خێرو سەدەقە لە یەکگرتووی ئیسلامیەوە بۆ نەوەی نوێ! … عەبدوڵا مەحمود
هەژاری و برسێتی و بێکاری و سەرجەم دەردو مەینەتەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانکردنی هاوڵاتیان، ریشەی لە نیزامی نابەرابەرو چەوسێنەری سەرمایەداریدایە. کەڵەکەبوونی سەرمایەی ملیۆن و ملیارد دۆلاری، لەدەستی ژمارەیەک کەمی سەرمایەدار و کۆمپانیاکاندا، راستەخۆ بەرهەمی تاڵانکردنی دەسترەنج و ماندووبوون و بەرهەمی ملیۆنەها و ملیاردها ئینسانە. بەرهەمی بەکاڵابوونی هێزی کار لە لایەک و لەلایەکی ترەوە خاوەندارێتی تایبەتیی چینی سەرمایەدار بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندایە…ئەم دۆخە لە گرانی و بیکاری و برسێتی و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاییەکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، لەم واقعیەتە بەدەر نییە، کە کەمایەتیەکی کەمی سەرمایەدار و حزب و نوێنەری ئەم نیزامە، خوڵقینەرین.
نەبوونی ئاو و کارەبا، سوتەمەنی و تەندروستی، خزمەتگوزاری هەمەلایەنەی پێویست و بەردەست بۆ چینی کرێکار و زوربەی هەرەزۆری دانیشتوانی کۆمەڵگە، بەهۆی تەمەڵی و کار نەکردنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی دزینی دەسترەنج و بەرهەمی ۆ ئۆردی چینی کرێکارە کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچارن کە لەبەرامبەر کرێدا هێزی کاری خۆیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە چینی سەرمایەدار، بفرۆشن. وە بەرهەمی چەوساندنەوەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆیە، واتە دەستبەرسەرا گرتنی بەشێک لە بەرهەمی کاری چینی کریکار و توێژە بێبەشەکانە لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە کە هەر بەدەستی خۆیان بەرهەم هێنراوە، و دواتر ناچارن لەبازاڕدا بکڕنەوە. بەڵام توانای کڕینەوەی کاڵاو پیداویستیەکانیان نییە، ئەو پارەیەی کە پیویستە بۆ کرینی پێداویستەیەکان و زامنکردنی ژیانێکی شایستە، لەلایەن خودی چینی سەرمایەدارەوە، تاڵانکراوەو دەستی بەسەردا گیراوە.
سوتەمەنی و ئاو و کارەبا، و خوێندن و پەروەردەو سیستەمی تەندروستی…تاد، سادەترین و پێداویستیترین پیداویستی کۆمەڵگەن، کەچی بۆ جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە بوونەتە کابوسێک و دەست لە یەخەی زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بەرنادات.
لەزیاتر لە ٣٠ ساڵی ژیر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، هەرچی خزمەتگوزاری گشتی هەبوو، تاڵانکراو و دزرا و وێرانکرا، یان بە کەرتی تایبەتی فرۆشراو و خەڵکی ناچارکران و رووبەڕووی ئەو دۆخە سەختە ببنەوە… لە جەرگەی ئەم دۆخەدا سەرەتا یەکگرتووی ئیسلامی لەژێر ناوی پرۆژەی خێرخوازیی و ئاوەدانکردنەوەدا دەستی کرد، بە کەڵک وەرگرتن لە برسێتی و هەژاری خەڵکی کەم دەرامەت. کەوتنە دابەشکردنی ئارد و خۆراک بەسەر خێزانە کەم دەرامەتەکاندا، تا لەوڕێگایەوە هەژموونی سیاسی و پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا دابکوتن و پرۆژە سیاسییەکەیان، لەو رێگایەوە دەست پێ بکەن، کە پرۆژەی بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگەو زاڵکردنی کەشی ئیسلامی بەسەریدا و دەستگیرکردن بوو لە دەسەڵاتی سیاسیدا. دیارە سەرچاوەی ئەو داهات و خیر و سەدەقیەی یەکگرتوو دەوڵەتە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرە ئیسلامیەکان بوون. لەپاڵ بەخشینەوەی ئەوخێر و سەدەقەیە، دەستیان برد بۆ دروستکردنی بنکەی پەروەردەیی ئیسلامی لە گەرەکەکاندا، حجابکردنیانی مناڵان و وەرێخستنی شانۆیی لەسەر نانی “تاجی زێرین” بەسەر ژناندا، وە دروستکردنی دەیان مزگەوت لە شارو شارۆچکەکاندا، وەکو مەڵبەندو ئامرازێکی سیاسی بۆ کەڵک وەرگرتن لە مینبەرەکەی و زاڵکردنی کەشی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەدا…تاد. سەرئەنجام یەکگرتووی ئیسلامی، ئەم ئاراستەیەی بەشیوەیەکی” میانەڕەو” کردە نەخشە رێگای خۆی بۆ گەورەبوون و هێزکۆکردنەوە و رێکخستنی حزبی و دەستگیر بوون لە دەسەڵاتی سیاسی، بەڵام ئەمرۆ هەرکەسێک تەماشای پێگەی یەکگرتووی ئیسلامی و ئیسلامیەکان بکات، بەو راستیە دەگات، کە یەکگرتوو نەک نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات، بەڵکو هۆشیاری خەڵکی کوردستان باڵاتر لەو پلان و نەخشەو ئاراستەیە بوو. هەراو هۆریای ئەم دوایانەی ئیسلامیەکان لەسەر پرسی “جێندەر” و هێرشیان بۆسەر ژنان و مافەکانیان و هەڵسوڕاوانی فمینست و ژنانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، گۆشەیەکە لە بەیانی شکستی پرۆژەکەیان و مایەپوچ بوونیانە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەکو لاباڵێکی تری بۆرژوازی، وەکو دیوێکی تری یەکگرتووی ئیسلامی و ئیسلامیەکان، لەو کاتەوەی خۆی راگەیاندووە، بەهەمان شێوەی یەکگرتووی ئیسلامی، دەستی داوەیە خێر و سەدەقە بەسەر هاوڵاتیانی کەم دەرامەتدا. جارێک ئاو دابەش دەکات و جارێک پرد چاک دەکاتەوە و جارێک مانگرتنی کرێکارانی ژینگە پارێز دەشکێنێت و هەندێک شەقام پاک دەکاتەوە، جارێک نەوت و دابەش دەکات و جارێکی تر بەنزین بە نرخی هەرزانتر دەفرۆشێت….تاد. هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە لەو رێگایەوە خۆی گەورە و بەهێز بکات و دەستی بگاتە دەسەڵات… دیارە چ پرۆژەی خێرو سەدەقەی یەکگرتوو چ هی نەوەی نوێ بەجیا لەوەی بە ئاراستەی گەورەو بوون و دەستگیر بوون لەدەسەڵاتە، هاوکات بە مەبەستی تێکشکاندنی ئیرادەو توانای خودی جەماوەری بێبەش و دوورخستنەوەی جەماوەرە لەدەستبردن بۆ خەباتی شۆرشگێرانەو جوڵانەوەی ئازادیخوازانە.
نەوەی نوێ، خۆی لەناو جەرگەی گەندەڵی و پێشبرکیی دزی وتاڵانیدا پێی گرتووەو سەرۆکەکەی یەکێک لە دەرهاویشتەکانی ئەم دۆخەیە… کە هەمان ئاراستەی یەکگرتووی گرتۆتە بەر و لای وایە لەو رێگایەوە دەتوانێت هەژموونی سیاسی رەوتەکەی زیاد بکات و ببێتە گوشار و ڕیگایەک بۆ دەستگیر بوون لەدەسەڵات، بێباک لەوەی کە خەڵکی نەداری کوردستان، لەگەڵ وەرگرتنی دەبە نەوت و ئاو و کرێنی بەنزینی هەرزانی نەوەی نوێدا، دەپرسن، سەرچاوەی ئەو داهات و خێر و سەدەقەو سەخی تەبیعەتەی نەوەی نوێ لە کوێوە دێت؟ و چۆن سەریەک خراوە؟
بەراستی هیچ لەوە شەرماوەتر نییە، هێزی سیاسی بەکەڵک وەرگرتن لە هەژاری و گرانی و بێ دەرەتانی جەماوەری بێبەش چاوی لە گرتنە دەسەڵاتی سیاسی بێت. وە بە وردکردنی ئیرادەیان، بیەوێت خۆی دابسەپێنێت و گەورە بێت.
دیارە چۆن یەکگرتووی ئیسلامی لە ماوەی ٣٠ ساڵدا، خەونەکەی لە رێگای پوچی بەکەم تەماشاکردنی جەماوەر و خیرو سەدەقە بەخشینەوە بەشوێنێک نەگەیشت، ئاواش جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە رێگای خێرو سەدەقە و بەکارهێنانەوەی پارەی دزی و گەندەڵی و چاوچنۆکی کۆمپانیاکانی و “سەخی تەبیعەت” بوونییەوە، نەک بەشوێنێک ناگات، بەڵکو مایەی داڕمان و جێگای نەفرەتی ناوەوەی جەماوەرییە.
بێ دەنگەی دەسەڵات چ لە ئاراستەو کارەکانی یەکگرتوو وە چ هەوڵ و کارەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵات ئەم ئاراستەی کاری یەکگرتوو و نەوەی نوێ، نەک بە مەترسی لەسەر دەسەڵات نازانێت، بەڵكو بەخزمەت بۆخۆی تەماشای دەکات. بەتایبەتیش کەئەم نەریتە لە کار و هەڵسوڕان، بەشێک نییە لە جوڵاندنی شەقام و ریکخستن و بردنە سەری هوشیاری و خستنە گەری ئیرادەی جەماوەری، بەڵکو ڕێگری لێکردن و دژایەتی کردنیەتی…
*****