کەشەو دادێ…

0

کەشەو دادێ،

چیتر ڕۆژ چاودێری زەوی نابێ..

ڕەنگە ئەویش،

بکەوێتە خیانەتەوە!

کێ ناڵێ پەیوەندی

ناشەرعی لەگەڵ

(هەسارەی)ەکی ژن

نەبەستووە؟!

پاش نۆسەدەو نۆ ساڵی ڕووناکی

بێچووە ئەستێرەیەکیان ببێ..

“شەم جوامێر”

ـــــــــــــــــــــــ

چەند جوانە ئەگەر ژنێک، بۆ وێناکردنی کەفوکوڵی دڵ و دەروونی خۆی، بەبێ پەنابردن بۆ لاسایی کردنەوە، یاخود بەکارهێنانی چەندین وشە و دەستەواژەی سواوی وەک (بێتۆیی، قاوەی تاڵ، ئێوارەی وەنەوشەیی، هەوری پەمەیی، تەنیایی، ژوورەکەم، ماچ و …تادوایی) خۆی هەڵواسێت بە گەردوونەوە، بۆئەوەی له نێو گێژەنی خولانەوەی هەسارەکاندا نەشئە مەلەیەک به ئەندێشەی خۆی بکات.

دەگمەنن ئەو شیعرانەی کە ئەمڕۆ، جوینەوە و دووبارە بوونەوەی وێنایان لەخۆ نەگرتبێت.

لە مێژه بۆنی دەقی شیعری هیچ شاعیرێکم نەکردوە، نە لە دیوارە زبر و قڵیشاوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، نە لە ناواخنی هیچ کتێبێک، هەموو ئەوانەی دەکەونە بەرچاو، لە نامەی تایبەت بۆ کەسێکی دیاریکراو یاخود هێڵنجی شاعیرانی کلاسیک بەدەر نین.

ناچمە ناو مانا شاراوەکان، ناوەڕۆک، کاکڵە و کڕۆک و مەبەستی “شەم”وە، بەڵام وەختێ ئەو دەقەم کەوتە بەرچاو، جگە لەوەی دڵخۆش بووم بەوەی، هێشتا تروسکەیەک لە ژانری ئەدەبی هاوچەرخ بەدی دەکرێت، لە ڕووی ڕەگەز، تێما، خەیاڵ، بیرۆکە و وێناکردنەوە، سەرسامیش بووم بەوەی کە ژنێکی یاخی لەم گەردوونە.. بوونی هەیە و دەنووسێت..

ـــــــــــــــــــــ

ئارام حەسەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.