شاباز مەحمود: ژنانە بوونی ئەم خۆپیشاندانانە سەرنجی جیهانیشی بەلای خۆێدا ڕاکێشاوە و ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیشی پێکەوە گرێداوە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ شاباز مەحمود ئەندامی یەدەگی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەکەی…

0

 بۆپێشەوە: زیاتر لەچەند مانگە، جەماوەری ئازادیخواز لە کوردستان و ئیران، دەستیان داوەتە ڕاپەڕین و خرۆشانێکی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، هۆکار و ریشەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییە لە چیدایە؟

شاباز مەحمود: هۆکاری ئەم  ناڕەزایەتییە ستەم و زوڵمێکە کە چەندین ساڵە جمهوری ئیسلامی  دەرهەق بە گەلانی ئێران دەیکات. دەسەڵاتی ئاخوندەی ئیسلامی درێغی نەکردووە لەسەرکوت و لە سێدارەدانی خەڵکی  ئازادیخواز،  بە زۆر سەپاندنی  بنەما پوچەکانی  بەناو شۆڕشی ئیسلامی. لە مێژووی٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە ئێراندا، تاوانی زۆر گەورەو ڕوویداوە. کۆمەڵکوژیی هاونیشتمانیانی کوردستان و ئازەرییەکان و عەرەبەکان، کۆمەڵکوژییەکانی چەند هەزار زیندانی سیاسی، لە سێدارەدانی سەدان لە پەیرەوی ئایینی بەهایی، مەسیحی، جوولەکە و زەردەشتی، بەردبارانکردنی ئافرەتان و ژنان تا مردن و جینایەتی بێ سنوور دژی ئافرەتان، بڕینی دەست و قاچ و پەنجەی هەزاران ژن و پیاوی ئێرانی، دەیان و سەدان  تاوانی دیکە، کە  ئەو ڕژیمە لە ماوەی٤٣ ساڵەی حوکمڕانیدا ئەنجامی داوە.

لە ماوەی زیاتر لەسەد ڕۆژ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و لە ڕۆژو ساتەکانی خۆپێشاندان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا، ئەو دەسەڵاتە جینایەت و دڕندەیی  گەیاندە ڕادەیەک کە هەموو جیهان هاتە دەنگ و دەیان حکومەت و ناوەندی مافی مرۆڤ ڕژیمیان مەحکوم کردو ئابڵوقەیان خستە سەر ناوەندو بەرپرسەکانی ئەو حکومەتە دیکتاتۆرە، بەرەی ئازادیخوازی و چەپ وکۆمۆنیستەکانی تەواوی جیهان بوونە پشتیوانی  ئەم خرۆشانە جەماوەرییە.

بۆپێشەوە: لەڕاپەرینی ئەمجارەی خەڵکی ئیراندا ژنان و لاوان رۆڵی زۆر بەرجەستەیان هەیە، ئەمە هۆکارەکەی  چییە؟

شاباز مەحمود: هۆکاری بەشداری و پێشڕەوی ژنان ئەوەیە سەرکوتی دەسەڵات  و سەپاندنی   حیجاب و ڕێگری ئازادییە فەردییەکانی ژنان لەوپەڕی خۆیدا بوو.

کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و ژنان بەتایبەت مەیلی ئازادیخوازیان هەیە، ئەم جۆرە لەسەرکوت ژنانی خستبوو ژیانێک ئیتر بێدەنگی لێی جێگای قبوڵی ژنان نەبوو،  بۆیە ژنان بوونە پێشڕەوی ئەم هەڵسان و خرۆشانە جەماوەرییە. ژنانەبوونی ئەم خۆپیشاندانانە سەرنجی جیهانیشی بەلای خۆێدا ڕاکێشاوە و ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیشی پێکەوە گرێداوە. خۆپیشاندانی بزوتنەوەی سەوزی ئێران لە ١٦-٥-٢٠٠٩ کە لە لایەن میرحسەینی موسەوی و دژی نەیارەکەی کە مەحمودی ئەحمەدی نەژاد بوو. کە تێیدا موسەوی حکومەتی بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار کرد. لەهەموو شارەکانی ئێران بە ڕابەرایەتی کەڕوبی و موسەوی خۆپیشاندانی دژی حکومەت سازکرا. لە تاران نزیکەی چوار ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کرد. کە وەک مەزنترین خۆپیشاندانی دژەحکومەتی لە مێژووی ئێراندا تۆمار کرا. بەڵام بە بەراورد بەم خۆپیشاندانانە قاڵبی سیاسی و ئایدۆلۆجی نەشکاند و نەفەسیشی درێژ نەبوو. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئێران و لەسەر شەقام دەبینریت بە ئامانج گرتنی کۆی سیستمی سیاسییە لە ئێران کە ئاراستەی ئەم ئامانجە ڕووداوەکانی داهاتوو دیاری دەکەن. ئێرانی پێش ژینا و ئێرانی دوای ژینا.

بۆپێشەوە: رۆڵی چینی کرێکار لەم راپەرینەدا چۆن دەبینن و چ ئەرکێک لەسەر شانی چینی کرێکارە؟

شاباز مەحمود: بەداخەوە ڕاستە لەچەند ناوەند کرێکاران پەیوەست بوون بە هەستانی جەماوەری لەشارە جیا جیاکان، بەڵام تا ئێستا ئاوێزانی ئەو شەپۆلە فراوانە نەبوووە کەهەیە. ئاکسۆنە کرێکارییەکان تاکوو ئێستا لەزۆر شوێن متاڵەباتییە لەچوارچێوەی داواکاریدایە، نمونە لەتاران بینران کەبۆخۆی ئەمان نیشاندەدا  بزوتنەوە کرێکاران هەنگاوێک لەدوای خرۆشانە جەماوەریەکانەوەیە.

بۆیە پێویستە هاوکات و هاوتەریب بە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان کرێکاران مەیدانەکانی کار بکەنە سەنگەری بەرگری لەم خرۆشانە.

واتە دەبێت ڕابەڕانی مەیدانەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوەی لەتوانایاندایە بۆ ئاسۆدارکردن و پێشڕەوکردنی کرێکاران بکەن، خۆیان لەو قەتیس بوونە لەداواکردنی خواستە سنفیەکان دەرباز بکەن، ببنە بەشی پێشڕەوی بزوتنەوەی کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی.

بۆپێشەوە: بە چ جۆریک دەبێت خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە پشتیوانی لە خەڵکی راپەڕیووی ئیران بکەن؟

شاباز مەحمود: بەبڕوای من کاریگەریەکانی ئەم شۆڕشە زۆر فراوانە لە شۆڕشی ژینادا تەنیا پەڕاوێزخستن، لاوازکردن و سەرئەنجام شکاندنی شکۆ و دەسەڵاتی مەزهەبی ئامانج نییە، بەڵکو تێکشاندن و سڕینەوەی پیرۆزییە لە هەرشتێک کە بۆتە سیمبول و هێمای پایەداری و بەهێزبوونی مەزهەب.

لەحاڵەتی سەرکەوتنی بەرەی ئازادیخوازی لەئێران، دڵنیام هەموو ئەوحزب بزوتنەوە ئیسلامیانەی هەیە    دەیانباتە قۆناغی کۆتایی هاتنیان،  چونکە ئێران و دەسەڵاتەکەی ڕاستەوخۆ پشتوانی دەکات لەحزبە هەرە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە. لە نمونەی حەماس و حزبوڵا و  بزوتنەوەی ئیسلامی و سەرجەم میلیشا   شیعەکانی ناو حەشدی شەعبی لەئێراق، واتە کۆتایی جمهوری ئیسلامی یەکسانە بەوەستانی گەورەترین مەنبەعی هاوکاری ئەوە حزب و بزوتنەوە کۆنەپەرستانە کە هەن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی .

بۆپێشەوە: ئەم راپەڕین و خرۆشانە جەماوەرییەی ئیران، چ کاریگەرییەکی لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و بزوتنەوە سیاسیەکان دەبێت؟ بەتایبەتی لەسەر ئیسلامیەکان؟

شاباز مەحمود: پشتیوانیکردن لەم هاتنەمەیدانەی خەڵکی ئێران کەبڕوای من خەڵکی خستۆتە دەورانێکی شۆڕشەوە، بەڵام لام وانییە ئەمە شۆڕش بێت، بەواتای ئەوەی ئێستا ناتوانین بڵێن ئێران و دەسەڵاتەکەی   کۆتایی دێت، بەڵام بۆخۆی گەورەترین بەهێزترین هاتنە مەیدانە کە دەکرێ لەسەرەتای هاتنە سەرکاری جمهوری ئیسلامی تاکو ئێستا، گەورەترین و کاریگەرترین هاتنەمەیدانی خەڵکە.

لە سەرەتای ئەم ناڕەزایەتیشدا بەرەی ئازادیخوازی لەتەواوی جیهان پشتوانیان کرد. پێویستە لەسەر هەر ئینسانێکی کۆمۆنیست و تەواوی حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکانی دونیا بەگشتی  پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕوخانی جمهوری ئیسلامی بکەن، چونکە ئەم دەسەڵاتە  نمونەی هەر دڕندەی دژە کۆمۆنیستییە لەیەکەم   ساتی دەسەڵات گرتنی. لەساڵاکانی دەسپێکی کارنامەکەی لە ڕۆژی ٢٦ی تەمووز ساڵی ١٩٨٨دا، خومەینی بۆ لە سێدارەدانی چەپەکان کۆمۆنیستەکان نامەیەک دەنووسێت و تیادا دەڵێت: ”هیوادارم دادوەرەکان بەڕق و قینی خۆیان هیچ شێوازە ڕەحمێک بە دوژمنانی ئیسلام نەکەن و بەم کارە خواش لێیان ڕازی بێت” پاشان فەرمان دەدات کە ئەو دادوەرانەی دەبێت بڕیار بدەن بەهیچ شێوەیەک لە بڕیارداندا گومانیان نەبێت، گومانکردن لە ئیسلامدا بە واتای لەبەرچاونەگرتنی خوێنی شەهیدانە، خومەینی لە درێژەی نامەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زانایانی ئیسلام لەسەر سزای سێدارە ڕیکەوتن، خێرا هەموو دوژمنانی ئیسلام لەناوببەن، بۆ بەدواداچونەوەی دۆسییەکان کام کار خێراتر ئەنجام دەدرێت ئەوە هەڵبژێرن.

 لەبەرئەمە کە سەرسەخترین دوژمنی ئازادو پشکەوتنخوازییە دەکرێ، بەهەر شێوازێ گونجاوە لەهەرشوێنکی دونیا، ئەم پشتوانییە لەفۆڕمی جیاجیادا ئیدامەی بێت،  واتە تەواوی ئەوانەی بۆیان گرنگە هەناسەی ئازادی بۆ گەلان ئێران بگەڕێتەوە، دەبێت درێغی نەکەن لەپشتوانیکردنی ئەم قۆناخە شۆڕشگێڕییە، کە گەلانی ئێران بێ جیاواز، کورد و بەلوج و فارس و ئازەری دەستیان داوەتێ…

Leave A Reply

Your email address will not be published.