ئەزمونێک لەسەرکەوتنێک! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

چەپی کۆمۆنیستی و کرێکاری کوردستان، لەرێگەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بەرامبەرکێی دوایی لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی و کوردایەتی، توانی نمونەیەکی سەرکەوتوی ڕاوەستاوی کۆمۆنیستی لە بەرگری لە ژن، لەبەرگری  لە سکولاریزم و مەدەنیەت نیشان بدا. بەو مانایە دوای ماوەیەکی کەم تازۆر درێژ  توانی بگۆڕێ بەنوێنەری کەرامەتی ژن، ببێ بەدەنگی عەدالەتخوازی و سکولاریزمی کۆمەڵگەی کوردستان. لێنەگەڕا عەدالەتخوازی سەرکز و بێدەنگ ببێ، لێنەگەڕا کە لەو کۆمەڵگەیە دا تەنیا قیڕەی ئاخوند و نەتەوەپەرستی بێکەڵکی کوردایەتی ببیسترێ، بەڵکو ڕێگەی دا دەنگێکی تر چەپگەرا و ڕادیکاڵ ئەو ویژدانە زیندوە کە ئامادەیە لە پای ئینسایەتی خۆی ڕابوەستێ و قبوڵی سەرکزی نەکا، باشتر وڕەسا ترببیسترێ. کەمپەینی ئاخوند و نەتەوەپەرەستانی کوردایەتی لە دژی ژن و مەدەنیەت ئامانجی خۆی نەک هەر نەپێکا، بەڵکو ڕێگەی دا کە ژن ولاوی کۆمەڵگەی کوردستان باشتر ئەو ڕاستیە ببینن کە له جێگەیەک کە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی کۆمۆنیستی لە مەیدانی کۆمەڵگەدا ئامادەییان هەبێ، ڕابەڕانی ڕادیکاڵی کۆمۆنیست لە ناو جەدەلی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبن، توڕەهات وپڕوپوچی چینەداراکان، بێمافی وسەرکزی وبێ ئیرادەیی بەو ئاسانیە قبوڵ ناکرێ. ڕێگەیدا کرێکار و چینەبێبەشەکان باشتر ئەوە ببینن کە بەبێ ئەم هێزە ڕادیکاڵە، بەبێ ئەم ڕابەرە کۆمۆنیستانە، بەبێ حیزبی سیاسی کۆمۆنیست، خەبات و خواست و تەقەلای ئەوان، ئاوات و ئامانجەکانی ئەوان، دەریچەیەک پەیداناکا بۆ ئەوەی گوزارشت لەخۆی بکا و خۆی دەرخا و کۆمەڵگە بە قازانجی خۆی بگۆڕێ و ئەو کۆنەپەرستیە کۆنتڕۆڵ بکا و لەسەر شوێنی خۆی داینیشێنێ. بۆیە ئەو جەدەلە لەسەر قودرەتی کۆمۆنیزم و چەپی کۆمۆنیستیە لە کۆمەڵگە دا بۆ سەرکەوتن و  بۆ بوون بە هێز، بۆ بوون بە بژاردەیەکی سیاسی واقیعی کرێکار و ژن و لاو و هەر کەسێک کە بیەوێ  ژیانی خۆی بگۆڕێ، ئازادتر و موحترەمتر بژی، بیەوێ کە سەری خۆی بەرز ڕابگرێ و تەسلیمی ئەو کۆنەپەرستیە نەبێ.

ئەمە سەرکەوتنێکی سیاسی هەرچەند بچوک، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە بۆ چەپێکی سیاسی وکۆمۆنیستی ئەمڕۆ کەدەیەوێ ببێ بە هێز، کەدەیەوێ ببێتە جێگە باوەڕی کرێکارو زەحمەتکێش و ژن و لاوی کۆمەڵگە، کەدەیەوێ لە هەر مەیدانێکدا ولەسەر هەر بابەتێک بۆ سەرکەوتن بجەنگێ گرنگ و مایەی لێوە فێر بوونە. ئەو کۆمۆنیزمە لەو سەرکەوتنانەدا گەورە دەبێ و ڕابەرانی گەورەتر کە چاوەڕوانی گەورەتریان لە خۆیان هەیە دێنێتە دەرەوە، ڕابەرانێکی کومۆنیست کە بۆ سەرکەوتنە گەورەکانی تری داهاتو پێویستن، دەخوڵقێنێ. من نازانم ئەندام و کادری کۆمۆنیستی نێو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ئەم  سەرکەوتنە بچوک، بەڵام گەورانەی دوایی لە نێو ڕووبەڕووبوونەوەکانی دوایی دەبینن و دانی پێدادەنێن یان نا، وایان لێدەکا کە بەچاوێکی کراوەتر لە نەخش ودەوری خۆیان وحیزب و بزوتنەوە سیاسی و چینایەتیەکەی خۆیان بڕوانن یان نا، بەڵام  واقیعی کوردستان پێمان دەڵێ کە تەنیا هێزێکی واقیعی کە بتوانێ و بیەوێ لە بەرامبەر کۆنەپەرستی بۆرژوایی کوردایەتی و ئیسلامی، سەنگەری بەرگری لە ژن و  مەدەنیەت بێ، سەنگەری خەبات بۆکۆنتڕۆکردنی ئەم کۆنەپەرەستیە بێ، کۆمۆنیزمە، حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی و ڕابەرایەتیەکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵە کە ئامادەبێ تەواوی ئەم شەرافەت و مەدەنیەت و عەدالەتخوازیە نوێنەرایەتی بکات و هەمووئەو  عەشق وعەلاقەیە بە ژیان و ئازادی و خۆشبەختی کە ڕەگێکی قوڵی لە دڵی ئەو کۆمەڵگەیە و ئەو بەشەرییەتە کرێکار و زەحمەتکێشە دایە، بە خۆیەوە ببەستێتەوە.

۷.۲.۲۰۲۳

Leave A Reply

Your email address will not be published.