دزی و تاڵانی لەزمانی خۆیانەوە…

0

دابان محەمەد کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، ئاماژە بەدزی و تاڵانی لە زەویەکانی کەلاردا دەکات و دەیخەمڵینێت بە بەهای ٣ بۆ ٤ ملیار دۆلار. دەست بەسەرا گرتنی ئەم زەویانە لەلایەن کەسانی دەسترۆشتوی حزبی و حکومی لە ئاستی باڵادا لە ئیدارەی گشتی، حزب، ئیدارەی خۆجێی، سلکی ئەمنی و دەڵاڵی بەرپرسان، بەشیوەی نایاسایی بێ مۆڵەت، بەجۆرێکە کە جەنابیان وەکو خۆرەیەکی ئەم دەسەڵاتەو خاوەن موچەیەکی زۆر و مفت لە قوتی خەڵکی کوردستان، لە کۆتایی ئاماژەکردن بەو دزیەدا دەڵێت یەکیتی نیشتیمانی کوردستان، ئیستا یەکێتی زەوی فرۆشانی کوردستانە. وە هەرەشەیەکی قارەمانانە دەکات و دەڵێت زەوی و کۆمپاناو هاوپشک و شەریەکەنیان و بەهاو مەترسیەکانی پرۆژەکان بلاودەکەومەوە.

دزی و تاڵانی لە هەریمی کوردستاندا بە جێگایەک گەیشتووە، کە هیچ جیگاو هیچ بوار و زەمینەک نەماوەتەوە بەشێوەی سیستماتیک دەستی بەرپرسانی حزبی و حکومی و بنەماڵەی پێ نەگەیشتبێت. رادەی ئەم دزی و تاڵانیە بەجێگایەک گەیشتووە، کە دزەکانیش ناچارن باسی بکەن و ئامارەکانی رابگەیەنن. بەرپرسی دز لە سلکێکی تایبەتی باسی دزی سلکێکی تر دەکات. حزبی دز بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەسەر دزی دەکات. میدیا گەندەڵ باسی گەندەڵی دەکات. سەرمایەداری هەڵتۆقیو لە گەندەڵستاندا، نیگەرانی لە گەندەڵی دەردەبڕیت… ئەوەی فەرهود دەکات هاواری لەدەست فەرهودچیەکانی تر لێ بەرزبۆتەوە… نووسەر و رۆژنامەنووسی دەربار و گەندەڵ روماڵی دزی و گەندەڵی دەکەن، دەسەڵاتی تاڵانچی و گەندەڵ بانگەشەی چاکسازی دەکات…

بەدەرە لەوەی دزە هەمەرەنگەکان رای دەگەیەنن و روماڵ و بەرنامەی بۆ سازدەکەن، جەماوەری کوردستان و هەموو کەسێکی هوشیار دەزانێت… ئەم دەسەڵات و سیستەمە لەسەر دزی و تاڵانی بیناکراوە و چاکسازیش هەڵناگرێت… ئەم دەسەڵاتە دەست بۆ چاکسازی سەرەکی ببات، یان لێپرسینەوەی واقعی لە دزو گەندەڵەکان بکات، دەروخێت و دەبێ بریای چوونە زیندان بۆ هەموو بەرپرسە حزبی و حکومیەکان و بنەماڵە دەستڕۆشتووە حزبیەکان بکات.

تەنها یەک رێگا لەبەرامبەر خەڵکی کوردستاندایە بۆ کۆتایی ‌هێنان بەدزی گەندەڵی و گێرانەوەی سامان و داهاتی دزراویان، ئەویش کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەری کە خەڵکی کوردستان لە خوارەوە و لە هەڵبژاردنی راستەوخۆدا، متمانەی پیدەدات.

دابان محەمەد و هاوپیشەکان لە پەرلەمان و لە میدیا و حزبەکاندا، بە راگەیاندنی ئەم گۆشەیە لەدزی و تالانی ناتوانن شانی خۆیان لەو دزییە بەیاسایکراوەش بدزنەوە کەخۆیان لەرێگایەوە مانگانە موچەی دەقات و بیست قاتی فەرمانبەرێک یان کرێکارێک وەردەگرن و دەیان ئیمتیازیان هەیەو لەوەش زیاتر دوای خانەنشینی چەند ساڵە وەکو ژیانی خۆیان خێزانەکانیان بە موچەی مفتت زۆرەوە زامن دەکەن…

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.