گرانی و هەژاری… نووسینی: بنار مستەفا

0

 هێشتا خەڵکی لە کوردستان لەگەڵ گرانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانە ڕانەهاتوون، بەڵام جارێکی تر هەڕەشەی مەترسی گرانی لە دەرگای ماڵان دەدات. هەر ئێستا یەکەمین نیشانەکانی ئەم دیاردەیە ئەزموون دەکرێت.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی گرانی یەکجار زۆرن. فشاری ئابووری هێندە فراوان دەبێتەوە، بەردەوام خەڵکی لە دۆخێکی قەلەقی و سترێرسدا دەبن. دانیشتوان ناچار دەبن لە جاران زیاتر دەستبگرن بەو بڕە پارە کەمەی هەیانە، تا دەرفەتیان بێت پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکان بەدەست بهێنن، ناچار دەبن لە زۆر بابەتی تری ڕۆژانە بگرنەوە یان بەردەوام بە بەراوردی “پارەدان بە کام پێداویستییەیان”دا بن. مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ دەست بۆ هەرزانترین بەدیل دەبەن و بە ناچاری لەهەر بابتێکی تر خۆیان بپارێزن، گەر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زیندوومانەوەیان نەبێت. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان قەتیس دەبنەوە و چوونە دەرەوە و کاتی سەرگەرمی نزیک لە نەبوونیان لێ دێت. لە حاڵەتی نەخوازراوی وەک باری خراپی تەندروستی، قوربانیانی گرانی ناتوانن سەردانی پزیشک و نەخۆشخانە بکەن و دەستیان بە دەرمان و چارەسەر ناگات. ئەمەش بە مانای بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی و لاوازی جەستە و ژیان لەگەڵ باری خراپی تەندروستی دێت. لە زۆر ڕووەوە مرۆڤەکان ناچار دەبن خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێدا بگونجێنن، لە زۆر بابەت خۆیان بەدووری بگرن. پەیوەندییەکان و دۆخی ژیان گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا دێت و پەراوێزکەوتن دەبێتە دیاردەیەکەی نوێ. کۆمەڵێک گرفت و کێشەی ڕۆژانە یەخەی خەڵکی دەگرن، بێ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی شک بەرن.

ئەوانەی کاریان هەیە و مووچە وەردەگرن، گەر مووچەکانیان پێ بدەن، ئەوا لە بازاڕ بە هەمان ئەندازەی ڕابردوو ناتوانن خۆراک و پێداویستییەکانی ژیانیان بکڕن و ناچارانە خۆیان لە هەندێک کاڵا و خزمەتگوزاری بێ بەش دەکەن، کە لە ڕابردوودا بەشێک لە ژیانیان بووە. ئەوانەش کە بێکارن، هەم ڕێژەیان زۆرتر دەبێت، هەم شانسی دەست گەشتنیان بە کار کەمتر و لاوازتر دەبێت. دەستفرۆش و دوکاندارە بچووکەکان و شۆفێری تەکسی و زۆر پیشەوەری تر، داهاتیان بە شیوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و ئەوانیش دووچاری هەمان دۆخی زۆرینەی کۆمەڵگە دەبنەوە. واتە گرانی بازاڕ ڕاستەوخۆ بە مانای بە هەژارکردنی زۆرینەی زۆری خەڵکی دێت. کۆمەڵگە لەگەڵ یەک دیاردەی تازە بەرەو ڕوو دەبێتەوە، کە هەژارییەکی فراوانە.

دەسەڵاتداران نەک هەر وەڵامێکیان پێ نابێت بۆ کەمکردنەوەی هەژاری یان بەرگرتن بە هەژاربوونی زیاتر، تەنانەت دەکەونە پاساوهێنانەوەی کۆمەڵێک هۆکار بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، کە لە دەرەوەی توانای ئەواندایە و کارێکیان لە دەست نایەت. هەروەها بایەخێکی زیاتر بە ئاین دەدەن و ناڕاستەوخۆ بە قوربانیانی گرانی و هەژاران دەلێن، ڕووبکەنە خوداپەرستی، تا لەم دۆخە ڕزگارتان بێت یان چاوەڕێی ژیانێکی تر بن. ئومێدتان بەوانە گرێ بدەن.

بەڵام هەموو دانیشتوانانی کۆمەڵگە هەژار نابن. گرانی نەک زیان بە هەندێک ناگەیەنێت، تەنانەت دوور نییە سوودیشی لێ وەرگرن. لە کۆمەڵگەدا کەمایەتییەکی کەم هەیە، کە خاوەنی بەشی زۆری سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیە. سامانی ئەوان زیاتر و زیاتر دەبێت. پێگەی بەهێزی ئەوان لە بازاڕدا، دەبنە مایەی پووچەڵکردنی کێبڕکێ بچووکەکانیان و بەم شێوەیە کۆکردنەوەی بەشی بەرچاوی ئەو پارانەی خەڵکی بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەکاردێنن. ئەوان دەتوانن تەنانەت نرخی کاڵاکانیش دیاری بکەن. دەسەڵات و دامودەزگاکانی لە پشتیان ڕاوەستاون و دڵنیایی دەدەن بەوەی سەروەت و سامانیان پارێزاراو بێت و کەڵەکەی سەرمایەیان زیاتر و زیاتر بێت. لە یەک ڕستەدا بە هەژارکردنی کۆمەڵگە دەبێتە داهات و دەوڵەمەندبوونی زیاتری ئەوان.

هەموو ئەمانە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا مەیسەرە، کە سنووری نە بۆ هەژارکردنی هەژاران و نە دەوڵەمەندکردنی سەرمایەداران هەیە. لە سایەی ئەم سیستەمەدا ئومێد بە گۆڕانکاریەکی باشتر لە بەرژەوەندی هەژاراندا نییە. بۆیە خەباتی جەماوەری خەڵکی لە بەرانبەر تەواوی ئەم سیستەمە، ئومێد بە گۆڕانکارییەکی تر دەدات.

12.2.2023

Leave A Reply

Your email address will not be published.