قەیرانی ئابووری و مانگرتنی کرێکارانی بەریتانیا ……. لیستی تەواوی مانگرتنەکان …  نووسینی: توانا حەمە نوری

0

قەیرانی تێچوی ژیان کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی بەریتانیای ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت و دژوار کردۆتەوە، لەبەر ئەوە زۆربەی سەندیکا و نیقابە کرێکارانی بەریتانیا یا لە مانگرتندان وەیا بەرەو مانگرتن دەچن. لەسەر ئاستی نیشتمانی، پەرستاران لە مانگی پێشوودا مانگرتنێکی بێ وێنەیان ئەنجامدا، ئەوەش یەکەمجار بوو مانگرتنی نیشتمانی لە بەریتانیا ئەنجام بدەن. هەروەها کرێکارانی شەمەندەفەر، ڕۆیاڵ پۆست، پەرستاران، فریاگوزاری سەرەتایی، هێزی سنووری، پشکنەرانی شۆفێری، شۆفێرانی پاس، چارەسەرکەرانی فیزیۆتێراپی و چەندانی تر مانیان گرت.

لێرەدا ئەو مانگرتنانە دەخەمە ڕوو کە لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابوردوو دەستی پێکرد و هەتا سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵیش بەردەوامی هەیە:

یەکەم: سەندیکای شەمەندەفەر، دەریا و گواستنەوە (RMT) جارێکی دیکە دەستیان دایەوە مانگرتن لەسەر مووچە، خانەنشینی، هەلی کار و بارودۆخی کارکردن. 91.7%ی ئەندامانی سەندیکاکە دەنگیان بە ‘بەڵێ’ دا بۆ مانگرتن وە هەروەها 64% ئەندامانی سەندیکاکە دوایین ئۆفەری مووچەی  5% (2022) + 4% (2023) ڕەتکردەوە.  کرێکارانی شەمەندەفەر ڕۆژانی ١٣، ١٤، ١٦، ١٧، ٢٤، ٢٥، ٢٦، ٢٧ی کانوونی یەکەم مانیان گرت. مانگرتنی شەمەندەفەر لەو مانگەدا بە بە شداری سێ سەندیکا (RMT، TSSA، و Unite) بوو. ناکۆکییەکە، لەسەر کرێ و بارودۆخی کارکردنە. نزیکەی ١٠٠ هەزار کرێکارانی شەمەندەفەر لەم ماوەیەدا لە مانگرتندا بوون.

دووەم: کرێکارانی پۆست ڕۆژانی ١٤، ١٥، ٢٣، ٢٤ی کانوونی یەکەم مانیان گرت، ئەمەش لەسەر زیادکردنی مووچە و خانەنشینی بوو. ئەم مانگرتنە بەردەوامانە سیستەمی پۆستی لە بەریتانیادا پەکخستبوو چونکە پشووەکانی کریسمس سەرقاڵیترین ماوەیە بۆ پۆستەچیەکان لە بەریتانیا.  سەندیکای CWU خاوەنی ١١٠ هەزار کرێکاری پۆست ئەندامێتی.

سێیەم: ١٥ی کانوونی یەکەم، ١٠٠ هەزار پەرستار یەکەم ڕۆژی مانگرتنی نیشتمانیان ئەنجامدا و سەندیکای پەرستاران لە سەرانسەری وڵاتدا دەستیان لە کار هەڵگرت. هەروەها لە ٢٠ کانوونی یەکەم دووبارە مانیان گرتەوە.  لە ٢١ی کانوونی یەکەم، ١٠ هەزار کرێکاری خزمەتی ئەمبولانس مانیان گرت.  هەروەها ئەمڕۆ ١١ی کانوونی دووەم ٢٠٢٣ مانگرتنی کرێکارانی خزمەتی ئەمبولانس ئەنجامدرایەوە و بڕیاریشە ٢٣ی کانوونی دووەم ٢٠٢٣ خزمەتی ئەمبولانس دووبارە مانبگرنەوە. کرێکاران دەڵێن ئێمە خەبات دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی مووچە و پاراستنی سەلامەتی نەخۆش لە ڕێگەی هاندانی حکومەت بۆ دامەزراندن و ڕاگرتنی ئەو ستافە پەرستاریانەی کە خزمەتی تەندروستی گشتی زۆر پێویستی پێیەتی.

چوارەم: لە ١٣ی کانوونی یەکەمەوە ئەندامانی سەندیکای خزمەتگوزارییە گشتی و بازرگانییەکان (PCS) لە سەرانسەری بەشە جیاوازەکانی خزمەتگوزاری شارستانیدا بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ڕۆژی جیاوازدا  مانگرتنیان ئەنجامداوە. ئەمەش دوای ئەوەی 86.2%ی ئەندامان دەنگیان دا بۆ مانگرتن بۆ زیادکردنی موچە و دژی هەڕەشەی دەرکردنی بەکۆمەڵ و دەستکاریکردنی سندوقی خانەنشینی. ١٨٠ هەزار کرێکار ئەندامی ئەم سەندیکایەن.

پێنجەم: کرێکارانی پاس ڕۆژانی ١٩، ٢٠، ٢٢، ٢٣، ٢٤، ٢٦، ٢٧ی کانوونی یەکەم و لە میانەی پشووی کریسمسدا شۆفێرانی پاسەکانی چەندین کۆمپانیا بەردەوام بوون لە مانگرتنەکانیان.Unite ، ئەو سەندیکایەی خەریکی  ڕێکخستنی ئەم مانگرتنانەیە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئەندامانی سەندیکاکە زیادکردنی مووچەیان بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ی ڕەتکردووەتەوە. کرێکارانی پاس ئەندامی سەندیکای  Uniteو ئەم سەندیکایە خاوەنی ١،٤ ملیۆن ئەندامە.

شەشەم: سێ سەندیکای تر داوایان لە ئەندامەکانیان کردوە دەنگ لەسەر مانگرتن یا مان نەگرتن بدەن:

یەکێتی نیشتمانی پەروەردە  National Education Union کە نوێنەرایەتی نزیکەی ٤٥٠ هەزار مامۆستا و کارمەند دەکات. سەندیکای مامۆستایانی NASUWT کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، هەروەها سەندیکای بەڕیوەبەری قوتابخانەکانی NAHT کە نزیکەی ٤٥ هەزار ئەندامی هەیە.

شایانی باسە لە سەرەتای مانگرتنەکان دەسەڵات لە بەریتانیا بە توندی بەرانبەر مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەر وەستایەوە، یەکەم سەندیکا بوون دەستیان بە مانگرتنکرد، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە بە یاسا و بیانوی نا سەلامەت بوونی مانگرتنەکان هەوڵ ئەدەن ڕێگری لە مانگرتنی کرێکارانی ئەو کەرتانە بکەن. سەرباری ئەو هەڕەشانە، لەلایەکی ترەوە حیزبی موحافزینی سەر دەسەڵات لەژێر فشارێکی گەورەدان بۆ ئەوەی دابنیشن و دانوستان لەگەڵ سەندیکاکاندا بکات و تا ڕادەیەکیش پاشەکشەیان کردوە و ئێستا قسە هەیە کە پەرستاران و کرێکارانی ئەمبولانس ئۆفەریکیان بەدەست گەیشتوە کە باشترە لەوەی پێشتر. هەروەها کرێکارانی شەمەندەفەریش ئۆفەرێکی تریان پێگەیشتوە. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش حکومەت بە فەرمی بانگهێشتی سەندیکاکانی کرد بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی مووچەی کەرتی گشتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە!! و گونجاو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤، بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕێوشوێنی مانگرتنی درێژخایەن.  ئەگەر ئەو ئۆفەرە قبوڵ بکرێت و تاکتیک نەبێت بۆ خامۆشکردن و کزکردنی مانگرتنەکان، ڕەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتەکانی حکومەت و سەندیکاکاندا دەستپێدەکات.

لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بڵێم سەرەڕای سروشتی ئابووری زۆرینەی ئەو مانگرتنانە و داخوازییەکانی کرێکاران، لە هەندێک حاڵەتدا کرێکاران ڕێپێوانیان کردووە و دروشمی سیاسیشیان وتۆتەوە. ناوەرۆکی مانگرتن و کۆبوونەوەی کرێکاری و داواکاری و دروشمەکان بە ڕوونی نیشان دەدەن کە کرێکاران دەیانەوێت ژیانێکی باشتر بەدەستبهێنن.  بزوتنەوەی سیاسی چینی کرێکاری بەریتانیا لاوازە و لەغیابی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری جەماوەری، بزوتنەوەکە هێشتا نەبۆتە بزووتنەوەیەکی سیاسی فراوان بۆ ڕێکخستنی کرێکاران بەرەو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی.

١١ی کانوونی دووەم

Leave A Reply

Your email address will not be published.