فەرمانە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتی تازەی ڕووسیا لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ نووسینی: تونا حەمەنوری

0

هەر کە بەلشەفییەکان سەرکەوتنی خۆیان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا  (٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩١٧) ڕاگەیاند هەندێ فەرمانیان دەرکرد.  بە دڵنیاییەوە فەرمانەکان لەگەڵ دروشمی بەلشەفییەکان “ئاشتی، زەوی و نان”دا دەگونجان. ئەم دروشمانە لەلایەن جەماوەرەوە لە ڕۆژانی تەمموز (تەمموزی ١٩١٧) دا دەوترایەوە. دروشمەکە بە کورتی ناڕەزایەتییەکانی جوتیاران و هێزە چەکدارەکان و کرێکارانی ڕووسیای دەخستەڕوو.  بەلشەفییەکان سەرکەوتوو بوون لە یەکخستنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕە جۆراوجۆرەکان و ئاراستەکردنیان بەرەو یەک ئامانج”، ئەویش گرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتی شورایی.

فەرمانی یەکەم سەبارەت بە ئاشتی بوو. لەم فەرمانەدا ڕێوشوێنی کشانەوەی ڕووسیا لە جەنگی جیهانی یەکەم بەبێ “قەرەبووکردنەوە و لکاندن” ڕاگەیاند. ئامانجێکی ئەم فەرمانە بەدەستهێنانی پشتیوانی زۆرێک لە سەربازەکان لە بەرەکانی جەنگ بوو. دواتر لینین پەیمانی برێست-لیتۆڤسکی واژۆ کرد و تیایدا ڕووسیا ناوچەی باڵتیکی لەدەستدا.

فەرمانی دووەم: سەبارەت بە زەوی بوو. لەم فەرمانەدا ئەو ڕێوشوێنانە خرایەڕوو کە جوتیاران زەوی لادێ لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. پشتگیری هەڵوەشاندنەوەی خاوەن موڵکە دەوڵەمەندەکان لەلایەن هێزی جووتیارەکانەوە دەکرد. پشتیوانی بەلشەفیەکان لە نێو جوتیاراندا زۆر زیادی کرد.

فەرمانی سێیەم: سەبارەت بە کرێکاران بوو. لە فەرمانەدا کرێکاران ڕێوشوێنی لانی کەمی کرێی کرێکار،  سنووردارکردنی کاتژمێری کارکردنی کرێکاران وە بەڕێوەبردنی کارگەکان لەلایەن شورا هەڵبژێردراوەکانی کرێکارانەوە خرایەڕوو. ئەمەش پشتگیریی بەلشەفی لە نێو چینی کرێکاران لە شارەکاندا چەسپاند، کە دەسەڵاتیان تێدا گرتبوو.

هەتا ئێستاش لەسەر گرنگی ئەم فەرمانانە مشتومڕی لەسەرە بەڵام کۆدەنگی لەسەر ئەوە هەیە کە بەلشەفیەکان دەیانویست بیسەلمێنن ئەوان لەگەڵ دروشمی پێش شۆڕش ڕاستگۆن و تەنها بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ئەو دروشمەیان ڕانەگەیاندوە. حکومەتی کرێکاران و جوتیاران لە ئەنجامی شۆڕشی ٢٤-٢٥ی ئۆکتۆبەرەوە دروست بووە و هێزی خۆی لە سۆڤیەتەکانی نوێنەرانی کرێکاران و سەربازان و جوتیاران وەرگرتووە.

لیستی فەرمانەکانی سۆڤیەت:

سەرچاوەکان:

soviethistory.msu.edu/1917-2/first-bolshevik-decrees/

کانوونی دووەم ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.