پرسی رۆژ بەڕێز د. مەریوان ئەکرەم چنارەیی لە زانکۆی سەلاحەدین، کۆلێجی زانست بەشی جیۆلۆجی و نەوت؛ وەڵامی ئەم پرسی رۆژی داوەتەوە…

0

پرسی رۆژ: ٦ شوباتی ئەمساڵ کارەساتی سروشتی بوومەلەرزە لە بەشێک لە شارەکانی تورکیا و سوریا ڕوویدا. وەك رووداوێکی سروشتی لەشێوەی لافا و زریان…تاد بنەماو لێکدانەوەی زانستی خۆی هەیە. بۆزیاتر ڕۆشنکردنەوەی زانستی ئەم بابەتە و هۆشیارکردنەوەی زیاتری هاوڵاتیان و دوورکەوتنەوەیان لە شیکردنەوە و هۆکارە نازانستی و خەیاڵیەکان، پێمان باشبوو شیکاری هۆکاری بوومەلەرزە لە کەسێکی پسپۆر و شارەزا بکەین. بەڕێز د. مەریوان ئەکرەم چنارەیی زانکۆی سەلاحەدین، کۆلێجی زانست بەشی جیۆلۆجی و نەوت؛ وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە بەمجۆرە:

د. مەریوان ئەکرەم چنارەیی: هۆکارەکانی بوولەرزەی بۆشیکردینەوە. ڕووداوە سروشتیەکانی وەک بومەلەرزە و داڕمانی زەویی وبورکان و…هتد، بەدرێژایی مێژووی زەوی هەبووە، هەر لەو ڕۆژەوەی کە زەوی دروستبووە تا ئەمڕۆ و تا زەویش ماوە بەردەوام ئەبن. وەک چۆن تەیارەیەک بە سیستمێکی ڕێکخراو ئیش ئەکات، زەوییش بە بەردەوامی و بە میکانیزمیکی تایبەت دەجوڵێ بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە و ژیان نەوەستێ. زەوی گرفتەکانى بەڕووداوی سروشتی چارەسەر ئەکات خۆ ئەگەر هەموو ڕووداوە سروشتیەکان نەمێنن وهەڵبگیرێن ئەوکات ئەوە دەبێتە هۆی کۆتایی زەویی..

بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا چۆن ڕووی داو هۆکارەکانی چی بوون؟

ئەمڕۆ٦-٢-٢٠٢٣ بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی نزیکەی 7.8 پلە لە وڵاتی تورکیاو سوریایدا، و زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لەم وڵاتانەدا .

بومەلەرزە سزاو توڕەیی خودا نییە لەسەر قەومێک، وەک لەلایەن هەندێک کەسەوە بە تایبەتی کەسانی ئاینی پیشان ئەدرێت، بەڵکو دیاردەیەکی سروشتی ئاسایی سروشتییە. ئەگەر بومەلەرزە غەزەب بێ بۆ وڵاتێک یا بۆ گەلێک؟ ئەوا دەبوو یەکەم وڵات کە ئەو کارەساتە ڕووی تێکردبا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیایی بێ. بەپێی پێوەری ئەخلاقی ئایینی بێت، وڵاتانی وەک مەکسیک و ئیتالیا و فەرەنسا و دانیمارک زۆرترین ڕێژەی خراپەکاری ئەخلاقی و خراپەکاری ئاینی تێدایە! بۆ لەو وڵاتانە ڕونادات؟ چ وڵاتێک هێندەی فەرەنسا دژایەتی دینی ئیسلام و خوداوەند ئەکەن؟ ئەی بۆچی دەنگی تەقەیەک نابیسترێ؟ بۆچی ماڵ و وڵاتی کاربەدەستان و زاڵمان هیچی لێنایە هی من و تۆ ئەڕوخێت و ئاوارە ئەبین؟ بۆچی نادی و شوێنی ڕابواردن لە لاس ڤێگاس و لندن و پاریس و قبرس و شوێنەکانی دیکەی دنیا ناڕوخێ؟ بۆچی گوندی لوبنانی لە هەولێر هیچی لێنایە؟ بەڵام ماڵە هەژارێکی سوری کە نان نییە بیخۆن پێنج سەر خێزانن هەر پێنجیان ئەمرن؟

لە بەرامبەردا بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا و ئەندۆنیزیا کە زۆرترین ڕێژەی مسوڵمانیان تێدایە و هەموویان بڕوایان بەخوا و پێغەمبەر هەیە ڕوودەدات و ئەو هەمووە خەڵکە ئەمرن؟ سەیری وێنەکانی خوارەوە بکەن. ئەی ئەوانەی ڕووداوی سروشتی ئەگەڕێننەوە بۆ سزایی خوایی، پێمان بڵێن گوناهی ئەو منداڵانە ئەبێ چی بێ؟ ئەبێ چەند زینایان کردبێ؟ چەند مرۆڤی بێتاوانیان کوشتبێ؟ چەند ماڵی هەتیوو و میللەتیان خواردبێ؟ چەند دزی و گەندەڵی وفەسادیان کردبێ؟ چەند مشروب خۆربن؟ سەیربکە ماڵەکانیان کەلامی خوای تێدایە، قورئانی تێدایە.

بالەباری زانستیەوە بوومەلەرزە شیبکەینەوە:

توێکڵی زەوی لەچەندین پلێت پێکهاتووە. بەدرێژای مێژووی زەوی ئەم پلێتانە بەهۆی جوڵەی تەووژمەی بەردەکانەوە لە ژێر زەوی لەجوڵەدان، جوڵەکانیش چەند جۆرێکن. نزیکەی ٦٠-٧٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پلێتی عەرەبی لەگەڵ پلێتی ئۆراسی توشی پێکدادان بوون کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڕێژەی ۱-۳سم لەساڵێکدا. لەم ڕووداوەدا زۆرترین شکان و لێکترازان و چەمانەوەی هەرێمی و گەورەی لەچینە بەردیەکان لەخاکی ئێران و عێراق و تورکیادا دروست کردووە کە ئەمڕۆ بوونیان سەلمێنراوە لەژێر زەوی بەهۆی ئامێرە جیۆفیزیکیەکانەوە.

ئەم شکانانە بۆشایی و درزی گەورەیان دروستکردووە کە لەئەنجامی جوڵەی بەردەوامی پلێتەکان لەهەر ساتێکدابێت یان جێگیر دەبنەوە یان شکان و لێکترازانی نوێ دروست دەکات، کە لەهەردوو حاڵەتەکەدا وزەیەکی یەکجار زۆر و زەبەلاح دەردەپەڕێنێت. ئەم وزەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی جوڵە و نائارامی لەژێر زەوی ئەو ناوچەیەی شکانەکەی تێدا ڕوویداوە، کاتێک ئەم شەپۆلانە دەگاتە سەر زەوی بەشێوەی شەپۆلی لەرینەوە  وڕاتەکاندن و بەرزو نزمی دەردەپەڕێت و بوومەلەرزە دروست دەکات.

وڵاتی تورکیا بەهۆی کاریگەری چالاکی لێکدانی پلێتەکانە لەسەری. تورکیا لەڕووی تێکتۆنیەوە دابەش ئەبێ بۆ چەند زۆنێک، کەزۆربەی زۆری زۆنی ئاڵۆزن لەڕووی جیۆلۆجیەوە، ئەم زۆنانە بەپێی بەهێزی کاریگەری لێکدانی پلێتەکان جیاکراونەتەوە. ئەو شوێنانەی کاریگەری لێکدانی پلێتەکان لەسەری زۆربێ زیاتر ئاڵۆزبووە و گونجاوترە بۆ ڕوودانی بومەلەرزە. خاکی تورکیا یان ئەناتۆڵیا لە چاخی کریتاسی چەند دوورگەیەکی ئاوی بوو ئەم تورکیایەی ئێستا هێشتا دروست نەببوو، بەهۆێ لێکدانی پلێتەکان و کشانەوەی زەریای نیو تیسز هێدی هێدی بەریەک کەوتن تا لەکۆتایی چاخی سێیەمی یان تێر شەری بەتەواوی بەهۆی جوڵەی تێکتۆنی ئەلپاین لێکیاندا. بێگومان لەسەرانسەری گۆی زەوی بەدرێژایی دروستبوونی زەوی و تا ئێستاس چەندین پلێتی گەورەمان هەیە لەسەر زەوی لە جوڵەی بەردەوامدان کە هەندێکیان زۆر چالاکن، هەندێکیشیان چالاکن هەندێکیشیان کەم چالاک.

کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر، بەدەیان ساڵ یان سەدان ساڵ لەشوێنێکی چالاکی تێکتۆنی هیچ بومەلەرزەیەک یان بورکانێک ڕووی نەدا؟ ئەوا وزەیەکی گەورەی بەهێز لەژێر زەوی متبووە چاوەڕێی چەند چرکەیەک ئەکات هەلومەرج بۆی گونجاوبێت و دەرپەڕێ بۆ سەر زەوی. بومەلەرزە بەهۆی پەنگ خواردنەوەی وزە لێکدانی پلێتەکان و لەناکاو دەرپەڕینی بۆ سەرزەوی دروست ئەبێ و ئەبێتە هۆی کاولکاری.

ئەم بومەلەرزەی لە وڵاتی تورکیا ڕوویداوە بەهۆی پەنگخواردنەوەی وزەی یەکجار زۆری ژێر زەوی و نێوان پلێتە گەورەکانی وەک پلێتی زەبەلاحی عەرەبی و پلێتی زەبەلاحی ئوراسی وهەروەها پلێتی ئەفریقی دروست بووە. بەئەگەرێکی زۆر لێکترازانی گەورەی ئەسوریان (ئاشوری) کەدرێژکراوەی لێکترازانی زەبەلاحی زاگرۆسەو بەخاکی ئێران وعێراقیش تێدەپەڕێ هۆکاری ئەم بومەلەرزەیە بوون کە ئەم هێڵە بە بەباشوری خاکی ئێراندا درێژ ئەبێتەوە بۆ خاکی عێراق لە ناوچەکانی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات و باکوری عێراق واتە کوردستانی خۆمان، و دواتر بۆ خاکی باکووری کوردستان درێژ ئەبێتەوە تادەگاتە سەر دەریای ناوەڕاست لەنێوان غازی ئەنتاب و ئەدەنە. ئەم ناوچەیە چەندین لێکترازان و شکانی گەورەی تێدایە لەجۆری سواربوو و تەنیشتە خزان. لێکترازانی گەورەی دەریای مردوو و لێکترازانی گەورەی باشوری ئەناتۆڵیا دوانن لەو لێکترازنە گەورانەی کەبەم ناوچەیەدا درێژبونەتەوە. واتە شوێنی بوومەلەرزەکە ڕاستەوخۆ نزیکە لە دوو لێکترازانی زەبەلاحی هەرێمی، بۆیەش کاریگەریەکە و گوڕیەکەی هێندە بەهێزبووە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.