆمەڵگەیە.