“من وەکالەت دەدەم” پرۆژەیەکی شکستخواردو لەدژی شۆڕش!!… عەبدوڵا مەحمود
ناڕەزایەتی و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران، بۆ روخاندنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی پێی ناوتەوە مانگی چوارەمی خۆیەوە و لەوەناچێت خامۆش بێتەوە تا کۆتایی بەدەسەڵاتی رژێمی ئێستای ئێران نەهێنێت. تەنانەت ئەگەر توشی خاوبوونەوەو وەستانێکیش ڕووبدات، زۆر کاتی و تێپەڕ دەبێت و ئاسۆیەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئێستای جمهوری ئیسلامی نەماوەتەوە.
هەم ناوەرۆک و دروشمەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری لە ئێران هەڵگری پەیامی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رژێمەو هەم کاردانەوەو توندوتیژی و زەبروزەنگی دەسەڵات، نیشانەی ئەوەیە کە مەرگی خۆی دەبینێت.
گەیشتنی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری بەو ئاستە بێ گەڕانەوەیە و کاردانەوەی رژێمی ئیسلامی بەو بزوتنەوەیە، ئەو ویستگەیەیە کە سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتییەکان و دەوڵەت و بلۆکە سەرمایەدارییەکانی لە ئاستی جیهانی و ناوچەکە پەلکێشی ناو دۆخی سیاسی ئێران کردووە.
ئەوەی جێگای نیگەرانی و هەراسی بۆرژوازیی لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانە، یەکەم، ناوەرۆکی شۆرشگێرانەی جوڵانەوەکە. دووەم، سەراسەری بوونی بزوتنەوەکە کە سەراپای ئیرانی گرتۆتەوە، لە تاران و تەورێز و قومەوە بۆ مهاباد و سنە و سەقزو مەریوان… سێهەم، لێکهەڵپێکران و یەکبوونی داخوازیی و دروشمەکان. چوارەم، نەبوون یان لاوازی بزوتنەوە ناسیونالیستی” ناسیونالیزمی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی عەزەمەت تەڵەبی ئیرانی” بەسەر بزوتنەوەکە. کەنار بوونی رۆڵی ناسیونالیستی محەللی، ناسیونالیزمی سەراسەری. پێنجەم، پشو درێژی و بەردەوامی جوڵانەوەکە. شەشەم، پەرواێزبوونی رۆڵی ئەمریکا و غەرب و بێ پایەبوونیان و لاوازی رۆڵ و وەهمی جەماوەری پێیان. حەوتەم، لێکهەڵپێکانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، ژنان و لاوان و کرێکاران و مامۆستایان و بزوتنەوەی ژێر چەپۆکی میللی و هەڵاواردن، لە راستای روخاندنی رژێمدا و بەرجەستەبوون و پێشرەوی رۆڵی ژنان و لاوان و بە نیشانە گرتنی سمبول و رەمزەکانی دەسەڵاتی ولایەتی فەقیەو ئیسلامی سیاسی. هەشتەم، بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی ئۆردو بەرەی ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا…تاد. ئەمانە هەموویان نیشاندەری ئەوەن کە ئەو بزوتنەوەیەی لەئێراندا پێی گرتووە دیاردەیەکی تازەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و ئەلگۆیەکی تایبەتە لەڕێگای ڕوخاندنی رژێمدا، لەهەلومەرجی ئێستای دنیادا.
هەموو ئەم تایبەتمەندیانە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئێرانی، کردۆتە بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و ئینسانی نوێ لەدڵی نەزمی هاری سەرمایەداریدا، وە بۆتە مۆتەکەی سەر سەرجەم بزوتنەوە بۆرژوازییەکان، لە ئیسلامیەکانەوە بۆ سەڵتەنەت تەڵەبەکان، بۆ ناسیونالیست و ئاریامهیری و پاشماوەکانی رژێمی پاشایەتی لاکەوتە و بۆ ناسیونالیستە قەومی و محەلییەکان… لەو نێوەدا بۆرژوازی لەهەوڵدایە دەست بۆ هەموو پوش و پەڵاشیک ببات تا رەوتی سەرەنگرێ بوونی جمهوری ئیسلامی، لە رێگای جەماوەری شۆرشەوە، بەرپێبگرێت و ئەو دیاردە نوێیە کە جەماوەر بەهێز و پشتیوانی و ئیبتیکاراتی خۆیان، دەیانەوێت رژێمێک بۆ هەمیشە نابود بکەن و بە مێژووی پڕ تاوانکاری بسپێرن. لە دڵی ئەو وەزعەدایە، کوڕی شای راونراو و دەسەڵاتی روخێنراوی شاهانشایی و پاشایەتی، لەڕێگای داهاتێک کە هی جەماوەری بیبەشی ئیرانە و لەگەڵ راکردنیان لەدەستی شۆرشی جەماوەری، دەستیان بەسەردا گرتووە، بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و میدیای نۆکەریان، کەوتونەتە جموجۆڵ و گرتنەبەری دواکەوتووترین شێوازی دەستبردنەوە بۆ سیاسەت، تا لەو رێگایەوە هێندەی لەدەستیان بێت، گورز لە راپەرین و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری لە ئیران بوەشێنن. سەڵتەنەت تەڵەبەکان کەمپەینی ساختە و درۆینەی” من وەکالەت دەدەم” کە ژمارەیەک لە سلیبریتیەکانی دنیای دەرەوەو پاشماوەی گەنیوی دەسەڵاتی شاهانشایی و بەشێک لەوانەی تا چەند مانگ لەوەپیش وەکالەتیان بە خامەنەیی وخاتەمی دابوو، ئێستا کەوتونەتە “وەکالەت دان” بە کوڕی دیکتاتۆری پێشوو، تا بتوانن ئامادەیی رەوتی شاهانشاهی و پاشایەتی لە جوڵانەوەی روخاندنی رژێم ئیسلامیدا پەیدا بکەن. ئەم جەنابانە هێشتا وادەزانن دنیا وەستاوەو جارێکی زەمەن بوار دەداتەوە بە رژێمی پاشایەتی لە ئیراندا، خۆی دوبارە بکاتەوە.
ئەوانەی خەون و خەیاڵیان لای گەرانەوەی رژێمی شاهەنشاهی و پاشایەتی لە ئیرانی ئەمڕۆ و دوای روخاندنی جمهوری ئیسلامیدایە، خەوێکی نەزۆک لە دنیایەکی تەواو بێداردا دەبینن. جەماوەرێک چڵ ساڵێک پێش ئێستا رژێمیکی دیکتاتۆر و خوێنرێژی لە رێگای شۆرشەوە نابود و سەرانی ڕاو نابێت، ئێستاش بۆ روخاندنی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی سەرمایە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی وەرێ خستبێت، چۆن رێگا دەدات جارێکی تر ئەلگۆی دەسەڵاتی پاشایەتی وشاهانشایی و نۆکەر پیشەی ئەمریکاو غەرب، سەر بەرز بکاتەوە. وەکالەت بەخشین و وەکیل گرتن و مامەڵەی وەکیلایەتی، خۆی نیشانەی نامۆیی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە و بێ ئاگاییەتی لە دنیای ئەمڕۆ بەگشتی و لە بزوتنەوەی روخاندنی رژێم لە ئیراندا.
تەنانەت ئەم ئۆپۆزیسیۆنە کە دەستێکی لەناو تورەکەی حزبی نوی ئیران دایە کە بەم دوایانە، لە بۆشایی نەبوونی حزبی سیاسی ئەلگۆی شاهانشاییدا دەستیان بۆبرد و قوتیان کردەوە، گەمژەیەتی و نامۆییان بە کۆمەڵگەی ئیران بە ئەندازەیەکە، بە هەمان دروشمی “یەکپارچەیی خاکی ئیران” رژێمی پاشایەتی دەستیان پێکردووە، واتە بەر لەوەی گەرم ببن و شانسی بیستنەوەی دەنگیان لە دوڵ و لێرەوارەکاندا ببیستن، هەرەشە دەکەن و لە ئێستاوە مافی هەڵبژرادنی چارەنووس بۆ خەڵکێک ناخوازن ئەگەر بیانەوێت سەربەخۆ ئازاد لە ئیرانی داهاتوودا، چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن.
هەروەها دروشمی” خودا، شا، نیشتیمان” ئاڵای شێر و خورشید… هیندە پوچە بەبەرواود بە دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی” و ” مەرگ بۆ ستەمکەر چ شا بێت چ رابەر”، کە هیچ شانسێک بە پاشماوە لاکەوتەکانی پاشایەتی نادەن.
بەیعەت بەخشین بە رەزا شای کوڕی دیکتاتۆری پیشووی ئیران، لەلایەن بەشێک لە هونەرمەندان و وەزشکار و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی، بۆ چوارچێوەدان بە قوتکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرو خەڵکی بە ئەلگۆی میراتی پێشوو، بەر لەهەموو شت، ئەو بەشە لە هونەرمەندو وەزشکار و چالاکی سیاسی ومەدەنی دەکاتە رەعییەت و جێگاییەک بۆ بژاردەی سیاسی و سەربەخۆیەک بۆ کەسایەتیان ناهێڵتەوەو و هەر جۆرە نوزیەکی ئازادیخوازنەش ئەگەر لە دیدگایاندا!! بێت، دەکاتە بلقی سەر ئاو. لەوەش زیاتر ئەم نوخبەیە دەخاتە بەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە کە بۆروخاندنی جمهوری ئیسلامی و ئایندەیەکی پڕ شکۆی ئینسانی و لە پێناو ئازادی و کۆتایهێنان و بەسەرکوت و بیمافی و هەلاواردن و نابەرابەری چینایەتیدا هاتوونەتە مەیدان.
بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ستەم لێچووی ئیران سەرباری هەر لاوازییەک کە هەیەتی، لە پیش هەموویانەوە نەبوونی رابەریەکی سیاسی سەراسەری کە ببێتە ئاڵاهەڵگری خواست و ویستە سەراسەرییەکانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی ئیران و بزوتنەوە رادیکاڵ و شۆرشگێرانەکەی کە بەدروشمی” ژن، ژیان، ئازادی” و ” مەرگ بە چەوسێنەر چ شا بێت یان رابەر” هاتۆتە مەیدان لە چوارچیوەی ئەو دروشمانەدا و زیاتر لەوەش بە کردەوە، بۆ “نان، کار، ئازادی و دەسەڵاتی شورایی” دەسەڵاتی پشت بەستوو بەهیزی خۆی هاتۆتە لە مەیداندایە، بەتەواوەتی هێڵی خۆی لەگەڵ هیزە بۆرژوازییەکان بەگشتی رەوتی لاکەوتەو بێ پایەی سەلتەنەت تەڵەبەکان، جیاکردۆتەوە.
هیزە بۆرژوازییەکان بەشێوەی گشتی و سەڵتەنەت تەڵەب و خوازیارانی گەرانەوەی دەسەڵاتی لە گۆڕنراوی زیاتر لە ٤٣ ساڵی رابردووی پاشایەتی، هەوڵ و مانۆرەکانیان، وەستانەوەیە بەرووی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیراندا، لەسەر دیاریکردنی ئاییندەی سیاسیان. چ ئەو رەوتەو چ رەوت و باڵ و لاباڵەکانی بۆرژوازی لە ئاستی ناوخۆی ئیران و دەرەوەی ئیراندا، مەترسین لەسەر ئایندەی بزوتنەوەی روخاندنی رژێم لە ئیران و دەسەلاتی دوای جمهوری ئیسلامی.
دیارە خەڵکی ئیران زۆر لەوە هوشیارترن و بەکردەوەش لە مەیداندا و لەدڵی بەردەوامی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەدا، وەڵامی “نا” و گاڵتەکردنیان بە کەمپەینی” وەکالەتت پیدەدەم” داوەتەوە، پاشماوەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی و سەلتەنەت تەڵەبەکان زۆر لەوە بێ پایەترن بتوانن کاریگەری لەسەر رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران دابنین، بەڵام ئەوە بەو مانایەش نییە، بێدەنگە لەبەرامبەر بە پرۆژەو پلانەکانیان بکرێت، بەتایبەتی کە ئەوان ماشێنێکی راگەیاندنی زەبەڵاح و پشتیوانی ئەمریکا و غەربیان لەپشتە… بۆیە پێویستە، جارێکی تر ماهیەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی شاهانشایی و هەوڵەکانی ئیستایان لە قاو بدرێت و رێگا نەدەن، لەتمەو زیان بە بزوتنەوەی روخاندنی رژێم بگەیەنن.