پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشێتەوە… نووسینی: عوسمان حاجی مارف
ئەو نوسراوەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە بە واژۆی چەند ئەندامێکی ئەو ئەنجومەنە بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی ئەو مشتومڕەی لەنێوان چالاکەوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئیسلامیەکان کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تری هەرێم لە ئارادایە دەربارەی جەندەر، ئەوە دەسەلمێنێت ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کە نوسراوێکی لەو چەشنەیان واژۆ کردووە، لەلایەک خەریکن زیادەڕەوی لە سنوری دەسەڵاتی کاری خۆیاندا دەکەن، لەلایەکی تریشەوە دەبنە هۆکاری گێرەشێوێنی و نمونەی پێشێلکردنی ئازادی بیروڕا.
بەجیا لەوەی نوسراوەکەیان نابەجێ و نایاساییەو هەتا دەرچوونیشە لە سنوری کاری خۆیان، لەهەمانکاتدا بەو کارە نایاساییە دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو نوسراوەوە فەزایەکی کۆنەپەرستی بەسەر شاری سلێمانیدا بسەپێنن و مشتومڕی ئازاد بەبنبەست بگەیەنن. واتە ئەو کەسانە شایانی ئەوەنین ئەندامی ئەنجومەنی سلێمانی بن، چونکە لەبری ئەوەی خەریکی کاروباری بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی بن، بە ویست و ئارەزو و بەپێی بۆچوونی خۆیان دەیانەوێت نوسراوو بڕیارو یاسا بڵاوکەنەوە، هەر بەو شێوەیەش هەوڵ ئەدەن دەرگای ئازادی و چالاکی بیروڕای جیاواز ببەستن.
سەرەتا هەواڵەکە وەها بڵاوبوەوە کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارێکی لەسەر وەستانی مشتومرو قسەوباس لەسەر جەندەر دەرکردووە، دواتر ڕونکردنەوەیەک بڵاوکرایەوە کە ئەوە “تەنها نوسراوێکە لە لایەن چەند کەسێکەوە واژۆ کراوە، بەڵام بۆئەوەی ببێتە بڕیار، دەبێت لەکۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەندا دەنگدانی لەسەر بدرێت”.
بەجیا لەوەی هەڵوێست و بۆچونی من چییە لە بەرامبەر پێکهاتەی پارێزگا و ئەنجومەنەکەیان لەسایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، بەڵام لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو ڕونکردنەوەیە، پێویستە ئەوە بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن ڕۆشنبێت، کە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەچوارچێوەی پێکهاتەی خۆشیاندا، دەزگایەکی جێبەجێکەرن و بەشێکن لەوەزارەتی ناوخۆ، واتە نە پارێزگا و نە ئەنجومەنەکەی و نە وەزارەتی ناوخۆش ڕێگەپێدراو نین بڕیارو یاسایەک دەربکەن باز بەسەر دەستورو یاسایەکەیاندا بدەن کە لەپەرلەماندا پەسەندکرابێت. ڕاستە هەرێم لەئێستادا دەستوری نییە، بەڵام هیچ بەندویاسا و ڕێسایەکیش پەسەند نەکراوە لەلایەن پەرلەمانەکەیانەوە کە سنور بۆ ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو مشتومر دانرابێت. بۆیە هەرلەوچوارچێوەیەی کاروباری بەرێوەبەرایەتی خۆشیاندا بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بەهیچ جۆرێک بۆیان نییە نوسراوێکی لەوچەشنە بخەنە ناو کۆبونەوەو دەنگدانەوە.
هەڵبەتە خولقاندنی دۆخێکی لەم چەشنە بە واژۆی کەسانێک لەسەر نوسراوێک و بەڕونکردنەوەیەکی ناڕۆشنەوە کە لەلایەن ئەندامێکی ئەنجومەنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، بەشێکە لەچۆنیەتی پێکهاتەو بێسەروبەری و ئەو گێژاوەی حکومەتی هەرێم دەرگیریەتی لە بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت و کۆمەڵگەدا.
هەرێمی کوردستان نەیتوانیوەو ناتوانێ لە چوارچێوەی دوو زۆنی زەردو سەوزو دەسەڵاتی بنەماڵە بێتە دەرەوەو هیچ دەزگاو دامەزراوەیەکیش بەجیا لەوەی بەهیچ جۆرێک لەخزمەتی خەڵکدا نییە، لەهەمانکاتدا لەچواچێوەی یاساکانی خۆشیاندا ناڕوات بەڕێوە. بۆیە کەسانێک بەناوی ئەنجومەنەوە فرسەت دەهێنن ئەوەی خۆیان مەبەستیانە بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕە بە قازانجی سیاسەتی ئەو حزب و لایەنەیە کە کاری بۆ دەکەن، وەکو نوسراوێکی “فەرمی” کە وەڵام بەنیازی خۆیان ئەداتەوە واژۆ بکەن، دواتریش ڕێگایەکی بۆ پەیدا دەکەن بیکەنە بڕیار.
بۆیە دەکرێ پێشنیاری ئەوەیان بۆ بکەین گەر وەک چاکسازیەکێش بێت لەئێستادا، پێویست دەکات هەرلایەنێکی دەسەڵاتداری پەیوەندیدار چۆن بەگونجاوی دەزانێت، متمانە لەو ئەنجومەنە وەرگرێتەوەو کاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگرێت و هەڵوەشێنێتەوە، دواتریش لەو چوارچێوەیەی کە خۆیان ئێستا کۆمەڵگە بەرێوەدەبەن هەڵبژاردنێک بکەن کە ئەندامانی هیچ حیزبێكی تێدانەبێت، دەنا لەراستیدا ئەوەی پێویستەو دەبێ ئەنجام بدرێت نارەزایەتی جەماوەری و ئامادەیی دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵکە کە تەواوی دەمودەزگاو پێکهاتە و حکومەتەکەیان راماڵێت، لە رێگەی ئاڵوگۆرێکی ریشەییەوە دەسەڵاتێک دامەزرێنرێت نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک بێت.