کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی بێ ئاکامن لە دەرچوون لەو ئەزمە قوڵەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە!

0

کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی بێ ئاکامن لە دەرچوون لەو ئەزمە قوڵەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە!

دوای دەورەیەکی تر لەچوونەسەری گرژی و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و خوڵقاندنی ترس و دڵەراوکێ لەناو خەڵکی کوردستاندا، سەر ئەنجام پارتی و یەكیتی کۆتایی مانگی جەنیوەری لەسەر ئاستی مەکتەب سیاسیدا کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکەش بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە ناوەڕۆکەی بریتییە لە “بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆی و ناوچەییەکان و راو سەرنجی تێبینی هەر دولا لەسەر بابەتە جیاجاکانی پەیوەست بە ڕێکەوتنی پێشووی هەر دولا خرانە ڕو… وە هەردولا ڕیکەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کوبونەوەی دیکەی هەردوشاند ئەنجامبدرێت”

هەر کەسێک سەیری راگەیاندنی کۆتایی کۆبونەوەکە بکات… بەڕۆشنی دەبینێت، کە کۆبونەوەکەی نێوانیان، نەک هەر کۆبونەوەیەکی بێ ئاکام، بەڵکو کۆبونەوەیەک بووە لە درێژەی گرژیەکانی نێوانیان، و بن بەست بووە لەوەی ڕیگایەک بدۆزنەوە بۆ دەرچوون لەو ئەزمە قوڵ و هەمەگیرەی هەردوو دەسەڵات لەهەر دوو زۆنەکە  تووشی بوون.

ئەم دۆخەش کەوای کردووە پارتی و یەکێتی، نەتوانن بگەنە ڕیکەوتنێک، یان لەسەر چەند خالێک ڕیکبکەون و رای بگەیەنن، دەگەڕیتەوە بۆ دۆخی سیاسی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێم، کە پارتی و یەکێتی نەک وەڵامێکی رۆشنیان بۆیی نییە، بەڵکو کەوتوونەتە حاڵەتی چاوەروانییەکی بێ هودەو نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەو ئاڵوگۆرانە بکەن کە بە رێگاوەن. هاوکات لەگەڵ ئەم حاڵەتی چاوەروانی و بێ وەڵامیان بۆ دۆخی پڕ ئاڵوگۆری ناوچەکەو عێراق، گوشارە بەردەوامەکانی نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکا و غەرب لەسەریان، کە داوا دەکەن، هەڵبژاردن دوانەخەن، هیزی چەکداریان یەک بخەن، لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕیکەوتن…  هێندەی تر پارتی و یەکێتی و پاڵناوە بۆ ناو دۆخێکی نەخوازراو بێ چارە… ئاخر گرفتی بەردەم هەڵبژاردن بەجیا لە ناوەرۆکە پوچەکەی، وەکو سیناریۆیەکی دوبارەش، رووبەڕووە لەگەڵ تورەیی جەماوەری و مەدی فراوانی بایکۆت و بەشداری نەکردنی خەڵک و هاوکاتیش بەوهۆیەوە هەڵبژاردن بژاردەیەک نییە بۆ دەستاوەستکردنی دەسەڵات و قبوڵکردنی ئاکامی ناچاوەروانکراو…کە ئەمەش گرفتیکە دەسەڵات رووبەرووی بەریەککەوتن لەگەڵ دیدی ئەمریکاو غەرب دەکات. یەک خستنی هیزی پێشمەرگە، لە پرسی هەڵبژاردن پوچترە… پارتی و یەکێتی ئەگەر هیزی چەکداری حزبیان نەمێنێ… ناتوانن لەگۆرەپانی سیاسی و لە ململانێی ناوخۆیی ناو خانەوادەی بۆرژوازی خۆیاندا، بمێنەوە، ئەوە جیا لەوەی پارتی و یەکێتی بەجیا لەهیزی چەکداری لەچەشنی یەکەی هەفتاو هەشتا… خاوەنی چەندین جۆری تری هیزی بەرگری لە بنەماڵەو دەسەڵاتن… و هەرگیز ناتوانن دەست بەرداریان ببن. ڕیکەوتن لەگەڵ بەغدا بەتایبەت لەپەیوەند بە پرسی نەوت و غازو…تاد، لە هاوسەنگی ئێستای نیوان هەولێر و بەغدادا کە بەزیانی هەولێرەو هاوکات دەستور!! مافی یاسایی لە دەسەڵاتی هەرێم دەسەنێتەوە کە سەربەخۆ مامەڵە بە نەوت و غازەوە بکات… ئەمانە هێندە کێشەی قوڵن، کە پارتی و یەکێتی وەڵامیان بۆی نییە… دیارە ئەو کیشانە بونەتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی هەرێمیشدا پارتی و یەکێتی نەتوانن دەست بەرن بۆ چارەسەری ئەو کیشانەی کە بەرەو رووی یەکتری دەکەنەوە. دیارە دۆسیەکانی هەرێم وەکو باسی هاوبەشی دەسەڵات، رێرەوی چەوتی حکومرانی، پەراوێزخرانی زۆنێک، نەگێرانەوەی داهات بۆ خەزێنەی مەرکەزی، پاوانخوازی… ئەمانە هەموویان گرفتی لاوەکین لەچاو گرفتەکانی تردا.

وا بڕیارە پارتی و یەکیتی دریژە بۆ کۆبونەوەکانیان بدەن، بەڵام دۆخی ئیستا لە سودی پارتی و یەکێتی و کۆبونەوەکانیان نییە، بۆیە ئەم کۆبونەوانە بێ ئاکام دەبن و بەهەر ڕێکەوتنێکیش بگەن، یان لە بەیاننامە و راگەیاندنێکدا لیستی ڕیکەوتنیان رابگەیەنن، تەنها بۆ شێواندنی رای گشتی و لە پیش هەموویانەوە بۆ خاوکردنەوەی گوشارە دەرەکیەکانی سەریانە.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.