سلێمانی، شاری رۆشنبیری و یاخی لەستەم و کۆنەپەرستییە!… عەبدوڵا مەحمود

0

بەدوای هەر کردەوەیەکی نامۆ و هەر کەمپەینیکی ئیسلامی و سەلەفی و کۆنەپەرستەکان بۆسەر ژنان و کۆمەڵگە و ئازادییەکان و هێرش بۆسەر مافە شەخسی و ئینسانیەکان… کە بەرهەمی نامۆیی ئەو هێز و رەوتانەیە بە کۆمەڵگە، کاردانەوەی جیاواز لەلایەن بەشێک لە هاولاتان و نووسەر و نوخبەی سیاسی دەبیستن، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو هێرش و کەمپەینانە لە سنوری شاری سلێمانی رووبدات.

هەندێک لەو کارادانەوەو هەڵوێستانە، ئاساییە و لە ژێر هەژموونی رووداو پێشهاتەکان و ترسە لە ئاییندەی هەرێم و خەڵکەکەی و بەتایبەتی شاری سلێمانی، بەڵام بەشێکی تر لە لێدوان و هەڵوێستگیرییەکان و بەتەواوەتی سیاسییەو بە نەخشەوە ئاراستە دەکرێن. ئەم ماوانەی دوایی و بەتایبەتی دوای وروژاندنی پرسی”جێندەر” و فتوای سەلەفیەکان بۆسەر ژنانی ئازادیخواز و فیمینست، هێرشێکی سیستماتیک کرایە سەر شاری سلێمانی و تۆمەتی پاکەتی و پێشتر لەقوتونراوی ئاراستە کران. لەوانە پێشکەوتوویی شار، توانا رۆشنبیری و داهێنانەکانی، جوڵەو زیندویەتیەکەی، توانا شاراوە بەردەوامەکانی کە زوو زوو خۆیان دەردەخەن، کراوەیی و بەزوویی جوت بوونی لەگەڵ پێشرەوییەکانی دنیا و گوێزانەوەی خێرای نەریت و شیوازەکانی نوێ ژیان و مۆدیلاتەکان… بۆ ناو سەنتەری شار و ژیانی هاوڵاتیان.

جیا لەوانە زۆرێک لە نووسەر و کەسایەتی سیاسی هەر کردەوە نمایشێکی ئیسلامی و کۆنەپەرستی و سەلەفی دەبینن، یان بریار و لێدوانی بەرپرسانی شار دەبیستن، تا رادەی ئەوەی کە بڵێن شاری سلێمانی دەبێت بە “ئەفغانستان و کابول”!!، پێی لێ رادەکێشن و ئاییندەیەکی ترسناک دەخەنە پێش چاو.

هەروەکو پێشتر وتم هەندێک لەوانەی ئەو سیناریۆیە پێش چاو دەخەن، خۆیان قوربانین و لەژێر هەژموونی بۆمبارانی راگەیاندن و هێڵی نووسەران و سیاسییە راسپێردراوەکاندان، کە باگراوند و ئامانجی سیاسی و ململانێی حزبی لە پشتیان وەستاوە، بەڵام بەشێکی تریان بە هوشیارییەوە و بە شێوەی ئامانجدارانە دەیانەوێت روخسارێکی تر بە سەرجەم کوردستان و لەپێشیانەوە بە سلێمانی ببەخشن.

ئەم بەشە کە ئامانجی سیاسیان هەیە دەیانەوێت دیمەنێکی تری فەیک و ئاوەژوو بە هەرێم و سلێمانی ببەخشن، ئەوانەن کە روخسار و دیمەن و سیمای هەمەڕەنگی هەرێم و شاری سلێمانی نابینن، تواناییەکانی، داهێنان و شێوە ژیانی مۆدێرن، یاخی بوون و مل نەدانی نادیدە دەگرن و هەراو هۆریایەکی سادەی سەلەفی  و ئیسلامیەکان، کە چ خۆیان و چ رەفتار و پەیام و ئەو روداوانەی دروستی دەکەن، نامۆن بە کۆمەڵگەو شێوەی ژیانی واقعی دانیشتوانی، وەکو واقعی زاڵی کۆمەڵگە دەخەنە روو. دەنگدانەوەی هێرشی چەند تازە لاوێک بۆسەر کچێک، هێرش بۆسەر لێدوان و بۆچوونێکی بەرابەریخوازی یان بۆسەر نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندێک، فتوای مەلایەکی لاکەوتە بۆسەر ژنان، سکاڵای چەند ئیسلامیەکی موڵەتپێدراو لەسەر ژنانی کۆمۆنیست و ئازادیخوازو فیمینست… ئەمانە بۆیە روودەدەن، چونکە لەلایەکەوە بکەرەکان و لەلایەکی تریشەوە رووداوەکان نامۆن بە کۆمەڵگەی مۆدیرنی کوردستان… هیچ کەسێک پێشوازی گەرمی ملیۆنان ئینسان بۆ لەزەت لە یارییەکانی مۆندیال و بیننی بە نامۆ لە کۆمەڵگەدا تەماشا ناکات کە مەلاکان و سەلەفیەکان وەکو حەرام بانگەشەی بۆ دەکەن… ئاهەنگگێران و پێشوازی گەرمی ملیۆنی لە بۆنەکانی سەری ساڵ، بە نامۆ تەماشا ناکات. کەس سەیران و سەفا و خۆشیەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان بە نامۆ نابینێ، سەیرانی رۆژانی خۆشی بەهاران و شادی ملیۆنان ئینسان و خواردن و خواردنەوەی ناوچە گەشتیاریەکان و قەراغ شارەکان کەس بەنامۆ لێی ناڕوانێت، کەس رووهێنانی ژنان بەرەوە بازارەکانی کار و خستەرووی توانایەکانیان بە نامۆ نابینن، کەسێک نیگەرانی ئەوە نییە ژنان لە مەیدانی سیاسەت  و ئەدەب و هونەر و شانۆ  و مۆسیقا ئامادەییان هەیە، روو دەکەنە هۆڵەکانی لەشجوانی و مەلەوانگەکان….تاد. چونکە ئەمانەو دەیان دیاردەی تر، نەریت و شێوە ژیانی مۆدێری خەڵکی کوردستان و لە پێشیانەوە سلێمانییە… ئەمەش دۆخ و کەشی زاڵی تەواوی کۆمەڵگەی کوردستانە.

 کردەوەی نامۆ و بکەری نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردستان بەراستی شت گەلێکی ترن. چ فرە ژنی کە ئیسلامیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و چ رێگەدان بە زەوجی میسار و موتعە، چ گەورە بە بچوک و نەریتەکانی پیشووی کۆمەڵگە وەکو شیربایی و گەورە بە بچوک و تەمیکردن و لێدان لە ژن و مناڵ و …تا دەگاتە بەچاوی کەم تەماشاکردنی ژنان و بێ رێزی کردن بەکاری ئەدەبی  و هونەری و  بێ رێزی بە ژنانێک کە بەتەنها سەفەر بکەن یان خۆیان ژیانی هاوسەری هەڵبژێرن… تاد جێگای نەفرەتی کۆمەڵگەن و وەکو حاڵەتی نامۆ و قێزەون لێیان دەروانرێت… تەنانەت شێوە ژیانی باوی کۆمەڵگە و ریساو یاسای نەنووسراو بەڵام جێکەوتوو و پیادەکراو ناو کۆمەڵگە، لە یاساکانی ناو دادگان لە پێشتر و ئینسانی ترن و بەرابەری خوازترن و یەکێک لە ئامانجی دارشتنی یاساکان، بۆ لەقاڵبدانی شێوە ژیانی هاوڵاتیان و خستنە ژێر چاودێریانەوەیە.

سلێمانی سەرمەشقی ئەو شێوە ژیانە سادەو ساکارەو نموونەی جێخستن و گوێزانەوەیەتی بۆ تەواوی هەرێم. خۆ ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە دەسەلاتی سیاسی چەندە نابەرپرس و لەپشت کۆنەپەرستیەوەیە، وە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە چەند هەزار مزگەوت وەکو کۆبونەوەی جەماوەر بۆ گوێهەڵخسنی مەلای بەلاشخۆر قوتکراونەتەوە، وە ئەوە لەبەرچاوبگرین چۆن دەسەڵات بواری داوە بە ئیسلامیەکان جڵەو ئازاد بەر ببنە دیاردەو سیما مۆدیرنەکانی و کۆمەڵگەو مافە شەخسی و مەدەنیەکانی خەڵکی، وە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازییەکەی چۆن دەست لەملانێی رەوتە ئیسلامیەکانە، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین هاوڵاتیان لەگەڵ چ ئۆپۆزیسیۆنێکی بودەڵەو نۆکەر پیشە و دواکەتوو بەرەوە ڕوون، ئەوە لەبەرچاو بگرین کە هاوڵاتیان لە چ هەلومەرجێکی خراپی ژیان و گوزەراندان، وە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە میدیا و ماس میدیای زاڵ لە کۆمەلگەدا چ رۆڵێکی خراپ و وێرانگەر دەگێرن، ئەوە لەبەرچاو بگرین کە زوربەی رۆژنامەنووس و نووسەر، لەسەر گەندەڵی و پشت کردنە راستیەکان، نان پەیدا دەکەن و چەندە دوورن لەوەی ئازادی بەیان و بیروباوەر، وەکو بنەمایەکی پیرۆز تەماشابکەن…تاد ئەوکاتە دەتوانین باشتر لە روحیە و ئازایەتی خەڵکی هەریم و پێشکەونخوازییەکەی بروانین… یاخی بوون بەرامبەر بەو دۆخە و وەستانەوە بەرووی ئەو دەسەڵات و شیوە ژیانەدا، ئەو پەرێ ئازایەتی و پیشکەوتنخوازییە… ئیسلام و ئیسلامی سیاسی لە هەرێم و بەتایبەتی لە زۆنی سەوزدا نەک هەر زەمینەی پێگرتن و پایە داکوتانی نییە، بەڵکو ئەوەی کۆسپی سەرەکی بەردەمیانە مۆدێرن بوونی خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانییە… ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان، نووسەرانی بەنرخی رۆژ نان خۆر نیگەرانی ئەو دۆخەن و کردەوە نامۆ و نەگونجاوەکانیان بە کۆمەڵگە مایەی هەراس و نیگەرانیانە… دەبێ فتواکان و هەڕەشەکانیان لەو چوارچێوەیدا تەماشا بکرێن و لە جێگای خۆیان دابنرێنەوە… بەڵی بەو هۆیە زۆر سادە و ساکارانەو ئەو تایبەتمەندیانەی لە کوردستاندا هەن، نە هەرێم نە سلێمانی نابن بە ئەفغانستان!! و بە کابول!!… ئەوە تەنها بانگەشەیەکە بۆ ترساندنی کۆمەڵگە تا بە دۆخی کابول و ئەفغانستان!! خەڵکی هەرێم و سلێمانی بترسێنن، بەڵام ئەم دیدو خەونە ناکامە… زوربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیرەوی لە کەلتور و دنیابینی و پراکتیکی مۆدێرن دەکەن، لەبەرامبەر بە کەلتور و دنیا بینییەکی نامۆ و لاواز و ئیسترادکراودا… شاری سلێمانیش، هەر شاری رۆشنبیری و داهینان و شاری یاخی و پڕ جوڵەی هەمەرەنگی جوانە.

ناوەراستی جەنیوەری ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.