کورتە چیرۆک- تەنز ئامێز… ئارام حەسەن
ــ “باشە ئەوە تۆ پیاوێکی عاقڵی، ئەم عالەمە بۆ ئەوەنە لە شەیتان ئەترسن و ڕقیان لێیەتی؟
ــ “باوکەڕۆ یەعنی نازانی”
ــ “نەوەڵڵا، ئەوەی من بزانم ئەو قوڕبەسەرە لە چاکە بەولاوە هیچی تری نەکردوە”
ــ “ئەوه تۆ شێت بووی ڕۆڵە، خێرا تۆبەکە و هەزار جار بە نەعلەتیکە تا غەوری غەزەب نەبووین”
ــ “بەخوا دڵم نایە، چاکەی زۆرە بە سەرمانەوە”
ــ “چاکەی چی هەتیوە گێلە، شەیتان دوژمنە دوژمن”
ــ “کوڕە بابه دوژمنی چی، بۆ بوختانی بۆ ئەکەی، ئەگەر دوژمن بوایە دیارەبوو”
ــ “براڕۆۆۆ، بە زاتی خوای تەعالا تازە تۆ کافر بووی، ئاخر شەیتان و چاکە کوجا مەرحەبا، دە بیکە بە خاتری پشتێنەکەی حەزرەتی ڕەسولەڵڵا یەک چاکەیم بۆ بژمێره”
ــ “مەترسە کاکە، ئەوە بۆ ڕەنگت پەڕی، باشه ئەگەر ئەو نەبێ گوناح بکەینە ملی کێ، ئەوە یەک… ئەو نەبێ کێ هەیه بیستوچوار سەعاتەی خوا حەز و هەوەس وەبەخشێ بەسەرمانا، ئەوە دوو… کێ هەیه دەمی خەیاڵمان تەڕکا، ئەوە سێ… ئەی ئەگەر ئەو نەبێ ڕەبەن قوڕی کوێ بکا بەسەر خۆیا، ئەوە چوار… نهێنی پارێزە ئەوە پێنج… هی تریش ماوە”
ــ “ئەستەغفیرەڵڵا، ئەستەغفیرەڵڵا.. لاحەولە وەلا قووەتە ئیللا بیللا… تەوبە.. تەوبە.. هەزار گوناح و یەک تەوبە”
ــ “مەڵێ هەزار گوناح و یەک تەوبە”
ــ “ئەی بڵێم چی؟”
ــ “بڵێ یەک گوناح و هەزار تۆبە”