نا بۆ چەوسێنەر چ شا بێ یا رابەر …. نووسینی: عبدالرحمن رەسول
ئەم دروشمە بەواتایی ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە یاسایەک و سیستەمێک کە خەڵک بەیاسا و جۆری سیستەمی ئیدارەدانی ڕاپێچی چەوسانەوە و نایەکسانی وسەرکوتی بکات، لەژێر هەرناونیشانێکدا بێت کە چەوسێنەربێت لەشێوازی سەرۆک و شا و مەلیک و ڕابەر. ئەو سەرۆک و شا و مەیلیکەش لەژێر هەر پڕوپاگەندەو بانگەشەیەکی سیاسی نەتەوەیی و ئایینی و بنەماڵەیی بێت. خودی ناوەڕۆکی ئەم دروشمە بەمانایی خستنە ڕوویی ئەڵتەرناتیڤی ئینسانی کە جۆرە دەسەڵات و سیستەمێکیان دەوێت لەدوای ڕوخانی فاشیزمی ئیسلامی ئێران کە هەڵقوڵاوی ناخی سیستەمێکی ئینسانی یەکسانیخوازانە بێت ئەویش بەدڵنییایی ئیدارەدانی کۆمەڵگەیە لەلایەن خودی خەڵک خۆیەوە، لەڕێگای شوراکانییەوه، کە بتوانن کۆمەڵگە بەحکومەت و ئیدارەدانی شورایی بەڕێوەبەرن .خەڵکی ئێران و کوردستان لەهەردوو شێوازی دەسەڵاتداریتی بەجۆری (بنەماڵەیی شا و ئیسلامی) بەتوندترین و بێ بەزەیانەترین شێوە چەوساوەتەوه و کراوەتە قوربانی ئەم جۆرە مێژووەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران و کوردستان باشترو نوێ تر بیر لەدەسەڵات و شێوازی ئیدارەدانی کۆمەڵگە بکەنەوە. کە دەرئەنجامی ئەم جۆرە تێکۆشانە جەماوەرییە کە هەرچی سەر بە هێڵەکانی فاشیزمە لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی بوەستنەوە بۆئەوەی ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان بگۆڕن بەپێی خواست وبەرژەوەندییەکانیان، بەڵام سەرکەوتوونابن. خەڵکی ئێران بەدرێژایی زیاتر لەچل ساڵ لەژێر توندترین وبێ بەزەیانەترین سیستەم و دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێراندا دەچەوسێنەوە و بێ ماف و بێ ئازادی دەکرێن. خۆسەپاندنی زۆرەملێیانەی فاشیزمی ئیسلامی ئێران هۆکارەکەی ئەوەبووە کە پێشتر سیستەم ودەسەڵاتی ئێران لەلایەن بنەماڵەی شاوە زۆر فاشیزمانە دەچەوسایەوە و بێ ماف وبێ ئازادی دەکرا .سەروەت وسامانی گشتی ئێران لەلایەن شا وبنەماڵەکەیەوە ئازادانە تەخشان و پەخشانی پێ دەکرا. لەهەمانکاتدا جیاوازی چینایەتی و گەشەی بێکاری و هەژاری درێژەی هەبوو، زۆرینەی خەڵکی ئێران و کوردستان لەناو ژیانێکی جەهەنەم ئاسا دەچەوسانەوە، بەڵام بنەماڵەو خانەوادەی شایی ئێران لەوپەڕی ژیانێکی ڕیفاهیەت و خۆشگوزەرانیدا دەژیا. خەڵکی کرێکارو رەحمەتکێش، نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بێ ماف دەکران، تەنانەت ئۆتۆنۆمیشیان پێ ڕەوا نەدەبینن .لەوەش کوشندەتر زۆر دڕندانە هێرشیان دەکردە سەر هەموو جوڵەیەکی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ئێران. ڕۆژانە یاسا دژە ئینسانییەکانی لەسێدارەدان جێبەجێ دەکرا، خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ڕەخنەگران لەو دەسەڵاتە لەسێدارە دەدران و لەزیندانەکاندا بەتوندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دەدران .ڕۆژ دوای ڕۆژی کۆمەڵگەیان ڕاپێچی دواکەوتوویی و چەوسانەوەی زیاتر دەکرد هەرئەمەش بۆوە هۆکاری ئەوەی خەڵکی ئێران و کوردستان لەدژی سیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵەی شادا بێنە مەیدان و کۆی دەسەڵاتەکەیان بخەنە زبڵدانی مێژووە. بەڵام بەداخەوە لەلایەک خۆشباوەڕی خەڵکی ئێران بە خومەینی گۆڕبەگوڕ وئیسلامییەکان و لەلایەکی تریشەوە بەهاوکاری دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری یەوە ئەم هێزە فاشیزمەی ئیسلامییە بەزۆرەملێ خۆی بەسەر دەسەڵات و دەوڵەتداری دا لەئێراندا سەپاند، کە دواتر یاسا و سیستەمە جەنگەڵی و کۆنەپەرست و دژەئینسانییەکانی جێبەجێ کرد، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ کڵپەکانی فاشیزم بەخوێنی گەنجان و لاوان و ژنان و کرێکاران و دەستفرۆشان سوورتر دەبێت. بەدڵنییایی ئەم فاشیزمەی ئیسلامیەش هەروەک فاشیزمی بنەماڵەیی شا دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە .خەڵکی ئێران و کوردستان دەستی بەهەنگاوەکانی خۆی کردووە بەرەو ڕووخانی. گرینگی ئەم تێکۆشانەی خەڵک لەوەدایە تەنها نایەوێت دەسەڵاتی ئیسلامی بڕوات، بەڵکو خەڵکی ناڕازی کە ناڕەزایەتییەکانی بەخۆشحاڵییەوە بۆتە بزوتنەوەیەکی جەماوەری یەکگرتووانەی بەهێز بە ئامانجی ڕاماڵینی کۆی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی و سستەمی فاشیزم هەرئەمەش وایی کردووە کەسەرجەم ئەوانەی خاوەنی فکرو بیروباوەڕی قۆرغکاری و فاشیزمی دەسەڵاتدارێتی ئیداری و ئابووریین پەلەقاژەی ترسیان لێ نیشتووە، بەشێک لەو خاوەن فکرو بیرکردنەوانەش کەوتوونەتە دەرەوەی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانەوە بەناو و شێوازی جیاواز، بەڵام لەناوەڕۆکی ئیدارەدان وبەڕێوەبردنیاندا هەمان جۆرو کردەوەی دژە مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنن وگەشەی پێدەدەن، هەربۆیە لەئێستاوە ئامادەباشی دەکەن بۆئەوەی لەدوایی ڕاماڵینی سیستەم و دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی دا خۆیان بەشێوازی جیاواز بسەپێنن و خەڵک فریوبدەن بە بەڵێن و سیاسەتە پۆپۆلیستەکانیان. یەکێک لەو جوڵانەوە پۆپۆلیستانەش خانەوادەو بنەماڵەی شای گۆڕبەگۆڕە کە لەوڵاتانی ئەوروپاوە دەیانەوێت بانگەشەی ڕابەرایەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی ناوخۆی ئێران بکەن بەپشتیوانی بەشێک لەوڵاتانی سەرمایەدار دووبارە خۆیان بەزۆرەملێ لەژێر ناوی دیموکراسی و دەوڵەتی شایی بسەپێنن. ئەوەی جێگایی خۆشحاڵی و ئومێدە ئاستی وشیاری خەڵکی ناڕازی لەو قۆناغەی کە بنەماڵەی شا دەیەوێت گوزەری کردووە باش تێگەیشتووە کە سەردەمی دەسەڵاتی شا پڕ لەقەیران و سەرکوت و چەوسانەوەی بەشەیدەت بوو هەرگیز خەڵک زۆرینە ڕازی نابن بەگەڕانەوەی کۆمەڵگە بەرەو سەدەی ڕابردوویی دەرەبەگایەتی کە بەگێک و ئاغا و شێخ وپاشا وشا ومەلیکێک هەموو کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت و بەزۆر کاری بێگاری بەخەڵکی بکات و باج وسەرانە لەخەڵک بەزۆر کۆبکاتەوە دیوەخانی پێ بڕازێنێتەوە!! لەم ماوەیەدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی پارە لەلایەن ڕەزاپەهلەوی لەناو خەڵک لەئێران، ڕەزاپەهلەوی لەدژی شۆڕش وهێزی تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵک بۆ دەسەڵاتدارێتی خۆیان دەستی داوەته سینارێۆیەک لەژێر ناوی پێدانی وەکیل کە دەگوترێت وەکیل واتە وەکالەت دانە بەڕەزا پەهلەوی تا ڕابەری ڕاپەرینی خەڵکی ناڕازی ئێران بکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە پرسی سیستەمی شاهانشاهی و دەسەڵاتدارێتی شانشایی و پاشایەتی لەئێران هەرباوی نەماوە و خەڵک لەسەردەمی شانشایی باوکیدا بەتوندترین و بێ بەزەیانەترین شێوە چەوساوەتەوە وئازارو ئەشکەنجە دراوە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەیەکیش بە بیروباوەڕ وفکرە دژە ئینسانییەکانی باوکی بکات و شەرمەزاری بکات کردەوه دژە ئازادی ومرۆڤایەتییەکانی باوکی ئێستا بالۆرەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی شایی لێدەدات .لەڕاستیدا لەئێستا جێگەی شەرمەزارییە گەنج ولاو وخەڵکی ئێران وکوردستان باسی وەکیل دان بۆ ڕەزا پەهلەوی بکەن. لەوە وێرانتر لە فکرو بیروباوەڕ ئەوەیە کە لەژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێکخراو یان حیزب لەدژی فاشیزمی ئیسلامی ئێران گرووپێک یان حیزب وڕێکخراوێک بانگەوازی دەسەڵاتدارێتی شایی لەئێراندا بکات. هەروەها بێیت و ئەم بانگەشەیەی پێدانی وەکیل بە کوڕەکەی شای گۆڕبەگۆڕ بکەی، هەر بەڕاستی هێزو حیزبێک کە خۆی بەم جۆرە سیستەم و دەسەڵاتدارێتییەی شاوە هەڵبواسێت ئەوپەڕی جێگەی شەرمەزارییە ونیشانەی نەبوونی فکرو بیروباوەڕی نوێخوازی وسەردەمی شارستانییە .لەو سەری ئێرانەوە بۆ ئەم سەری ئێران لەناو سەرجەم نەتەوەکانی ئێران گەورەترین کێشەو قەیران هەبوونی زۆری بێکاری وهەژاری وبێ خانەولانەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و نەبوونی بیمەکان و نەبوونی سەلامەتی کار و بەردەوامیش گەشەی سەرکوت وچەوسانەوە و نەبوونی هەرجۆرە ئازادییەکی ڕێکخراوبوون وسیاسی یە. هەربۆیەش لەلایەن زۆرینەی خەڵکی ناڕازی ئێران وکوردستانەوە دروشمی” نا بۆ چەوسێنەر چ شا بێت یان رابەر” وەڵامی ئەم جۆرە هەوڵ و سیناریۆو کردەوەی ڕەزا پەهلەوییان داوەتەوە. هەر جۆرە هەنگاوێکیش لەلایەن هەر کەس وحیزب و ڕێکخراوێکیش بێت بۆ دژایەتیکردنی شۆڕش و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران بۆ ڕوخانی سیستەم و دەسەڵاتی فاشیزم لەژێر هەرناونیشان وشێوازێکبێت هەرەس پێدەهێنێت وپاشەکەشەی پێدەکات…