سەرنگونی کۆنتڕۆڵکراو و وەکالەتی سیاسی! دوو لایەنی ستراتیژی ڕاست پرۆ ڕۆژئاوا … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ئەم ڕۆژانە کەمپی ڕاست خەریکە ئاشکراتر و ڕاشکاوتر سیناریۆی خۆی بۆ ئاڵۆگۆڕێک کە دەیەوێ ئامادە دەکا. پەهلەوی لەو ماوەیەدا ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕێک کە ئەوان دەیانەوێ بڕیارە سەرنگونیەکی کۆنتڕۆڵکراوی لەسەرەوە بێت و بڕیار نییە دادگاکانی داهاتو هەموو بەش و ئەندامانی هێزەکانی دەزگای سەرکوتی ڕژێمی ئێستا ڕووبەڕوی دادگا و سزا بکرێنەوە وتەنها هەندێک لەسەرانی سەرەوە لێپرسینەوە و دادخوازیان لەگەڵ دەکرێ. ئەو دادگاکانی گۆتێنبێرگی نازییەکانی ئەڵمانیای دوای ڕوخانی فاشیزمی هیتلەری بە نمونە هێنایەوە و وتی لەو دادگایانەش هەموو SR کارەکان دادگایی نەکران. وتی لە بارەی ئەو جۆرە دادگاییانەوە مۆدێلێکی تاقیکراوە هەیە و نمونە ئێرانیەکەی بەپێی هەلومەرج و مەرجەکانی ئەوان دەکرێ کاری پێ بکرێ. ئەوەی کە پەهلەوی چۆن ڕاستیەکانی دادگای گۆتێنبێرگ دەشێوێنێ زۆر مەسەلە نییە، ئەوەی کە مەسەلەیە پەیامێکە کە لە پشتی ئەو شێواندنەی ڕاستیەکانی دادگاکانی گۆتێنبێرگ خۆی شاردۆتەوە. پەیامی پەهلەوی بۆ دام ودەزگای سەرکوتی ئەمڕۆیە کە لە سیناریۆی ئەواندا ئەوان قەرار نییە هیچیان بەسەر بێ، بەڵکو بڕیارە بەشێک بن لە پڕۆسەی دەستاودەستکردنی دەوڵەت و دەزگای سەرکوت و داسەپاندنی ئارامی سیاسی بۆ سەرمایەداری و دەوڵەتی سەرمایەداری داهاتوو. هاوکات لەگەڵ ئەمە کۆمەڵێک لە کارەکتەر و هەڵسوڕاوانی ڕاستی پڕۆ ڕۆژئاوا هەر لە ئێستاوە چێکی سپیان بۆ پەهلەوی ئیمزا کردوە تا زەحمەت بکێشێ کەمپی ڕاستی بۆژروازی لایەنگری ڕۆژئاوا لە ڕاستای سەرنگونی و هەڵپێچانی لەسەرەوە کۆنتڕۆلکراوی جێگە نیازی ڕاست و بۆرژوازی جیهانی و ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی بکا.
پەهلەوی کە سومبولی دیکتاتۆریەتێکی بۆرژوایی ڕوخێنراوە لەڕێگەی شۆڕشەوە چەند سەلاحیەت و کارایی ئەوەی هەیە ئەو دەورە بگێڕێ کە بۆرژوازی و ڕاستی لایەنگری ڕۆژئاوا لێی چاوەڕوان دەکەن خۆی بابەتێکە. لە ڕەوتی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا بێگومان وێستگە و قۆناغی جیاجیا دەبینین کە تیایدا کاراکتەرەکان دێن و دەڕۆن و دەورونەخشی بە ڕواڵەت جیاواز و ئاڵۆز لە خۆیان نیشان دەدەن و ئەم کەمپینەی وەکالەت وەرگرتن و وەکالەت پێدانەی کاراکتەر و هەڵسوڕاوانی ڕاستی پڕۆ ڕۆژئاوا بە پەهلەوی یەکێک لەحاڵەتەکانی ئەم هەلومەرجەی قەیرانی شۆڕشگێڕانەی کەوتن و ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامییە. بەڵام چارەو سیماکانی جوڵانەوەی ڕاست و یەکێتی و لێکترازانەکانیان هەرچەند ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت و هەرشێوازێک بەخۆیەوە بگرێ، بەڵام سیاسەتی هەڵپێچان و سەرنگونی کۆنتڕۆڵکراو کەبە مانای کۆنتڕۆڵکردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە و هێنانەخواری چاوەڕوانی لە ئاڵوگۆڕە چ لەڕووی ناوڕۆکەوە و چ لە ڕووی شێوازەوە تا ئاستی چاوەڕوانیەکانی بۆرژوازی، ناوەڕۆکی ستراتیژی سەرجەم بورژوازیە. وەکالەت وچێکی سپی ئیمزاکردن بۆ پەهلەوی ڕێگایەکی میانییە لەم ڕەوەندەدا.
هەرچۆنێک بێ لەم سیناریۆیەدا، بڕیار نییە چینی کرێکار بە شورا و جوڵانەوەی شورایی خۆیەوە پێ بنێتە مەیدانەوە،. بڕیار نییە حیزبە کرێکارییەکان و ڕابەرانی کرێکاری و کۆمۆنیستی چینی کرێکار لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی و چارەنوسی کۆمەڵگە لە گۆڕەپانی سیاسەتی کۆمەڵگە دابن. بڕیار نییە کۆمەڵگە و چینە کۆمەڵایەتیەکان لەدەوری ئاسۆی ڕاست و چەپی کۆمەڵگە بکەونە جەمسەربەندی و دەرفەتی هیچ هەڵبژادنێک لە نێوان چەپ یان ڕاست بکرێتەوە. بە پێچەوانەوە لەم سیناریۆیەدا بڕیارە بۆرژواژی و ڕاستی لایەنگری ڕۆژئاوا بەکۆمەکی خەڵک، بە کۆمەک کودەتا وسازان لەسەرەوە یاخود لەڕێگەی هەر سیناریۆیەکی تری مومکینەوە، قودرەت و دەوڵەت لەبەشە ئیسلامییەکەی وەربگرێت و ڕادەستی بەشەکەی تری بکا تا سەرەنجام سەرمایەداریەکی پشت بەستوو بە بازاڕ و ئابوری کاری هەرزان لەڕێگەی دیکتاتۆریەتێکی بۆرژوایی لایەنگری بۆرژوازی ڕۆژئاوا ڕێک بخاتەوە. سەرمایەداریەک کە زۆر کێشەی لەگەڵ بێ حیجابی و خواردنەوە و نەخواردنەوەی ویسکی و بیرە و پۆشینی جلوبەرگی مۆدێلی ڕۆژئاوایی و مۆسیقا و گۆرانی و شێوە ژیانی ڕۆژئاواییدا نییە. سەرمایەداریەک کە لەو ڕێگریە دەست و پێگیرە ئایدیۆلۆژی و فەرهەنگیانەی کە حکومەت و دەسەڵاتی دین سەپاندبووی، ئازاد بووبێ و ئاستێکی پێویستی ئاسایش و ئارامی و سەربەخۆیی بۆ موڵکایەتی بۆرژوایی و جوڵەی سەرمایە دابین کردبێ، قیبلەی ئاوات و ئامانجی بۆرژوازی ئێرانە.
بەڕێخستنی ئابوریەکی سەرمایەداری پشت بەستو بە کاری هەرزان، پشت بەستو بە هەژاری و بێمافی گەورەی سیاسی و ئابوری لەخۆیدا پێویستی بە سەرخانێکی سیاسی ئیستیبدادی و دیکتاتۆری هەیە، پێویستی بە هەلومەرجێک هەیە سەرمایە خەیاڵی ئاسودە بێت. ئێرانێک تیایدا کرێکار مافی مانگرتن و ڕێکخراوبوونی هەبێ، قسەی ڕابەری کرێکاری قورسایی هەبێ لەدیاریکردنی سیاسەت و چارەنوسی کۆمەڵگە، ناتوانێ جەزیرەیەکی ئارام بێت بۆ سەرمایە. ئەمە ناکۆکی و کێشە گەورەکەی وڵاتانی حەوزەی کاری هەرزانە. یان دەبێ دیکتاتۆر و ئیستیبدادی بێت یان ناتوانێ چینی کرێکار و چینە بێبەشەکان بێدەنگ و سەرکز بکات. چونکە بەهەر ڕادەیەکی کەش و هەوای ئازاد چینی کرێکار بێمافی و هەژاری قبوڵ ناکات. مان دەگرێ و بە شێوەی سیاسی دێتە مەیدان و جوڵانەوەی سیاسی سەربەخۆی چینایتی خۆی ڕێکدەخا، دەچێتە پشتی حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی خۆی و کۆمۆنیزمی خۆی گەورە دەکا و شورا و جوڵانەوەی شورایی بەڕێدەخا.
ڕەوتی کۆتایی خەباتی چینایەتی کە هەر ڕۆژ زیاتر لەسەر ئەم پرسانە توندتر دەبێتەوە و ڕاشکاویەکی زۆرتر بە خۆیەوە دەبینێ و ئەم سیناریۆ ڕاگوزارانە تێدەپەڕێنێ و هاوسەنگیەکی یەکلاکەرەوەتر دروست دەکا، دەبێ بیبینین، بەڵام هەرچۆنێک بێ زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕاستی لایەنگری ڕۆژئاوا ستراتیژی خۆی، ستراتیژی کۆنتڕۆڵکردن و هێنانەخواری چاوەڕوانی لە ئاڵوگۆڕ تا ئاستی چاوەڕوانی و خواست ونیازەکانی ڕۆژئاوا و سەرجەم بۆرژوازی، ڕاگەیاند. وەکالەت و چێکی سپی ئیمزا کردنی پێش وەخت بە شا کەیان ئەگەر سەلمێنەری شتێک بێ سەلمێنەری ئەوەیە کە بڕیارنییە لە پڕۆسەیەکی سیاسی و ئازادانە مافی هەڵبژاردن یان ڕاستتر بڵێین دەرفەتی هەڵبژاردن لە نێوان ئاسۆ و ڕێگاچارە سیاسی و چینایەتییەکان بە خەڵک بدەن، بەڵکو بڕیارە لەڕێگەی ئاڵۆگۆڕی لەسەرەوە و تاج لەسەرنانێکی ڕۆژئاوا پەسەند، ڕێگە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات و ڕادەستکردنی دەوڵەت لەم دەستەیانەوە بگوازنەوە بۆ ئەو دەستەی تریان. قوربانی و تەقەلای چینی کرێکار و ژن ولاوی کۆمەڵگەی ئێران بڕیارە جادە خۆشکەری گۆڕینی حکومەتێکی دینی و ڕۆژهەڵاتی بە دیکتاتۆریەتێکی بۆرژوایی لایەنگری ڕۆژئاوا و بانقی نێودەڵەتی بێت.
ڕۆژی خۆی هەمان ڕۆژئاوا چێکی سپیان دایە خومەینی و ڕەوتی ئیسلامی بۆ ئەوەی بە دادی دەوڵەتی بۆرژوایی و سەرمایەداریەوە بێت، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ وەکالەت و چێکی سپی ئیمزاکردنی ئەمجارەیان بۆ پەهلەوی، سەرمایەداری ئێران لە کابوسی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و هاتنە مەیدانێکی جیددیتری سیاسی کرێکار وکۆمۆنیزم نەجات دەدات؟
لەڕاستیدا ئەم ئەگەرە یەکێک لە ئەگەرەکانی ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوی ئێرانە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی بوونی چینی کرێکارێک کەئەزمونی شۆڕشێکی بینیوەو شورا و بزوتنەوەی شورایی تاقیکردۆتەوە و بوونی ڕەگە و جۆرێکی خۆشناوی کۆمۆنیزم، کۆمۆنیزمی کرێکاریی و هەروەها بەپێی خەسڵەتی ڕادیکاڵ و نزیکی چاوەڕوانییەکان و ئەو عەدالەتخوازییە گەورەیەی کە لە هاتنە مەیدانێکی ئاوا گرنگ و گەورەی کۆمەڵایەتیدا بەدی دەکرێ لە ئێرانی ئەمڕۆدا کە لە مێژووی هاچەرخدا بێوێنەیە، ئەمجارە ئەم کڵاوە بە ئاسانی ناچێتە سەری چینی کرێکار و ژن و لاوی ئەمڕۆی ئێران.
هەرچۆنێک بێ ئاڵوگۆڕەکانی ئێران خێرا و گەورەن و دیمەنەکانی ئەم پڕۆسەی ئاڵوگۆڕە ئەوەندە سەرسوڕهێنەر و گەورەن کە دەکرێ بڵێین تا ڕاددەیەکی زۆر خەریتەی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەم سەردەمە لە فلتەری ئەم ڕۆژانەوە، لە فلتەری پڕاکتیک و هەڵسوڕانی هێزە چینایەتیە جیاوازەکانی نێو ئەو ڕوداوانە دوبارە دەنەخشێنرێ.
بۆ کومۆنیزمێک کە کاری بەوەیە کە دەست بۆ ژیان بەرێ و ژیان هەر لەم سەردەمە دا بگۆڕێ و چینەکەی خۆی لەجەنگیدا لە پێناو ڕێکخستنەوەیەکی عەدالەتحوازانەی کۆمەڵگە و ژیان نوێنەرایەتی بکا، لەدوای شۆڕشی بەلشەفیزم، کەمتر لەگەڵ دەرفەت و هەلومەرجی بەو شێوەیە بەرەو ڕوو بووە کە بکرێ چاوەڕوان بکرێ کە نەک هەر چینەکەی خۆی بەڵکو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە بهێنێتە پشتی خۆی.
۲۱.۱.۲۰۲۳