دادگای فیدرالی بەردەوامە لەسەر گوشارەکانی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم!!
بەم دوایانە دادگای فیدرالی عێراق، بریاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری و وەکو موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕاگرت. بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی، بڕیارێکی قورستری پێشووی لە پشتە، کە بەنایاسایی ناساندنی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمە و لەو چوارچێوەیەشدا پرسی ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم!! و شایستە داراییەکان، بە تەواوی وشک دەکات.
راگرتنی ناردنی ئەم بڕە پارەیەو دوبارە بەدەستەوە گرتنی بریاری دادگای فیدراڵی بۆ نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوت و غاز، کاردانەوەی خێرای بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێمی کوردستانی بەدوایدا خۆیدا هێنا و وەکو دوژمنکارییەک بەرامبەر بەهەرێم خوێندنەوەی بۆکراو لەوەش زیاتر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی وتی دادگای فیدراڵی “دیارە ئەجندایەکی گوماناوی جێبەجێ دەکات و جێگەی دادگەی شۆرش” محکمە الثورە”ی رژێمی پێشووی گرتۆتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە هەر چەند رۆژ پێش ئێستا، سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حکومی و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، لە پێشبرکێی ئەوەدا بوون کە ناردنی ئەو برە پارەیە بەرهەمی ماندووبوونی ئەوانە و هاوکات هەموویان ئەوەیان دەدا بە گوێی خەڵکی کوردستاندا، کە ئاڵوگۆری باش و لێک تێگەیشتنی زۆر لەنیوان بەغدا و هەرێمدا هەیەو بە شان و باڵی “برایانیان!!” لە بەغدا هەڵدەدا. کەچی دوای بریاری دادگەی فیدرالی هەموو لێدوانەکانیان پێچەوانە بوونەوە و ئەمجارەیان یان سەریان کز کردووە، یانیش گڕیان گرتووەو بەتوندی لێدوان لەسەر مامەڵەی بەغدا و دادگای فیدرالی دەدەن.
دیارە نیگەرانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەتایبەتیش پارتی، بەتەنها لەسەر ٤٠٠ ملیار دینارەکە نییە، بەڵکو لەسەر وشک بوونی ئەو سەرچاوەی داهاتەیە کە جاروبار لە بەغداوە دەهات و لەوەش زیاتر نیگەرانییە لەوەی کە بەغدا ڕێگە بە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم نادات بە شێوەی سەربەخۆ بیفرۆشیت، ئەمەش تەنها پرسیکی ئابوری نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسیەو گورزێکی کەمەر شکێنە لە قەڵەمرەوی سیاسی دەسەڵاتی هەریم و تواناییەکانی…
ئەم بریارەی دادگای فیدرالی، لە کاتێکدایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، ئومێدی ئەوەی هەبوو بەم زوانە لە گفتوگۆی لەگەڵ بەغدادا لەسەر بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕیک بکەوێت و نیازەکانیان، وەدی بهێنن، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەو خەون و ئومێدەشی کوشت و زیاتر لەوەش پرسی گفتوگۆی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دوا دەخات و لەگەڵ خۆشیدا برینە قوڵەکانی سەرچاوەگرتوو لە فیدرالیزمی قەومی دەکوڵێنێتەوەو جارێکی تر ململانێی بەغدا و هەرێم، درێژە پێدەدات… ململانێیەک کە بەهەموو پێوانەیەک دوورو نزیک پەیوەندی بە پرسە سیاسی و حقوقیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییەو شەرە لەسەر بەشی داهات و بودجە و دەسەڵات، کە فیدرالیزمی قەومی مۆری لێداوە.
ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەناوی خەڵکی کوردستان و لێدوان دەدەن و نیگەرانی لە بڕیاری دادگا و مامەڵەی بەغدا دەردەبڕن، دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بکەنە زەخیرەی ململانێی داهاتوویان لەگەڵ بەغدا و ڕیگایەکیش بۆ خستنە رووی هاوئاهەنگی نێوان دەسەڵات هاوڵاتیانی کوردستان… ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی دوو بەرژەوەندی جیاوازی دژ بە یەکترین و بەیەکەوە نەک هەڵناکەن، بەڵکو لەبەرامبەر بە یەکتریدا وەستاونەتەوە.
دیارە چۆن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، دەسەڵاتێکی چاوچنۆک و نوینەری بۆرژوازی کوردە، ئاواش دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا، دەسەڵاتێکی تا سەرمۆخ تاڵانچی و گەندەڵ و هاوکات دژی مافە و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و دژی ئاییندە سیاسیەکەیەتی…خەڵکی کوردستان لەیەک کاتدا رووبەرووە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی هەریم دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەب لە عێراقدا.
بۆپێشەوە