بومەلەرزە و ئەخلاقی ئیسلامی سیاسی! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئاخوندەکان و بانگخوازەکانی جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر کارەساتی بومەلەرزە و دەردو ئێشی خەڵکی لێقەوماوی بومەلەرزە، جارێکی تر ئەخلاقی ئەم گەلە کۆنەپەرست و نامۆ بە مرۆڤ و ژیان و مەدەنیەتەی دوبارە لە مەحەکدایەوە.
خێڵی ئاخوندەکان و بانگخوازانی ئیسلامی کە لەهەر دەمکردنەوەیەکیاندا شابەیتی قسەیان ئەخلاقە، وەک هەنگیان لەدار دا دۆزیبێتەوە لە دڵی ئەو دەرد و ڕەنج و لێقەوماوییە گەورەیەدا، کەوتنە سوکایەتیکردن بە خەڵکی دەردەدار و لێقەوماوی بومەلەرزە. گوتیان خەڵک ئەخلاقی نییە، ژنان ئەخلاقیان نییە، زیناکار و خەتاکار و فاحشەن. بۆیە شایەنی هەر غەزەبێکن، شایەنی فەنا بوون و نابودی و نوغرۆ بوونن.
لە ڕوانگەی ئەم ئاخوند و بانگخوازانەی ئیسلامی، مرۆڤی کۆمەڵگەی مۆدێرن کە ئەم هەموو مەدەنیەتەی دروستکردوە، سەیارە و مێترۆ وقیتار و ئەنتەرنێت و تەلەفیزیۆن و معجیزانەی خوڵقاندوە کە بواری داوە تەنانەت ئەم مفتەخۆرانەش بەکاری بهێنن و لە ڕێگەیەوە ئەم شەکرانە بشکێنن و دڵخۆش و شاگەشکە بن بەنەهامەتیەکانی خەڵک، زیناکار و فاحشەیە و دەبێ نغرۆ بێ خانە و کاشانی بەسەردا بڕوخێ.
لەکاتێکدا ملیۆنان مرۆڤ لەسەراسەری گۆی زەوی، دەستیان لەسەر دڵیانە و هاودەردی دەکەن و دەگرین وفرمێسک دەڕێژن و ویژدانیان بریندار و ناڕەحەتە، ئەم ئاخوند و گەلە فاشیستە ئیسلامیە، هەزاران هەزار منداڵ و هەزاران هەزار باوک و دایک و برا و خوشک بە زیناکار و فاحشە و بێ ئەخلاق لەقەڵەم دەدەن.
ئەمە جەوهەری ئەخلاق و ئایدیۆلۆژیای ئەوانە. ئەخلاق وئایدلۆژیایەک کە ناکۆکە بە زاتی پاکی مرۆڤ، ناکۆکە بە حورمەت وشکۆی مرۆڤ و بە پیرۆزی ژیان بەهەرە سادەکەی، ناکۆکە بە هەرشتێک کە بۆنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لێ بێ. مرۆڤ لەم ئەخلاقە بێبەریە، چونکە ئەم ئەخلاقیاتە مایەی شەرم وشورەییە. ئەخلاقی مرۆڤ ئەوجۆر دۆستیەیە کە
ئێستا لەڕێگەی ئەم بۆگەناوەی لە دەمی ئەوانە دەرهەق بەبەشەریەتی لێقاوماودا دەکەوێتەخورار، هەر مرۆڤێکی شەریف دەتوانێ بەباشترین شێوە لەوە تێبگا کە تاڵیبان و قاعیدە و داعش،خومەینی و خاتەمی و گەلەی ئیسلامی دڵڕەق و فاشیست، بە ڕێکەوت و هەر لە خۆڕا هەڵنەتۆقیون، بەڵکو لەداوێنی ئەم ئەخلاقیاتە، لە داوێنی ئەم ئایدیۆلۆژیە سیاسیە دینیە، لە داوێنی جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی کەوتونەتەخوار، هەمان بزوتنەوە کە سەرچاوە و منداڵدانی خێڵی ئاخوند و بانگخوازی ئیسلامی کوردستانە. دەکرێ لەوە تێبگەین بۆچی لەهەر کوێیەک ئەمانە دەسەڵات و هێز پەیدا دەکەن، هەر هەناسەیەکی ئازاد دەخنکێنن، هەر بیرئازادی و ئازادی دەربڕینێک، هەر عەشقێک بە ژیان و بە یەکتری دەگۆڕن بەتاوان، بە کوفر و سەرپێچی گەورە.
بومەلەرزە لە خۆیدا هەڵسوکەوتێکی سروشتە، بەڵام ئەوەی کە بەم ئاستە دەتوانێ ببێتەمایە کارەسات بۆ چینە نەدارو بێبەشەکان، ئەوەی کە خانە و کاشانی ئەوان وێران و گیانی ئەوان دروێنە دەکا، نە ئیلاهی و نە سروشتیە، بەڵکو چینایەتیە. دڕەندەیی سروشت و دڕندەیی ودڵڕەقی ئیسلامی و ئاخوند و بانگخواز، ئیتر هەردووکیان چینایەتین. هەردووکیان تەواوکەری دڵڕەقی دنیای چینایەتی ئەمڕۆن. ئەگەر دنیا لەم شێوە چینایەتیەی ئەمڕۆ دا نەژیا با، هەرچەند نەیدەتوانی کەڕێگە لەوە بگرێ کە سروشت بەجۆرێکیتر هەڵسوکەوت بکا، بەڵام دەیتوانی سیستەمی خانوبەرە وشوێنی ژیانی مرۆڤ لەشوێنی و گونجاو و بە شێوەیەک ڕێک بخا کە نەتوانێ بەم ئاستە ژیان و گیانی مرۆڤ دروێنە بکا و بەمجۆرە ماڵوێرانی بخوڵقێنێ. ئەگەر ئەم دنیایە لە دەستی خوڵقێنەرانی خۆیدابایە، ئەگەر چارەنوسی خۆی لە دەستی خۆیدا بایە، ئەگەر مرۆڤ و پێداویستیەکانی ژیانێکی ئازاد و خۆشبەخت ئەامانجی کار و هەڵسوڕانی مرۆڤ و کۆمەڵگە بوایە و مرۆڤ لە دەسەڵاتی سەرمایە و پارە و دەوڵەتی چینەداراکان ڕزگاری بوایە، دەیتوانی هەم بەڵای سروشت کۆنتڕۆڵ بکا و هەم ئەم بزوتنەوە و ئایدلۆژیایە دڵڕەق و فاشیستەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی ناچار بکا دەمی دابخا.
تا سەرمایە و چەوسانەوەی کۆیلایەتی کاری بەکرێ بەردەوام بێ، ژیان و گیان و سەلامەتی مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە. باران دەبارێ ماڵی چینە کارکردو و زەحمەتکێشەکان غەرق دەکا، جەنگ و وێرانی هەرجارەی ژیان لە گۆشەیەکی کۆی زەوی دەگۆڕێ بە کابوسی مردن و ئاوارەیی. بومەلەرزە و هەر ڕوداوێکی تر، کرێکار و مرۆڤی بێبەش دەکاتە قوربانی. ئیسلامی سیاسی و ئاخوندی دڵڕەق و بەدوور لە مرۆڤایەتی و ئایدلۆژیای دڵڕەقی ئیسلامی، بە هەمان ئەندازەی بومەلەرزە، بە هەمان ئەندازەی هەر کارەساتێکی ماڵوێرانکەر، زادەی ئەم سیستەمە چینایەتیەی سەرمایەدارین.
٨.۲.۲۰۲۳