هێزەکانی بۆرژوازی کورد، یادی قاسم سلێمانی جەلادیان، کردەوە… عەبدوڵا مەحمود
لەم چەند رۆژەی رابردوودا یادی سێهەمین ساڵیادی تیرۆری قاسم سلێمانی یەکێک لەسەرە تاوانکارەکانی میژووی ئێران و ناوچەکە، لە بەشێک لە شارەکانی عیراق و کوردستاندا کرایەوە.
یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی و لەوەش زیاتر بە شان و باڵ هەڵدان و پیرۆزکردنی مێژو و رۆڵ و نەخشی ئەو، بەیانی هیچ شتێک ناکات جگە لە خستنەرووی واقعی ناسنامەی ستایشچیەکانی. هەموو ئەو حزب و لایەن سیاسی و کەسایەتیانەی لە مەراسیمی یادی قاسم سولەیمانیدا ستایشی ئەو سەرە گەورەی تیرۆریستەیان کرد، بی هیچ ئەمما و ئەگەرێک، پشتیوانی ئاشکرای خۆیان لە تیرۆر و تیرۆریزم دەمەزەرد کردەوە. قاسم سولەیمانی بە گەواهی هەموو خەڵکی ناوچەکە، یەکێک لە مۆرە راسپێردراوەکانی جمهوری ئیسلامی بوو بۆ دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی و سەربازی و ئەمنی لە تەواوی ناوچەکەدا، بەتایبەتش لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە دیاریکراویش لە سوریا و عێراق و کوردستاندا. ئامادەیی قاسم سلێمانی و دەستێوەردانەکانی لەلایەکەوە بۆ جێخستن و بەهیزکردنی پیگەو رۆڵی جمهوری ئیسلامی، لەناوچەکە و لەلایەکی تریشەوە بەهیزکردن و پشتیوانی کردن بوو لە هیزو رەوتە سیاسی و تیرۆریستیەکانی جمهور ئیسلامی لە وڵاتانی ئەزمەگرتووی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. دەستێوەردانەکانی ئیران و قاسم و سولەیمانی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی نائەمنکردن و نائارامکردن و چاندنی تۆویی دوبەرەکایەتی و قڵشت دروستکردن بوو لەسەر بنەمای تایفی و دینی و مەزهەبی و قەومی و سەرچاوەیەکی بەیەکدادانە ناوخۆییەکان و شەری تایفی و پەرەدان بە تیرۆر و تیرۆریزم و میلیشیا تیرۆریستەکان بوو، کە لە رێگایەوە بە هەزاران ئینسان تیایدا بوونە قوربانی.
ناو و کارنامەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ تیرۆر و نائەمنی و سەرکوت، بە بیر دێتەوە. بەڵام قاسم سولەیمانی هەر تەنها فەرماندەیەکی سیاسی و سەربازی و نێردراو بۆ دەرەوەی سنورەکان نەبوو، تەنها ئەندازیاری هەناردەی تیرۆر و کوشتار و نائەمنی و دنەدەری جیاوازی دینی و مەزهەبی و تایفی و قەومی نەبوو، هەر کاراکتەرێکی جەنگی ناوخۆیی لە وڵاتانی ناوچەکە نەبوو، تەنها پشتیوان و دروستکەری هیزو میلیشیا شیعی و ئیسلامیەکان نەبوو، هەر تەنها تیرۆریستیكی ناوچەیی و ناوێکی دیاری تیرۆر نەبوو، بەڵکو هاوکات یەکێک لە درندەترین فەرماندەی سەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ناوخۆی ئیرانیشدا بوو، هیچ بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی بەدژی جمهوری لە ئیراندا نەبووە، کە قاسم سولەیمانی رێگای سەرکوتکردن و لەخوێن هەڵکێشانی لەدژی نەگرتبێتە بەر، سەرکوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، سەرکوتی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان، تا دەگاتە بەشداری لەسەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە عێراق و هاوکات رۆڵی سەرەکی بووە لە تیرۆرکردنی دەیان و سەدان کادر و ئەندام و لایەنگری هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لەشکرکێشی بۆ سەر هەڵەبجە و کەرکوک و … تاد کە جینۆسایدی بەعسی بەسەر خەڵکی هەڵەبجەو کوردستاندا هێنا. ئەم سەرە تاوانکارە، لەلایەن هەموو بزوتنەوە جەماوەری و ئازادیخواز و پیشکەوتنخوازەکانەوە، لە ئیران و عێراق و کوردستان و تەواوی ناوچەکەوە داواکراو بوو، وە دەبوو لە دادگایەکی ئاشکرای جەماوەرییدا سزای تاوانکارییەکانی وەربگرێت، بەڵام جەنگ و ململانێی نیوان ئەمریکا و غەرب لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران، ئەو دەرەتانەی لە جەماوەر و بەرەی ئازادیخوازی سەندەوە تا سزای شۆرشگێرانەی بدەن، و لە جێگاییدا لە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەمریکی و غەربی و هاوکارە ناوخۆیەکانی لە عێراقدا کوژرا. بێگومان دنیا و ناوچەکە بەبێ قاسم سلێمانیەکان ئارامتر و باشترە، بەڵام ماشێنی دروستکردن و پەرەوردەکردنی قاسم سولەیمانیەکان لە ناو نیزامی سیاسی ئیران و نەزمی ئەمرۆی دنیای سەرمایەداریی و رژێمە سیاسیەکانیدا، دەچەرخێ.
قاسم سولەیمانی کوژرا، بەڵام میراتگرانی مەراسیمی شکۆ بەخشینی بۆ ساز دەکەن، پەروەندەی ئازایەتی و میداڵی ئاشتیخوازی لەناوچەکەدا ئاوێزانی گەردنی دەکەن… کارنامە نەنگینە خوێناوییەکەی دەشارنەوە و وەکو رەهبەری بەرگری لە ئوممەت!!، دەیناسێنن. چ شەرماوەریەکە…. جەلاد بە قوربانی و تیرۆریست بە ئاشتی خواز… بخەیتە ڕوو.
دیارە ئاساییترین کار ئەوەیە میراتگرانی تیرۆر و تیرۆریزم ساڵیادی گەورە تیرۆرستان و رابەرانیان بکەنەوە، یادکردنەوەی قاسم سولەیمانیش لەلایەن ئەو حزب و رێکخراو کەسایەتیانە لە عێراق و کوردستاندا، دەچێتە هەمان چوارچێوەوە. ئەوانەی یادی قاسم و سولەیمانیان کردەوە و ستایشی رۆڵ و کەسایەتی ئەویان کرد، ئەوانەن کە جارێکی تر دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ هەموو ئازادی و ئازادیخوازی و ئینسان دۆستی وژیان دۆستیەک خستەوە روو. دیارە ئەوانە بەو ئەندازەیەی لە ستایشی قاسم سولەیمانیدا وەستان، بە هەمان ئەندازە دوورن لە خواست و ویستی ئازادیخوازی و جەماوەری تینوی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و تەسەل.
بزوتنەوەی شۆرشگێرانە بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی لە ئیراندا، درێژەی جەنگ و بەرامبەرکی جەماوەرییە بەدژی دەسەڵاتی قاسم سولەیمانیەکان و نیزامە دەستخوێناویەکەی. سوتاندن و هێنانەخوارەوەی پەیکەرەکانی قاسم سولەیمانی، جگە لە نەفرەت لە سیما و کارکتەرێکی تیرۆریست و ئینسانکوژ و دژە ئازادی لە ئیراندا، هاوکات نەفرەتە لەدژی هەموو ئەوانەی ستایشی ئەم سەرە تاوانکارە تیرۆریستیە دەکەن لە هەر جێگایەک بن… دیارە بە روخانی جمهوری ئیسلامی ئەو هێز و حزب و رێکخراو کەسایەتیانەش کە چارەنووسی سیاسی خۆیان بەم رژێمەوە گرێداوە، هەمان چارەنووسی جمهوری ئیسلامی چاوەڕوانیان دەکات.