تەوزیفکردنی کرێکار لای شاعیران بەنموونە          ‏  مەحمود قەرەداخی و محمد عومەر عوسمان  شرۆڤەی/   جەمال  نوری

0

هەندێکجار لەناو دنیای خەیاڵی شاعیراندا بێ ئەوەی ئاگایان لەیەک بێ دەبینین دوو شاعیر، دوور لەیەک یان هەریەکەیان سەربەکلتورو نەتەوەیەکی جودا بێ، دەکرێ ئەودەقە شیعرەی تەوزیفی دەکەن لەسەریەک بابەت وێنای شیعری خۆیان بکەن   ئەم تایبەتمەندیە لای شاعیران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیر و ئەندێشە ناسکە یان، بابەتێک دەبێتە فاکتەری  نووسینەکانیان .

هەر شاعیرەو بەپێی ئەو دنیابینیەی هەیانە ئەو بابەتە ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر دەقە شیعرەکانیان بەبێ ئەوەی ئەو دوو شاعیرە بزانن هەردووکیان لەسەر بابەتێک دەنوسن  .

بۆ نمونە زۆرێک لەشاعیران لەسەر (ئیشق، ناپاکی، اغتراب، غوربەت، دەریا، پایز… هتد)  ئەمانە بۆتە کرۆکی دەقەکانیان و بەشیعر ئاماژەیان پێکردوە، واتە سروشت  و بوون و واقعی  ژیان کارێکی تەواو دەکەن لەسەر هزروهەستە باڵاکانی  شاعیران، بابزانین لەنێوان هەردوو شاعیر”محمد عومەر عوسمان” ناسراو  بە (ژەنەڕاڵی پایز) و “مەحمودقەرەداخی ” چۆن تەوزیفی  (کرێکاریان) کردووە.

ژەنەڕاڵی پایز  “بەم شێوەیە تەوزیفی کردووە:

پێڵاوەکەشم، وەک خۆم برینرار

ڕەش بوو لە تۆزا، بەگەرمای تەموز

بەفری مزگێنیم ئەبارانەسەر

کرێکارانی ناو کانە خەڵوز

محمد عومەر عوسمان، لەم بەیتە شیعرەیدا، سەنگ و قورسایی  دەبەخشێتە کرێکارو بەدیدگایەکی فەلسەفی  خاوەن دیدگای چینایەتی، شکۆی کریکار وەک خۆی  وێنا کردوە، کاتێک ئاماژە بەوە دەکات بەفری مزگێنی  دەبارێنێتە سەر کرێکارانی کانە خەڵوز، بەو مانایە دێت ڕێز لە ماندووبوون و پیرۆزی ئەو کارەی دەکات کە لەناو ڕەشی و خەڵوزی کانەکاندا سەراپای داپۆشیوە.

بابزانین  “مەحمود قەرەداخی ” چۆن تەوزیفی کرێکار دەکات:

وەک  لێرەدا  دەڵێ:-

تەنها و تەنها شەکەت بوون ئەناسم،

تەنهاو تەنها کرێکاری خەیاڵی داگیرکردووم..

مەحمود  قەرەداخی، بەهەمان شێوەی ژەنەڕاڵی پایز، سەنگ و شکۆی کرێکار بەچاوێکی باڵانما تەماشا دەکات ئەوەی لێرەدا قەرەداخی، جیادەکاتەوە لە ژەنەڕاڵی پایز ئەوەیە “قەرەداخی” نەک ڕێز و شکۆی کرێکار ڕادەگرێ بەڵکو بیرو ئەندێشەو خەیاڵیشی داگیرکردوە.

خامەیەک “پڕ لەعیشقم

گۆرانی بۆشەکەت بوونی خۆم ئەڵێم،

تادیداری شیعرم

ڕووە ڕەشەکانی ئێوە ئاشکراکات،

تەمەنێکم لەشەکەت بوون بردەسەر

” قەرەداخی” لەم دەقە شیعریەی زۆر بەڕوونی پەنجەی خستۆتە سەر شکۆمەندی کرێکار وەک چینێکی ستەم دیدەو زەحمەتکێش و داینەمۆی شۆڕشێکی کرێکاری، کە مرۆڤ لەسایەی بەرپابوونی شۆڕش و هاتنە سەر کایەی  حوکومەتێکی کارگەریی بە ئازادی و مافە مەدەنیەکانی خۆی دەگا…

شاعیر لێرەدا سروودی ناڕەزایەتی بەرامبەر سەرمایەداری جیهانی بەدەنگێکی زوڵاڵ دەچڕێ، وەک خۆی وتەنی  گۆرانی بۆ شەکەت بوونی خۆم ئەڵێم تاوەکو ڕووی ڕاستەقینەی سەرمایەداران و بۆرژواکان ئاشکرا بکات و پەردە لە ڕووی ستەمکاری و خوێن مژینیاندا هەڵماڵێ.

لەلایەکی ترەوە “قەرەداخی” ئامادە نییە، لەسەر مێزی خواردنەوە پێکی شەراب لەگەڵ کەسانی مشەخۆرو  سەرمایەدار نۆش بکات، بەڵکو لەخۆشی خۆش نابێ، وشەیەکی  نەرم  کە بۆ ئەوان  ناشێ لەئاستیاندا بیڵێ، بەڵکو ئەو دەزانێ جگە لە داشورین و تانەو سووکردنیان هیچ وشەیەکی تر شایەنیان  نییە. و نابێ. وەک لێرەدا  ئاماژەی پێکردوە  ..

پێکی شەرابی ئێوەم نۆش نەکرد

نەکا لەنەشئەیەکی تەریقیا

وێردی وشە نەرمەکان

بەخۆشیتان نۆش بێت،

شاعیر بەجوانی جێگەو پێگەی خۆی دۆزیوەتەوە لەژیانداو خاوەنی پەیام و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆیەتی  کەخۆی لە ئایدولۆژیایەکی ئینسانی و چینایەتیدا دەبینێتەوە کە ئاڵا شەکاوەکەی کرێکار تیایدا لەبڵندیدا  دەشەکێتەوە لێرەوە دەگەینە ئەو حاڵەتەی کە کرێکار وەک چینێکی چەوساوەو زەحمەتکێش، بەدەست  سەرمایەداری جیهانەوە دەچەوسێنرێتەوە و بەرهەمی ڕەنج و ماندوو بوون و هێزی کاری کرێکاران، دەدزن.

مەحمود قەرەداخی، کاتێک دەڵێت من لەڕۆحێکی سپی و

شەکەتەوە گوڵە سورەکانی عیشق ئەناسم،

من لەڕوحێکی سپی وشەکەتەوە

گوڵەسورەکانی عیشق ئەناسم

تامەیلی ئەوان

بەڕووسوری بۆژیان

بۆنێك لەبەرلوتی بێ منەتیتانا

خامەیەک لەڕۆحی پەمەییمەوە

تاڕادەی کوێربوون،

بەبۆن بکەون

واتە بەعیشقەوە لەو خەباتە کرێکارییە دەڕوانێ و خۆی بۆ ئەو شۆڕشە کرێکارییە تەرخانکردوە کەبەباشی خۆی تیا دۆزیوەتەوە، بەڕوونی پەنجەی خستۆتە سەر ئەو ڕاستیە و وەک کرێکارێکی  هۆشمەندو هوشیار دەگەڕێ بۆ  نەهێشتنی ئەو دنیایەی کە تیایدا کرێکارانی تیا دەچەوسێنرێتەوە، هەر لەبەرئەوەیە لە خەیاڵدانیدا کار بۆ  دۆزینەوەی ئەو ڕێگایە دەکات کە کرێکار بە مافەکانی خۆی بگات، کە خۆی لە یەکسانی لە کارو سەرمایەدا دەبینێتەوە لەپێناو ژیانێکی شایستەو باشتر بۆ کرێکار و هەڵتەکاندنی ڕژێمی سەرمایەداری .

 دواجار  مەحمود  قەرەداخی  دەڵێت  ..

من، تەنهاو تەنها

گوڵێکی شەکەتەم

بەدەم بای سەوزو زەردەوە

نەڕەنگی ئەوان ئەگرم و

نەبۆنی ئەوان ئەکەم

واتە شاعیر مەبەسێتی ئاماژە بەوە بکات، لەناو کوانوی خەباتی سیاسی دا تەنهاو تەنها بەرگری و داکۆکێکی  سەرسەختی چینی کرێکارەو لەژێر پەرچەمە سورەکەی  کۆمۆنیزمدا  تێدەکۆشێ دژ بە عەقڵی  دەربەگایەتی و بیری کۆنەپەرستی نەتەوەچێتی و پاشکۆیی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانی دەوەستێتەوەو چون ئەوانەی ئەمڕۆکە لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراقدا لەخزمەت سەرمایەداری جیهانیدان  بەشێکن لەو هەڵقە بۆگەنەی   سەرمایەداری جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەلقە لەگوێیەکانی لەکوردستان .

Leave A Reply

Your email address will not be published.